دۆزینەوەی چەند پەیکەرە ئێسقانی نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن ڕالف سۆلێکی بووە مایەی بایەخی زۆر بە ناوچەکە. ڕۆز سۆلیکی خێزانی ڕالف توێژینەوەکانی لەسەر گوندی زاوی چەمی لە خوار ئەشکەوتەکە چڕ کردەوە و گەلێک پاشماوەی ٩ هەزار ساڵ پێش زایینی دۆزییەوە. واتا چاخی بەردیینی نوێ. هەندێکیان هەر لەسەر ڕووی زەوی پەرت و بڵاوبوون. ٩ هەزار ساڵ بەر لە زایین کەشوهەوا گۆڕابوو و ڕێی خۆشکرد زەوی بکێڵدرێ. زاوی چەمی دەکەوێتە سەر زێی گەورە و ڕووبەرێکی زۆری ئەو ناوچەیە بە ئاوی ئەو زێیە زەوی بە پیتە
زاوی چەمی لە شوێنەوارە هەرە کۆنەکانی نیشتەجێ هەرە یەکەم و سەرەتاییەکانی مرۆڤە. زانیاریی زۆری لەسەر شێوازی کۆمەڵگە جێگیرەکان لە مێژووی مرۆڤدا، هەڵگرتووە. دانیشتووانی زاوی چەمی شانەدەر پشتیان بە کۆکردنەوەی چەندین جۆری ڕووەک، دانەوێڵەی کێوی، میوە و گوێز و بادام بەستووە. لە پاڵیدا ڕاوی ئاسک، بەراز، مەڕوماڵاتی کێوی و زۆری دیکە، کراوە. ڕۆز، خێزانی ڕالف سۆلیکی بەشێکی گرنگی سەرەتای گۆڕان لە ژیانی ڕەوەندیی بەرەو نیشتەجێی جێگیر، دۆزییەوە. هەر ئەوە بوو دواتر بووە ماڵییکردنی چەندین جۆری ئاژەڵ و باڵندە. جێگیربوونیان لە نیشتەجێی هەمیشەیی وایکردووە ئامرازەکانیان پێشبکەون و جۆراوجۆر ببن. دۆزینەوەکانی ڕۆز چەندین بەردی جۆراوجۆری مەبەست جیاوازی تێدابوو. پێدەچێ شوێنەکە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە بەردانە/ئامرازانە، بەکارهاتووە
لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦٠ دوو چین دەستنیشان کران. چینی ئەی بە قووڵایی ٦٠ سانتیمەتر بوو. لەو چینەدا چەندین پارچەی گۆزە و دیزە و دەفر دۆزرانەوە، هەندێکیان نەخشکراو بوون. لەگەڵ ئەواندا هەندێ پارچەی شووشە، ئاسن و مسیش هەبوون. دەرزییەک بە درێژی ٧.٤ سانتیمەتر و پارچەیەک لا بازنی دەست دەرهێندران. هەر لە چینی ئەیدا قوڕی گەرمکراو و هەندێ وردە کانزا هەن. بەپێی دکتۆر ئیزابێل دروو، ئەگەر زۆرە لەو شوێنەدا توانەوەی مس و دروستکردنی ئامرازی دیکە، هەبووبێ. دەستاڕی بەردیش دۆزرایەوە، لە ناوەڕاستیدا چاڵێک هەیە و بە سووڕانەوەی دوو بەرد لەسەریەک، دانەوێڵە دەهاڕێ
دواتر بە چینی بی ناونرا و تاقووڵایی ١٢٠ سانتیمتر بوو. جگە لە چەند ئاگردانێک لە چینی سەرەوە، بە هەمان شێوە لە چینی بی سێ ئاگردان دۆزرانەوە. خەڵووز، گڵی سووتاو، ئێسقانی سووتاو و بەردی بە ئاگر لەتبوو بینرانەوە. لە هەندێ شوێن هەڵکۆڵین تا ٢ مەترو نیو بووە و چەندین بەردئەستێرە، پاشماوەی خەڵووز، ئێسقان و ئامرازی دیکەی بەرد دۆزرانەوە. کۆی ٥٥٠ وردە بەردی ( درێژی ٣ سانتیمەتر یان کەمتر) لایەک یان دوو لا تیژ دۆزرانەوە هەموویان وەک ئامراز بەکارهاتوون
هەرچی ئەوانەیە لە ٥ سانتیمەتر درێژتر بوون و بۆ زۆر مەبەست بەکارهاتوون ٣٨٩٤ پارچە بوون. لە شێوە و بەکارهاتنیان چەند جۆرێکن و هەر جۆرێک بۆ مەبەستێک بووە. وردە بەردی شکاو تەنیا لە ڕووبەرێکی ٤ بە ٨ مەتردا یەکجار زۆر بوو، ژمارەکە گەیشتە ١٨ هەزار پارچە، بۆیە دیارە لەو شوێنەدا بەرد شکاندن هەبووە تا ئامرازی بەردین دروست بکەن. شیوازو جۆری ئەو بەردانەی دروستکراون تا وەکو ئامراز بەکاربهێندرێن زۆر لەوانە دەچن لە ئەشکەوتی زارزی لە بازیان دۆزرانەوە. بەڵام ئەوانەی زاوی چەمی شانەدەر لە هەندێک تەکنیکدا پێشکەوتووترن. لە هەموویان بە بایختر ئەوانەن ددانیان هەیە، پێذەچی بۆ کاری دارتاشین و دار لووسکردن بەکارهاتبن
هەر لەو دۆزینەوە گرنگانەی لەو شوێنەوارگەیەدا دۆزرانەوە چەند بەڵگەیەک بوون دەیسەلمێنن کاری پێست داماڵێن و پێست خۆشکردن لە زاوی چەمی شانەدەردا، کراوە. ئەو کارە لە پێشکەوتنە هەرە بەرچاوەکانی ئەو جێنشینە کۆنەی مرۆڤە. ١٨ پارچە لەو بەردانەی دۆزرانەوە تەکنیکێکی نوێیان پێوە دیارە لە هیچ شوێنێکی دیکەدا لەو کاتەدا نەبووە. بەردەکان لووس کراون یان خاڵ خاڵ کراون. ئەوە یەکەم جارە ئەو جۆرە بەردانە دەدۆزرێتەوە
بەهەمان شێوە ٢٥٠ بەردی دیکەی ناو قووڵی تێدا دۆزرایەوە وەکو دەستاڕ (شێوەیەکی درێژکۆلەی هەیە) بۆ هاڕینی دانەوێڵە و خواردنی دیکە، بەکارهاتوون. هەشیانە تەنیا چاڵێکی بچووکی لە ناو کراوە وەک دەستهاوەن بۆ کوتان، بە کارهاتووە. هەموو ئەوانە لە ڕاپۆرتی سۆلیکیدا بە درێژی باسکراون و وێنەکانیان دانراون. ٧ بەردی دیکەی دۆزرانەوە بۆ لەەسکردنی پارچەکانی دیکە باکارهاتوون. هێڵ هێڵی لەسەرە بە درێژایی ئەو هێڵانە قووڵ بووە. بە واتای ئەوەی بەردی دیکەی لەسەر خشاوە تا لووس بکرێ، ئەو کارە بۆ جوانکاری و ئاسان بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە، کراوە. هەر لە بارەی بابەتەکانی بۆ جوانکاریی بەکارهاتوون، چەندین بەردی کونکراو و ئێسقان و ددانی ئاژەڵان دۆزرایەوە وەکو متو موروو بەکارهاتوون. هەیانە نەخشێنراون و شیوەی جیاجیایان لەسەر دروستکراوە
بە شیوەیەکی گشتیی، لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوای ناوچەی شانەدەر ئەو نیشتەجێیە دەرکەوتووە. واتا لە ١٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر چاخی بەستەڵەکی بچووک کۆتایی هاتووە. هەر ئەو کاتە هەوا شیداربووەو دار و دەوەن لە شاخەکانی زاگرۆس دەرکەوتوون. لە نێوان ١١ هەزار بۆ ٨٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین، ناوچەکە تەواو گۆڕاوە و ڕووەک و دانەوێڵەی جۆراوجۆر (گەنم و جۆ)ی کێوی (بەر لە کشتوکاڵ) دەرکەوتوون. ئەوانە مەرجی لەباربوون تا لە دەم ڕووبارەکاندا نیشتەجێی هەمیشەیی دەربکەون
بەڵگەکانی لەو شوێنە دەرهێنراون ناتوانن نیشانی بدەن ئایا ئەو نیشتەجێیە بە بەردەوامی ساڵ ژیانی تێدا بووە، یان بە پێی وەرز و پێویستیی خۆیان بۆی گەڕاونەتەوە. زۆر کۆچەر لە کوردەواری هەبوون نیشتەجێی هاوینانیان لەوەی زستانانیان جیا بووە. دەکرێ ئەو شوێنە هەر وا بووبێ. پێکهاتەی گوندەکە بەتەواوی نەدۆزرایەوە. تەنیا دیوارێکی پانی لەبەرد دروستکراو، کە سێ جار لەسەر هەمان شوێن هەڵچنراوەتەوە، دۆزرایەوە. هێشتا ئەگەر هەیە ئەگەر هەڵکۆڵینی فرانتر و قووڵتر ئەنجام بدرێ، تەواوی گەندەکە دەرکەوێ
سەرچاوە
https://eprints.bbk.ac.uk/id/eprint/28956