تورکزمانەکان چەندین کۆمەڵن و زمانی تورکی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە. ئەو کۆچبەرانە بە پانتاییەکی زۆر واڵا هەر لە باکووری ئەفگانستان و سیبیریا و باکووری چین تا دەگاتە ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و قەوقاز و ئەناتۆلیادا، بڵابوونەتەوە. ڕەچەڵەکی ئەو کۆچبەرانە مشتومڕی لەسەرە. بۆچوونێک هەیە دەڵێ لە سەرووی دەریای کاسپیان بوون و بۆچوونێکی دیکە دەڵێ لە مەنچوریا (باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا) دەرکەوتوون
زمان یاریدەدەری توێژینەوەکانی جینناسیین. لێرەدا ئەو ڕێبازە دەگرینە بەر تا دووبارە ڕووداوە نوێیەکانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی، بڵاوبوونەوەی کۆچبەرە تورکزمانەکان، کە گۆڕانکاریی لە تەواوی پێکهاتەی رۆژئاوای ئاسیا لە ڕووی ئیتنیی و زمان کردووە، دەستنیشان بکەین. ئەو کۆمەڵە، نزیکەی ١٧٠ ملیۆن کەسن. لە نێوان سەدەی پێنجەم تا سەدەی ١٦ بە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری قەوقازدا بڵاوبوونەتەوە. ئەو بڵاوبوونەوەیان لەگەڵ هێرشەکان و داگیرکارییەکانی مەنگۆلەکان تێکەڵ و هاوکات بووە. یەکەم ئاماژە بۆ زمانی تورکی لە مێژوودا بۆ سەدەی پینجەم دەگەڕێتەوە
هەمەجۆرەی ئەو زمان و بن زارانەی لە زمانی تورکیدا هەیە و لەو پانتاییە بەرینەی ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژئاوایدا قسەی پێدەکرێ بۆ نێوان ٢١٠٠ تا ٢٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا دابەشبوونی سەرەکی نێوان تورکی ئێستە و ئۆگور (یان بۆلگار)، ڕوویداوە. بەر لەوە قۆناغێکی درێژی دێرینی زمانی تورکی هەبووە بەڵام زانیاریی مێژوویی لەبارەیەوە نییە، بنچینەی ئەو قۆناغە دێرینە بۆ ٤٠٠٠ تا ٤٥٠٠ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و لەگەڵ زمانی مەنگۆلی یەک بوون. کۆنترین دەسەڵاتی تورکزمانەکان لە نێوان سەدەی ٦ و ٩ بووە و لە مەنگۆلیای ئێستە، باکووری چین و باشووری سیبیریادا بووە. ئەو ناوچەیە وەکو بنەچەی بڵاوبوونەوەی کۆچبەرە تورکزمانەکان تەماشا دەکرێ
لەو ناوچەیەدا ئیمپراتۆرییەتی هسونگ نو لە نێوان ساڵی ٢٠٠ پیش زایین تا ١٠٠ی زایینی دەسەڵاتدار بووە. دواتریش ١٠٠ تا ٢٠٠ ساڵ دوای زایین دەسەڵاتی هسیێن پی لەسەر بووە. لە نێوان ساڵانی ٤٠٠ تا ٦٠٠ی زایینیشدا، دەوڵەتی ڕووران (یان ئاکا جوان-جوان) لەو ناوچەیەدا هەبووە. کەواتە ئەو ناوچەیە تا ئەوکاتە کەسی تورکزمانی لێ نەبووە و ئەو دەسەڵاتانە لەو خێڵ و کۆچبەرانە بوون لەوێ دەژیان. تەنیا لە نیوەی سەدەی شەشەمدا تورکزمانەکان دەسەڵاتیان وەرگرتووە و دەوڵەتی گۆگتورک خاگاناتێ، دامەزراوە. ئەوە یەکەمجار بووە لە مێژوودا ناوی تورک دەرکەوێ. دواتر بۆ دەسەڵاتی ووردتری خانات یان خاگانات دابەش بووە و لە باکووری چین تا دەشتاییەکانی سەروو دەریای کاسپیان (قەزوین) کشاون. بەڵام دەرکەوتنی تورکزمانەکان هەر جیی مشتومڕە و بۆچوونەکان جارێ هەر بیردۆزن
توێژینەوەکانی دی ئێن ئەی و دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا و نیشانەکانی ئۆتۆسۆمەڵی سەر کرۆمۆسۆمەکانی تورکەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، واتا تورکانی ئەناتۆلیا و ئازەر) لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژهەلاتی ئەوروپا (گاگاوز، تەتەر، چوڤاش وباشکیر) لەگەڵ دراوسێکانیاندا زۆر جیاواز نین. هەموویان بەشیکی کەمی هەردوو جۆری دی ئێن ئەیڕۆژهەڵاتی ئاسیایان تیدایە. بەڵام تورکزمانەکانی قیرگیز، کازاخ، ئوزبەگ و تورکمان هاوشەویی لە دی ئێن ئەیاندا زۆر زیاترە و هاو باوانن. ڕێژەی ٩٪ تا ٧٦٪ی کرۆمۆسۆمی نێر و ٣٠٪ی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریایان لەگەل دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سیربییەکان، تەنانەت لەگەڵ هازارادا، هاوشێوەن، بەڵام لەگەڵ تاجیک و ئیرانییەکان جیان
ئەو پرسیارەی ئەم توێژینەوەیە لە وەڵامەکەی دەگەڕێ ئەوەیە ئایا تورکزمانەکان جینی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ خێڵە تورکە كۆچبەرەکانی بەر لە مێژوویان بگەڕێنێتەوە. بە تایبەتیش، ئایا تورکزمانەکانی هەموو ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ هەمان خەڵکانی ناوەڕاستی ئاسیا دەگەڕێنەوە؟
بۆ مەبەستی توێژینەوە، ٣٢٢ نموونەی کرۆمۆسۆمەکانی تورکزمان لە ٣٨ کۆمەڵگەدا، لە ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، وەرگیراون. ئەو زانیارییانە لەگەڵ ئەوانەی پێشتر وەرگیرابوون یەکخران و کۆی ١١٤٤ نموونە دەستکەوتن و کۆی ٥١٥ هەزار و ٨٤١ نیشانەیان تێدا دەستکەوتن. نموونەکانی ئەم توێژینەوەیە لە خەڵکانی ناوچەکانی ڤۆڵگا -ئۆراڵ، ناوەڕاستی ئاسیا، سیبیریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگیراون
توێژینەوەکانی پێشوو نیشانیان داوە دوو ئەلیلێی جینەکانی خەڵکانی تورکزمان (لەم توێژینەوەیەدا بە کەی ٦ و کەی ٨ ناونراون) لە دوو هێشووی گشتیی خەڵکانی سیبیریا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا هەن. یەکەمیان بۆ تورکزمانەکانی نەوەی نوێ و دووەمیشیان بۆ باپیرە گەورەکانییان دەگەڕێتەوە. شوێنی بڵاوبوونەوەی جوگرافی ئەو دوو ئەلێلێیانەیان بۆ بۆ سیبیریا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەگەڕێتەوە. بە جیابوونەوەی خەڵکەکان بەرەو ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەو دوو ئەلێلێیە لەیەکتری جیابوونەوە
پشکنینی وردی نموونەی جینەکانی تورکزمانەکان نیشانی دەدەن، ١٥ لە کۆی ١٦ و لە نموونەی گەلەکانی دیکە ٤٩ لە کۆی ٦١، لەگەڵ تورکزمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و خەڵکانی سیبیریا، تێکەڵ بوون. بە هەمان شێوە، نزیکەی هەموو دانیشتووانی تورکزمانی سیبیریا و ١١ لە ٢٧ کۆمەڵگەی نا تورکزمان لە سیبیریا. لەگەڵ تورکزمانەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، تێکەڵ بوون.
لە گەران بە دوای جینەکانی خەڵکانی ناوەڕاستی ئاسیا (لەم توێژینەوەیەدا ناویان ناوە ئای ئەی ئێچ) ئەوە ئاشکرایە کە تورکزمانەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا پێوەندی باپیرەگەورەیان لەگەڵ گەلانی باشووری سیبیریا و ناوچەی بەرزاییەکانی ئەڵتای هەیە. تورکزمانەکان لە چاو گەموو گەلانی دیکەی دراوسێیان، ڕێژەیەکی زۆر بەرزی ئەو پێوەندییەی ئای ئەی ئێچ نیشان دەدەن
ئەنجامی ئەوم توێژینەوەیە دەڵێ بۆمان دەرکەوت کە تورکزمانەکانی بە ناوچەکانی یورۆئاسیادا بڵاوبوونەتەوە (ئەنادۆڵ، ئێران، قەوقاز، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا) لە جینی باپیرەگەورەیاندا وەکو دراوسێکانییان وان، واتا لە سەردەمانی بەر لە مێژوو هەمان باپیرەگەورەیان هەبووە. بەڵام ئەو ئەنجامە بۆ تورکزمانەکانی سیبیریا (یاکوت و دۆڵگان) زۆر قورسە چونکە کەسانی نا تورکزمان لەدەورووبەری ئەوان نییە تا بەراوردییان لەگەلدا بکرێ. لە لایەکی دیکەوە تورکزمانەکانی رۆژئاوای یورۆئاسیادا هەڵگری چەند پیکهاتەیەکی جینی ئاسیایین، ئەوە لە دراوسیکانیان جیایان دەکاتەوە
ئەو ئەنجامانە پاڵپشتی لەو بۆچوونە دەکەن دەڵێ فراوانبوونی بنەماڵەی زمانی تورکی لە دەرەوەی چەقی ناوچەی گریمانەکراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆراسیا بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زمان ڕوویداوە، ئەگەر زۆرە باڵادەستی دەستەبژێری تورکزمان، لەبەر ڕێکخستوویی سەربازیی و کۆمەڵایەتییان توانیویانە زمانەکەیان بەسەر گەلانی ڕەسەندا بسەپێنن. بەو پێیە بەشێکی زۆر لەو گەلانە بە تورکزمان ناسراون، لە ڕەچەڵەکی جیندا، نەژادی تورک نین. نزیکترین کۆمەڵ لە تورکەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، هەردوو کۆمەڵی کاڵمیک و ماریسن، لە سیبیریا دەژین
سەرچاوە
https://journals.plos.org/plosgenetics/article?id=10.1371/journal.pgen.1005068