بودی (بوزی) بی ئاوا دەبی؟

مێژووی بودیزم هەزاران نموونەی تێدایە، چۆن شوێنکەوتووانی لەسەر حوکوومەتێک، باڵەخانەیەک، تەنانەت واتای وشەیەکیش ناکۆک بوون، یان پێکیش هەڵپڕژاون. یان، لەگەڵ خەڵکی دیکەدا جەنگاون چونکە باوەڕیان بە خوایەکی تاهەتایی و پڕ شکۆ هەیە، یان لەگەڵ خەڵکانێک چونکە خۆی باوەڕی بە بەتاڵیی هەموو دیاردەکانی سروشت، هەیە.


لە سەدەی ١٨دا، هەردوو خێزانی شاهانەی بورما و سیام بە دڵسۆزییان بۆ بودا، لە خۆیان بایی بوون. ئاوا بە پاراستنی بیروباوەڕی بودا، پاساویان بە شا بوونی خۆیان دابوو. شایەکان پەرستگایان دروستکرد، زۆریان بەخشی و هەفتانە گوێیان بۆ پیاوانی ئایین شلکرد چۆن خۆ لە بە پێنچ کاری سەرەکیی، بە دوور بگرن: کوشتن، دزین، دەستدرێژی، فێڵ و سەرخۆشیی. کەچی ئەو دوو شانشینە لەگەڵ یەکتریدا جەنگان. لە ٧ نیسانی ١٧٦٧ دوای گەمارۆدانێکی درێژ، سوپای شای بورما هسینبیوشین گەیشتە پایتەختی سیام. سوپای سەرکەوتوو دەستیان لە تاڵان، کوشتن، دەستدرێژی و لەوانەیە ژەهراویکردنیش، نەپاراست.


دوای ئەوە، بەشێکی زۆری شاریان بە پاگۆدا و پەرستگاکانەوە سووتاند. خەڵکێکی زۆریان بە کۆیلە برد، پشتی عەرەبانەیان پڕ لە زێڕ و زیو کرد. خۆ هسینبیوشین بیروباوەڕی بە بودا کاڵ نەبووبووەوە. تەنیا دوای ٧ ساڵ لەو سەرکەوتنە مەزنەی، لە هەموو پاگۆداکانی سەر ڕووباری ئیراوادی لە بودا پاڕایەوە سەرکەوتنی زۆرتر بە سوپاکەی ببەخشێ. کە گەیشتە ڕانگوون، کۆنترین پاگۆدای (شویداگۆن) لەوێ نۆژەن کردەوەو و فراوانیشی کرد. بەوەوە نەوەستا، زێڕپۆشیشی کرد. بە چەندین یاقوت و ئەڵماسیش ڕازاندییەوە (لەوانەیە ئەو بەردانە لە سیام دزرابوون). ئینجا ئەو بۆنەیەی بۆ لە سێدارەدانی پاشای دیل (لبیگۆ)، برایەکەی و کوڕەکەی قۆستەوە.


لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە ژاپۆن خەڵک داهێنانی لە کۆکردنەوەی بیروباوەڕەکانی بودا، نەتەوەپەرستیی، فاشیزم و سەربازیی، دەکرد. بیرمەندانی ڕادیکالی ئایینی بودا وەکو (نیسشو ئینو، ئیکی کیتا و تاناکا شیگاکو) بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بۆ دەربازبوون لە پابەندییە خۆپەرستەکان، دەبێ خەڵک خۆیان ڕادەستی ئیمپراتۆر بکەن. لە هەموو بیرێکی تاکە کەسیی خۆیان دەرباز بکەن و لە خۆ ڕامێنن چەند بۆ گەلەکەیان دڵسۆزن.


ئەو بیروباوەڕانەی بیرمەندان جۆشی زۆری دایە ڕێکخراوەکانی نەتەوە پەرستەکانی ناو ژاپۆن، لە ناویاندا کۆمەڵێک سەرباز و سەرداری سوپای دەمارگیر. ئەوانە هەوڵیان دا بە ڕەشەکوژی چەند کەسایەتییەک، سیستەمی سیاسی پارێزگاران لە وڵات بڕوخێنن. وەزیری دارایی پێشوویان کوشت، ئینجا بەڕێوەبەری کۆمپانیای میتسوی (لە کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆنە، لە زۆر بواردا کار دەکات)، دواتریش سەرۆک وەزیران ئینوکای توسیوشی. بەوپێیە، هەنگاوەکانی ژاپۆنیان بۆ بەرەوپیرچوونی دکتاتۆریی سەربازیی، خێراکرد. کە سوپا چووە ناو جەنگی جیهانی دووەم، پیاوانی ئایینی بودا، داوایان لەخەڵک کرد لەخۆبووردەیی پیادە بکەن و خۆ بدەنە دەست دەوڵەت. ڕێنمایی خەڵکیان کرد، لە پێناو وڵات و جەنگدا، خۆیان بە کوشت بدەن. لەبەرامبەردا، هەموو ڕێنماییەکانی بودیزم سەبارەت بە بەزەیی و دووری لە توندوتیژیی، لە بیرچوونەوە. ئەو ڕێنماییانە هیچ لە هەڵسوکەوتی نەشیاوی سوپای ژاپۆنی لە مانێللا، نانجینگ و سیئۆل نەگۆڕی.


لە سەدەی ٢١دا، هاوشێوەی تۆماری وڵاتە موسوڵمانە توندەکانی وەک سعودستان و ئێران، تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە میانماری پەیڕەوی توندی بودا لە جیهاندا، لە خراپترینە. پیاوی ئایینی (ئاشین ویراثو) هیچی زیاتر لە پاراستنی میانمار و بودیزم لە بەرامبەر پیلانەکانی موسەڵمانان و جیهادییەکانیان، ناوێ. بۆیە دەستیکردووە بە بزووتنەوەی دژایەتیی موسوڵمانەکان. بەڵام گوتار و نووسینەکانی هێندە توندڕەو و هێرشبەرن، فەیسبووک لە شوباتی ٢٠١٨ لاپەڕەکەی سڕیەوە، چونکە هانی ڕق و کینەی دەدا. لە دیمانەیەکی لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیان لە ساڵی ٢٠١٧، داوای هاوسۆزی بۆ تەنیا مێشوولەیەکیشی دەکرد. کە دەستدرێژی سەربازەکانی بۆ سەر ئافرەتانی موسوڵمان خرایە بەردەمی، پێکەنی گوتی (ئەستەمە شتی وابکەین، جەستەی ئەوانە پیس و گڵاون) !!


ئەگەر هەر هەشت ملیار کەسەکەی سەر زەوی هەموویان ببنە بودی ، دیسانەوە هەلێکی زۆر کەم هەیە ئاشتی و ئارامی سەرتاپای جیهان بتەنێ. لە خۆ وردبوونەوە و لە خۆ ڕوانین گەلێک قورسە. تەنانەت ئەگەر هەموو کەسێکیش گوێگر بێ و ئەو لەخۆ وردبوونەوەیە بکا، زۆرمان ڕاستیی ڕەهای پاڵەوانان وخراپەکاران دەشێوێنین و هەندێکیان دەیانکەینە دوژمن، پاساوی زۆر باش دەهۆنینەوە، تا جەنگی داهاتوومان بنێینەوە.


ئەگەرچی بە ڕواڵەت و بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و مێشک هەژار، بودیبوون گەلێک واتای لە قووڵایی ناخدا هەیە و چەندین ملیۆنی هەژاری ئاسیای بە پوشکەی ژیانەوە هەڵواسیوە، بەڵام تەنانەت ئەو ئایینە ئاشتی خواز و ئارامە لە چاو ئایینەکانی دیکەی جیهان، لە کوشتن و بڕین و پاساودان بە کردارە نا بەجێیەکانی، کەمی نەکردووە. خۆ خلە لە بلە کەمتر نییە. تاوانی بێ وێنەی لە سێبەردا ئەنجام دراوە. بێگومان، لە نووسینەکانی پێشووتردا چەندین نموونەی توندوتیژی ئایینەکانی دیکە باسکراوە، بەڵام ئەوەیان زۆرتر سەبارەت بە ئایینی بودی بوو. هەموویان وەک یەکن.