رۆبۆتی مرۆڤ کوژ

لە ساڵی ١٩٩٥، سربەکانی بۆسنیا ٨٠٠٠ موسوڵمانی شاری سربرینیچا و دەورەبەریان کوشت. ئەو پاکتاوکردنەی سربەکان دەستیان پێکرد وەک کوشتارگەکەی مایلای ڤێتنام  بە دەستی سەربازانی ئەمەریکا، نەبوو. ئەمەیان بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو، مەبەست بوو موسوڵمانەکان لە سربیا نەهێڵن، بۆیە بە کوشتار، کردیان. خۆئەگەر سربەکان لە ساڵی ١٩٩٥ رۆبۆتیان بۆ ئەو کوشتارگەیە بەکارهێنابا، کارەساتەکە گەلێک خراپتر دەبوو، چونکە رۆبۆتەکان بۆ ساتێکیش دوودڵیی لە ئەنجامدانی فەرمانەکانیان ناکەن. هیچ منداڵێک لەبەر بەزەیی و هەستی ستەمکاریی، لە دەست رۆبۆتەکان، دەرنەدەچوو

 

ئەگەر دکتاتۆرێک رۆبۆتی وای هەبێ، هەرگیز دڵەڕاوکێی ئەوەی سەربازەکانی لێی هەڵدەگەڕێنەوە، نابێ. هەرچەندی فەرمانەکانی دڕندانە بێ، هەر ئەو ترسەی نابێ. سوپایەکی لەو بابەتە شۆڕشەکەی فەرەنسای ساڵی ١٧٨٩ی لە لانکەدا دەخنکاند. ئەگەر حوسنی موبارەکیش لە ٢٠١١ هەیبا هەر لەوانەیە بەکاری دەهێنا و بەهاری عەرەبی لە میسر مایە پووچ دەبوو. وڵاتانی سەردەمی ئیستعماریش بەهەمان شێوە، هەزارانیان دەکوشت و گەلان ڕزگاریان نەدەبوو. ئەمەریکایش ترسی ئەوەی خێزانە ئەمەریکاییەکان بێنە سەر شەقام لەدژی جەنگی ڤێتنام، هەر نەدەبوو. کوشتارگەکەی مایلای ڤێتنام نەدەبوو، بەڵام جەنگەکە خۆی، بۆ چەندین ساڵی دواتریش بەردەوام دەبوو. ئەوکات، ئەمەریکاییەکان لە خەمی نەمانی خۆشەویستانیاندا نەدەبوون و زۆریان بەلاوە گرنگ نەدەبوو، لە ڤێتنام چی ڕوودەدا

 

گرفتی لەو جۆرە لە رۆبۆتەکانی ئۆتۆمبیل لێخوڕیندا نین. چونکە هیچ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبیل دروستکردن، بەرنامەی مرۆڤ کوشتن بۆ ئۆتۆمبیلەکانی دانانێت، بەڵام چەکە ئۆتۆماتیکەکان واتا ئەوانەی سەربەخۆ فەرمانی تەقە کردن دەدەن، کارەساتیكی گەورەی چاوەڕوانکراوە. چونکە زۆر حکوومەت لە جیهاندا هەیە بەد ئەخلاقە، ئەگەر هەر بە تەواوی نامرۆڤانە نەبێت. مەترسییەکە هەر رۆبۆتی مرۆڤکوژ نییە، کامێراکان و بەرنامەکانی چاودێرییکردن هەمان هەڕەشەن. کاتێک لەدەستی حکوومەتێکی دانا دان، هیز و توانای لۆگاریتمەکان نیشان دەدەن و لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شارستانییەتی مرۆڤە. کەچی ڕەنگە هەمان ئەو زانیارییە زەبەلاحە، برا گەورەی ئاییندەمان دروست بکات. بکەوینە سەردەمی (ئۆرویڵ) – ئەو سەردەمەیە هەموو کەس هەردەم چاودێریی دەکرێ، حکوومەت و پۆلیسی نهێنیی دڕندەئاسا دەست بەسەر میدیادا دەگرێ، زانیاری هەڵە بڵاودەکاتەوە، ڕاستییەکان دەشێوێنێ، ڕابردوو بەشێوەیەکی دوور لەڕاستیی باس دەکاتەوە، کەسانی نەخوازراو، دەسڕێتەوە-

 

دەبێ سوپاسگوزار بین بکەوینە سەردەمی ئۆروێل، پێدەچی لەویش خراپترمان بەسەربێ. تەکنۆلۆجیای نوێی زۆر بەرز بکەوێتە دەستی ڕژێمی کۆریای باکوور لە سەردەمی ئۆروێل خراپتر دەبێ. ئەگەر کۆریا بە هەموو خەڵکی خۆی بڵی دەبێ بازنێک لەدەست بکەن، لێدانی دڵیان، پەستانی خوێنیان، چالاکی میشکیان و هەرچی دەیڵێن و دەیکەن، بگەیەنێتە دەست ڕژێمەکەی کیم. ئەوە دۆزەخی تەواوە. سەدام نەگەیشتە ئەوە، دەنا ئەویش دەیکرد.

 

ڕوسیا و چین تواناکانی چاودێرییکردنیان زۆر بەرەو پێش بردووە، لەگەڵ ئەوانیشدا، وڵاتی دیموکراتی دیکە هەن هەمان هەنگاویان ناوە، هەر لە ئەمەریکا تا دەگاتە بەریتانیا و ئیسرائیل. ئیسرائیل لەو بابەتەدا تەکنۆلۆجیای زۆر بەرزی بەدەست هێناوە. بێگومان زۆر پلەداری ئیسرائیل ئومێدی بەدەستهێنانی سیستەمی چاودێریی تۆکمەیان بەسەر کەرتی غەزەدا هەیە، بەڵام جارێ پێی نەگەیشتوون. ئێستە هەر فەلەستینییەک پۆستێکی فەیسبووک، تەلەفۆنێک بکا، مایکرۆفۆنەکانی ئیسرائیل گوێگریانن، کامێراکان وێنەیان دەگرن و درۆنەکانی ئیسرائیلیش بەسەریانەوەن. لێرەدا لۆگاریتمەکان دەکەونە کار، هەڕەشەکان لەسەر ئیسرائیل دەستنیشان دەکەن و بێ ئەوەی سەرباز لە جێی خۆی بجوڵێ، بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدرێ. ڕاستە فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە و چەند شارێكی دیکەدا دەژین، بەڵام ئیسرائیل ئاسمان و هەموو چاودێریی نمرەیی بەدەستەوەیە. تورکیا لەسەر ڤیدیۆی مۆزخواردنی سوریاییەکان لە سۆشیال میدیا، چەندین پەنابەری سوریای گرت و ناردەوە سوریا

 

لە سەدەی بیستەمدا، ژمارەی  سیستەمە دیموکراتەکان زۆر لە دیکتاتۆرەکان زۆرتر بوون، چونکە سیستەمە دیموکراتەکان باشتر چارەسەری زانیارییەکان دەکەن. لە دیموکراسیدا، چارەسەرکردنی زانیارییەکان بەدەست چەندین کەسەوەیە هەریەکە و کاری خۆی دەکات. بەڵام لە سیستەمە دکتاتۆرەکاندا، هەموو زانیارییەکان لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە و چارەسەر دەکرێن، بۆیە دەسەڵات لەیەک شوێنە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا لە سەدەی بیستەمدا، قەبارەی زانیارییەکان هێندە گەورە بووبوو زۆر قورس بوو هیچ سیستەمێک بتوانێ ئەو هەموو زانیارییە لەیەک شوێندا کۆبکاتەوە و چارەسەری بکا. هەر بۆیە، سۆڤیەت لە چاو ئەمەریکا، زۆرترین بڕیاری هەڵەی دا و ئابووری سۆڤیەیت ئەوەندە لە پاشی دا

 

سەیرە، دوای ئەوەی بەو ئەزموونانەدا ڕۆیشتین و هەرەیەکەیانمان تاقیکردەوە، کەچی مێژوو دیسان بەرەو چەقمان دەباتەوە. کاتێک لۆگاریتمەکان شوێنی مرۆڤەکان دەگرنەوە، هەموو زانیارییەکان دیسانەوە لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە و چارەسەردەکرێن. ژیریی دەستکرد، پشت بە ناردن و کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە چەقێکدا، دەبەستێت. کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا، لۆگاریتمەکان لەو کارەدا سەرکەوتوو دەبن. چونکە لۆگاریتمەکان (کۆمپیوتەر و رۆبۆتەکان) زۆر لە مرۆڤ کاراتر، ئەو کارە دەکەن. ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا بووە ڕووخانی سۆشیالیزم، لەسەدەی بیست و یەکدا بۆ مرۆڤایەتیی دەبێتە هێز و توانا!

لەبەرئەوەی لۆگاریتمەکان باشتر لە خۆمان ئێمە دەناسن، حکوومەتەکان دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر هاوڵاتییانیاندا دەبێت. جارێ ئەوەی لە سیستەمە پۆلیسی و دکتاتۆرەکاندا ڕوودەدات هەر لە لایەک دانێ. بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانە ئەستەم دەبێت. حکوومەت و دەزگە پۆلیسییە سەرکوتکارەکانی نەک تەنیا دەزانێ هەستەکانت چین، بەڵکو وا دەکات چۆن ئەو بیەوێ ئاوا هەست بکەی! لەوانەیە دکتاتۆر نەتوانێ نەخۆشخانە و قوتابخانەی باش دابین بکا، بەڵام وا لە هاوڵاتییانی دەکات ئەویان خۆش بوێ و ڕق لە نەیارانی هەڵگرن. تا ئەو کاتەی دەگەینە ئەو سەردەمانە دەبێ دیموکراسیی خۆی نوێ بکاتەوە و سیستەمی لیبرال بە شیوەیەکی تازەوە دەرکەوێتەوە، یانیش، دەکەوینە سەروبەندی دکتاتۆری نمرەیی (دیجیتاڵ)، ئەو کات گەڕانەوە بۆ سەردەمی هیتلەر و ستالین، خەونە

 

ئەو بڕیارانەی لە سیاسەتوانانی جیهانەوە لەبارەی ئابووریەوە دەدرێ پشت بە چەند ئەگەرێکی ئابووری دەبەستێ، بەڵام هەموویان لە ناو ئابووری سەرمایەداریدان، بۆیە بەر لەوەی سیاسەتوان ئەگەرەکانی بەردەمی خۆی بخوێنێتەوە، ئەو ئەگەرانە لەلایەن خاوەن بانکەکان، ئابووریناسان خاوەن کارەکانەوە داڕێژراوە، ئەگەری دیکەی دەرەوەی ویستی ئەوان نایەتە بەر ڕۆشنایی کەس. بۆیە سیاسەتوان پێی وایە خۆی خاوەن بڕیارە، بەڵام سیاسەتوان لە ناو بژاردەکانی ئەوانەوە بژاردەیەک هەڵدەبژێرێ

 

زۆری نەماوە، دەگەینە ئەوەی سیسەتوانان لە لیستێکی ئامادەکراو لە لایەن ژیریی دەستکرد، ئەگەرەکان بخوێننەوە و یەکیان هەڵبژێرن. لۆگاریتمەکان زانیارییەکان شی دەکەنەوە و دەیخەنە بەردەستی سیاسەتوان، تا یەکێکیان هەڵبژێرێ