مێژووی جینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پرۆژەی جینۆمی جیهان ڕووناکی زۆری خستە سەر تێکەڵبوون، فرەجۆریی و بڵاوبوونەوەی مرۆڤ. بەڵام  زۆر کەم توێژینەوە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، کراوە. ڕووبەری سەروو ٣ ملیۆن کیلۆمەتر دووجا و لە نێوان ئافریقا، ئەوروپا و ئاسیادا، دەرفەتێکی باشمان دەداتێ لە پەرەسەندن و کۆچەکانی مرۆڤ، تێبگەین. زۆر کەم زانیاریی لەسەر دیمۆگرافیا و دانیشتووانی بەر لە مێژووی ئەو ناوچەیە هەیە. مەزەندە وایە مرۆڤ بەر لە ١٢٥ هەزار ساڵ لە ناوچەی عومان و ئیماراتدا و ٨٥ هەزار ساڵ لە لێڤانت (لوبنان، فەلەستین، ئەردەن، ئیسرائیل و بەشێکی سوریا) هەبووە


ئەگەرچی زۆربەی ئەو ناوچەیە ئێستە بیابانێکی وشکە بەر لە ٦٠٠٠ ساڵ دەرکەوتووە، بەڵام زووتر چەند ماوەیەکی تەڕ و تووشیشی هەبووە. سەوزایی و دارستان هەبووە تا وابکات مرۆڤ بتوانێ لە ئافریقاوە، پێیدا بڵاوببێتەوە. گۆڕان لە نێوان تەڕی و وشکیی وایکردووە کۆچ بە مرۆڤ بکات. ڕەنگە لە چاخی بەردیینی نوێدا جووتیارەکانی لێڤانت بەرەو باشوور کۆچیان کردبێ. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، کۆمەڵێکی زۆر دی ئێن ئەی خەڵکی دوورگەی عەرەبی، لێڤانت و عێراق وەرگیراوە. کەتەلۆکێکی جینەکانی ئەم ناوچەیە دروست دەکرێ، تیایدا فرەجۆریی جینەکان نیشان بدات و سوودی بۆ توێژینەوەکانی پزیشکیی لە داهاتوودا هەبێ. لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی دانیشتووان، مێژووی دیمۆگرافی و هەڵبژێردراو، و تێکەڵکردنی ڕووداوەکانی مرۆڤی کۆن و نوێ، کراوە


١٣٧ نموونەی دی ئێن ئەی وەگیراوە، لە ناویاندا لە کوردی هەرێمی کوردستان. ١٣٧ ملیۆن گۆڕانکاریی تاک، لە پێکهاتەی جینەکاندا دۆزرایەوە، کە نزیکەی ٥ ملیۆنیان لە پرۆژەی جینۆمی جیهاندا، تۆمار نەکرابوون. ٩٣٪ی ئەو گۆڕانکارییانە دەگمەنن. لە شییکردنەوەی داتاکان دەرکەوت، جینەکان بە پێی شوێنی جوگرافیای هەر کۆمەڵێک لەیەک جیان. ئەوانەی لێڤانت و عەرەبی عێراق یەک کۆمەڵن. هەرچی عومان و ئیمارات و یەمەن و سعوودستانە، لە کۆمەڵی بەدەوین. کوردەکان لەگەڵ کۆمەڵەکانی ناوەڕاستی ناوچەی ئێران (نەک وڵاتی ئێران) لەیەکەوە نزیکن


دواتر نموونەکان لە چوارچێوەی دانیشتووانی ناوچەیی و جیهانی کۆندا، شییکرانەوە. عەرەبی بەدو لە ناتوفییەکانی لێڤانت، نزیکن. دانیشتووانی لێڤانتی ئێستە لە ئەوروپاییەکانەوە نزیکن. کورد، عەرەب و ئاشوورییەکانی عێراق لە ئەرمەنەکانی سەردەمی چاخی برۆنز نزیکن. پێدەچێ هەموو دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوار کۆمەڵە مرۆڤەوە هاتبن. جیاوازی زۆر لە نێوان عەرەب و ئەوانەی لێڤانت بەدیکراوە. دانیشتووانی لێڤانت لە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ڕۆژهەڵاتن، دوای چاخی برۆنز لەگەڵ ئەوروپاییەکان و ئەوانەی ئەناتۆلیای کۆن، هاتوون. عەرەبەکان لەوانەی بە زمانی بانتو لە کینیا قسەدەکەن، نزیکن. بەشێکی ئەوانەی سعودستان لە نیلۆ-سەحارەنی ئەسیوبیاوە نزیکن. زۆربەی ئەو تێکەڵبوونە بەر لە ٢٠٠٠ ساڵ لە عەرەبەکاندا، ڕوویداوە


توێژینەوەکانی پێشتر دەیانگووت جینی گەلە ئێرانییەکان (مەبەست فارس یان وڵاتی ئێران نییە) تا چاخی برۆنز لەگەڵ خەڵکی لێڤانت تێکەڵ نەبوون. بەڵام تێکەڵبوونی جینی ئێرانییەکان لەگەڵ لێڤانت لە نێوان ٣٩٠٠ تا ٥٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە. دواتر لە ٢٩٠٠ تا ٤٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە میسر ڕوویداوە، ئینجا ڕۆژهەڵاتی ئافریقا لە نێوان ٢٠٠ تا ٣٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لە نیمچەدوورگەی عەرەبیش لە نێوان ٢٠٠٠ تا ٣٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە. ئەو کۆچانە کۆمەڵە جینی جەی ١ یان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئەو مێژووانە لەگەڵ مێژووی بڵاوبوونەوەی زمانی سامی لەو ناوچانەدا تەریبن. دەکرێ بگوترێ کۆمەڵێک لەو کۆچبەرانە بەو زمانە قسەیان کردووە و لەگەڵ خۆیاندا گواستوویانەتەوە بۆ کۆمەڵەکانی دیکەی ئەو ناوچانە


ئینجا تیمەکە بە وردبوونەوە لە زانیارییەکانی سەر جینەکان، ویستیان کاتی جیابوونەوەی گروپە مرۆڤەکان دوای هاتنەدەرەوەی مرۆڤ لە ئافریقا، بدۆزنەوە. بۆیان دەرکەوت، کۆمەڵی خەڵکی لێڤانت، عەرەب و ئەوانەی سەردینیا و خێڵی هان لە چین لە ١٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە مبوتی (پێشیان دەڵین بامبوتی لە نێوان وڵاتانی کۆنگۆ تا کینیا بڵاون)، جیابوونەتەوە. سەردینییەکانیش بەر لە ٢٠ هەزار ساڵ لەوانی دی، جیابووەتەوە. لە ناو هەموو گەل و کۆمەڵە خەڵکەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردینییەکان پاکترین جینیان هەیە و ماوەتەوە. هەموو گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ شوێنەوارێکی بەرچاو لە کرداری هاتنەدەرەوەی مرۆڤ لە ئافریقاوە، هەڵناگرن. هەموویان لە یەک کۆمەڵەوە بەر لە ٥٠ تا ٦٠ هەزار ساڵ بڵاوبوونەتەوە


لە گەڕان بە دوای جیابوونەوەی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا، دەرکەوتووە ئیماراتییەکان بەر لە ١٠ هەزار ساڵ لە کوردانی عێراق جیابوونەتەوە. بەر لە ٧ هەزار ساڵیش لە ئوردونییەکان، سوریەکان و عەرەبی عێراق، جیابوونەتەوە. سعوودییەکانیش بەر لە ٥-٧ هەزار ساڵ لەوان جیابوونەتەوە. مێژووی جیابوونەوەی ناوچەکە پێشنیاری ئەوە دەکات، کە ڕەوتی بڵاوبوونەوەی مێژوویی جینەکان بەردەوام لە نێوان لیڤانت/عێراق و ناوەڕاستی عەرەبستان، ڕوودەدات. لەگەڵیشیدا، لە نێوان ناوەڕاستی عەرەبستان بۆ باشووری ڕۆژهەڵات، و بە جیا بۆ باشووری ڕۆژئاوا لە یەمەن


سەرچاوە

 https://www.biorxiv.org/content/10.1101/2020.10.18.342816v2