بیردۆزەکەی داروین ئەوەی بۆ ڕوون کردووینەوە چەندی کات دەڕوا زیندەوەورەکان دابەش دەبن و خێزانێ جیا و نوێ دروست دەکەن. بەڵام هەرگیز دوو خێزانی زیندەوەرەکان تێکەڵ نابن تا یەک خێزان دروست بکەن. ئەوە هەموو چیرۆکی دەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی ژیان دەگێڕێتەوە. نزیکەی ٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هەردوو جۆری گیانلەبەر چامپانزی و گۆرێللا هەمان باوانیان هەبوو. ئەو کۆمەڵەی باوان بوون بە دوو هێڵدا پێشکەوتنییان بەخۆوە دی و لەیەک جیابوونەوە تا بوونە دوو خێزانی تەواو جیا. ئەو ڕووداوە یەک ئاراستەیە، ناکرێ بەرەو دوا بگەڕێتەوە
لەبەرئەوەی تێکەڵ بوونی نێوان ئەندامانی خێزانە جیاکانی گیانلەبەران ناتوانێ وەچە بخاتەوە، بۆیە ئەگەر پێوەندی سیکسییش بکەن هەر وەچە دروست ناکەن. ئیدی هەرگیز تێکەڵ نابن. تازە چامپانزی ناتوانێ لەگەڵ گۆرێللا نەوەیەکی نوێ بخەنەوە و یەک خێزان لە هەردووکیانەوە دروست ببێ. بەهەمان شێوە سەگیش لەگەڵ پشیلە و زەرافە لەگەڵ فیل
چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر، مرۆڤ بۆ هەزاران خێڵ و هۆزی دوور لەیەک، دابەش بووبوو. هۆزەکانی مرۆڤ لە نێوان خۆیان تێکەڵ بوون و هۆز و خێڵی گەورەتریان پێکهێنا. نەتەوەی ئەڵمان لە تێکەڵبوونی ساکسۆن، پروش، سواب و باڤارییەکان دروستبوون. ئەوانە تا سەردەمانێکی نوێ زۆر دژی یەکیش بوون. نەتەوەی فەرەنسایش لە تێکەڵبوونی فرانک، نۆرمان، برێتۆن، گاسکۆن و پرۆڤێنچاڵەکان درستبوون. هەرچی ئینگلیزیشە بە خۆشیی یان بە ناخۆشیی لەگەڵ سکۆت و ئیرلاند تێکەڵبوون و بریتۆنیان پێکهێنا. دووریش نییە لە ئاییندەدا هەرسێک ئەڵمان و فەرەنسایی و بەریتانی تێکەڵ بن و ئەوروپایی دروستبکەن. هەرچەندە تێکەڵبوونەکان هەردەم سەرناگرن وەکو ئەوەی برێکزت ڕوویدا، بەڵام مرۆڤ بەرەو نزیک بوونەوە و تێکەڵبوونی زۆرتر دەڕوات وەک لە گیانلەبەرانی دیکە
مرۆڤ بە تێپەڕبوونی هەر هەزار ساڵێك زۆرتر و زۆرتر تێکەڵ بوون. ژمارەی خێڵەکان کەم بووەوە و شارستانییەتی جیاجیایان لێوە پەیدا بوو. هەر کۆمەڵێک بە جیا جیهانی بە شێوەیەک دەبینی لە دیدی ئەوانی دیکە زۆر دووربوو. ئەو جیاوازییەی نێوان دیدی شارستانیە جیاکان پێک هەڵپرژانی لە نێوانیان دروستکرد. بەو جۆرە شارستانییەک ئەوی دیکەی لە ناودەبرد، تا وای لێهات تەنیا ئەوانە مانەوە، کە توانییان دیدی خۆیان سەرخەن
لە چەند دەیەی ڕابردوویشدا، ئەوانیش تێکەڵ یەک بوون و جیهانگیریی هاتە بەرهەم. ئەگەرچی هەندێ ئاکار هەر جیان، بەڵام هەموو لەسەر یەکخستنی بازاڕ، کۆکن. بۆ نموونە وڵاتێک بە تەنیا ناتوانێ تایبەتمەندیی لە دروستکردنی ئۆتۆمبیل یان دەرهێنانی نەوتدا بەدەست بێنێ، بێ ئەوەی برنج و گەنم لە وڵاتێکی دیکەوە هاوردە بکات
پرۆسەی یەکبوون و تێکەڵبوونی مرۆڤ دوو ئاکاری هەیە. ١. پێوەندی دروستکردن لە نێوان کۆمەڵە جیاوازەکاندا. ٢. ونبوونی جیاوازییەکانی نێوان کۆمەڵەکان. پێوەندی نەک هەر لە نێوان کۆمەڵ جیاکانیشدا دروست دەبێ، بەڵکو لە نێوان کۆمەڵە دژەکانیش دروست دەبێ. تەنانەت جەنگەکان پێوەندی زۆر بەهێز دروست دەکەن. جەنگەکان بیرۆکەی نوێ، تەکنۆلۆجیا و خەڵک، خێراتر لە بازرگانیکردن، بڵاو دەکەنەوە. لەساڵی ١٩١٨ ئەمەریکا لە ئەوروپا نزیکتر بوو وەک لە ساڵی ١٩١٣. دواتر دیسان لەیەک دوورکەوتنەوە، بەڵام جەنگی جیهانی دووەم و جەنگی سارد، یەکجار زۆرتر لەیەکی نزیک کردنەوە
جەنگەکان بایەخی مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر زیاد دەکەن. هەرگیز ئەمەریکا هێندەی سەردەمی جەنگی سارد لە روسیاوە نزیک نەبووە. هێڵێ گەرم لە نێوان کریملین و کۆشکی سپی هەبووە، نەوەک لایەک بە هەڵە هێرشی ئەتۆمی دەست پێبکات، تا سەرۆکەکان بەرلەوەی کار لە کار بترازێ، بتوانن زوو کۆنترۆڵی بکەن. هەر کۆخەیەک لە داڵانەکانی کریملینی مۆسکۆ، فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی واشنتۆنی لەسەر پلیکانەکاندا دەهێنا خوارێ و دەبردە سەرێ. خەڵک بایەخی زۆرتری بۆ دوژمنەکەی هەبوو نەک بۆ هاوبەشی بازرگانیی. بۆ هەر فلیمێک سەبارەت بە هۆنگ کۆنگ، لەوانەیە پەنجا فلیم سەبارەت بە ڤێتنام هەبێ
جیهانی سەرەتای سەدەی بیست و یەک، نەک هەر پێوەندی لە نێوان کۆمەڵە جیاکاندا دروست کردووە، بەڵکو کۆمەڵەکان هەمان بیروباوەڕیان هەیە و هەمان کاری ڕۆژانەیش دەکەن. هەزار ساڵێک بەر لە ئێستا زەوی چەندین مۆدێلی سیاسەتی تێدابوو. ئەوروپا هەر شارە و سەربەخۆ بوو، جیهانی ئیسلامیی خەلیفەی هەبوو، بەڵام ئیمارەت و سولتانیشی هەبوو. ئیمپراتۆرەکانی چین پێیان وابوو ئەوان تاکە کایەی سیاسیی زەوین. لە هیندستان فرەڕەنگیی هەبوو. لە ئەمەریکا، ئوسترالیا و ئافریقایشدا، شێوازی زۆری دیکە بگرە لە کۆمەڵە ڕاوچییە کانەوە تا دەگاتە ئیمپراتۆرییەت، هەبوو. بۆیە سەیر نەبوو لەگەڵ یەک تەبا نەبن. جارێ یاسای نێودەوڵەتیی هەر لێگەڕێ
بەڵام جیهانی ئێستە لەگەڵ ئەوەی سەروو ٢٠٠ وڵاتی سەربەخۆی تێدایە، بەڵام هەر هەموویان بە شێوەیەکی گشتیی باوەڕیان بە هەندێ بیروباوەڕی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی، هەیە. لە زۆربەی هەرە زۆریان پەرلەمان هەیە، هەموویان ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، مافی مرۆڤ دانی پێدانراوە، هەموویان یاساکانی نێودەوڵەتیی دەناسێنن وکاری پێدەکەن، لەسەر هەمان بنچینە لەگەڵ یەکتریدا بازرگانی و پێوەندی دەگرن. کاتێک ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، تورک و کورد، یان، روس و ئۆکراین دەیانەوێ ڕایان بگاتە جیهانی دەرەوە، هەمان ئامراز وەک مافی مرۆڤ، مافی سەربەخۆیی و یاساکانی نێودەوڵەتیی، بەکاردەهێنن
جیهان چەند وڵاتێکی شکستخواردووی تێدایە. هەریەکەیان بە شێوەی خۆی شکستی هێناوە. بەڵام تەنیا یەک ڕوانگە بۆ وڵاتی سەرکەوتوو و خۆشگوزەران هەیە. چەند جۆرێک لە وڵاتی سەرکەوتوو نین. دەوڵەتی داعش دەیویست لە ناو ئەو سیستەمەدا دەوڵەتی خەلیفە دابمەزرێنێ و هەموو جیهان بگرێتەوە، لەبەر ئەو هۆیە شکستی خوارد. هیچ وڵاتێک بێ ناساندنی یاساکانی نێودەوڵەتیی تەمەنی درێژ نابێت. تەنانەت تالیبان لە پێش ٢٠٠١، دەیانویست جیهان دانیان پێدا بنێ، ئێستەیش کە گەڕاونەتەوە کابول هەمان مەبەستیان هەر دەبێ، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەو سیستەمەی جیهان بن، دیسانەوە شکست چاوەڕێیانە