تەزووی مرۆڤ

گومان لەوەدا نییە مرۆڤ بەتواناترین بوونەوەری سەر زەوییە. کاتێک مرۆڤ بەخۆی دەڵێ بەرزترین ئاستی ئەخلاقم هەیە، زۆر کەیف ساز دەبێ. دیسانەوە کاتێک بڵێ، ژیانی مرۆڤێک لەوەی مەڕێک، فیلێک، یان، ڕێوییەک پڕ بەهاترە، فیکەی سمێڵی دێ. بەڵام ئایا وایە؟ یان بە سادەیی لەبەرئەوە پێمان وایە ژیانی ئێمە پڕ بەهاترە چونکە کۆمەڵگەی مرۆڤ هێزی لەوانی دیکە زیاترە؟

ئەمەریکا زۆر لە ئەفگانستان گەورەترە، بەڵام ئایا ئەوە دەگەیەنێ بەهای ژیانی ئەمەریکاییەکان زۆرترە وەک لەوانەی ئەفگانستان؟ لە ژیانی پراکتیکدا، بەڵێ ژیانی ئەمەریکاییەکان بەنرخترە. زۆر زیاتر وەبەرهێنان لە پەروەردە، تەندروستیی و سەلامەتیدا لە ئەمەریکا دەکرێ نەک لە ئەفگانستان. کاتێک ئەمەریکاییەک خوێنی بە لووتدا دێت، هەموو جیهان پێوەێ سەرقاڵ دەبێت، بەڵام کوشتنی ئەفگانییەک کەس ئاگای لێ نییە. ئەوە لە تەرازووی هێزی جیۆپۆلیتیکی ئەمریکا و ئەفگانستانەوە سەرچاوەی گرتووە. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، ئەفگانستان هێندەی ئەمەریکا دەسەڵاتی نییە. کەچی ژیانی منداڵێکی تۆرا بۆرا لە هەموو ڕوویەکەوە وەک ژیانی منداڵیکی بێڤەرلی هیڵز، پیرۆزە

 

بەڵام ئەگەر ژیانی منداڵێکمان لە ژیانی بەرخێک بەنرختر ببینین، ناوی نانێین هێزمان لە ژینگەدا لە چاو مەڕ، زۆرترە. دەمانەوێ وا لە خۆمان بگەیەنین، کە ژیانی مرۆڤ لە چەند ڕوویەکی سەرەکییەوە لە هەموو ئاژەڵان زۆر بەرزترە و ئاستێکی ئەفسووناویمان لە باڵادەستییدا هەیە، نەک هەر سەرچاوەی دەسەڵاتەکەمانە، بەڵکو پاساوێکی ئەخلاقیشمان بۆ ئەو ئاستە بەرزە دەداتێ

 

بەڵام ئەو تەزووەی مرۆڤ چییە وای لێکردووە، ئاوا بیر بکاتەوە؟

 

وەڵامی باوەڕدارانی ئایینە ئاسمانییەکان بە سادەیی دەڵێ، مرۆڤ رۆحی نەمری هەیە، بۆیە وایە. جەستە دەمرێ و لەبەریەک هەڵدەوەشێ، رۆح بەرەو ڕزگاربوونی یەکجارەکیی، یان، نەفرەت کراوی هەتا هەتایی، گەشت دەکات. مەبەست بەهەشتە و یانیش دۆزەخ. بەڵام ڕۆحی گیانداران بە هەمان درامای گەردوونیدا ناڕوات، بۆیە بەهای رۆحی مرۆڤ بەنرخترە. ئەو هزرە ژیانی چەند ملیار کەسێکی لە سەدەی بیست و یەکدا، لە قاڵب داوە

 

زانست هەموو کونج و کەلێنێکی لەشی مرۆڤ و تەنانەت مێشکیشی پشکنیوە، تا ئێستایش ناتوانێ بیسەلمێنێ رۆح هەیە و لە کوێیە؟ باسی رۆح بەلای زۆر لە زانایانەوە، باسێکی دەرەوەی زانستە. زانست بە بەڵگە و دواتریش سەلماندنی بەڵگە، کار دەکات. ئەگەر زانست نەیتوانیوە بە بەڵگە رۆح بدۆزێتەوە، ناشتوانێ باسی بکات، هەر نەبێ جارێ وایە. خۆ ئەگەر بێینە سەر سەرەتاترین بنەماکانی بیردۆزی گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێش چوون (التطور)ی داروین، ئەوا هەبوونی رۆح بە تەواوی پێچەوانەیەتی. ئەو پێچەوانەبوونە سەرچاوەی رەتکردنەوەی باوەڕدارانی ئایینە ئاسمانییەکانە بۆ ئەو بیردۆزە. چونکە بیردۆزی داروین ناتوانێ سەرەتای پەیدابوونی رۆح بدۆزێتەوە و ئەگەر باسیشی بکات، لەگەڵ ئایینەکاندا یەک ناگرێتەوە

 

بۆ نموونە، چیرۆکی پەیدابوون لە ئادەم و حەواوەیە، ئەوان یەکەم رۆحی مرۆڤن لەسەر زەوی، دوای ئەوان هەموو رۆحەکان هاتوون و دەڕۆن. کەچی ئاشکرایە بیردۆزەکەی داروین باسی چەند ملیۆن ساڵێک پێش ئێستا دەکات، هەرنەبێ باپیرە گەورەی مرۆڤ بەر لە ٢ ملیۆن ساڵ ژیاوە، ئایا ئەو کات ڕۆحی نەبووە؟ بیردۆزی داروین ئەگەر بە دوای ڕۆحدا بگەڕێ نازانێ لە کوێوە هاتووەتە ناو مرۆڤ یان باپیرە گەورەکانی مرۆڤ. بۆیە باوەڕی بە رۆح هەر نییە و باسیشی ناکات

 

سەرەتای دروست بوونی بیرۆکەی هەبوونی رۆح بۆ سەردەمی دووانە خواوەندیی دەگەڕێتەوە. لە ئایینەکانی میزۆپۆتامیا و میسری فیرعەونەکاندا، بەهەمان شێوە لە زەردەشتیی و ئایینەکانی هیندستاندا، دووانە خواوەندی هەبووە. لە هزرە دووانەییەکاندا، دوو خوا هەبووە. یەکێکیان خوای باشەیە، رۆحی پاک و بێگەرد و نەمری دروست کرد. ئەوی دیکەشیان خوای خراپەیە (هەندێ جار بە ساتان ناو دەهێنرێ، دوور نییە شەیتانی عەرەبیش هەر لەو وشەیەوە هاتبێ)، جیهانێکی دیکەی لە ماددە دروست کرد. ساتان نەیدەزانی چۆن جیهانەکەی بە نەمریی بهێڵێتەوە، بۆیە لە جیهانی ماددیدا هەموو شتێک دەڕزێ و لەبەر یەک هەڵدەوەشێ. بۆ ئەوەی ژیان بە بەر جیهانە ناتەواوەکەیدا بکات، ساتان رۆحەکانی لە جیهانی پاک و بێگەردەوە هەڵخەڵەتاند، لە ناو جەستەی ماددەکاندا، زیندانی کردن. ئەوەیش مرۆڤە. رۆحێکی پاک و بێگەرد لە ناو جەستەیەکی خراپدا، گیری خواردووە

 

بە مردنی جەستەکان رۆحەکان دەرفەتی هەڵاتنیان بۆ جیهانی خۆیان، هەیە. بەڵام ئارەزووی زۆری رۆح بۆ خۆشییەکانی جەستە (خواردن، دەسەڵات و سێکس) بۆ ناو جەستەکانیان دەهێنێتەوە. ئیدی رۆحەکان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی دیکە دەڕۆن. ئەوە کورتەی هزری دوانەیی بوو

 

ئەگەر مێژووی دروست بوونی رۆح لە ناو کولتوور و هزری مرۆڤ ئاوا بووبێت، کەواتە وەڵامی ئایینەکان شێواویی پێوەیە. ناکرێ پاساو هێنانەوەمان بۆ لووت بەرزی و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی زەوی و ئاژەڵان، لەبەر هەبوونی رۆحی نەمرییمان بێ. مرۆڤ جگە لە ژیریی و هەندێ سیفاتی دیکەی، هیچ تایبەتمەندییەکی دیکەی لە چاو زیندەوەرانی دیکەدا نییە. بۆچی نەگەیشوتووینەتە ئەوەی رۆحی هەموو بوونەوەران، بە تایبەتیش ئاژەڵان، وەک یەک بەهادارن؟

 

ئەی زانست چی دەڵێ؟ وەڵامێکی ئاسان و کورت وەک ئەوەی ئایینەکان، لە زانستدا نییە. دیسانەوە بەپێی بیردۆزەکەی داروین بێ، ئەوە بەشێکە لە مانەوەی مرۆڤ وەک جۆرێکی بوونەوەر، بوونەوەرێك بەرگەی هەموو گرفتەکانی گرتووە و پێشکەوتنی بۆ خۆی ئەنجامداوە. یاسای سروشت هەر وا هاتووە و هەر وایش دەمێنێ، ئەگەر کیانلەبەرێک نەمرێ سکی من تێر نابێ. ئەوە بنەمای مانەوەی کۆمەڵگە ڕاوچییەکانی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرە. خواردنی مرۆڤیش تا ئێستە بە ئاژەڵانەوە بەستراوەتەوە  بە بەردەوامیی، یەک ملیار و نیو مانگا و ٢٠ ملیار مریشک، لە کێڵگەکاندا بە خێو دەکرێن. تا ئەوان سەرنەبڕدرێن و نەکرێنە خواردن، سکی مرۆڤەکان بە ئاسانی تێر نابێ