جلوبەرگ، قژ و هونەری جەستە لە شوێنەوارەکانی باکوور

شوێنەوارەکانی باکووری کوردستان بە باکووری میسۆپۆتامیا ناودەبرێن. ئەوانەی ستوونی شێوە پیتی تی ئینگلیزیان تێدایە دیاردەیەکن تەنیا لە بەشی ڕۆژئاوای باکووری میسۆپۆتامیا، هەن. ناوچەیەکی دەوڵەمەندی رووەک و ئاژەڵە. کلاوس شمیدت، کلتووری ئەو شوێنەوارانەی ناونا کلتووری نەوالێ چۆرێ یان کلتووری دۆڵی چۆرێ. ئەوانیش شوێنەوارەکانی گرێ مرازا (گۆبەکلی تەپە)، نەوالێ چۆرێ، کۆتی بەرچەم (چایۆنۆ)، گرێ کەچەڵ (کاراهان تەپە)، گرێ سەفەر(سەفەر تەپە)، کیلیسیک، گرێ تاشلی لە نزیک گوندی باشبوک، ڕێی ئورفەی تازە یان یاننی مەهەللـە. جارێ تەنیا سێ لەو شوێنەوارانە بە زانستی شوینەوارناسیی کنە و پشکنینیان تێدا کراوە


ئەوەی لە نەوالێ چۆرێ تێبینی کراوە ئەوەیە ئە و پێکهاتەیەی وەکو شوێنێکی کەلتووری لە چینی دووەم دۆزرایەوە، ڕووی بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات داندراوە، واتا تەواو بەرەو گرێ مرازا دروست کراوە. ئەگەر زۆرە پێوەندی نێوان گرێ مرازا و نەوالێ چۆرێ وەکو سەنتەری پەرستگە و لادێیەکی هاوپەیڕەو بووبێت. بیرۆکەیەکی هاوشێوە بۆ تەواوی شوێنەوارەکانی ستوونی شێوە پیتی تی ئینگلیزیان تێدایە وەکو گرێ مرازا ناوەندی سەرەکیی و ئەوانی دیکە ناوەندی لاوەکیی پەرستن بووبن، لەلایەن شوێنەوارناسی تورک بەهادیین چەلیک، خراوەتە ڕوو


لە پێکهاتەکەی دوای ئەوەی چینی دووەم دروستکراوە و لەسەر پێکهاتە کۆنەکە بنیاتنراوە، بە ٩٠ پلە سووڕاوە و ڕووی لە گرێ مرازا نەماوە. ئەو جارە ڕووی بەرەو سەرێکی مرۆڤە ماری لەسەر دروستکراوە و لە دیوار چەقێندراوە. ئەو گۆڕانە لە ڕووی ئەو پێکهاتەیەی لەوانەیە شوێنی پەرستنی دانیشتووانی نەوالێ چۆرێ بووبێت، نەک تەنیا بیری ئایین و پەرستنیان گۆڕاوە، بەڵکو لەو سەردەمەی چینی ٤ و ٥ دا، ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە. ڕەنگە لەبەر بایەخی خۆیان بووبێ بۆ ناو کۆمەڵگەکەی خۆیان، نەک بۆ دەرەوە. ئەگەریش هەیە لەو سەردەمەدا بایەخی گرێ مرازا بەرەو پووکانەوە بووبێت، ئەو بچووکبوونەوە و چوونەوەیەکەی گرێ مرازا لە قەبارە و جۆری پێکهاتەکاندا لە گری مرازا، دیارە. ستوونە گەورەکانی چینی ٣ لە چینی دووەمدا دەبنە ژووری لاکێشە و شێوە بازنەییە گەورەکان، دیارنامێنن. باری ئەو کاتە هەرچۆنیک بووبێت، هەموو شوێنەوارەکان لە یەک تۆڕی کۆمەڵایەتیی و ئایینی ئەو ناوچەیەدا بوون


نەوالی چۆرێ، جگە لە ستوونی هاوشێوەی ئەوانەی گرێ مرازا و وەکو ئەوان هڵکۆڵدراو و هێمایان لەسەر دروسکتراوە، ١٢٨٩ پارچەی لە گڵ دروسکتراو، دۆزرانەوە. ٦٦٥ لەو دۆزراوانە وەکو پەیکەری پیاو، ژن، گیانداران و شیوەی دیکەی ئەبستراکت (‌هێماداریی) هەبوون. ٩٠٪ی ئەوان نیشانە و ئاماژەی مرۆڤیان تێدایە. ئەو جۆرە پەیکەرانە لە هەموو شوێنێکی شوێنەوارەکەدا هەبوون. بە تایبەتی لە چاڵ و بۆشایی نێوان خانووەکاندا. ئەوانەی لەناو خاوودا دۆزرانەوە، تەنیا لە هەندێک پێکهاتە بازنەییەکاندا بوون. نزیکەی هەموویان بە شکاوی دۆزرانەوە، بە واتای ئەوەی شکێندراون و فڕێدراون، دیارە بایەخ و بەهایان نەماوە بۆیە. یانیش، بە مەترسیی داندراون


لە ناو ئەو پەیکەرانەی ئاماژەی مرۆڤیان تێدایە، بۆ پیاو و بۆ ژن زیاتر لە نیوەی دۆزراوەکان بوون. ١٥٩ی ژنەکان بە دانیشتوویی دروستکراون، ١٧٩ ی پیاوەکانیش هەموویان بە پێوەن. تەکنیکی دروستکردنی هەردوو جۆر تا ئاستێکی زۆر، وەکو یەکن. بۆ ئەوانەی ژن، سەرەتا قەد و سەر دروستکراوە، دوو پارچەی خڕ لە سەر ڕوویەکی لووس و تەخت پێکەوە جووتکراون، گووشراون تا وەکو سمت بن، ئینجا قەد و سەرەکەیان لەسەر داندراوە. شوێنی لکانی ئەو دوو پارچەیە لووسکراوە، تا دیار نەمێنێت. دواتر قاچ و پێیەکانی بۆ دروستکراوە. بۆ پیاویش، قەدەکە وەکو ئەوەی ژن دروستکراوە، قاچەکانی لە تەنیشت یەک بۆ دروستکراوە و لکێندراوە، شوێنی لکاندن، لووسکراوە. دواتر ئەندامی نێرینە و هێڵێک وەکو پشتێنی بۆ زیاد کراوە


ئەو شێوازە یەکگرتووەی دروستکردن لە هەموو پەیکەرەکاندا واتای ئەوەیە بە تەواوی مەبەستیان بووە مرۆڤ چۆن نیشان بدرێت. کارەکانیان بە پارێزگاری لە جۆری سەروقژ، جۆری جلەبورگ، جوانکاریی و کوڵاوی سەر پاڵپشت کراون. لە هەموو پەیکەرەکاندا ٣ جۆر داهێنانی قژ یان دروستکردنی سەروقژ هەیە. یەکیان ئەوەیە بە دوو لادا بێتە خوار لەوانەیە مەبست لە هۆنینەوەی قژ بێت، یەکێکی دیکەیان ئەوەیە لەگەڵ سەر لووسکراوە، لەوانەیە مەبەستی ئەوەیە سەر پێچراوە. دوایینیشیان ئەوەیە هەردوو جۆرەیەکی پێشو تێکەڵکراوە. جۆرەکەی یەکەم و سێیەم تەنیا بۆ ئافرەتەکان بەکارهاتوون، دووەمیان لە سەری دوو پیاو دروستکراون. پەیکەرێکی ژنێکی ڕووت بە شێوازی قژی جۆری یەکەم لە چینی دووەم لەو پێکهاتەیەی وێنەی شێر لەسەر ستوونەکەی هەیە، لە گرێ مرازا دۆزراوەتەوە. دیارە ئەو شێوازە لەوانی دیکە بڵاوتر بووە


پەیکەرە قوڕە دۆزراوەکان ئاماژەی جۆرێک لە قوماش یان جلوبەرگیان هەیە. هەندێک لە پیاوەکان وەک پشتێنێک هێڵێ ڕاست یان شێوە هێلکەیی لەسەر هەڵکەندراوە وەکو پێستی پڵنگ وایە، لە کەمەریاندا هەیە. بەڵام ئاماژەی جلوبەرک لە پەیکەرەکانی ئافرەتاندا نییە. ئەو شێوازەی پیاوان پێستی ئاژەڵیان لەکەمەر بەستبێ لە ستوونەکانی گرێ مرازا، پەیکەرە دۆزراوەکانی نەوالێ چۆرێ و دیوارە ڕەنگکراوەکانی گرێ چەتاڵ هەن. ئەو جۆرەی بەکارهێنانی پێستی ئاژەڵان هەرچەندە لە واتاکەی گۆڕا، بەڵام تا ٥٠٠ کیلۆمەتر بڵاوبوو و بۆ ماوەی ١٥٠٠ ساڵ بەردەوام لە نێوان چاخی بەریینی ناوەڕاستی تا چاخی بەردینی نوێ لە میسۆپۆتامیای باکوور، هەبوو


هەرچی هونەری جەستەیە دەبینین، بە تایبەتی لە لەشی ئافرەتەکاندا، هێڵی ڕاست، چەماوە یان نیشانەی هێلکەیی لە سەر سنگ، سک ، سمت و کەلەکەیان هەیە. لەوانەیە ئەوانەی لەسەر سنگی ئافرەتان هەیە وەکو ملوانکە و خشڵ وێناکرابن. پێست کوتان و ڕەنگکردن لەزۆر کلتووری مرۆڤی دیرین بەدی کراوە. زۆربەی ئەو جۆرە ڕەنگ و کوتانانە بۆ نیشاندانی ئەندامییەتی لە کۆمەڵێک یان شوێنێک، پلەیەک لە ناو کۆمەڵگە، تەمەن یان ڕەگەز بووە. جوانکردن و بەکارهێنانی هونەری جەستە بۆ جەخت کردنەوە بووە لە ناسنامەی کۆمەڵگەیەک. ئەو جۆرە هونەرە لە کۆمەڵگەکانی هاوچەرخیشدا هەر ماون


بۆچوونەکان سەبارەت بە پاڵنەری دروستکردنی ئەو جۆرە پەیکەرە بچووکە گڵانە، فرەن. گووتراوە وەکو بووکە شووشە بۆ یاری دروستکراون. یان وەکو جێگرەوەی کەسەکانی ناو خێزان و کۆمەڵگە بوون. بەڵام لەو دوو بارەدا دەبوایە هەموویان یەک جۆر و لەیەکچوو بان، پێشتریش لە کۆمەڵگەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان دۆزینەوەی وا نەکراوە، بۆیە پاڵنەری باشتر لەوانەی سەرەوە هەبوون. یان باشترە بڵێین دۆزینەوەکانی شوێنەوارناسان پشتی ئەو دوو لێکدانەوەیەی سەرەوە ناگرێت. دەشکرێت بۆ دەربڕینی هەستێکی کاتیی یان سەردەمێکی دیاریکراو بووبن، یان وەکو هیوا بۆ ئاییندە دروستکرابن. وەکو سکپڕبوونی ئافرەت و منداڵ بوون، لەوانەیە ئەوە لێکدانەوەیەکی باش بێت بۆ هەبوونی پەیکەری ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی دیکەی منداڵ بە باوەشەوە


لێکدانەوەیەکی دیکە ئەوەیە ئەو پەیکەرانە بۆ کاری شامانەکان دروستکراون، واتا بۆ دەستکەوتنی پارێزبەندیی خوا و لابردنی سیحر و جادوو، یانیش چاکبوونەوە لە نەخۆشیی. لەو بارەدا پەیکەرەکان جێگرەوەی مرۆڤەکانن بۆ ئەوەی نەخۆشییەکان لە مرۆڤەوە بچنە ناو پەیکەرەکان و دواییش بۆ تەواو ڕزگاربوون لە نەخۆشییەکە، پەیکەرە دەشکێندرێ و فڕێ دەدرێت. لە نەوالێ چۆرێ ژمارەی پیاو و ژن لە پەیکەرەکاندا یەکسانە، ئەوە پێمان دەڵێت ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییەی هەیانبووە، هەمان بەهای بۆ ژن و پیاو داناوە و بۆ هەردوو ڕەگەز وەکو یەک بە بایەخ بووە. دەتوانین بڵێین مەبەست لە هەبوونی پەیکەری ژنی دووگیان یان ژن لەگەڵ منداڵ، نیشاندانی قۆناغە گرنگەکانی ژیان بووە وەکو منداڵبوون، هاوسەرگیریی، یان مردن. زۆر کۆمەڵگە مەراسیمی مردنی هەیە، لە زۆر کەلتووردا هەبوونی پەیکەر وەکو پاڵپشت بووە. شکاندنیشی وەکو تێپەڕبوونی قۆناغێک بووە


ئاماژەیەکی گرنگی ئەوەی ئەرکی ئەو پەیکەرە گڵانە لە ناو کەلتووری شامان بووە، ئەوەیە هەموویان لە ناو خانووە بازنەییەکانی هەردوو چینی ٣ و ٤ و تەنیشت ئەوان دۆزرانەوە. کۆی ٢٠٠ پەیکەر دۆزرانەوە. وا دیارە ئەو شوێنە ڕۆڵێکی گرنگی لە مەراسیمەکانی ئەو نیشتەجێیەدا هەبووە، چونکە پەیکەری سەری مرۆڤی لەبەرد داتاشراو، ماسک و گیانداریش هەر لەوێ دۆزرانەوە. بەو پێیە دەتوانین بڵێین خانووە بازنەییەکانی نەوالێ چۆری مەراسیمی شامانی تێداکراوە. لەو شوێنە شامان پێوەندی نێوان مرۆڤ و خواوەندی رێکخستووە. هەڵکەوتەی شوێنەکەی لە نێوان کۆگە، شوێنی ژیان و پێکهاتە گشتییەکە، هەمان ڕاستیمان بۆ دەردەخات. کەواتە دوو جۆرە ڕیوڕەسم هەبوون، یەکەمیان ڕۆڵی شامانی تێدابووە و ئەوەی دیکەیان شوێنێکی گشتیی پەرستن بووە


ئەو پەیکەرانەی لە نەوالێ چۆرێ لە بەرد داتاشراون و شێوەیان وەکو سەری مرۆڤ وایە و لە دیواردا چەقێندراون زۆرتر وێنای خوایەکان دەکەن. لە قەبارەدا لە هەموو دۆزراوەکانی دیکە گەورەترن و نەخشی دیکەی وەکو ئاژەڵ و هێڵیان لەسەر کراوە، کە لە پەیکەرە بچووکە لە قوڕ دروستکراوەکاندا نین. لەبەرئەوەی لە ناو خانووەکاندا و لە پێکهاتە کەلتووریەکەشدا هەبوون بۆیە لێکدانەوەکە زۆرتر بەلای ئەوەدایە ئەوانە وێنای خوایان کردووە. ئەگەریش هەیە وێنای مردن و چوون بەرەو ژیانێکی دیکە بن، وەکو ئەوەی سەریان لە جیهانی ئێمەدا یەو لەشیان لە دیوێکی دیکەی جیهاندایە


لە هەوڵی تێگەیشتن لە نیشانەکانی ناسنامەی کۆمەڵگە دیرینەکانی مرۆڤ لە باکوور، دەرکەوتنی ناسنامەی کۆمەڵ پشتی بە ئاستێکی باشی هاریکاری ئەندامانی کۆمەڵگەکە لە ناو خۆیاندا، بەستبوو. بەڵام کێبەرکێ لەگەڵ کۆمەڵە مرۆڤ و کۆمەڵگەی دیکە بۆ دەست گەیشتن بە سەرچاوەکان هۆکارێکی هەرە سەرەکیی پەیدابوون و دەرکەوتنی ناسنامە بووە. بەو جۆرە هاریکاری لە دامەزراندن و هیشتنەوەی کۆمەڵگەکان بەشێکی یەکلاکەرەوە بووە. هاریکارییش لە ناو کۆمەڵ و کۆمەڵگەکانی مرۆڤدا بە ئاگا بێت یەن بەبێ ئاگا، خۆبەخشانە بێت یان وەکو ئەرک، ڕێسای خۆی هەیە و زۆر تویژینەوە و بیردۆزیش بۆ ئەو مەبەستە داڕێژراون و خراونەتە بەردەست. ئەگەر لە دیدی کۆمەڵگەی هاوچەرخەوە تەماشا بکەین، هاریکاریی مرۆڤ لە نێو خۆیدا کۆمپانیا، حیزب و ئایینی دروست کردووە. ئەوانە ناسنامەی کۆمەڵە مرۆڤەکەن


بەشێوەیەکی گشتیی، هاریکاری تاکەکانی کۆمەڵە مرۆڤیك یان کۆمەڵگەیەک بە پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک دەبێت و خۆی لە چەند شێوازێکی گەیاندن ودەربڕیندا دەنوێنێت. ڕێوشوێنە ئایینییەکان هۆی سەرەکیی سەرەتاکانی دەرکەوتن، توندوتۆڵکردن و هێشتنەوەی ناسنامەیان بووە. کۆبوونەوەی ئەو شێوازانەی گەیاندن و دەربڕین لە کەشێکی ژیانی ڕۆژانەی هاریکارییکردن، ناسنامەی کۆمەڵەکەی بە دەرەوە گەیاندووە


بەراوردی نێوان شوێنەوارەکانی ستوونەکانی شێوە تی تێدایە (کەلتووری نەوالێ چۆری) لەگەڵ ناسنامەی کۆمەڵ و کۆمەڵگەکانی مرۆڤی هاوچەرخ، لێکچوونی سەرسووڕ‌هێنەر دەردەخەن. هەموو شوێنەوارەکان لە شێوازی پێکهاتنی نیشتەجێیەکان، ئەندازەی بنیاتنان، هونەری دروستکردنی پەیکەرە گڵە بچووکەکان، جۆری سەروقژ و جلوبەرگیان، یەک ناسنامەیان هەیە. پێکهاتەکانی ئەرکی پەرستن و ڕێوڕەسمی ئایینییان تێدا پەیڕەو کراوە ستوونەکانیان تێدابووە، وەکو یەکتری دروستکراون. بەڵگەی دیکەی ئەو جۆرە ناسنامانە لە دۆزینەوە ماددییەکانی شوێنەوارەکانەوە دەست ناکەوێت. بەڵام دەزانین ڕێوڕەسم لە ڕۆژهەڵاتی نزیک لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێدا هەبووە هەڵپەڕین و سەمای لەخۆ گرتووە


بەڵگەی ئەو جۆرە سەمایە لەسەر چەند پارچەیەکی گڵسازیی لە نەوالێ چۆرێ دۆزراوەتەوە. هەروەک چۆن بەڵگە ماددییەکان ناسنامە دەنوێنن. دەکرێت بەڵگەی ناماددییش هەبووبن و بۆ دەربڕینی هەمان ناسنامە بەکارهاتبن. چونکە هەردوو بەڵگەی ماددی و نا ماددەی لەیەک بنچینەی دەروونناسیی ناسنامەی کۆمەڵگەوە، هەڵدەقوڵێن


سەرچاوە https://www.academia.edu/38073774/Dress_Code_Hairstyles_and_Body_Art_Markers_of_Corporate_Identities_in_T_Shaped_Pillar_Sites_of_Upper_Mesopotamia_In_M_Benz_H_G_K_Gebel_and_T_Watkins_eds_Neolithic_Corporate_Identities_SENEPSE_20_Neolithic_Corporate_Identities_Berlin_ex_oriente_2017_