یەکەمین شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین لە سەرەتای دەرکەوتنیدا بووە. نیشتەجێێ ناوچەکانی میزۆپۆتامیای باشوور بەوپەڕی خەیاڵ و گومانەوە لە بەرزاییەکانی زاگرۆسیان ڕوانیوە. لە لایەکەوە دەرگای گەیشتن بۆ شوێنی خوای ڕۆژ (ئوتو/شاماش) بووە، کە هەموو بەیانیان دەردەکەوێ. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئەفسانەی بابلیەکان (نەفرەتی ئاگادە)، خاکی ئەوانەیە بێ شارستانییەتن بەڵام ئەقڵی مرۆڤیان هەیە. ئەگەرچی بازرگانی و پێوەندی هەزار ساڵ بەر لە نووسینی یەکەم تەختە قوڕ هەبووە، بەڵام لە سەردەمی چاخی برۆنزدا، گوڕ و تینی وەرگرت
ئەوکاتە، بازرگانیکردن و هاتووچوون لە نێوان شارەکانی میزۆپۆتامیای خواروو و ناوچە شاخاویەکانی زاگرۆس و ئەوانەی لە پشت ئەو شاخانەوە دەژیان، پەرەی دەستاند. بیابانی میزۆپۆتامیا جگە لە خاکێکی بە پیت و دوو ڕووبار، شتێکی دیکەی نەبووە. کەچی لە دامێنی زاگرۆس، باری وڵاخ و بەلەمەکانی ناو ڕووبارەکانیان، کانزا، بەردی بە نرخ و داریان بار دەکرد و بە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا دەگەیەندرایە میزۆپۆتامیای باشوور. لە سەرەتای چاخی برۆنزدا، تۆوی جیهانێکی شارستان و تەواو لەگەڵ یەک پێوەست، ڕووا. کانی شایی، نیشتەجێیەکی گرنگی سەر ئەو ڕێگە بازرگانییە بووە
کانی شایی لە ناو دۆڵی بازیاندایە. دوو وەرزی هەڵکۆڵینی لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ لێ کراوە. هەڵکۆڵینەکان نیشانی دەدەن ژیان لە کانی شایی هەرنەبێ بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لە نێوان ٤٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێس زایین، بە بەردەوامیی هەبووە. لە هەڵکۆڵینە سەرەتاییەکاندا کۆمەڵێک پارچەی سیرامیک ( دیزە و گۆزەی) ڕەنگکراوی چەند ناوچەیەکی جیاجیای میزۆپۆتامیا و ئەودیوی زاگرۆس، دۆزرانەوە. لە هەموویان گرنگتر تەختە قوڕینەیەکی ٣٥٠٠-٣٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین بوو. هێمایەکی وەکو مۆری لەسەر بوو، جگەلە هەندێ نیشانەی ژمارە. ئەو تەختە قوڕینەیە باس لە بارێکی ئاسکە کێوی ناوچە شاخاویەکان دەکات بەرەو باشووڕ دەڕوات. ئەوە یەکەمین دۆزینەوەی لەو جۆرەیە لە هەرێمی کوردستان بکرێ. دواتر چەندین مۆری دیکەی سەرەتای سەردەمی برۆنز، دۆزرانەوە، کە نیشانی دەدەن تۆماری چالاکییەکان بۆ جێنشینانی کانی شایی، گرنگ بووە
ئەو جۆرە مۆرانە لەسەر تەختێکی قوڕی تەڕ لێدەدرا. ئەو مۆرە خاوەنی تەختە قوڕینەکەی دەناساند. بە دانانی پارچە قوڕێکی تەڕ لەسەر گوریسێک یان پەتێک بۆ داخستنی گۆزەڵەیەک یان ژوورێک، دەتوانرا پارێزگاریی لەو بابەتانەی ناویاندا بکرێ و ئەوە تەکنۆلۆجیای قفڵدانی ئەوکاتە بووە. پێدەچی لەو سەردەمەدا لە کانی شایی پێویست بووە هەندێ دەرگا و کوپەڵەی عەمبارکردن ئاوا دابخرێن
توێژینەوەکانی وەکو ئەوەی میچیل رۆثمان لە تەپە گەورە (دواتر باسێکی لەسەر بڵاو دەکەمەوە) لە باکووری کانی شایی، دەریدەخەن چینبەندیی نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین لەو کۆمەڵگەیانەدا، دەرکەوتووە. پێدەچێ کۆمەڵگەکەی کانی شایی چەقێکی ناوچەی بازیان بووبێ. گەشەی لەسەرەخۆی کانی شایی لەناکاو لە ناوەڕاستی هەزارەی چوارەمی پێش زایین، ڕاوەستاوە. کەلتووری ماددی لە ناکاو بووە بە کەلتووری شارەکانی میزۆپۆتامیای باشوور. ئەو گۆڕانە لە ناکاوە نیشانەی داگیرکردنییەتی. لە هەڵکۆڵینەکانمان وا دەردەکەوێ دیوارە بەرزەکانی دەوری کانی شایی دوای ئەو داگیرکارییە هەڵچنرابن. دوای چەند سەد ساڵێك دووبارە کەلتوورەکە گۆڕاوەتەوە و جێنشینێکی نوێ بە کەلتوورێکی جیاوازی بیناسازی و خانووی بچووک بچووک دەرکەوتووە
بە سەرنجدان لە دۆزراوەی پارچە سیرامیکەکانی کانی شایی، ڕەنگدانەوەی هەردوو کەلتووری میزۆپۆتامیای باشوور و ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس بەدیدەکریت. ئەوە بەڵگەی هەبوونی پێوەندییە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی باشوور و باکووری میزۆپۆتامیا. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوی وەکو ئەوەی لە کانی شایی هەبووە، تێگەیشتنی نوێمان سەبارەت بە ڕۆڵی ناوچەکانی زاگرۆس لە تەواوی شارستانییەتدا، بۆ گەڵالە دەکات. ئەو جۆرە ڕێکخستنە بە قۆناغی دووەمی پێشکەوتنی شارستانیی دادەنرێت و لەگەڵ دەرکەوتنی هێزی سەربازیی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میزۆپۆتامیای خواروودا لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین، بەیەک بەستراونەتەوە
لەبەر پێکدادانەکانی دەسەڵاتەکانی میزۆپۆتامیای باشوور لەگەڵ ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس دەژیان، لە ساڵانی ٣٥٠٠ پێش زایین بەدواوە، کانی شایی چۆڵ کراوە و نیشتەجێی گەورەتر دەرکەوتن. بە گشتیی، دۆڵی بازیان بووە ناوچەیەکی سنووری و جەنگی لێ نەبڕاوە. لە هەڵمەتی ساڵی ٨٨١ پێش زایینی پاشای ئەسوورنەسیرپاڵی ئاشووری بۆسەر زاموا، دەبوایە دیوارە بەهیزەکەی پاشای خاکی زاموا نور-ئاداد لە دەربەندی بازیان، ببڕێ. هەمان ڕووداو لە مێژووی نوێدا و لە ساڵی ١٨٠٥ زایینی دووبارە بووەوە کاتێک عوسمانییەکان لە دەربەندی بازیان تووشی هێزەکانی میرنشینی بابان، بوونەوە
سەرچاوە
https://www.academia.edu/25491646/Traders_of_the_Mountains_The_Early_Bronze_Age_of_Iraqi_Kurdistan
بۆ بینینی شوێنەوارەکەو هەڵکۆڵینەکان بە ٣ ڕەهەند سەردانی بەستەری خوارەوە بکە
https://sketchfab.com/kanishaie/collections/excavation