وڵاتانی ڕۆژئاوا هەنگاوی بەرچاویان لە پێشکەوتندا ناوە. بەڵام زۆر جار خەڵکەکەی نرخی زۆریان بۆ جۆرێک لەو پێشکەوتنانە داوە. بە سەدان چیرۆکی سەیر و سەمەرە هەن و ئاشکرا دەبن. لە پاڵیاندا، هەزارانی دیکە ئاشکرا نابێ، یان هێندە کۆن دەبێ بایەخی نامێنێ. بەلای منەوە، پڕ بەهاترین پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا مافی هاوڵاتییانە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستییدا. لە سیستەمە دیکتاتۆر و پۆلیسییەکاندا، ئەو کەسانەی بەدوای ڕاستیدا وێڵن، هەردەم دەرگایان بەدەمدا دادەخرێ، ئەگەر هەڕەشەیشی لێنەکرێ. خۆ ئەگەر گوێڕایەڵ نەبوو، دەکرێ ئازاریش بدرێ، تا دەگاتە لەناوبردنیشی.
لە ساڵی ١٩٨٦، بۆ سۆراخی خێزانی خۆی، ژنێکی ئوسترالیایی دەچێتە نۆتینهام لە بەریتانیا، لە فەرمانگەی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی نۆتینهام، چاوی بە فەرمانبەری توێژەری کۆمەڵایەتی دەکەوێ بە ناوی مارگرێت هێمفرێیز، چیرۆکی خۆی کاتێک ٤ ساڵان بووە لە خانەی منداڵانی بێ کەس بووە بۆ مارگرێت، دەگێڕێتەوە. لەوێوە بێ پرسکردن بە باوانی ناردوویانە بۆ ئوسترالیا، بێ ئەوەی هیچ هەواڵی کەس و کاری خۆی بزانێ. بە لێکۆڵینەوەیەکی سەرپێیانە بۆ مارگرێت دەردەکەوێ، ئەوە تاکە کەس نییە. هەزاران منداڵ لە بەریتانیا بەو شێوە دڕندەئاسایە، راگوێزراون. حکوومەتی بەریتانیا بۆ ژیاندنی منداڵێک ١٢ پاوەن خەرجیی ساڵانەی داوە. بە ١٥ پاوەن دەیانفرۆشتن و بەیەکجارەکی لەو خەرجییە دەربازیان دەبوو. ئاوا دەفرۆشرانە ڕیکخراوە ئایینییەکانی سەر بە کڵێسا.
تاکە ژنێک بە تەنیا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، بەڵکو بگاتە سەرەداوێک تا بزانێ ئەوانە کێن و چەند منداڵ بوون. وردەوردە بۆی دەردەکەوێ لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ تا ١٩٦٧ نزیکەی ١٥٠ هەزار منداڵی کوڕ و کچی تەمەن ٤ تا ١٥ ساڵ (ئەوانەی بێ کەس بوون، ئەوانەی لەبەر کێشەی خێزان حکوومەت گرتوونیە خۆ، یان، ئەوانەی دایکانیان نەیانتوانیوە سەرپەرشتییان بکەن) بۆ ئوسترالیا، کەنەدا و نیوزیلاند، نێردراون. زۆربەی زۆریان ئیرلاندایی بوون. مەبەست لەو کارە زیاتر بۆ زۆرکردنی دانیشتوانی ئەو شوێنانە بووە، بەڵام یەکجار نا مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. ئەو منداڵانە بەسەر بەریتانیای مەزنەوە بارێکی قورس بوون، وەک زبڵ و زاڵ لێیان ڕوانراوە.
حکوومەتی ئوسترالیا هێنانی ئەو منداڵانەی لا پەسەند بووە. بە لای ئەوانەوە هاتنی ئەو سپی پێستانە پارسەنگی ڕەشەکان و کۆچبەرانی ئاسیا ڕادەگرێت. مەبەستەکە زیاتر نەژادپەرستیی و جیاکاریی بووە، هەر بۆیە چاوی لە تاوانەکانی قەشەکان پۆشیوە و چاودێری ئەو شوێنانەیشی نەکردووە منداڵەکانێ تێدا دەمێنێننەوە. هۆیەکەیش دیارە، ئەو کاتە کڵێسا و پیاوانی ئایین دەڵاتینا هێشتا لە ترۆپک بووە.
بە منداڵان گوتراوە، دایک و بابتان مردوون، یان، دایک و بابت تۆیان ناوێ، یانیش بەڵێنی شوێنی خۆش و شیرینیی دراوە کە هەرگیز وەریان نەگرتووە. بە دایک و بابیش گوتراوە منداڵەکە لەگەڵ خێزانێکی دیکەیە، زۆر خۆشگوزەرانە. هەرگیز ڕێ نەدرا کەس بزانێ منداڵەکانیان لە کوێن. ڕێکخراوانی سەر بە کڵێسا و تەبشیرییەکان بە چاو لێپۆشینی حکوومەتی بەریتانیا ئەو کارەیان کردووە. بە پاپۆڕ بۆ ئەو شوێنانە بردراون، زۆربەیان بۆ ئوسترالیا بوون. لە ئوسترالیا، ڕێکخراوی کڵێسا (براندۆس و فێربریج) ی پڕ قەشەی لە خواترس، بێگەرد، ناخ پاک، پڕ لە نوور و ڕێنوێنیکەری خەڵکی دیکە! وەریگرتوون.
منداڵانی فڕێندراوی زەوتکراوی فریودراوی بێ دایک و باب، ٨٠٠٠ میل دوور لە شوێنی لە دایکبوونیان، سەرەڕای ئەوەی هەرچی ئازارە چەشتوویانە، ئینجا چەندین جۆر کاریان پێکراوە. چەندینیشیان لە لایەن قەشە بێگەرد و شوێنکەوتووەکانی ڕێگای ڕاستی مەسیح، ساڵانی درێژ دەستدرێژییان کراوەتە سەر. دواییش کە گەورەبوون، داوای قەرزدانەوەی نان، ئاو، شوێنی حەوانەوە و نووستنیان لێکراوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ مارگرێت هەمفرێیز کتێبێکی بە ناوی (لانکەی بەتاڵ) بڵاوکردەوە، تیایدا چیرۆکی ئەو منداڵە هەناسە ساردانە دەگێڕێتەوە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکانیدا ناسیونی و ئاشنای چیرۆکە ناخ هەژێنەکانیان بووە. مارگرێت، بۆ یەکەم جار لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی ئۆبسێرڤەر گەشت بۆ ئوسترالیا دەکات، دوایی چەندین جاری دیکە دەگەڕێتەوە ئوسترالیا، تا دەگاتە ڕاستییەکان. ڕۆژنامەوانەکەی ئۆبسێرڤەر ئەنجامی گەشتی یەکەمیان بڵاو دەکاتەوە و بەدوایدا دەبێتە هەرا. تا دەگاتە ئەوەی لە ئوسترالیا چەندین جار هەڕەشە لە مارگرێت بکرێ. ڕاپۆرتەکەی ئۆبسێرڤەر وا دەکات سەدان نامە بگاتە مارگرێت داوای هاوکاری دۆزینەوەی باوانیانیان لێدەکرد. وای لێهات مارگرێت لە بن نامەکاندا نقووم بوو. تەنانەت کارەکەیشی لەو پێناوەدا بەجێهێشت.
لە ماوەی کاری مارگرێت لەو بابەتەدا، چەندین کەسی بە دایکی شاد کردەوە. بێگومان تا مارگرێت بەو کارە ڕاگەیشت، زۆر لە منداڵانی ڕاگوێزراو تەمەنیان لە ٥٠ سەروو بوو. هێندێکیشیان لەبەر ئابڕووچوون یا خۆیان ئاشکرا نەکرد، یانیش، هەر لە ژیاندا نەمابوون. لەوەیش زۆرتر، دەرکەوت ئەو سیاسەتەی بەریتانیا لە ساڵانی ١٦٠٠ەوە بە شاراوەیی هەبووە، بەڵام لە کۆتایی ١٨٠٠ەوە خێراتر بووە. قوربانیان لەوانەیە چەند سەد هەزارێک بووبن.
منداڵانی فرۆشراو بە ئوسترالیا هاودەمی ئەوپەڕی ئازار، گەورەبوون. لەگەڵیاندا خەم و بیرەوەرییە تاڵەکان مانەوە، وەک مارگرێت دەڵی هەموویان دڵپڕ و خەمناک بوون. هیچیان هەستیان بە بەهای مرۆڤبوونی خۆیان نەمابوو. ناخ بەتاڵ و بێ کەس بوون. مارگرێت هێندەی سەرگوزەشتەی خەمناک و ترسناک بیست تا تووشی خەمۆکیی و تەنیایی بوو، ٧ ساڵ بێ مۆڵەت وەرگرتن، لە کارکردن نەوەستا. بەپێچەوانەی مارگرێت، جۆن مێجەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩٣ بێ شەرمانە شانی خۆی تەکاند، کاتێک بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت، مامەڵەی منداڵان لە وڵاتێکی دیکە، ئەو وڵاتە لێی بەرپرسە. تا ساڵی ١٩٩٨ بەریتانیا داوای بەخشینی لەو قوربانییانە نەکرد. ئەگەر ئەوە تاوانی لۆردەکانی بەریتانیای مەزن بەرانبەر هاوڵاتییانی خۆی بووبێ، دەبێ چییان لەگەڵ خەڵکانی وڵاتانی دیکە، کردبێ !؟؟
سەرچاوەکان:
https://www.mdpi.com/2076-0787/4/4/714/htm