بۆچی کۆرپەلە تەمەنی لە باوانییەوە وەرناگرێت

ئاشکرایە ژیان بە بۆماوەییەوە بەندە، سیفات و خەسڵەتەکانی باوان بۆ نەوەکان دەگوازرێنەوە. هەموو سیفاتە بۆ ماوەییەکان لە کرۆمۆسۆمەکانی خانەکانماندا هەڵگیراون و لە بەرهەمهێنانەوەی نەوەکاندا، بەردی بناغەن. بەڵام بۆچی ڕەنگی پێست، ڕەنگی چاو، باڵا، ئاکار و زۆری دیکە لە جینەکانی باوانەوە وەردەگیرێن، بەڵام تەمەنی باوان لە کاتی پیتاندنی هێلکەدا، ناگوازرێتەوە؟ لەبەرچییە تەمەنی منداڵی لەدایکبوو، یان ڕاستتر وایە بڵێین تەمەنی کۆرپەلە لەگەڵ پیتاندنیدا، لە سفرەوە دەست پێدەکات لە تەمەنی دایک و باوکەوە نا؟


زانا هەرە ناودارەکانی جیهان، جاران پێیان وابوو خانەکانی هێلکە و سپێرم هەڵگری سیفاتەکانی کات و تەمەن نین. بەهەر جۆرێک بێ ئەو خانانە لە تێپەڕبوونی کات پارێزراون. بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە ئەو خانانە نیشانەکانی تێپەڕبوونی کات و تەمەنیان پێوە دیارە، کەواتە ئەوانیش پیر دەبن. ئەو کاتە بیرۆکەی ئەوە هاتە ئارا، گوایە لەگەڵ پیتاندنی هێلکە، دیارە کات لەو خانانەدا نوێ دەبێتەوە و لە سفرەوە دەست پێدەکاتەوە!


کاتی دەستپێکردن یان سەرەتای پیربوون جێی مشتومڕە. ئەوەی پێمان وابوو پیربوون دوای تەمەنی ٢١ ساڵی لەمرۆڤدا دەەستێ چونکە خانەکان توانای خۆ چاککردنەوەیان نییە، دەرکەوت ڕاست نییە. پرۆسەی پیربوون و تێپەڕبوونی کات لە قۆناغەکانی زایگۆت و دوای زایگۆت دەستپێدەکات و تا مردن کۆتایی نایەت. بە جۆرێکی دیکە دەتوانین بڵێین، پیربوون لە سەرەتای ژیانەوە دەستپێدەکات، واتا هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنی ژیان، پیربوونیش دەستپێدەکات.


توێژینەوەیەکی نوێ لەو بارەیەوە بەڵگەی سفربوونەوەی کات لە کۆرپەلەی تازە پەیدابوودا، دەخاتە بەردەست. بەپێی توێژینەوەکە لەگەڵ هاتنە خوارەوەی هێلکەی پیتێندراو و نووسانی بە دیواری منداڵداندا، لەو کاتەدا کات لە خانەکانی ئەو کۆرپەلە تازەیەدا سفر دەبێتەوە. بێگومان جارێ دیارنییە ئەو خانانە چۆن ئەو کارە مەزنە دەکەن، چونکە دۆزینەوەی تەواوی نهێنییەکانی ئەو سفر بوونەوەیە، واتای دۆزینەوەی چۆنییەتی ڕێگەگرتنە لە پیربوون. نەک هەر ئەوە، زۆر نەخۆشیی هەیە لەبەر پیربوونی خانەکان و نەمانی توانای خۆچاککردنەوەیان، دەردەکەون. ئەگەر پیربوونی خانەکان پێچەوانە بکرێنەوە، ئەو نەخۆشییانە لە مرۆڤدا بنبڕ دەبن.


ئەو نەخۆشیانەی دەکرێ بە ئاسانی چارەسەربکرێن نەخۆشییەکانی تەمەنن، واتا لەگەڵ سەرکەوتنی تەمەن دەردەکەون. وەکو هەوکردنی جومگەکان و  نەخۆشیی پارکنسون. زۆر نەخۆشیی دیکە هەن لەبەر شییبوونەوە و تێکچوونی خانەکان لە کار دەکەون یان گرفت بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دروست دەبێت، بەو جۆرە دەبێتە نەخۆشیی و چارەسەری نابێت.


تاقیکردنەوەکانی لەو بارەیەوە کراوە دەریخستووە تەمەنی ئەو خانەیەی یەکسەر دوای پیتاندن دروست دەبێ و پێی دەگووترێ زایگۆت هەمان تەمەنی باوانی هەیە، بەڵام هێلکەی پیتێندراوی مشک دوای ٦ تا ٨ ڕۆژێک لە نووسانی بە دیواری منداڵدانی دایکەوە، کاتی خانەکانی سفر دەکاتەوە. واتا تەمەنی هێلکە و سپێرم دەسڕێتەوە و لە سفرەوە دەستپێدەکاتەوە. بۆیە هەموو خانەکانی دوای ئەوە دروست دەبن هەمان تەمەنی ئەو خانە تازە پیتێندراوەیان دەبێت و کۆرپەلە  تەمەنی باوانی وەرناگرێت. ئەوە بەرهەمی هەموو شیردەرەکانی سەر ڕووی زەوییە. هەموو ئەو بوونەوەرانەی لە جیاتی هێلکە دانان، منداڵ لە سکدا هەڵدەگرن و دوایی کۆرپەلەیەکی بچووک لە دایک دەبێ، تەمەنی کۆرپەلەکەیان سفر دەکەنەوە.


یاسای زۆربەی وڵاتانی جیهان لێکۆڵینەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەی کۆرپەلەی مرۆڤیان قەدەغە کردووە، بۆیە جارێ هەمان ئەنجام بۆ کۆرپەلەی مرۆڤ بەدەست نایەت. ئەنجامەکان نیشانی دەدەن ئەنزیمی تی ئی تی (ئەنزیمێکی تازە دۆزراوەیە و ڕۆڵی گەورەی لە پرۆسەی بایۆلۆژی، دەرکەوتنی نەخۆشی جۆراوجۆر، ڕیکخستنی هەندێ کاری سەرەکیی دی ئێن ئەی خانەکان، نووسینەوەی جینەکان، گەشەکردنی کۆرپەلە هەیە) لەو کارەی سفرکردنەوەی تەمەندا ڕۆڵی هەیە.

سەرچاوە:

https://www.science.org/doi/10.1126/sciadv.abg6082