کۆمپانیای ڤاگنەری سەربازیی، تەواو سەر بە ڕووسیایە و لە سیاسەت و ئابووری ڕووسیادا شوێنی خۆی هەیە. ڕەنگە وەکو کۆمپانیایەکی ئاسایی لێی بڕوانرێ، بەڵام بەڕێوەبەران (یڤگینی پریکۆژین) و کاربەدەستانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ دامەزراوەی سەربازیی و هەواڵگریی ڕووسیادا، تەواو تێکهەڵکێشن. یڤگینی خۆی، هاوڕێی نزیکی (پوتین)ە
حوکوومەتی ڕووسیا ڤاگنەر و کۆمپانیای دیکەی هاوشێوە (ئینۆت لە سوریا، فیراکس لە کوردستان، ئەفگانستان، عێراق و سریلانکا هەن، گروپی ئۆرێڵ، کۆساکس لە دۆنباس، ءێراق، ئەفگانستان، سوریا و گورجستان هەن، کۆمپانیای مار) ی دامەزراندووە تا بێ ئەوەی سەربازی فەرمی وڵات تێوەبگلێ، لە ڕێگەی ئەوانەوە کاریگەرییان لە دەرەوەی وڵات هەبێ. بۆیە دەبێ ئە وکۆمپانیایانە وەکو بریکاری دەوڵەتی ڕووسیا ببیندرێن، نەک وەکو کۆمپانیای کەرتی تایبەت
دوای کۆتایی جەنگی سارد، کۆمپانیاکانی سکیوریتی و سەربازی لە رووسیا دەرکەوتن. هەردوو لای کەرتی تایبەت و وڵات پشتیان پێ بەستن. چونکە لە مامەڵەیان نەرمن، هەرزانترن لە سوپا، کەمتر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ و زۆرجاریش لە سوپا بە تواناترن. لە پێکهەڵپرژانەکانی سەدەی ٢١دا، بە تایبەتیش جەنگی ئەفگانستان و عێراق، لە چەند ئاستێکدا کۆمپانیاکانی سەربازیی ڕۆڵی گەورەیان بینی. چی لە ڕووی لۆجیستی یان کردای سەربازیی گەلێک چروپڕ، بێ
دوای ڕووخانی سۆڤیەت، لەبەر بەرهەڵستکاریی دامەزراوەی سەربازیی لە ڕووسیا و قەیرانی ئابووری، کەمێک درەنگ زەبروزەنگی وڵات درایە دەست کۆمپانیای تایبەت. تا ئێستەیش یاسا ڕێ بە دامەزراندنی کۆمپانیای خزمەتگوزاری سەربازیی نادات. بەڵام چەند کون و کەلەبەری یاسایی وایکرد هەندێ کۆمپانیای هاوشێوەی ئەوانەی ڕۆژئاوا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دابمەزرێن و تەنیا لە دوای ٢٠١٠ دوای بەشدارییان لە سوریا و ئۆکراین، سەرنجیان بۆخۆیان ڕاکێشا. هێندێکی دیکە لە دەرەوەی ڕووسیا دامەزراون، بۆیە یاسای ڕووسیایان لەسەر نییە. بەو شێوەیە دەتوانن ببنە دەستە ڕاستی دامەزراوەی سەربازیی ڕووسیا
لەسەردەمی سۆڤیەت ئەزموونی هاوشێوە هەبووە. کۆمەڵی خۆبەخشانی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٣٧ لە جەنگی دووەمی چین-ژاپۆن بۆ چین نێردران. بە ناو، هەموو سەبازان و فڕۆکەوانان خۆبەخش بوون بۆیە سۆڤیەت خۆی لێ نەکردن بە خاوەن. ذوای چەند ساڵێک لە جەنگی زستانەی سۆڤیەت دژی فینلاند، سۆڤیەت حوکوومەتە بووکەڵەکەی خۆی بە سەرۆکایەتی ئۆتۆ ویللی کووسینین وەک پەردەی هێرشەکەی بۆسەر فینلاند بەکارهێنا. ٤٠ هەزار سەربازی بەناو سەربە کووسینین، لەو هێرشەدا بەکارهێنا. وەکو وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە ماوەی جەنگی سارددا سۆڤیەت ڕاوێژکارانی بۆ لیبیا، میسر، سوریا و چەندین وڵاتی دیکە ناردووە. لە نەوەدەکانیش، خۆبەخشی بۆ گورجستان و مۆڵدۆڤا نارد و جەنگەکانی بە جەنگی ناوخۆیی ناونا
لە جەنگی ئەفگانستان و عێراق، ڕووسیا بە وردی چۆنییەتی بەکارهێنانی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی سەربازیی و سکیوریتی ئەمەریکای خوێندەوە. ڕووسیا پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەبوو چونکە لە ڕێگەی ڤیکتۆر باوت، خزمەتگوزاریی لۆجیستی بۆ دابین دەکردن. بەو شێوەیە تێڕوانینێکی نوێ بۆ ئەو کۆمپانیایانە لە کریملین دروست بوو. ئێستە بەکاریان دەهێنێ و نکۆڵیشی لێدەکات. ئینجا بە ئاسانی دەتوانن ژمارەی کوژراوانیان لە جەنگەکاندا بشارنەوە، چونکە سەر بە دەوڵەت نین و لە ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا باسیان لێوە ناکرێت. ئاساییە لە کردارە سەربازییە پڕ مەترسییەکاندا، ئەوان لە هێڵێ پێشەوە بن و زۆرترین پێکانیش بەر ئەوان دەکەوێ
لە ساڵی ٢٠١٣ دوو فەرمانبەری کۆمپانیای مۆران سیکیوریتی کۆمپانیایەکیان بە ناوی (دەزگەی سلاڤۆنیک) لە هۆنگ کۆنگ دامەزراند. بە پێی توێژینەوەیەکی نەرویج بێ لە ساڵی ٢٠٢٠، سوریا لەگەڵ مۆران گرێبەستی کردووە تا لە جەنگی دژی داعش بەشدار بن. مۆران خۆی ئەو کارەی پێنەدەکرا، بەڵام سلاڤۆنیک لە ٢٠١٣ هاتە ناو سوریا و جەنگا. بەڵێنی چەکی تازە و خزمەتگوزاری سوپای سوریای پێدرا و نەگەیشتە جێ. بۆیە لە دیرالزور بە خراپی شکان و زۆریان لێ کوژرا. ئەوەی ما، بۆ ڕووسیا برایەوە و کۆمپانیاکەیش لە هۆنگ کۆنگ داخرا. هەر زوو دوای ئەوان ڤاگنەر دەرکەوت. سەیر لەوەدایە ڤاگنەر نە لە ڕووسیا و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە دۆزراوەتەوە، تۆمار کرابێ
دامەزرێنەری ڤاگنەر گروپ (دیمیتری ئوتکین)ە، لە هەردوو جەنگی گورجستان وەک ئەفسەری هەواڵگری ڕووسیا، بەشدار بووە. لە ٢٠١٣ دەستی لە کار کێشایەوە و چووە ناو مۆران سکیوریتی، دوای شکستەکەی دیرالزور لە ساڵی ٢٠١٤ ڤاگنەری دامەزراند. بارەگای سەرەکیشی لە ناو سەربازگەی هەواڵگریی ڕووسیا لە شاری مۆلکینۆیە. یوتکین، لە جەنگی نیمچە دوورگەی کریمیا لە ٢٠١٤ بەشداربووە و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەفسەری هەواڵگری ڕووسیا ئۆلیگ ئیڤانیکۆڤ و لیوا یڤگینی نیکیفۆرۆف سەرۆک ئەرکانی سوپای ٥٨ لە لایەن ئۆکراینەوە، تۆمار کراوە. کەواتە ئوتکین سەر بە سوپا و هەواڵگرییە. لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە کریمیلینیش مەدالیای ئازایەتی لە جەنگی کریمیا، پێ بەخشرا
ئەندامانی ڤاگنەر بە فڕۆکەی سوپای ڕووسیا (ئیلیۆشین و ئەنتۆنۆڤ) بۆ پاڵپشتییکردنی مادۆرۆ، گەیشتنە ڤەنزوێللا. لە لیبیا، ئەو فڕۆکانەی سوپا بارەکانیان بۆ دەگەیەنێت. لە سوریا سەربازانی ڤاگنەر بە هەمان فڕۆکەکانی سوپا دێن و دەڕۆن. هەموو خزمەتگوزاری تەندروستیشیان هەر لە نەخۆشخانەکانی سوپای ڕووسیاوە پێدەگات. بریندارانی دیرالزوریش بە فڕۆکەی تەندروستیی ڕووسیا بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی رۆستۆڤ و مۆسکۆ گوازرانەوە
پاسپۆرتی ئەندامانی ڤاگنەر لە هەواڵگریی ڕووسیاوە دەردەچن و ژمارەکانیان یەک لە دوای یەکن! هەمان ئەو نووسینگەیەیە پاسپۆرتی دووکەسەکەی هەوڵی تیرۆری سێرگی سکریپاڵیان دا، ئەوانەی ڤاگنەریش دەردەکات
سەرچاوەکان
https://www.bbc.com/news/world-60947877
https://www.nytimes.com/2022/03/31/world/europe/wagner-group-russia-ukraine.html
https://www.csis.org/blogs/post-soviet-post/band-brothers-wagner-group-and-russian-state
https://www.reuters.com/article/us-libya-security-usa-idUSKBN2321RQ
https://www.buzzfeednews.com/article/verabergengruen/heres-what-we-know-about-the-us-airstrikes-that-killed
https://www.al-monitor.com/originals/2018/10/russia-libya-troops-hifter.html
https://www.syriahr.com/%d9%85%d8%b9%d8%b1%d9%83%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d9%88%d8%ac%d9%88%d8%af-%d8%a7%d9%84%d8%a3%d8%ae%d9%8a%d8%b1-%d9%8a%d8%ae%d9%88%d8%b6%d9%87%d8%a7-%d8%aa%d9%86%d8%b8%d9%8a%d9%85-%d8%a7%d9%84%d8%af%d9%88/240101/
https://pism.pl/publications/The_Role_of_Private_Military_Contractors_in_Russian_Foreign_Policy
https://en.wikipedia.org/wiki/Wagner_Group#:~:text=Several%20military%20analysts%20described%20Wagner,about%20the%20number%20of%20losses.