گوتییەکان

زۆربەی ئەم بابەتە لە کتێبی کوردناسی زەکەریا قادری وەرگیراوە

گوتییەکان ٢٣ سەدە پێش زایین (نارام-سین) ی ئەکەدیان ڕووخاندووە و بەسەر میزۆپۆتامیادا زاڵ بوون. پاشای شاری ئوروک گوتییەکانی بە "مارانگەستەی کوێستان و دەستدرێژیکەری سەر سنووری خواکان" ناودەبات. ئەفسانەکان، پاشاکانی گوتیۆم بە مێردەزمەی ترسێنەر و گوتییەکان بە دڕندە و بێ عەقڵ ناودێنن، چونکە توانای دامەزراندنی پاشایاتییەکی یاسایی و کردارییان نەبووە. بەڵام لەبەرچی گوتییەکان ئاوا وێنا کراون؟ کەچی کۆرشی کوشتارکەری زاڵم، بە مستی مەردۆخ (گەورە خواکانی بابل) و ڕزگارکەر، ناوی هاتووە؟

زمانناس و ڕۆژهەڵاتناسی ڕوسیایی ئیگۆر دیاکۆنۆف شرۆڤەیەکی کارای بۆ ئەو بابەتە کردووە. بە گوتەی دیاکۆنۆف، گوتییەکان دژی خاوەن کۆیلەکان بوون. سەرۆکایەتی چینی هەژاریان لە ئەستۆ بووە. بە بڕوای ئەو، گوتییەکان لە سەردەم و قۆناغی سەرەتایی جووتیاریی و دایک سالارییدا ژیاون. کۆمەڵگەکانی دایک سالاری بە سەرەتاترین کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دادەنرێن و مرۆڤ لەوێوە هەنگاوی بەرەو شارستانییەتی ئێستەی، ناوە. ئەگەر وابێ، کوردەکان پێشەنگی پێکهێنانی یەکەمین کۆمەڵگەکانی سەر زەوی بوون. بەر لەوان جارێ کۆمەڵگە بەو واتایەی ئێستە لێی تێدەگەین، هەر نەبووە

 

خشتەی ناوی پاشاکانی گوتی نیشانی دەدات ماوەی پاشایەتیی کورت بووە، لە نێوای ٣ بۆ ٦ ساڵ بووە، تاکە لێکدانەوەی ئەو ماوە کورتییەی پاشاکان ئەوەیە گوتییەکان بە هەڵبژاردن و ڕەزامەندیی، پاشایان دەستنیشان کردووە. کەس بۆی نەبووە لە بری خوا لەگەڵ خەڵکدا بدوێ، هیچ پاشایەک ئەڵقەی گەیاندنی نێوان خەڵک و خوا نەبووە. پاشا، سیفاتی خوایی و ڕەوایی خوایی نەدراوەتێ. لە بڕیار و فەرمەنەکانیشیدا، دەست کراوە نەبووە. بە پێچەوانەی بیرمەند و مێژوونووسانی ڕۆژئاوایی کە پێیان وایە گوتییەکان بەردەوام لە شەڕی ناخۆییدا بوون، دیاکۆنۆف دەڵێ گوتیەکان ٩١ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئیمپراتۆرییەتی ماددا دەسەڵاتیان هەبووە. هەرگیز ئەو ماوە درێژە لەگەڵ شەڕێ ناوخۆ یەکناگرێتەوە

 

گوتییەکان وەکو بابلیەکان، ئێرانییەکان، میسریەکان، ئاشووری و ئەکەدیاکان پاشایان لە خواوە بۆ دەستنیشان نەکراوە. گوتییەکان خۆیان پاشایان لەسەر تەخت داناوە و لایانبردووە. سیستەمی پلە و پایەی چینایەتی لە ناو گوتیەکان گەشەی نەسەندبوو. بەو پێیە پێیان گوتراوە ناتوانن پاشایەتیی کرداریی و یاسایی دامەزرێنن. بە مارانگەستە، بێ عەقڵ، بێ پاشا و یاسا ناونراون. لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ، گوتییەکان یەکەمین سیستەمی دیموکراسیی بوون. بۆ ماوەی ٤ هەزار ساڵ تا دەگاتە کۆتایی سەدەی بیستەم، دیموکراسیترین کۆمەڵگەی سەر زەوی بوون (مەبەست لە دیموکراسیی، زاراوە و واتای سەردەمییانە نییە). ئەوە مرۆڤایەتییە بۆ ٤ هەزارساڵ نەیتوانی بگاتە سیستەمی گرێبەست و سازان بۆ دانانی پاشا. تەنانەت بۆ یارمەتیدانی پاشا، ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری هەبووە. ئەوەتا لە دەقێکی ئاشووریدا هاتووە کە پاشای ماناییەکان (بەشێکن لە گوتییەکان) بە هاوکاری کەسایەتییەکان و ڕاوێژکارەکان فەرمانڕەوایی دەکرد (سەرچاوە، دیاکۆنۆف، کامبریج)

 

دوای گوتییەکان، مادەکان دەردەکەون و نەوەی گوتییەکانن. لە مێژوودا، دەسەڵاتی مادەکان لە ڕوانگەی ئیمپراتۆریەتەکانی دیکەی ڕۆژ‌هەڵاتەوە تەماشا کراون. جیاوازی مادەکان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا تەنیا نەتەوەیی و خێڵەکیی نییە، بەڵکو پێکهاتەی کۆمەڵگەی مادەکان (وەکو گوتییەکان و مانناییەکان) لە هەموو ئەوانی دیکە جیاوازە. هەموو ئەو نەفرەتەی لە ئەفسانەکانی نەتەوەکانی دیکە لە ماد/کورد کراوە لە پێکهاتەی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ماد، سەرچاوەی گرتووە. مادەکان ٢٧ پاشای سەربەخۆیان هەبووە. هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێ هەموو خێڵەکانی ماد بە ئاراستەی یەکێتی خێڵەکان هەنگاویان نابێ و یەک پاشایان هەبووبێ

 

مادەکان، وەک باپیرانیان (گوتیەکان) کۆمەڵگەی چینایەتیی و پلەبەندییان نەبووە. دەرەبەگ و کۆیلەبەندیی نەبووە. لە هەوڵی دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەی یەکساندا بوون. هەموو ئەوانە پێچەوانەی بیروباوەڕی دەورووبەریان بووە. بۆیە دژایەتیی کراون. چی دەوڵەمەند و چی موغەکانی زەردەشت، کە دەسەڵاتیان لە ئاهورامەزداوە بۆ پاشا و بۆ خۆیان وەرگرتووە، بەوە ڕازی نەبوون، سیستەمی چینایەتیی و ڕەوایی خواییان پەسەند کردووە. خۆیان بە لایەنگری خوا و مادەکانیان بە دژە خوا، بێ ئایین و بیروباوەڕ، دێو، ئەهریمەن (شەیتان) داناوە. ئاوا وێنای یەکەمین سیستەمی کۆمەڵایەتیی یەکسانیان کردووە. هەر ئەو بناغەیە، بوو بە کۆڵەکەی هەموو ئایینەکانی دیکەی مرۆڤ تا دەگاتە ئیسلام. هەر ئەوەیش بوو بە بنەمای ناوو ناتۆرە هەڵدان بەسەر کوردەکاندا و لە ناو ئایینەکانی دیکەیشدا چەسپا

 

مرۆڤایەتی، لە زەردەشتەوە تا شۆڕشی فەرەنسا ئاوای هێنا. پاشا و پیاوی ئایین ڕەوایی خوایان بە خۆیان دا. کەس نەیدەتوانی گومان لە ڕاستی و دروستی گوتە و هەڵسوکەوتەکانیان بکات. دوای ٤ هەزار ساڵ، کۆمەڵگەی مەدەنی گەڕایەوە ئەوەی لە ناو گوتییەکان و مادەکاندا لە ئارادابوو. یەکسانیی تاکەکانی کۆمەڵگە، یەکسانیی ژن و پیاو، دەوڵەمەند و هەژار، پلە بەرز و پلە نزم ... هتد. کۆمیونیزم و سۆشیالیزم لە هەوڵی سڕینەوەی جیاوازیی نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا بوون. ئێستە لیبرالیزم لە کۆششی دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو کەسە. ئەوەی ئێستە دەمانەوێ بیگەینێ، گوتییەکان و مادەکان لە سایەیدا دەژیان، بەڵام مرۆڤایەتیی ئەو کات نەک قبوڵی نەکردن، نەفرەتیشی لێکردن

 

هەرکەسێک گومانی لەو بۆچوونانە هەیە، با کتێبی (کوردناسی)، نووسینی زەکەریا قادری بخوێنێتەوە. تا باشتر تێبگات گوتی و مادەکان چۆن بوون