هۆمۆسایپیان لە ئافریقاوە

گەلێک جار گوێمان لەوە دەبێت مرۆڤ لە ئافریقا دەرکەوتووە و لەوێوە بڵاوبووەتەوە. بۆچی کرداری بەرەوپێشچوون، گۆڕان و گونجاندن ڕووی داوە. تا ئێستە بە تەواوی نازانرێ بۆ. ئایا پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی یان تەکنۆلۆجی هۆکار بووە؟ یان گۆڕانی زۆری کەشوهەوا و لاچەپەکیی هەندێکیان بووە. تەنانەت لە ناو ئافریقادا بە ڕوونی نازانین لە کوێ ڕوویداوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ئافریقا بە لانکەی مرۆڤایەتیی دەبینرێ، چونکە شوێنەوارەکانی کینیا و ئەسیوپیا وای نیشان دەدەن. بەڵام دۆزراوەی ئێسقانی مرۆڤێکی ٣٠٠ هەزار ساڵ کۆن لە مەغریب، زانایانی تاساند. دەکرێ ئەوێ لانکەی مرۆڤایەتیی بووبێت؟ ئەگەر وایش نەبێت، هەر دەبێ ئەوەی مەغریب لەبەرچاو بگیرێ. لە ئافریقا، ٥٠٪ی ئەو شوێنانەی ئامرازی بەردینی تێدا دۆزراوەتەوە، نەتوانراوە ئێسقانی مرۆڤی لێ بدۆزرێتەوە، کەواتە کێ ئەو ئامرازانەی دروست کردووە؟


بیردۆزی (ڕەچەڵەکی مرۆڤ لە ئافریقایە) دەڵێ ٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بازێکی جین وایکرد چۆنییەتی کارکردنی مێشک بگۆڕێ، بۆیە هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەناکاو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. زانای کۆئەندامی دەمار فرێد پرێڤیک ڕۆڵی دۆپامین لە مێشکدا بە یەکلاکەرەوە دەزانێ و پێی وایە بەر لە ٨٠ هەزار ساڵ ئاستی ڕژانی دۆپامین لەوپەڕیدا بووە. بەڵام سەلماندنی ئەو بۆچوونە ئەستەمە، چونکە هەرچی بیکەین تەنیا شێوەی دەرەوەی مێشکی مرۆڤە کۆنەکان دەبینین، ناتوانین بزانین لە ناوەوە چی ڕوویداوە. بەڵام دڵنیاین، قەبارەی گۆڕاوە


ڕێژەی قورسایی لەش بۆ قەبارەی مێشک پێی دەڵێن (ئەنجامی مێشک)، بۆ مرۆڤی سەرەتایی ٣.٤ تا ٣.٨ بووە. نیاندرتاڵ ٤.٣ تا ٤،٨ی هەبووە. بۆ مرۆڤی ئەشکەوتی قەفزە و سخول لە ئیسرائیل ٥.٣ تا ٥.٤ بووە. لەوکاتەوە مرۆڤ یان وەکو خۆی ماوەتەوە یانیش قەبارەی مێشکی بچووک بووەتەوە. قەبارەی مێشکیش هەموو شتێک نییە. مرۆڤ بەوەندە دەتوانێ چەندین ئامراز و کەلوپەل دروست بکا و ڕستەی ئاڵۆزیش، پێکبهێنێت. بەڵام بۆ زیادکردنی ڕووبەری توێکڵی دەرەوە، خۆی پێچاوە و لوولی وەرگرتووە. بەوە توێکڵی مێشکمان چوار ئەوەندەی چامپانزی لێهات. بەر لە ٢ ملیۆن ساڵ بوونەوەرەکەی سەر دوو قاچی ئەو کاتە دەستی کرد بە گۆشت خواردن و لەگەڵیدا توانای دروستکردنی ئامرازەکانی لە بەرد، بۆ پەیدا بوو. مێشک گەورە بوو بەڵام توێکڵەکەی زۆرتر زیادی کرد


دەکرێ بە جۆرێکی دیکە لەو گۆڕانە بڕوانین. بەشەکانی مێشک و کاری هەر بەشێکیان بە سی تی سکان دەردەکەوێ.  توێکڵی مێشک گەورەترین بەشی مێشکە. لە ناوەڕاستدا بووە بە دوو بەش و لە ناوەڕەستدا پێکەوە بەستراونەتەوە. هەر لایەکی مێشکیش لە چوار لەپ پێکدێت. بەشی پێشەوە کاری بیرکردنەوە و پلان دانان دەکات. تەنیشتەکە، جووڵەو هەستەکانی لە ئەستۆدایە. بەشی دوای ئەو لە بیرەوەری، بیستن و ئاخاوتن بەرپرسە. هەرچی بەشی پشتەوەیە بۆ بینینە. لە پشتەوە و بن مێشکیش، مێشکۆڵە هەیە و کاری هاوسەنگی ڕاگرتنی کارەکانی لەشە. ئەگەریش هەیە لە فێربوون ڕۆڵی هەبێ. بەشێوەیەکی گشتی، لە ماوەی ٢٠ هەزار ساڵی ربردوودا، مێشکی مرۆڤ نزیکەی ١٠٪ بچووک بووەتەوە، ناشزانین بۆ


دۆزراوەکانی مرۆڤی کۆن لە شوێنەوارەکاندا ئەوە نیشان دەدەن کاری مێشک بۆ کۆکردنەوە و دەستکەوتنی خواردن، هێنانی کەرەستە، دروستبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگەکانی مرۆڤ و درروستکردنی ئامرازەکانی ژیان لە بەرد، لە ماوەی چاخی بەردینی کۆن لە ئافریقا، زیادی کردووە. دواتریش لە چاخی بەردینی دواتردا زۆرتریش بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، بینینی ڕووداەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەبیرهاتنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، دەکرێ بووبنە هۆی دەرکەوتنی بیروباوەڕەی ئایینیی. بە پێشبینیکردنی مردن، مرۆڤ بە پەنابردنە بەر ئایین، ئارامیی بە خۆ دەبەخشی


کۆنترین هێما و نیشانەی دەرکەوتنی هونەر لە مرۆڤدا بۆ ٤٠ هەزار ساڵ دەگەڕیتەوە لە ئەوروپا بەجێیان هێشتووە. بەڵام ئەگەر باس لە بە هێماکردنی هەر دیاردەیەکی دیکە بکەین ئەوا دەبێ ناشتنی مرۆڤی کۆن بێنینە بەرچاوان و هەڵسەنگاندن. کۆنترین دۆزراوەی ناشتنی مرۆڤ لە قەفزە و سخول بووە و بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستە، دەگەڕێتەوە. شوێنەواری هێترۆ لە کینیا ڕێوڕەسمی مردن  وناشتنی لێ بووە، بەڵام بەکارهێنانی ڕەنگی سوور بۆ بۆنەکانی ناشتن لە هەردوو شوێنەواری کاپثورین و ئۆلۆرگیسایکی لە کینیا، تا ٢٥٠ هەزار ساڵ کۆنن. ئەو بە هێماکردنە لە گەڵ مرۆڤ، پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە و ڕەنگدانەوەی درککردن و پەیدابوونی هۆشە


ئەوەی سەیرە، بڕێکی زۆر کەم لە مرۆڤی ناژراو لە چاخی بەردینی ناوەنددا، لە ئافریقا دۆزراونەتەوە. کۆنترین نموونە ئەوەی ئیسرائیلە، ١٠٠ هەزار ساڵ کۆنە. بەڵام نیاندرتاڵ لە ئەوروپا چەندین نێژراوی هەیە. مرۆڤی کۆن تا ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، نە لە ئافریقا و نە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، نەیبووە


ئاڵنگارییەکانی سروشت گۆڕانکاریلە بەوونەوەراندا بەرپا دەکات. نرخی شکست، لە ناوچوونە. لە مێژووی زەویدا، چەندین شەپۆلی لەناوچوون هەن، دەکرێ بەوانە بڵێین شکست لە خۆگونجاندن. دیوێکی دیکەی ئەو ڕاستییانە ئەوەیە پێکەوەبوون لە کۆمەڵ و کۆمەڵگەدا، دەرفەتی دەربازبوون و بەردەوامیی ژیان زۆر دەکەن. دەکرێ ئەوە کلیلی پێشکەوتنی مرۆڤ بووبێ بەر لە ٦٠ هەزار ساڵ لە ئافریقا، کردوویەتی. گروپەکان ئەزموونی فێربوونیان باشترە، ئەوە لە ناو مەیموونەکانیشدا هەیە