کۆچبەرەکانی سەرەتای چاخی برۆنز و ڕەچەڵەک لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەوڵەکانی تێگەیشتن لە ناسنامەی نەتەوەیی لە پێکهێنانی نەریت و کەلتووری جیاواز و کارلێککردنیان لەگەڵ کۆمەڵەکانی دیکەدا، شیکارییەکی ڕوونی پێویستە. دەبێ ئەوە بزانین، نەتەوەکان لە کۆمەڵە دێرینە نایەکسانەکان (واتا ئاڵۆزەکان)، دروست بوون. هەرچەندە نەتەوەکان میراتێکی کەلتووری هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و لەوانەیە لەیەک شوێنەوە هاتبن. بەڵام ناکرێ بە بەڵگەی شوێنەوارەکان نەتەوە دیاری بکەین، بە تایبەتیش لە چاخەکانی بەر لە مێژوودا. بۆ مەبەستی توێژینەوە، کەلتووری کور-ئاراس، لە بەرزاییەکانی باشووری قەوقاز لە هەزارەی چوارەم بەر لە زایین دەرکەوتووە، بە نموونە دەهێنینەوە

 

شێوازی دروستکردنی گڵسازییەکانی کور-ئاراس چەند خاڵێکی جیاکەرەوەی هەیە. لەشی بابەتەکان هەموویان یەک ئاست نین، بەرز و نزمی تێدایە، نەخش بە دانانی چینێکی دیکەی قوڕ لەسەر لەشی بابەتەکە، دروستکراوە. ڕەنگیان ڕەشە. بە ناوچەیەکی یەکجار واڵادا بڵاوبووەتەوە. بابەتەکانی ئەو جۆرە کەلتوورەی دروستکردنی گڵسازیی لە چەند ناوچەیەکدا وەکو (ئەرمەنستان، گورجستان، ئازەربایجان، باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا) لەگەڵ ئەوەی لەو شوێنانەدا هەبووە، جیاوازە. بە ڕای زانایانی ئەو بابەتە، ئەوانەی هەڵگری کەلتووری کور-ئاراس بوون و گەیشتوونەتە ئەو شوێنانە، کۆچبەر بوون. دواتر لە چیاکانی باکووری قەوقاز، تۆرۆس، زاگرۆس، عەموق و جەلیل، بوون بە نەتەوەی جیاواز

 

لە پارێزگای موش لە رۆژئاوای دەریاچەی وان، گەیشتنی کۆچبەرەکان ئاشکرایە. نیشتەجێی نوێ بە کەلتووری سەرەتای کور-ئاراس دەردەکەون. ئینجا ژمارەی نیشتەجێیەکان زۆر دەبن و بەو دۆڵەدا بڵاو دەبنەوە. لە قۆناغەکانی دواییدا، بابەتەکانی گڵسازییان تێکەڵ بە تەکنیکەکانی چاخی بەردینی نوێ لەو ناوچانەدا، دەبن. هەمان دووبارەبوونەوە لە ناوچەکانی لێڤانتیش هەیە. بەڵام لە نیشتەجێێەکانی چیاکانی زاگرۆس بابەتەکانی کور-ئاراس لە ڕووی تەکنیکەکانی دیزاینەوە، لەوانەی رۆژئاوا جیایە

 

گڵسازیی تاکە خاڵی یەکلاکەرەوە نییە. شوێنەوارناسان بەڵگەی لێکچوونی ئایین و ڕێوڕەسمی ئایینیان لە باشووری قەوقاز و ئەو شوێنانەی کۆچەبەرەکانی گەیشتوونێ، دۆزیوەتەوە. هەر لە لێکچوونی پەرستگە و پەیڕەوکردن تا دەگاتە شێوازی خانووەکانیان و شێوەی بابەتەکانی کانزایی، لەوانەی کەلتووری دیکە جیاوازن. ئەو ڕاستییانە پێمان دەڵێن، هەڵگرانی کەلتووری کور-ئاراس بەرەو ڕۆژئاوا چوون و لە بەشی سەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاو بوونەتەوە و لەگەڵ دانیشتووی ئەو شوێنانە، تێکەڵ بوون. هەرچی ئەوانەی بەرەو زاگرۆس چوون، پێدەچێ هەر خۆیان بووبن. کلیلی نەتەوە بوونیان لە خۆیاندا هەبووە

 

پرسیار ئەوەیە ئەوانە بۆچی کۆچیان کرد و خاکی خۆیان بەجێهێشت؟ زۆر لێکدانەوە بۆ ئەو جۆرە کۆچانە لە مێژوودا هەن. هەیە بۆ زۆربوونی دانیشتووان دەیگەڕێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە لێکدانەوەی باشتر گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی بێ. بە واتای ئەوەی لەگەڵ پەیدابوونی پلەبەندیی لە ناو کۆمەڵگەدا، نا یەکسانیی بەرپا دەبێ، بۆیە سیستەمی کۆمەڵایەتیی لاوازەکان لە باوەش ناگرێ وناچاریان دەکات، کۆچ بکەن. ئەوە سنوورداربوونی دەستگەیشتنە بە سەرچاوەکانی ژیان وەکو، ئاو، زەوی بۆ کێڵان و ئاژەڵداریی. ئەوە هێزی پاڵنانە بۆ دەرەوەی ئەو ناوچەیە

 

ئەگەر هەیە هێزی ڕاکێشان لە ناوچەکانی دیکەوە ئەو کۆچبەرانەی بەرەو خۆی ڕاکێشابێ. سێ هۆکار بۆ ڕاکێشان هەیە. گۆشتی ئاژەڵ و خوری مەڕوماڵات، یان کانزاسازیی، یانیش پیشەسازی شەراب دروستکردن. کۆچبەرانی کور-ئاراس ٤٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین لە گۆدین تەپەی دۆڵی کەنگەوەڕ لە ناوەڕاستی زنجیرەی زاگرۆس نیشتەجێ بوون، بەڵام بۆ لەوێ؟ کانزاسازیی بۆ ئەوێی ڕاکێشاون یان شەراب؟ پاشماوەی دروستکردنی شەراب لە ئەرمەنستان بۆ ٦٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لە دوای ٢٩٠٠ ساڵ پێش زایین، کۆچێکی دیکەی کۆر-ئاراس دەگەنە گۆدین تەپە. کەلتووری کور-ئاراس لە کەنگەوەڕ تا ساڵی ٢٦٠٠ پێش زایین وەکو خۆی دەمێنێ، بەلام لەوە بە دواوە خێزانی دەسەڵادارانی ئیلام (بە ئاوان ناسراون) کەنگەوەڕ داگیر دەکەن و کەلتوورەکە ئیدی ون دەبێ

 

هەرچی لە ڕۆژئاوایە، ئەرسلان تەپە/ئەسلان تەپە چەقێکی گرنگی هاتووچوون و بازرگانی لەگەڵ میسۆپۆتامیا بووە. لە نزیک کانێکی گەورەی مسیش بووە. سەر ڕێگەی رۆژئاوا بۆ خۆرئاوا و باشوور بۆ باکوور بووە. بایەخێکی گەورەی هەبووە بەڵام هیشتا بە گۆدین تەپە نەگەیشتووە. دەشتاییەکانی نێوان تۆرۆس و ڕووباری مورادسو لەوەڕگەی لەبار بوون. لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین کۆچێکی دیکەی هەڵگرانی کەلتووری کور-ئاراس گەیشتوونەتە ناوچەی ئەرسلان تەپە. بەشێکی زۆریان شوانکار بوون و لە بن تاشە بەردەکان و لە ناو ئەشکەوتەکاندا دەژیان

 

پێمان وایە هەموو کۆمەڵێکی هاو نەژاد و ڕەچەڵەک هەمان کەلتوور هەڵگرن. بەڵام بە بڵاوبوونەوەی هەڵگرانی کەلتووری کور-ئاراس لە ناوچەی جیاجیادا، ناکرێ پێمان وابێ هەموویان لەگەڵ ئەوەی لەژێر کاریگەری ژینگەی دەورووبەریاندا بوون، بەڵام وەکو خۆیان مابنەوە. هەیانبووە تەنیا شوان بووە، یان هەبووە شوان و جووتیاریش بووە. سەرەڕای ئەوانەیش، لەگەڵ کۆمەڵگەکانی کۆچیان بۆ کردووە، تێکەڵ بوون و کارلێکیان لەگەڵ یەکدا هەبووە. بەڵگەیەکی وا نەدۆزراوەتەوە نیشان بدات تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکی سەر خاکەکان، توندوتیژ بووبێ. لە زاگرۆس لە شوێنەواری نۆرشون تەپە کەلتووری کور-ئاراس تێکەڵ بە کەلتووری باکووری میسۆپۆتامیا بووە، دواتر تەواو بوو بە کەلتووری میسۆپۆتامیا و کور-ئاراس ون بوو

 

سەرچاوە

 https://www.pnas.org/doi/full/10.1073/pnas.1502220112