دەموچاوی مرۆڤ دیارترین سیفاتە بینراوەکانی مرۆڤی تێدایە. هەر بە شێوەی دەموچاویش یەکتری دەناسینەوە. زۆر جار دووانەکان بەکەمێک جیاوازییەوە، زۆر لەیەک دەچن و شێوەیان بە ئاسانی بۆ هەموو کەس، جیاناکریتەوە. هەیانە ١٠٠٪ وەکو یەکن و هیچ جیاوازییەک نە لە شێوە و نە لە کرۆمۆسۆمەکانیاندا هەیە، ئەو جۆرە تەنیا ئەوانەن باوانیان یەکن. ئەوان لە هەموو سیفاتەکانی دیار و نادیار، تەواو وەکو یەکن. ئەگەرچی ئەو هەڵکەوتەیە زۆر کەمە، بەڵام هەیە و ماوەیەکی زۆریشە زانستی بە خۆیەوە خەریک کردووە. بۆیە زۆر توێژینەوە سەبارەت بە دووانەکان و کاریگەریی ژیان لەسەریان، کراوە. جگەلەوانەی هەموو شتێکیان تا ئاستی جین و کرۆمۆسۆم وەکو یەکە، بەڵام لێکچوونی دیکە هەیە تەنیا شێوە و ئاکاری دەموچاو و لەشیان لەیەکدەچێ، بەڵام جینەکان تەواو، جیان.
لەم توێژینەوەیەدا ئەو مرۆڤانە دەخەینە ڕوو لە شێوەی دەموچاودا زۆر لەیەک دەچن بەڵام لە ئاستی ووردی خانە و کرۆمۆسۆمەکان دەبێ لەیەک جیابن، چونکە باوانیان جیایە، لەوانەیە هەرگیز یەکتیشیان هەر نەدیبێ و نەناسیبێ. لێرەدا نیشانی دەدەین ئەو مرۆڤانەی شێوەیان لەیەک دەچێ، لە ئاستی جینەکانیشدا نزیکی یەکن و جینەکانیان لەیەک دەچن. بێگومان جینەکان لە زۆر سیفاتی مرۆڤ و هەڵسوکەوتی ،بەرپرسن. لێرەدا وێنەی ٣٢ مرۆڤ و هاوشێوەکانیان لە جیهاندا کۆکراونەتەوە. زانیاریی زۆر سەبارەت بە ژیانیان و سیفاتەکانی لەشیان کۆکراوەتەوە. خەڵکی چەندان وڵاتی جیاجیان وەک لە شێوەی یەکەمی ڕاپۆرتی توێژینەوەکە هەیە.
فۆتۆگرافەری کەنەدایی فرانشیس برونێل لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستە وێنەی ئەو کەسانە کۆدەکاتەوە لەیەک دەچن. بە سێ سیستەمی جیا لە دوای لێکچوونەکانی دەموچاوی هاوشێوەکان گەڕاون. هەر یەکەیان بە شێوازێکی جیا لێکچوونەکانیان دەستنیشان کردووە. شییکردنەوەکان لە ناو ١٦ جووتی تەواو هاوشێوە، ٩یان تەواو لەیەک دەچن و سەروو ١٩ هەزار پێکهاتەی جینیان لەیەک دەچێ. واتا ٣٧٠٠ جینیان وەکو یەکن. بەڵام ئەو جینە لەیەکچووانە لە هەمان باوانەوە نین، واتا باوانی ئەو ١٦ جووتە تەواو لەیەک جیان و تەنانەت هەر یەکتریشیان نەدیوە.
لێکچوونەکان گەیشتوونەتە درێژیی، کێش. جگە لە هەڵسوکەوت و ئاستی خوێندن. کەواتە جینەکان تەنیا شێوە و سیفاتە دیارەکانمان دیاری ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتیی کاریگەرییان لە شێوازی ژیانیشماندا هەیە. ژمارەی نموونەکانی توێژینەوەکە زۆر نین و ناتوانن گوزارشت لەهەموو دانیشتووانی جیهان بکەن. ١٣ جووت خەڵکی ئەوروپا بوون و باب و باپیرانیشیان هەر لەوێ بوون، سێی دیکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هایسپانیک بوون.
ئەگەر لە وێنەکان بڕوانی دەبینی ئەو کەسانە لە شێوەدا تەواو لەیەک دەچن. وەکو دووانەی ١٠٠٪ دەردەکەون بەڵام وا نین. ئەگەرچی هەریەکەیان لە شوێنیکن بەڵام لێکچوونیان هەیە. ئەنجامی توێژینەوە سەرەتاییەکە دەڵێ ئەوانە لەیەک دەچن و جینەکانیشیان هەر لێکچوونیان هەیە.
سەرچاوە: