کەللەسەرەکەی یۆنان، ٧٠٠ هەزار ساڵ تەمەنیەتی

لە ساڵی ١٩٥٩کەللەسەرێک لە یۆنان دۆزرایەوە، تەمەنی ئەو کەللە سەرە ٧٠٠ هەزار ساڵە و بە پیاوی پێترالۆنا، ناسراوە. لەو کاتەوە تا ئێستە زانایانی شوێنەورناس، کیمیازان، فیزیکناس و زۆری دیکەیش، کە باسی ئەو کەللە سەرە دەکرێ، سەری بۆ دەخورێنن. نازانن ئەو کەللە سەرە چۆن لەو کاتەدا گەیشتووەتە ئەوروپا. بەپێی هەموو بیردۆزەکانی دەرکەوتن و کۆچکردنی مرۆڤی هۆمۆسێپیان بێت، مرۆڤ تا بەر لە ٣٠٠ هەزار ساڵ لە ئافریقاوە کۆچی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا نەکردبوو. ئەی چۆن ئەو پیاوە لەوێ بووە

 

ئەو کەللەسەرە لە ناو دیواری ئەشکەوتێکی ناوچەی پێترالۆنا نزیک چالکیدیکی باکووری یۆنان، دۆزراوەتەوە. ئەشکەوتەکە لەلایەن شوانەکانی ئەو ناوچەیەوە بە ڕیکەوت دۆزراوەتەوە. ئەو ئەشکەوتە جۆری بەردەکانی ستالاکتایت و ستالاگمایتی تێدا دروست بووە (ئەو بەردانە لە ئەشکەوتەکاندا یان لە بن میچەوە دێنە خوارەوە، یانیش، لە زەویەوە ووردەووردە بە دڵۆپەی ئاو بەرەو سەر گەورەدەبن و دەڕۆن- کانزا و توخمەکانی ناو دڵۆپە ئاوەکان دەمێننەوە و ئاوەکە دەڕوا، لەسەرەخۆ -بە هەزاران ساڵ- بەردەکان گەورە دەبن)

 

دکتۆر ئاریس پۆلیانۆس شوێنەوارناسێکی گەلێک ناسراوە، شارەزایی تەواوی لە مرۆڤناسییدا هەیە، ئەندامی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مرۆڤناسییە، دەستنیشان کرا تا توێژینەوە لەسەر ئەو کەللەسەرەی ساڵی ١٩٥٩ بکا. ئاریس هەر خۆی خاوەنی بیردۆزێکە دەڵی یۆنانییەکانی ئێستە، نەوەی یۆنانییەکانی کۆنن، بەڵام ئەوان جۆرە مرۆڤێکی جیا بوون و لەگەڵ گەلانی سلاڤ یەک نین. بێگومان ئەو زانایە هەر لە خۆیەوە شتی وا نادرکێنێ. ئاریۆس پشتی بە چەندین توێژینەوەی زانستیی بەستووە. بەڵام ئەو بۆچوونانەی ئاریس لە هەموو شوێنێک بە سنگ فراوانییەوە وەرنەگیراوە

 

دکتۆر ئاریس کۆمەڵێک توێژینەوەی لەسەر ئەو کەللە سەرە کرد، گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەو کەللە سەرە پێوەندی بەو مرۆڤانەوە نییە لە ئافریقاوە بەر لە چەند هەزارساڵێک لەمەوبەر دەرکەوتوون و دواتر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. ئەنجامەکانی دکتۆر ئاریس پشتی بە شیوەی شەویلاگ، قووڵایی بۆشایی ددانەکان و شێوەی ئێسکی بنەوەی کەللەسەر، بەستووە. ئەوانە هیچیان لەوانەی هۆمۆسێپیان ناچێت، بۆیە نابێ ئەو مرۆڤە لە هەمان جۆری ئەوانە بێ، کە لە ئافریقاوە کۆچیان کردووە

 

لە ساڵی ١٩٦٤ دوو زانای مرۆڤناسیی ئەڵمان بۆ یۆنان بانگهێشت کرابوون و توێژینەوەیان لەسەر هەمان کەللەسەر کرد، بە ڕای ئەوان، تەمەنی ئەو کەللە سەرە تەنیا ٥٠ هەزار ساڵە. بەو پێیە، بۆچوونەکانی دکتۆر ئاریس دروست نین. لە ساڵی ١٩٧١، گۆڤاری شوێنەوارناسینی ئەمەریکایی، بۆچوونەکانی دکتۆر ئاریسی پەسەند کردبوو. بەپێی ئەو گۆڤارە زانستییە بێ، ئەو ئەشکەوتە بەر لە ٧٠٠ هەزار ساڵ هەبووە و لە زۆربەی چینەکانی گڵی زەوی ئەشکەوتەکەدا، شوێنەواری هەبوونی مرۆڤی تێدا هەیە. گۆڤارەکە دەڵێ چەند ئامرازێکی چاخی بەردینی کۆن لەو ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە، بە هەمان شێوە، پاشماوەی ئاگرکردنەوەی تێدا هەبووە. ئەوە کۆنترین پاشماوەی ئاگر کردنەوەیە، مرۆڤ دایگیرساندبێ

 

هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتەکەدا تا ساڵی ١٩٩٧ وەستابوو، بەڵام توێژینەوەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٨٣ بەردەوام بوون. دوای ٥٠ ساڵ لە دۆزینەوەی کەللەی پیاوی پێترالۆنا، ئامێرە زانستییەکانی سەردەم بۆچوونەکانی دکتۆر ئاریس دەسەلمێنن. ئێستە زۆربەی ئەکادیمییەکانی ئەو بوارە پێیان وایە ئەو کەللەسەرە هی باپیرەگەورەکانی مرۆڤە ولە هەرسێ جۆری مرۆڤ (هۆمۆئێرەکتەس، هۆمۆنیاندرتال و هۆمۆسێپیان) نزیکە، بەڵام لەهەرسێکیان جیایە و هیچیشیان نییە

 

پرسیارەکانی دوای دۆزینەوە و ساغبوونەوەی کەللەسەری پیاوی پێترالۆنا ڕەنگە بەلایەکدا کەوتبنەوە. بەڵام پرسیاری گەورەتر و قورستریان دروست کرد. چەندین ساڵە زانایان لە تام و چێژی دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ تێر نەدەبوون، وایانزانی گەیشتنە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی ئەو بوارە. کەچی پیاوی پێترالۆنا ئەوەی لێ سەراوبن کردن. بۆ دەرچوون لەو کێشەیە، تاکە دەرەچە ئەوەیە ئەو پیاوە هیچی بەسەر کۆمەڵە کۆچبەرەکانی ئافریقاوە نییە. توێژینەوەکانی دکتۆر ئاریس و زانکۆکانی ئەمەریکایش هەر ئەوە دەسەلمێنن

 

دەرئەنجام، مرۆڤ لەناکاو لەسەر زەوی دەرنەکەوتووە. کردارێکی یەکجار لەسەرەخۆ بووە. ئەو مرۆڤەی ئێستە بە جیهاندا بڵاوە، تێکەڵەی چەندین جۆری دیکەی مرۆڤن، یان باپیرەگەورەکانی مرۆڤن، کە وەک مرۆڤ لەسەر دوو قاچ ڕەوتیان کردووە و پشتیان ڕاست بووەتەوە. ئەو جۆرە جیاوازانەی مرۆڤ بەرەبەرە دوای چەندین هەزار ساڵ لە کرداری گۆڕان و پێشکەوتن و تێکەڵبوون، ئەوەی فەوتا فەوتا و ئەوەی مایەوە، نەوەکانی ئەوانن ئێستە سەرقاڵی تەکنۆلۆجیا و داگیرکردنی هەسارەکانن

 

https://ancient-archeology.com/the-700000-year-old-skull-in-a-greek-cave-completely-shatters-the-out-of-africa-theory/