گردی تلێ نزیک شارۆچکەی سەروچاوەیە، پیشتر بابەتێکمان لەسەر بڵاوکردبووەوە. شوێنەوار لە گردی تلێ تا قووڵایی ٢٨ مەتر هەیە وتیمەکانی شوێنەوارناسیی زانکۆی ئیۆتڤۆس لاراند لە هەنگاریا ساڵی ٢١٦ و ٢٠١٧ کاری کنە و پشکنینیان تێدا کردووە. لە ناو ئەو دۆزراوانەی لە گردی تلێ هەبوون، کۆمەڵێک ئامرازی بەرد بوون، ١٢٥ ئامرازی ئامادەکراو (بەردی شکێندراو) ٤٩ی دیکەیش چاک کرابوونەوە. ئەم ڕپۆرتەیان تەنیا لەسەر ئەو ئامرازە بەردانەیە وتەنیا پشکنینی چاوی ئاساییان بۆ کراوە. شیکاریی بۆ پێکهاتەی کیمیایی و بینین بە مایکرۆسکۆپ نەکراوە
جگە لە ئامرازەکانی بەردە شووشە کە لە ناوچەی وان لە باکوور سەرچاوەی گرتووە، سەرچاوەی هەموو ئەو ئامرازە بەردانەی لە گردی تلێ دۆزرابوونەوە هەر بەردی ناوچەکە خۆی بووە. بە درێژایی چەند ملیۆن ساڵێک ئاوی ڕووبارەکان هەمەجۆرەی بەردیان لە پێکهاتنی بەرزاییەکانی زاگرۆس، فڕێداوەتە دۆڵ و نزماییەکانی دامێن ئەو چیایانە. جۆری بەردەکانی ئەو ناوچەیە زۆرن و دەکرێ بە زۆر جۆر سوودیان لەو بەردانە وەرگرتبێ. لە دەشتاییەکانی ڕانیەدا، بەردی جۆری سیلیکاتی لیمنیک (چێرت) لە بەربڵاوترین جۆرەکانی بەردە. بە پێێ ڕەنگ و پێکهاتە و زبریی یان لووسیی ڕووەکانی، هەر نەبێ چوار جۆری هەیە
ڕێگەکانی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بەر لە چاخی بەردیینی نوێ تا دەگاتە چاخی برۆنز، زۆرن. بەڵام لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازیی هەیە. شێوەی بڕەرەکان و بڕەرە درێژکۆلەکان بە پێی کات و کەلتووری هەر شوێنێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێناسەی ئەو جۆرە ئامرازانەی چاخی بەردیینی کۆنی نزیک تا دەگاتە چاخی بەردیینی نوێ پشت بەو دۆزراوە و پێناسانەی لە ناوچەی لێڤانت و میسۆپۆتامیا کراوە، دەبەستێ. ئەو دۆزراوانەی ناوچەکانی زاگرۆس زۆر ناسراو نین (دیارە لەبەر نەبوونی سەرچاوە و توێژینەوەیە چونکە ناوچەکە ئارامیی کەمی بە خۆیەوە دیوە). لە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانی ئەو کاتەدا، ئامراا بەردەکانیان فرەیی و شیوازی جیاجیا وەردەگرێت و مەبەستەکانیش لە دروستکردنیان، واڵاتر دەبن
لە ناو ١٢٥ پارچە دۆزراوەکاندا سێ شیوازی دروستکردن تێبینی دەکرێ. ٣٩ ئامرازی بڕەر هەبوون. ٣٢یان یەکلا تیژی بچووک، درێژکۆلەی یەکلاتیژ و ئامرازی دیکەی بەرد بوون و شوێنەواری لەتکردن بە هێڵی درێژیی ئامرازەکانەوە دیارە. لە دروستبوونی هێڵی لەتکردنەکان و ئەو تیغەی دروست بووە، شێوازی چاخی بەردینی کۆنی ئەو ناوچەیەیان پێوە دیارە. لیدانی بەردەکان لە کاتی دروستکردنیاندا پارچەی وردی لەسەر هەردوو دیوی ئامرازەکان بەجێهێشتووە. زۆربەی ئەو ئامرازانە لە بەردی خڕیلەی ناو ئاو و چەو دروستکراون و بە تێکڕا ٢٩.٧ ملیمەتر درێژن. هەرچەندە ئامرازە بڕەرەکانیش هەر ئەوەندە گەورەن، بەڵام زۆربەیان بە شکاوی دۆزراونەتەوە، بۆیە دەکرێ لە سەرەتادا درێژتر بووبن
هەرچی ئامرازەکانی دیکەی بەردن، ئەوانەن بۆ کاروباری ڕۆژانە بەکارهاتوون و شێوەیان جیایە وو قەبارەیان گەورەترە. زۆربەی ئەو ئامرازانە وەکو بەردە کوت (چەکوشی بەرد) بۆ وردکردن، کوتانی دانەوێڵە و خوارد، شکاندنی بەرووبوومی توێکڵ ڕەق بەکارهاتووە. ئەو بەردانە بەشێکیان داتاشراوە تا سەرێی بارک ببێتەوە. هەرچی بەردی تەختی کەمێک ناو قووڵە، ئامادەکراون بۆ هاڕینی دانەوێڵە و خواردن، لەگەڵ بەردەکوتەکان دوو بەشی ئامرازەکانی کوتان و وردکردنن
بەشێکی دیکەیان ئەوانەن بە لێکخشاندن دانەوێڵەو خواردنیان وردکردووە یان ۆنیان لە بەرووبوومەکان دەرهێناوە. ڕووی ئەو جۆرە بەردانە لووسکراوە و لەچاو ئەوانەی دیکە جیاوازی ئەو ڕووانە بە ئاسانی دیارە. بەڵام هەیانە شوێنی شکانی بچووک لەکاتی باکارهێنانیاندا بەجێماوە و دیارە. لەگەڵ ئەو بەردانەدا هیچ دەفرێک یان شوێن و بابەتێکی گەڵگرتن نەدۆزراوەتەوە. بەردی دیکەی شێوە جیاجیا هەبوون لەناو هیچ لەو کۆمەڵانەی باسمان کردن نەبوون. دیارە ئەوانە بۆ کاری دیکەی ڕۆژانە بەکارهاتوون چونکە سیفاتێکی دیاری شێوە و جۆری بەکارهێنانیان پێوە دیارنییە
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/325652380_Grd-i_Tle_knapped_and_ground_stone_artefacts_excavation_seasons_2016-2017