پێشووتر، یاسای مورمان باسکردبوو. گۆردن مور بۆخۆی لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئینتێڵ بووە. دەڵێ: توانای چارەسەرکردن هەر دوو ساڵ جارێک دووهێندەی لێدێ. ژمارەی ترانزستەرەکانی سەر چیپی ئەلکترۆنی، ساڵانە دووئەوەندەیان لێدێ. کەواتە، هەتا دێ بچووکتر دروستیان دەکەین. چەندی ژمارەی ترانزستەرەکان لەسەر چیپی ئەلکترۆنی زۆر دەبێ، ئەوەندە توانای چارەسەرکردنی ئەو بازنە ئەلکترۆنییە بەرزدەبێتەوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠وە، یاسای مور خەریکە دەشکێ
بە سێ سەرە گەیەنەر (سەرچاوە، دەرگا و لێچوو) دەکرێ ترانزستەر ڤۆڵتی کارەبا بەرزبکاتەوە و ئاراستەی بکا. بە هەبوونی ڤۆڵتێکی کارەبایی دەکرێ دەرگاکەی بکرێتەوە و دابخرێ، بەوە ڕێ بە کارەبا دەدرێ یان دەگیرێ. ئەوەیە بنەمای کارە لۆژیکییەکانی (ژیروێژییەکان) ترانزستەر و وا دەکەن لە نێوان ٠ و ١ دا کارێک ئەنجام بدرێ. سەرە گەیەنەرەکانی ترانزستەرێک لە یەکی دیکە ببەسترێ، بازنەیەکی ئاڵۆزی کارەبایی دروست دەبێت. ترانزستەرەکان لە کاتژمێرێکی بچووکی دەست تا دەگاتە سوپەر کۆمپیوتەرەکان، هەن
سێ گرفتی سەرەکی لەبەردەم یاسای موردا هەن. ئەو سێ گرفتە بوونەتە هۆی سستبوونی زۆربوونی توانای چارەسەرکردن
یەکەم: ترانزستەرەکان تا ١٠ نانۆ مەتر بچووک کراونەتەوە، ئەوە زۆر وزە کەمتر بەکاردەهێنێ. بەڵام جار هەیە ناتوانێ تەزووی کارەباکە لە باوەش بگرێ، بۆیە گەرمیی زۆر دروست دەبێ و ترازستەرەکە تێکدەدا. بەوە کارەبا لەو ترانزستەرە دزە دەکات. لەبەرئەوەی زانیارییەکانی دەبێ چارەسەربکرێن زۆرن، بۆیە چیپی ئەلکترۆنی دەبێ کارێکی زۆر بکات. چەندی کارەکان ئاڵۆزترن، ئەوەندە گەرمیی زۆرتر دروست دەبێ و ترانزستەرەکانی دزە پێدەکەن، زۆرتر دەبن. چەند ملیار ترانزستەرێک گەرم ببن، گرفتێکی گەورەیە
دووەم: لەبەر ئەو گەرمییەی لەسەرەوە باسکرا، دەبێ ڤۆڵتی ترانزستەرەکان کەم بکرێتەوە. ئەو کەمکردنەوەیە گەرمیی کەمتر دروست دەکات. بەڵام کەمکردنەوەی ڤۆڵتیش هەر وا ئاسان نییە
سێیەم: گرفتەکە ئابوورییە. زۆربوونی ترانزستەرەکان گەرمیی زۆرتر دروست دەکەن. کەواتە ساردکردنەوەیان پێویست دەبێ. لە ژوورەکانی سێرڤەرە گەورەکاندا وزەی زۆر بۆ ساردکردنەوە بەکاردەهێندرێ. بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن تەمەنی ئامێرەکانیان درێژبکەنەوە، بۆیە دروستکەری چارەسەرکارەکان فرۆشیان کەم دەکات. کەواتە ناتوانن خەرجی توێژینەوەی نوێ بدەن. بەبێ ئەوە، پێشکەوتن دەوەستێ
ئەو گرفتانە دەمێکە لە لایەن دروستکەرانی چیپەکانەوە زانراوە. ئەوان تەنیا پشتیان بە بچووککردنەوەی قەبارەی ترانزستەر نەبەست و هەر دوو ساڵ جارێک، قەبارە نەبووە نیوەی پێش خۆی. بەڵکو پێشکەوتنیان لە ڕێگەچارەی دیکەدا بەدەست هێنا. دوو جۆری دیکەی ترانزستەر (فرەدەرگا) و (سیانە-دەرگا) یاسای موریان بۆ چەند ساڵێك درێژ کردەوە. ئەو دوو جۆر ترانزستەرە ئێستە لە ئامێرەکاندا هەن
ڕێگەیەکی دیکە بۆ بازدان بەسەر سنووری چیپەکان ئەوەیە زیاتر لە یەک چارەسەرکار دابنرێ، یەک لەسەر یەک ڕیز بکرێ و توانای چارەسەرکردن زۆر زیاد دەکات. بەڵام دەبێ وزەی یەکجار زۆریش بەکاربهێندرێ. یان لە بری چەند چارەسەرکارێک، ناوکی چارەسەرکردن زۆر بکە. ئەوەیان شێوازێکی دیکەی سەرکەوتنە بەسەر گرفتی سنووری چارەسەرکردن. ناوکەکانی چارەسەرکردن زۆربن ئەوا بەشێک لەو کارەی چارەسەرکار دەیکا سووک دەبێ. کەواتە چارەسەرکار دەتوانێ دەست بەتاڵ بێ و کاری دیکە و زۆرتر بکا، واتا توانای چارەسەرکردنی زانیارییەکان زۆر زیاد دەکات
ئەوەی تەواو لەبەرچاوانە ئەوەیە یاسای مور هەر دەبێ بشکێ. هیچ ڕێگەیەک نییە لەسەر دووهێندە کردنی توانای چارەسەکارەکان بەردەوام بێ. دوای گەیشتن بە نانۆمەتر، ئیدی ژمارەی ترازستەرەکان لەسەر چیپێک لەوە زۆرتر نابن. چونکە بچووککردنەوەی زۆرتر، دەمانگەیەنێتە ناو گەردیلەکان و تەنۆلکەکان. ڕۆژێک دێ دەگەینە ترانزستەرێک لە سێ ئەتۆم پێكهاتووە. لەوێدا دەگەینە کۆمپیوتەری کوانتەم. جارێ زۆرمان ماوە بیگەینێ
ترانزستەری گەردیلە، ترانزستەری دی ئێن ئەی و ترانزستەری خولانەوە بە موگناتیس دێنە جێی ترانزستەری سیلیکۆن. لەو شوێنەی سیلیکۆن دەستی لێ بەردا، ئەوانە دەیگرنەوە تا دەگەینە کۆمپیوتەری کوانتەم. لە کوانتەمدا سنوور نامێنێ و گفتوگۆ لەسەر سنووری چارەسەرکار، پووچ دەبێ