ساڵانە چەندان کەس لە بەفر و سەرمادا دەیانبەستێ و گیان لەدەست دەدەن. پلەی گەرمیی لەشی مرۆڤ لە ٣٧ و نیودا جێگیرە، لەو پلەیە بێتە خوار تووشی کێشە دەبێ. بەشێک لەو کێشانە ئەوەیە کاتێک ئاو دەیبەستێ قەبارەی کەمێک گەورە دەبێ، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری پێکهاتەی خانەکانمان ئاوە، بۆیە ئەگەر ئەو ئاوەی ناو خانەکان بیبەستێ خانەکان و ئەو پێکهاتانەی تێیاندان، دەتەقن و زەرەمەند دەبن. تەنانەت ئەگەر تەنیا یەک بلوری سەهۆڵ دروست ببێ و یەکێک لە لقەکانی پەردەکانی خانە بدڕێنێ، ئەو خانەیە دەمرێ. بە زۆربوونی ئەو بلوورانە، زیان زۆرتر دەبێ
ئاژەڵان و بوونەوەرانی سەر زەوی هەریەکەی بە شێوەیەک بەرەنگاری سەرما و بەستەڵەک بوونەتەوە. بۆ نموونە ڕەشە ماسی جەمسەری باشووری گۆی زەوی لە قووڵایی بەسەڵەکەکانی ئەوێدا داژی، لە خانەکانیدا پرۆتینی جۆری گلیکۆپرۆتین دروست دەکات و وەکو دژە بەستی (ئەنتیفریز) سروشتی کار دەکات، ناهێڵی ئاوی ناو خانەکان لە پلەی سفری سەدی بیانبەستێ. هەرچی بۆقی دارە، شەکری گلوکۆز دەڕێژێتە ناو خانەکانی و وەکو جەلی لێدەکات، ناهێڵێ بیبەستێ
لە سەری ساڵی ١٩٨٠ پیاوێک بە ناوی واڵی نێلسن لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا چەند مەترێک لە دەردەرگای ماڵەکەی خۆی دوور، قاچی لە لەشی یەکێک لە ناو بەفردا کەوتبوو، گیربوو. دیتی هاوڕێیەکی خۆیەتی. جین هیڵارد ئەو کاتە تەمەنی ١٩ ساڵان بووە، دوای تەواوبوونی ئاهەنگی سەری ساڵ لە ڕێی گەڕانەوەی بۆ ماڵی بابی ئۆتۆمبیلەکەی دەوەستێ. دێتە خوار تا داوای یارمەتی لە هاوڕێیانی بکات، دەخلیسکێ و دەبوورێتەوە (لە هۆش دەچێ)، ٦ کاتژمێر لە پلەی ٣٠ خوار سفری سەدی دەمێنێتەوە. واڵی هەرچۆنێک بێ لە یاخەی پاڵتۆکەیەوە دەیگرێ و ڕایدەکێشێتە ژوورێ. دەبینێ یەک بڵقە هەوا لە لووتی دێتە دەر، دەزانێ جارێ ماوە
لە نەخۆشخانە، دکتۆر جۆرج ساثەر بە سەریەوە دەبێ و لە ئەستۆی دەگرێ. پلەی گەرمیی لەشی جین ٢٧ پلە بووە. پێستی وا ڕەق بووە بۆ دەرزی لێدان ئاسان نەبووە. کارمەندانی نەخۆشخانە دەترسان دەرزی باریکیش نەتوانێ ئەو چینەی پێست و ماسوولکەکان ببڕێ و بگاتە مولوولە باریکبووەکانی بن پێست. خوار ببنەوە یان بشکێن. خێرا لە بەتانی و گەرمیی دەگرن، بەرەبەرە لەشی دەکەوێتەوە کار، بۆ نیوەڕۆ تەواو دێتەوە سەرخۆ و بێ ئەوەی هیچ ئەندامێکی لەشی زیانی پێ بگات، لە نەخۆشخانە بەڕی دەکرێ
نهێنی نەمردنی جین لە چیدایە؟دەبێ لەشی چۆن بەرەنگاری ئەو سەرمایە بووبێتەوە؟
ئەگەرچی پێست و لوولەکانی خوێنی تەواو سارد بووبوونەوە، هەناوی جین زۆری مابوو بگاتە ئەوەی بیبەستێ. لە سەرمادا لەش میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ئەوەیە خوێن لە بەشەکانی دەرەوە دەگرێتەوە، هەر بۆیە لووت و گوێ و پەلەکان زوو سڕ دەبن. گەرمیی لە هەناودا کۆدەکاتەوە نەکا ئەندامەکانی هەناو لە کاربکەون و هەڕەشە لەسەر ژیان دروست بکەن. پێست و ماسوولکەکان ڕەق دەبن و جووڵە کەم دەبێتەوە بۆ ئەوەی کەمترین وزە لە جووڵەدا بەکاربهێندرێت، وزە بۆ گەرمکردنەوەی ئەندامەکانی هەناو هەڵدەگیرێ
لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئیدمنتۆنی کەنەدا، منداڵێکی ١٣ مانگ بە ناوی ئێریکا، شەو لە خەو هەڵدەستێ و بە دەرگای پشتەوەی خانوودا دەچێتە دەرەوە. دیار نییە دایکی ئێریکا دوای چەند لە خەو هەڵدەستێ و دەبینێ ئێریکا لە جێی خۆی نەماوە. دوای کاتژمێر ٣ی شەو کە دەیدۆزێتەوە، ئێریکای ساوا بە جلێکی تەنکی نووستنەوە لە بەفردا بەسەر دەمدا کەوتووە. دەیهێنێتەوە ژوورەوە، لە بەتانی دەیپێچێ تا تیمی فریاکەوتنی دەگەنێ. تیمی فریاکەوتن ناتوانن دەرزی لێدەن، بۆیە لە بنی پێیەوە دەرزی دەخزێننە ناو مۆخی ئێسقانی. تەنانەت نەتوانرا بۆڕی هەناسەپێدانی بۆ دانێن، چونکە دەمی پڕ بەفری بەستوو بوو
لە نەخۆشخانە لە بەتانی تایبەتی گەرمبەخشی دەپێچن، دوای ٢ کاتژمێر لە وەستانی دڵی ئێریکا، جووڵە دەستپێدەکاتەوە. لەبەرئەوەی لەشی ئێریکا بچووکە، زوو ساردبووەتەوە. ئەو ئۆکسجینەی لەشی ئێریکا هەیبووە بەشی ئەوەندەی کردووە ئەندامەکانی لەشی نەمرێ. ئەگەر گەورە بوایە، ئەوا کاتی زۆرتری دەویست تا سارد دەبێتەوە، بۆیە ئۆکسجینی زۆرتری پێویست دەبوو، ئەو کاتە مانەوە قورستر دەبوو
سەرچاوەکان