چەند تاقیکردنەوەیەکی زانستی نیشان دەدەن، هەرچەندە هیچ زانیارییەکی گرنگ لەوەدا نییە پێت بگوترێ پلەی گەرمی لەشی مریشک دەگاتە ٣٤ پلەی سەدی، لەوانەیە یەکسەر باوەڕی پێبێنی. بەڵام دروستەکە ئەوەیە گەرمی لەشی مریشک نزیکی ٤١ پلەی سەدییە. ئەو ساویلکەییەی سایکۆلۆجی مرۆڤ ڕۆڵی گەلێک گەورەی لەوەدا هەیە چۆن جیهانی دەوروبەرمان دەبینین. ئەو زانیارییانەی زۆر دووبارە دەبنەوە و بە بن گوێتدا هەڵدەدرێ، وەک ڕاستیی دەیانبینی
ئەو جۆرە باوەڕکردن و گوێنەدانە وردەکارییەکان پێی دەگوترێ (ئاسانیی درککردن). ئەوە پێوەرێکە تا بزانی تا کام راددە مێشکت کار دەکات. هەر لە ڕاماڵینی ماڵپەڕی فەیسبوکەکەت تا دەگاتە هەوڵی لێکدانی دوو ژمارەی گەورە، هەمووی پێویستی بە کارکردنی مێشک هەیە بەڵام بە دوو ئاستی جیا. زانیارییە گشتییەکان وەکو ئاگر گەرمە، ڕۆژ ڕووناکە، سەگ چوار پێیە، هەموویان لە ناو چوارچێوەی ئاسانیی درککردنن. لەگەڵ ئەوەی ئەو زانیارییانە دروستن بەڵام بۆ مێشک ئەرک نین و ئاسایین. گرفت لەو جۆرە زانیارییە زانراوانەدا نییە، بەڵام گرفت لەوەدایە ئاسانیی درککردن دەکرێ بە ڕێگەی دیکە دروست بکرێت. ڕێگایەک بۆ ئەوە دووبارەکردنەوەی یەک لە دوای یەکی هەر زاراوە و ڕستەیەکە تا فێڵ لە مێشک بکرێ و وەکو ڕاستیی و ئاسایی وەریبگرێ
لە تاقیکردنەوەیەکی زانکۆی میشیگانی ئەمەریکا، دوو کۆمەڵ وشەی بێ واتایان لە ناو ڕۆژنامەی زانکۆکەدا بڵاو کردەوە. لە هەندێ کۆلیژدا هەندێ لەو وشانە یەکجار نووسراوە، هەندێکی دیکەیان دووبارە و دە بارە کراونەتەوە تا گەیشتە ٢٥ جار دووبارەکردنەوە. لە کۆلیژێکی دیکە پێچەوانە کراوەتەوە. واتا ئەوانەی زۆر دووبارەبووبوونەوە لێرە کەم دووبارە کرانەوە. ئینجا توێژەران ڕاپرسییان کرد تا بزانن کام لەو وشانە واتای ئەرێنی دروست کردووە. ئەنجامەکان لەو دوو کۆلیژەدا پێچەوانەی یەکتری بوون. ئەوانەی زۆرتر دەرکەوتبوون، ئەرێنی وەرگیرابوون. کەواتە دووبارەکردنەوەی زۆر، بە ئەرێنی وەردەگیرێ
بە هەمان شێوە، زۆر نیشاندانی پیتەکانی زمانی چینی دەکرێ دوای ماوەیەک هەستێکی باش دروست بکەن. هەر ئەوەیە وا دەکات زۆر گوێگرتن لە گۆرانییەک وابکات ئارەزووت بۆ ئەو گۆرانییە زۆرتر بێ. کەچی یەکەمجار بە ئاسانی وەکو گۆرانییەکی خۆش وەریناگری. یان بە دووبارەبوونەوەی تەماشاکردنی وێنەی خەڵکی نەناسراو بەرە بەرە لەو هەستەی نەناسینیان دەتەکیەوە
بۆ نموونە چی وایکردووە خێزانی کارداشیان لە ئەمەریکا هێندە بەناوبانگ بن؟ هەمان وەڵامی هەیە. دووبارەبوونەوەی بینینی ئەو خێزانە و ئەندامەکانییەتی لە تەلەفزیۆن. بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێنەوە و بەرنامەی نوێتر دروست دەکرێ، هەمان ئەو دەم و چاوانە دەبینرێ و دەبینرێنەوە. لێرە و لەوێ ناویان دێ و دووبارە دەبێتەوە. ئاوا ناوبانگیان بۆ دروست دەکرێ. بەو شیوەیە لە مێشکدا مامەڵەی ئاسانیی درککردنیان لەگەڵدا دەکرێ
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا کرۆکی هەموو بزنسی ڕێکلام و بانگەشەیە. ئەو بیرۆکەیەی زۆر دووبارە دەکرێتەوە بەرەبەرە ئەرێنی وەردەگیرێ. شەکراوی ڕەنگ ڕەشی پڕ گاز، وەکو خواردنەوەیەکی ئاسوودەبەخش و سوودمەند لەمێشکدا تۆمار دەبێ. ئەوەیان کەمێک پێوەندی بە تەواوی پرۆسەی گۆڕان و پێشکەوتن و خۆگونجاندن هەیە. لەو پرۆسەیەدا فێربووین هەڕەشەکان دەستنیشان بکەین و خۆمانی لێ بپارێزین. هەر شتێکی نوێ دەکرێ هەڕەشە بێ. واتا کۆنەکان و دووبارەبووەکان هەڕەشە نین. هەرنەبێ لەبەرئەوەی زانیاریمان لەسەر کۆکردووەتەوە تا هەڕەشە دروست نەکات، یان بزانین چۆن بەرەنگاری ببینەوە. تەنانەت دوای دووبارەبوونەوەی ئەوەی بە هەڕەشە دایدەنێین، ئەگەر هیچی خراپ ڕووی نەدا، کەواتە هەڕەشە نەما و مێشک لە ناو چوارچیوەی ئاسانیی درککردن دایدەنێت
بەڵام لە هەردوو بواری فیزیادا ئەوە ڕاست نییە. لەو بوارەدا زانیارییەکان هەردەم وەک پێشبینییەکان نین و زۆر هەڵە تێگەیشتن هەیە، گرنگە بە گومانەوە لە شتەکان بڕوانرێ. ئەو دوودڵییە نا ئاسوودەییش دروست دەکات. بڕوانە، بەشێکی زۆر لە زاناو فەیلەسوفە ناسراوەکان هەردەم دوودڵ و ڕاڕا بوون. مەرج نییە ئەوە بێ توانایی توانا کۆمەڵایەتییەکانیان بووبێ، بەڵکو پێویستیی کارەکەیان بووە، تا بە باشترین جۆر بگەنە ئەنجامەکان. ئەوە دژوێژی فێربوون و بیرکردنەوەی یەکلا کەرەوەیە
هەستی ئاسانیی درککردن خۆشە، ئاسانە و ئارام بەخشە. بەڵام لە خشتە بەریشە، وا دەکات وابزانی شتێک فێربووی بەڵام فێرنەبووی. نیشانت دەدات زانیارییەک ڕاستە، بەڵام لە ڕاستییدا، هەڵەیە. لە لایەکی دیکەوە بیرکردنەوە و گومان هەبوون توانای مێشکی دەوێ، دەبێ زۆرتر کاربکات. بەڵام ئەوە تاکە ڕێگای جیاکردنەوەی ڕاستیی لە ناڕاستییە. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی گومان هەبوون وای لە هەندێ کەس کردووە نەتوانن بە ئاسانی لە دوکانێک کراسێک بە دڵی خۆیان هەڵبژێرن. توانای بڕیاردانی زوویان نییە. لەو بارانەدا، واتا لەو شوێنانەی پێویست نییە گوماناوی بی و توانای مێشک بەکاربێنی، ئاسانیی درککردن، یاریدەدەری ژیانێکی ئاسانە
دەرئەنجام، کەواتە کلیلی ژیانێکی ڕۆژانەی ئاسان ئەوەیە ئەو کاتانە دەستنیشان بکەی کە تێیاندا بەکارهێنانی مێشک پێویستە. لەگەڵ هەبوونی سۆشیال میدیا بەشێکی زۆر لەو زانیارییانە بە ئاسانی دەگەنە هەموو کەسێک، بەڵام دەبێ چاوکراوەتر بین تا بتوانین ڕاستییەکان لە زانیارییە دووبارەکراوەکان، جیا بکەینەوە
سەرچاوەکان
https://farthertogo.com/what-is-cognitive-ease-and-why-should-you-be-wary-of-it/