دیسکێکی نوێی ٥٠٠ تێرابایت، بۆ چەند ملیار ساڵێک

بەشێک لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤ لەوەدایە توانای پەیدا کردووە ئەوەی دەیەوێ ڕۆژانە تۆماری بکات و دوایی لە کاتی پێویست بیانگەڕێنێتەوە، جا ئایا ئەوانە وێنە و ڤیدیۆ بن، یان زانیاری و بابەتی دیکە. یەکەمین کۆمپیوتەرەکانی جیهان، بe بەکرە کاغەزی کونکراو پرۆگرامی بۆ دادەنرا. هەر ئەو تۆمارکردنانەی مرۆڤیش، وای کردووە بەشێکی کورت لە مێژووی مرۆڤ بمێنێتەوە، یان هەموو سیستەمی فێربوون و زانین لەسەری هەڵچنرابێ

 

لەئەگەری بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆجیا و زانستدا، هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان، گومان نەماوە ئامرازی دیکە بۆ تۆمارکردن و هەڵگرتنی زانیاریی پێویستە. ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستیی لەو هەوڵانەیان بەردەوامن و هەر ئەوانیش بوون بابەتەکانی وەکو، هارد دیسک، سی دی، دی ڤی دی، بلو رەی، رام ، فلاش دیسکیان داهێناوە و پێشخستووە. بەڵام هەموو ئەوانە هەر یەکەو کێشەیەکی هەیە و تەمەنیان کەم یان زۆر، کورتە. ئەگەرچی لە چاو تەمەنی مرۆڤ، تەمەنیان هەر درێژە، بەڵام بۆ ئاییندە ئەوەندە تینوویەتی زانست و تەکنۆلۆجیا ناشکێنێ

 

جیاوازی لە نێوان دی ڤی دی و بلو ڕەی، ئەو شەپۆلە لێزەرەیە بۆ نووسین و خوێندنەوەی زانیارییەکان بەکاردێت. هەرچەندەی شەپۆلەکە کورت بێ، ئەوەندە لەسەر هەمان ڕووبەری دیسک، ئەوەندە قەبارەی زانیارییەکان لەسەر ئەو دیسکە، زۆرتر دەبن. بۆیە بلوەی بە لێزەری شین کار دەکات، قەبارەی هەڵگرتنی زۆر لەوەی دی ڤی دی گەورەترە. هەرچەندە ئەو پێشکەوتنە لە نێوان ئەو دوو جۆرەی سی دی زۆر بوو، بەڵام توانای هەڵگرتنی زۆرتر پێویستە

 

ماوەیەکی درێژە توێژەران دەیانەوێ شووشە وەک هەڵگری زانیاریی بەکاربهێنن (بێگومان هەردوو جۆری دی ڤی دی و بلو ڕەی لە سەرەوە باسکران، لە نایلۆن و ڕووکەشی ماددەی دیکە دروست دەکرێن).  دواجار کۆمەڵە توێژەرێک لە زانکۆی ساوثهامپتۆن تەکنۆلۆجیایەکی نوێیان داهێناوە، بەرو پێیە دەتوانن زانیاری لەسەر شووشە بنووسن و بە ئاسانی لێی وەرگرنەوە. پێشتر هەوڵی لەو جۆرە هەبووە. بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چونکە دەبوایە ئەو لێزەرەی زانیارییەکان دەنووسێ زۆر بە هێواشی لەسەر دیسکە شووشەکە بجووڵێ، دەنا پێکهاتەی شووشەکەی دەگۆڕی، کەواتە زانیارییەکان دەفەوتان، بۆیە جێی متمانە نەبوون

 

هەردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و هیتاشی خاوەنی ئەو تەکنۆلۆجیایە نوێەن و بەیەکەوە کاردەکەن. تەکنۆلۆجیایەکە بە ٣ ڕەهەند لە ناو پارچە شووشەکە دەتوانن خاڵ خاڵ بە لەرەلەری نانۆ بنووسن. جەمسەرگری و چڕی وەکو دوو ڕەهەندی دیکە تەماشا دەکرێ، بۆیە بەو جۆرە دیسکە نوێیە دەڵێن دیسکی ٥ ڕەهەند. ئەو ناوە زۆرتر بە مەبەستی بڵاوبوونەوەیەتی لە بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان، چونکە تەنیە ٣ بە پێی خەمڵاندنی تیمەکە بێ، تەمەنی ئەو دیسکە نوێیە ١٣ ملار ساڵ تێپەڕدەکات. تا ١٠٠٠ پلەی سەدی بەرگەی گەرما دەگرێ، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە زانیارییەکانی هەڵیگرتووە، بکەوێ. لەم تەکنۆلۆجیا نوێیەدا لەیزەری فێمتۆسێکەند (فێمتۆچرکە – واتا ١ بەش لە هەزار تریلیۆنی چرکەیەک) گورزە ڕووناکییەکی لەیزار دەنێرێ. سەرەتا بۆشاییە نانۆییەکان لەناو شووشەکە دروست دەکەن، لێدانی لەیزەری زیاتر وەکو نووسینی زانیارییەکان دەبێت

 

خێرایی نووسین لەم تەکنۆلۆجیا تازەیە جارێ یەکەم هەنگاویەتی، تەنیا ٢٣٠ کیلۆ بایت لە چرکەیەکدا دەنووسێ، بێگومان ئەوە خێراییەکی یەکجار کەم و هێواشە. بۆ نووسینی دیسکێکی ٥٠٠ تێرابایت، نزیکەی دوو مانگ پێویستە تا پڕ دەبێتەوە، دوایی ناکرێ هێج گۆڕانکاریشی لەسەر بکرێ. وەکو تاقیکردنەوە، توێژەران تا ٥ گێگابایتیان لەسەر ئەو دیسکە نووسی و دواتریش لێیان وەرگرتەوە. دەکرێ تا ١٨ چین زانیاریی لەسەر ئەو پارچە شووشەیە بنووسرێ و وەربگیرێتەوە

 

یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی کیۆتۆی ژاپۆن، ئەو تەکنۆلۆجیایە نیشاندراوە، دواتریش لەلایەن زانکۆی ساوثهامپتۆن وەرگیراوە و بەرەوپێش براوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا دوو دیسک لەو جۆرە شووشەیە دروستکرا و هەردووکیان درایە ئیلۆن مەسک، یەکیان لە ناو ئەرشیفی خۆی هەڵیگرتووە و ئەوی دیکەیان لە ناو مانگی دەستکردی تێسلا، رۆدستێر لە ئاسماندایە