زانایان و پیاوانی ئایین

پیاوانی ئایین لە ناو زۆربەی ئایینەکاندا هێندەیان دەسەڵات هەبووە، هەر کەسێک ویستبیان جامی ڕقی خۆیانیان بەسەردا ڕشتووە، کەسیس و پشتاویان کردووە. لە هەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامدا، دیاردەی بە کافرکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەرامی خوای مەزن، گەلێک زەق دیارە و لەو بارەیەوە پیاوانی ئایین میژووی ڕەشیان تۆمار کردووە.


لێرەدا تەنیا باسی ٦ زانای بەناوبانگی مرۆڤایەتیی دەکەم، هەر شەشیان موسوڵمان بوون و لە لایەن پیاوانی ئایینەوە دژایەتیی کراون. هەرچی توانیبێتی لە بری گێڕانەوە و ڕیس و گوریس کردن، ئەقڵی بە کارهێنابێ، لای ئەوان دەرچوون لە ئایین بووە و سەری بە فەتارە دراوە. هەرچی دژی کۆنەپەرستیی و ڕاوبۆچوونی سوڵتان/خەلیفە بووە، خوێنی حەڵاڵ کراوە.


ابن حيان: لە ساڵی ٧٢١ لە ئێران لە دایک بووە. لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیی ژیاوە. لە دیارترین زانایانی سەردەمی خۆی بووە، لە زۆر بوار جێ پەنجەی دیارە، گرنگترینیان کیمیایە. تەنانەت دەگوترێ یەکەم کەس بووە کیمیای وەک زانست بەکارهێناوە، بۆیە بە باوکی کیمیا ناودەبرێ. چونکە زانا بووە، پیاوانی ئایین بە کافر و زندیق ناساندوویانە. تەنانەت هەندێکیان ویستوویانە هەر بیسڕنەوە، وەک ئەوەی هەر نەبووبێ. لەوانە (ابن تيمية) لە کتێبەکەی (مجموع الفتاوى) دەڵێ "جابر کوڕی حەیان خاوەنی پۆلێنە ناودارەکانی کیمیایە، دیار نییە کێیە، کەس نایناسێ، ناویشی لە ناو زانایاندا (تەنیا زانایانی ئایین بە زانا ژمێردراون) نەهاتووە، لە ناو پیاوانی ئاینییش ناوی نییە". بڕوانە دێڕی چوارەم لاپەڕە ٣٧٤ لە بەشی ٢٩

 https://ia800300.us.archive.org/4/items/mfsiaitmmfsiaitm/mfsiaitm29.pdf


الفارابي: فارابی خەڵکی کازاخستان بووە، ساڵی ٢٦٠ کۆچیی لە دایک بووە. لە دیارترین فەیلەسوفەکانی مێژووی ئیسلامە، دەنگیشی لە پزیشکییدا دەرکردبوو. لە زمانی ابن خلکان دەگێڕنەوە گوایە "فارابی ٧٠ زمانی زانیوە". بایەخی زۆری بە ژیربێژی داوە، بۆیە بە مامۆستای دووەم ناسراوە (دوای ئەرستۆ وەک مامۆستای یەکەم). لە کارەکانی فارابی ئەوەبوو جیاکاریی لە نێوان ڕاستییەکانی پێغەمبەر و ڕاستییەکانی فەیلەسوفدا کرد. گوتی "ڕاستیەکانی پێغەمبەر لە خواوە هاتوونەتە خوار، بەڵام ئەوانەی فەیلەسوف بە ئەقڵی کارا دەستی دەکەوێ، بۆیە سروشتی فەیلەسوف ئەقڵانەیە نەک هەستەوەریی".

دەگوترێ ابن تيمية ئەویشی با کافر لەقەڵەم داوە، چونکە خۆی پێ لە پێغەمبەر کامڵتر، بینیوە. ابن العماد لە کتێبەکەی (شذرات الذهب) دەڵێ "زانایان لەسەر کافربوونی فارابی کۆکن". خۆ ئەوەندەیش بەسە تا ئەوانی دی هەموو بەدوای ئەو دوو پیاوە ئایینییە بکەون.


ابن سينا: لە ئۆزبەگستان لە ساڵی ٣٧٠ کۆچیی لە دایک بووە. پزیشکێکی لێهاتوو بووە. لە دیارترین نووسینەکانی کتێبی (یاسا لە پزیشکدا) بۆیە بە باوکی پزیشکیی، ناونراوە. هەندێ سەرچاوەی مێژوو دەڵێن ابن سینا وەکو فارابی پێی وابووە جیهان و زەوی زۆر کۆنن و کەس خەلقی نەکردوون. خوا، شتە گشتییەکان دەزانێ بە دوای بچووکەکانەوە نییە. پێشی وابووە، تەنەکان لەگەڵ رۆحەکاندا لە رۆژی قیامەت، زیندوو نابنەوە. لەبەر ئەو رایەی، ابن القيم الجوزية لە کتێبەکەی (الصواعق المرسلة) بە بێ دین لە قەڵەمی داوە، دەڵێ سەرتۆپی بێ دینەکانە. لە کتێبێکی دیکەیدا بە ناوی (إغاثة اللهفان) دەڵێ "ئیمامی کافرە بێ دینەکانە، کفری بە خوا، فریشتەکان، کتێبە پیرۆزەکان، پێغەمبەران و ڕۆژی قیامەت کردووە". ئیمام غەزالیش لە کتێبەکەیدا (المنقذ من الضلال) بەهەمان شێوە، کافری کردووە.


الكندي: لە ساڵی ١٨٥ ی کۆچیی لە دایک بووە. لە زۆر زانستدا وەک فەلسەفە، ژیربێژی، پزیشکیی، بیرکاری و گەردوونناسییدا شارەزا بووە. ٢٦٠ کتێبی نووسیوە. هەندێ جار بە (دامەزرێنەری فەلسەفەی عەرەبیی ئیسلامیی) ناوی دێ. پآلپشتی هەردوو خەلیفەی عەباسیی (المأمون والمعتصم بالله) ی هەبووە. لە کۆتایی ژیانی و لە سەردەمی خەلیفە المتوكل على الله پشتی تێدەکرێ، خەلیفە خۆی هەر زۆر دژە فکر و زانست بووە. ڕەخنەی زۆر توندی لێگیراوە چونکە دەیگوت "ئەقڵ کرۆکی لە خوا نزیک بوونەوەیە".

غەزالی زۆرترین ڕەخنەی لێ گرتووە، پیی وابوو کندی هەڵەی کردووە بڵێ گەردوون نەمرە و تەنەکان لە ڕۆژی قیامەت هەڵناستنەوە و خوا تەنیا شتە گشتییەکان دەزانێ، بەدوای تایبەتەکان و بچووکەکانەوە نییە. وەکو هەموو فەیلەسوفەکانی دیکە، فارابی بە کافرکرا و پێی گوترا کەلوو خوێنە و لە ئایننی خۆی ون بووە.


ابن رشد: لە ساڵی ٥٢٠ لە قورتبە لە دایک بووە. بە شیکردنەوەی کتێبەکانی ئەرستۆ ناسرابوو. بەناوبانگترین کتێبەکانی (تهافت التهافت) و (فصل المقال فيما بين الحكمة والشريعة من الاتصال) ن. لە کتێبی دواییدا، جەختی لەسەر بیرکردنەوەی شیکاریی وەک مەرج بۆ تەفسیری قورئان کردووەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی باوی ئەو کاتە بوو. پێی وابوو جیهان زۆر کۆنە و هەتا هەتاییە. هەردوو پیاوی ئایین الحافظ الذهبي لە کتێبی (سير أعلام النبلاء) وابن تيمية لە کتێبی (درء تعارض العقل والنقل)، بە فەیلەسوفێکی بێ ئایین و بزربوو باسی دەکەن. دەڵێن "دەیەوێ شەریعە و فەلسەفەی ئەفلاتۆن تێکەڵ بکا، ئەو کارەیشی لەوەی ابن سینا قۆڕترە و سەرکەوتنی فەیلەسوفە کافرەکانە".


ابن الهيثم: لە ساڵی ٣٥٤ لە دایک بووە، لە گەورەترین زاناکانی زانستی مرۆڤایەتییە. سەروو ٢٠٠ کتێبی لە بیرکاری، گەردوونناسیی، فیزیا، ئەندازیاریی و فەلسەفەی زانستدا، هەیە. ابن الهيثم لە زمانی پیسی ابن تيمية دەربازی نەبووە. ئەویشی بە کافر و بەدەر لە ئیسلام لە قەڵەم داوە. لە کتێبی (درء تعارض العقل والنقل) پێی دەڵێ "کافرە و لە دینی ئیسلام درچووە. لە زانست و بێ دینیی و ونبووندا، هاوەڵی ابن سینایە. وەکو فەیلەسوفەکانی دیکە باسی کۆنیی جیهان دەکا و کفری دیکەی کردووە".


دیارە هەموو ئەوانەی مەشخەڵی ڕووناکییان لەدەست بووە سوک و ڕیسوا کراون، کەس بۆی نەبووە مێشک و هۆش بەکاربێنێ، ابن تیمیە و غەزالی کەسیان نەهێشتووە جامی ڕقی بەسەردا نەڕێژن و قاچی نەگرن. بە دوای ئەوانیشدا، ئەوانی دیکە وەک تووتی دووبارەیان کردووەتەوە و ئاوا تا ئێستایان هێناوە. ئەوە پیشەی ئەو جۆرەیە، جیاوازی نێوان ئەقڵ و گێڕانەوە ناکەن. ئەگەر ئەوان هەزار ساڵ پێش ئێستا وابوون، ئەی ئەوانەی سەردەمی ئێستامان بۆ هەر وان؟ نموونەی ئەو جۆرە ئەقڵانە لە یوتیوب

زۆرن. تەنیا بە عەرەبی بنووسە (زانا، یان، عالم) ... دەبینی یوتیوب زانا هەر نادۆزێتەوە. ئەی جڕ و جانەوەر؟ بە هەزاران.