بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

مشتومڕی بنەچەی کورد تا ئێستا ساغ نەبووەتەوە و بە ئاسانیش ناگاتە ئەنجام. هۆکارێکی زۆر سادەی ئەو بابەتە ئەوەیە ئەوانەی ئێستا بە کوردی دەدوێن و خۆیان وەکو نەتەوەی کورد دەناسێنن، لە سەردەمانی بەر لە مێژووەوە هەبوون و لەسەر ئەو خاکەی ناوی کوردستانە ژیاون. کاتێک دەڵێین بەر لە مێژوو، هەڵبەت مەبەست ئەوەیە جارێ مرۆڤ نووسینی دانەهێنابوو، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو مێژووەی باب و باپیرانی کورد لە کوردستان هەیانبووە، تۆمارنەکراوە. کارێکی هەرە قورسی مێژوونووسانی کوردیش هەر ئەوەبووە کە نەیانتوانیوە جگە لە ئاماژەی کورت و کەمی پەرتوبڵاوی سەرچاوەی هەمەجۆری ئەو کاتە، شتێکی تێروتەسەل نەدۆزنەوە. سەرباری ئەوانەش، چەندی دێ توێژینەوە و زانیاریی تازە دێتە دەست و لایەنێکی کەمی مێژووی دێرینمان، ڕووناک دەکەنەوە


لە کارە هەرە قورسەکانی مێژوونووسان ئەوە بووە ئایا کورد ئاریایین یان نا. تا کۆتایی سەدەی ڕابردوو هەموو بۆچوونەکان کۆک بوون و پێیان وابوو کورد ئاریایین. تا ئێستاش ئەوانەی پشت بە سەرچاوە کۆن و باییەکانی سەدەی ڕابردوو دەبەستن لە ژێر هەمان کاریگەردا ماون. پاڵنەری ئەو بۆچوونەیان لێکچوونی زمانی کوردی بووە لەگەڵ زمانەکانی دیکەی خێزانی هیندۆ-ئێرانی و هیندۆ-ئەوروپی بە گشتیی. لە سەرودەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵیدا بەر لە ١٠ تا ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر، باب و باپیرانی کورد تاکە نیشتەجێیانی خاکی کوردستان بوون. هەرنەبێ بە درێژایی مێژووی چوار هەزار ساڵی ڕابردوو، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لە زاگرۆس و دەورووبەری، دووچاری گۆڕان و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆچبەران و داگیرکەران بوون. ئەگەرچی پاشماوەی بەشی هەرە زۆری ئەو جۆرە تێکەڵبوون و داگیرکارییە لە مێژوودا نییە و وێنەکە لەو بارەیەوە هەر لێڵە و ئاسۆیەکی ڕوون نییە لەوە ڕوونتر ببێت، بەڵام جینەکان و هەموو ماددەی بۆماوەیی کوردانی ئێستا و ئەوانەی پێش هاتنی ئاریاییەکان لە کوردستان دەژیان، ئەو تۆمارەیان لەخۆدا هەڵگرتووە و سەلمێنەری کۆمەڵێک گۆڕانکاری و تۆماری چاوەڕواننەکراون. زانیارییەکان تەواو پێچەوانەی ئاریاییبوونی کوردن


لەگەڵ ئەو بیردۆزانەی بۆ دیاریکردنی ڕەچەڵەک پشت بە زمان دەبەستن، هەندێ هەوڵی دیکەی ڕەگ قووڵ لە سەدەی نۆزدە دەرکەوتن و تا ئەمڕۆ هەر ماون، ئەوەیە کە ڕەچەڵەکی کورد بە پەت و تۆڕی گریمانەکانی زمان، مەزهەب و هەبوونی “نەژاد” وەک جیاکەرەوەی مرۆڤ، دەبەستێتەوە. ئەو گریمانانە بە تەواوی چەند جارێک لە لایەن کۆمەڵەی مرۆڤناسیی ئەمەریکا ڕەت کراونەتەوە (بڕوانە گۆڤاری زانستی مرۆڤناسیی جەستەیی ئەمەریکا، ژمارە ١٠١ ساڵی ١٩٩٦ ، ٥٦٩-٥٧٠)، چونکە هەموو تاقیکردنەوە بڵاوکراوەکان بۆ هەوڵدانی سەلماندنی نەژادێکی هاوبەشی کوردەکان بە تەواوی بێ ئەنجام بوون، ئینجا ئەوەی چەند جێی متمانەیە و لە ڕاستییەوە نزیکە، لە لایەکی دیکەی دانێ. کەواتە لێکچوونی زمان هەرگیز نابێتە یەکلاکەرەوەی ڕەچەڵەکی کورد. لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی نەژادێکی پاک و بێگەرد لە ناو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەمێکە نەماوە. هەر پێناسەی نەژاد وەک دەستەواژە، بۆ یەکلاکردنەوەی رەچەڵەک، گونجاو نییە. چونکە نەژادی پاک، نە هەبووە و نە هەیە


هاتنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەکانی زاگرۆس و ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئێرانە بەیەک کۆمەڵ و یەک کۆچ نەبووە. تۆمارەکانی میسۆپۆتامیای کۆن ئاماژە بۆ ئومان-ماندا دەکەن. زاراوەی میسۆپۆتامیای کۆن ئومان-ماندا سەلمێنەری هەبوونی کۆچبەری کۆمەڵە سەربازی چەند نەژادێکی جیاوازی سەدەی بیست و یەکی پێش زایینە. ئومان لە زمانی ئەکادی بۆ ئێرین-مێش (جۆرێک سەربازی ئەکاد بوون) وەک ئاماژە بۆ سەربازی چەکدار بەکارهاتووە (جەنگاوەر). هاوڕاییەکی تەواو لەسەر بەشی دووەم “ماندا” نییە، بۆ نموونە لای بابلیەکان “ماندوم” واتای سەرباز بووە؛ یان سۆمەریەکان “ما –(ن) دو (م)” بۆ زەوی و شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی دوور بەکارهاتووە. بەلای زۆری دیکەوە ئومان-ماندا، زاراوەیەکی گشتیی بووە بۆ ئاماژە بەهەر کۆمەڵێکی نەژاد و پێکهاتەی سەربازیی و/یان خەڵکی بیانیی لە گەلانی ئوراسیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک


لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. و لەسەردەمی ئیشبی-ئیرا دامەزرێنەری خێزانی دەسەڵاتداری ئیسین (١٩٨٥ تا ٢٩١٧ پ. ز.) تا سواڵەتەکانی (تابلۆ قوڕیینەکان) سپارتۆلی سەردەمی ئەخمیدیەکانی فارس (٤٠٠-٦٠٠ ساڵ پ. ز.) نزیکتیرن سەرچاوەی نوێ ئەوەی توێژەری لاوی تورک سەلیم فێروح عەدالی (ئومان-ماندا و بایەخەکەی لە هەزارەی یەکەمی پ. ز.، ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی سیدنی ئوسترالیا). عەدالی لە ناو ٥١ سەرچاوەدا ٢٨ یان بۆ ئەفسانەکانی میسۆپۆتامیا دەگەڕێنێتەوە، ٢٣ شیان دەکرێت وەک دەقی مێژوویی نێوان سەدەکانی ١٨ بۆ ٦ ی پ. ز. تەماشا بکرێن. پێدەچێت وشەی ئومان-ماندا کۆچی هەڵگرانی جینی ئاریاییەکان (جینی ئاڕ ١ ئەی ١) دەچەسپێنێت یان یەکلا دەکاتەوە، وەک ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ دەڵێت “کاتەکانی کۆچکردنی هەڵگرانی جینی ئاڕ ١ ئەی ١ لە ناوچەکانی باشووری ڕوسیاوە بەرەو باشوور بە ئەرمەنستاندا بۆ ئەناتۆلیا، باکووری ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەی عەرەبی بە تەواوی لەگەڵ کاتی بەکارهێنانی وشەکەدا ٣٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ لەوانەیشە ٣٣٠٠ بۆ ٤٢٠٠ ساڵ پ. ز.، یەکدەگرێتەوە و تەبان


لە ڕابردوودا هەندێ نموونەی کەمی دیکەی زانایانی ناوداری زمانناسیی هەبوون، لە کاتی خۆیاندا بیرۆکەی هەبوونی کورد پێش دەرکەوتنی هیندۆ ئەوروپاییەکانیان خستووەتە ڕوو، واتا پێش گەلە ئێرانییەکان. لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە وەکو مێژوونووس و زمانەوانی گورجستان نیکۆلای یاکۆفلیفیچ مار (١٨٦٤-١٩٣٤)، ڕۆژهەڵاتناس ئیفرایم ئەڤیگدۆر سپییسەر (١٩٠٢-١٩٦٥) خەڵکی گالیاسیای ئیسپانیا و ماوەیەکی درێژ سەرۆکی بەشی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵات بووە لە نێوان ١٩٤٧-١٩٦٥ لە زانکۆی پێنسیلڤینیای ئەمەریکا. هەردووکیان کورد وەک نەوەی گوتیەکان و لوللوبیەکان دەبینن، ئەوانیش دانیشتووی هەرە ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆس و دەورووبەری بوون


لە ٣٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئێرانە بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا کە دەکاتە دامێنی بەرزاییەکانی زاگرۆس، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر جین، زمان و تەواوی دیمەنی پێکهاتەی مرۆڤدا، هات. تا ئێستا خەسڵەت و کاریگەریی جینەکانی داگیرکارە هیندۆ-ئێرانییەکان بۆ سەر ئێران و کوردستان بەباشی لێكۆڵینەوەی بۆ نەکراوە. لە توێژینەوەیەکی نوێی توێژەری لاو دلاوەر خان، بە بەگەڕخستنی دوو ئامرازی تۆکمەی کیو پی وەیڤ و کیو پی ئادم لە زانستی ئامار و (دەبلیو جی ئێس) (واتا دەستنیشانکردنی یەک لەدوای یەکی جینەکانی سەر رکۆمۆسۆمی ئەندامێکی جەستە لە یەک کاتدا) بۆ جینە دوانە ڕەنگەکانی کوردانی هاوچەرخ و جینەکانی خەڵکی دێرین، توانیان بنچینەی جینەکانی تەختاییەکانی ئاسیای ناوەڕاستی چاخی برۆنز و ئاسن، لەگەڵ بنچینەی جینە دێرینەکانی ئەم ناوچەیەدا کە لەگەڵ مادەکان و کوردانی هاوچەرخ تێکەڵ بوون، بدۆزێتەوە. شییکردنەوەکان چەند چینێکی تێکەڵبوونی جینی دەشتایی هیندۆ-ئێرانییەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵدا، نیشان دەدەن


سەبارەت بە کۆچی ئاریاییەکانی سەردەمانی مادەکان، لە پەڕتووکەکەی بە ناوی کوردناسی، توێژەر زەکەریا قادری بە وردی باسی یەکەمین پێکدادانی نێوان باب و باپیرانی کوردەکانی ئەوکاتەی ناوچەی دەریاچەی کاسپیان/قەزوین (ناوی کاسپیان لەو خێڵە کوردەوە هاتووە لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووبوون). ئەگەر بۆ چەند سەدەیەکە نووسینەکانی هیرۆدۆتس بۆی بەجێهێشتووین وەکو سەرچاوەی یەکلاکەرەوەی ئەوەی کورد کێیە و لە کوێوە هاتوون و کام دەوڵەت و شارستانییەتیان هەبووە، جێ پێی خۆی تەواو توند کردبوو و نزیکەی هەموو توێژەر و مێژوونووسانی کوردیش لە سەدەی ڕابردوودا پشتیان پێ دەبەست. بەڵام زەکەریا ڕەخنەی زۆر سەنگینی لەو بارەیەوە هەیە و ناکرێت ئێمەی کورد پشت بە نووسینەکانی هیرۆدۆتس ببەستین تا مێژووی خۆمانی پێ بنووسینەوە


ئەگەر زانستی نوێ و ئامرازەکانی لە توێژینەوەی جینناسییدا بەکاردێن بخەینە گەڕ، ئەوا دەبینن لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا، بەهیندۆ-ئەوروپاییکردن، جینی شوانکارانی زاگرۆسی چاخی بەردینی گۆڕیوە. ئەو گۆڕانە لە بەراوردی نێوان پاشماوەی مرۆڤی زاگرۆس لە شوێنەواری تەپکی حاجی فەیروزی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن لە نزیک نەغەدە، لەگەڵ تێکەڵەی ئاسیای ناوەڕاست لە پاشماوەی مادە هیندۆ-ئێرانییەکان (مەبەست دەوڵەتی مادەکانە یان میدەکان) کە لە شوێنەواری حەسەنلوی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، دەردەکەوێت. مرۆڤەکەی شوێنەواری حاجی فەیروز لە تێکەڵەی یەکەمین جووتیارەکانی دامێنی زاگرۆس و ئەناتۆلیای شۆڕشی کشتوکاڵ بووە. بەڵام مرۆڤەکەی حەسەنلو تێکەڵەی ئەمانەی خوارەوە بووە


شوانەکانی زاگرۆسی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن
جووتیارەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی ناوچەی لێڤانت (شام)، ٨٧٠٠ ساڵ کۆن
هیندۆ-ئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان، ٢٨٠٠ ساڵ کۆن، ئامرازی کیو پی ئادم ڕێژەی ٦٠/٤٠٪ تێکەڵەی گەلانی خاوەن کلتوری ئەندرۆنۆڤۆ- چاخی برۆنز و ئاسن/باکتریای دێرین (باکتریا) لە تورکمانستان، نیشان دەدات


کلتوری ئەندۆنۆڤۆ دراوسێی دوو کلتوری تورکمانستان بووە، باکتریا و یازی ئێرانی. بەو پێیە لەگەڵ ئەنجامەکانی کیو پی ئادم یەکە و ڕێژەی ٦٠/٤٠ تەواوە. کەواتە هیندۆ-ئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان بەشێک لەو جینانەیان بۆ ئێمە هێناوە و لەگەڵ جینی کوردەکاندا تێکەڵ بوون


ئامرازی کییو پی ئادم  دەریدەخات جینەکانی دانیشتووانی لیڤانت لە کوردی هاوچەرخدا، هەرنەبێ ٢٧٠٠ ساڵ کۆنن و لە مادەکانەوە بۆیان ماوەتەوە. گریمانە وایە ئەو تێکەڵبوونە لە سەردەمی ئاشووری کۆن و ناوەند ڕوویدابێت، بەڵگەی ئەوە لە شێوەکانی ٢-٤ ی توێژینەوەکەی دلاوەر خان نیشاندراوە. بەڵام لە نموونەکەی حەسەنلووی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، ئەو بەڵگەیە دیارنامێنێت، چونکە مادەکان جینەکانی لێڤانتیان زۆرتر تێدابوو وەک لە شوانەکانی چاخی بەردینی کوردستان. مۆدیلەکانی کییو پی ئادم بۆ کوردەکان سێ ڕەگی تێدایە، مرۆڤی کۆنی چاخی بەردیین + مرۆڤی لێڤانت + سکیسیەکان/سارماشیەکان، ئامرازی کیو پی ئادم پێویستیی بە هەبوونی جینەکانی تورکمانستان نییە، کەچی بۆ نموونەکەی حەسەنلو (ماد) ئەو ئامرازە ناتوانێت بەبێ جینی تورکمانستان شیکاریی بکات. بەبێ ڕەچەڵەکی سکیسیەکان/سارماشیەکانیش، ئامرازەکە بۆ کوردەکان کار ناکات


لە ڕواڵەتدا، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ توێژینەوەی دیکەدا کە دەڵێن کوردەکان نەوەی سکیسییەکانن، تەبایە. بەڵام قووڵایی کاریگەریی سکیسییەکان لە ناو جینی نموونەکەی حاجی فەیروزدا، واناڵێ. جینی سکیسییەکان لە نموونەکەی حاجی فەیروزدا تەنیا بە ڕێژەی ٢٦.٧ تا ٣١.٣٪ هەیە، ئینجا بەر لە ٢٨٠٠ ساڵ جینی تورکمانستانیان بۆ هاتووە. بەو شێوەیە پاشماوەی جینەکانی هیندۆئێرانییەکان لە چاخی برۆنز و ئاسن لە کوردەکاندا دەگاتە نێوان ٤٣ تا ٤٩٪. ئەو ڕێژەیە کاریگەریی ئاسیای ناوەڕاست لەسەر زمان، جین و بیرو هزری نیشتەجیێیانی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا، لێکدەداتەوە، چونکە کوردەکان جینی گەلانی ئەندرۆنۆڤۆیان لە مادەکانەوە وەرگرتووە. زۆربەی توێژەرانیش کلتوری ٣٠٠٠ تا ٥٠٠٠ ساڵەی ئەندرۆنۆڤۆ لەگەڵ دەرکەوتنی زمانی هیندۆ-ئێرانییەکان، لێک گرێدەدەن


بەگەڕخستنی ئامرازی کیو پیی ئادم  بۆ نموونەکەی حاجی فەیروز (مرۆڤی زاگرۆس) هیچ تێکەڵەی جینی ئاسیای ناوەڕاستی تێدا دەرناخات. بەڵام بۆ ئەوەی حەسەنلو (ماد)، جینەکانی تورکمانستان نیشان دەدات. کەواتە کوردەکان جینی ئاسیای ناوەڕاستیان لە مادەکانەوە بۆ هاتووە. توێژینەوە هەبووە ڕەچەڵەکی کوردی بە سکیسییەکانەوە بەستووەتەوە. هەبوونی جینی سکیسییەکان لە ناو کۆمەڵە جینی کورددا هۆکاری دیکەی هەیە و ناکرێ سەلمێنەری ئەوەبن کوردەکان نەوەی سکیسیەکان بن. جینی سکیسییەکان لە کوردی هاوچەرخدا لەبەرئەوەیە پێش دەرکەوتنی هیندۆئێرانییەکان، هەمان باوانیان هەبووە. ئەگەر ئەو ڕەخنەیە دروست بێ، کەواتە دەبێ جینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ناو کوردەکاندا نەبێ، چونکە کوردەکان نە تێکەڵەی مرۆڤی حاجی فەیروز + تورکمانستان + جینی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای تێکەڵ بە مەنگۆلن و نە لە تێکەڵەی مرۆڤی حەسەنلو + تورکمانستان + جینی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای تێکەڵ بە مەنگۆلن، هیچ لەو دووانە نین. خۆ ئەگەر لە دوای جینی مەنگۆلەکان لەناو مرۆڤەکەی حەسەنلو بگەڕێین، دەبینین تەنیا ٧-٩٪ جینی مەنگۆلەکانی تێدایە، کەواتە مادەکان هەڵگری جینەکانی مەنگۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای چاخی ئاسن نەبوون


کوردەکانی عێراق لە سکیسییەکان و مەنگۆلی دێرین نزیکن بەڵام هەردوو نموونەکانی حاجی فەیروز و حەسەنلو دوورن، بە واتای ئەوەی دوای ساڵی ٧٠٠ پ. ز. ئەو جینانە هاتوونەتە ناو کوردەکان. ئەو ئەنجامە لەگەڵ ئەنجامی شیکاریی ئامرازی کیو پی وەیڤ لە توێژینەوەکەی دلاوەر خان دا، تەریبە. کوردانی عێراق لە نموونەی ئۆیگۆری مەنگۆل نزیکترن وەک ئەوانەی مرۆڤی زاگرۆس و ئەوانەی کلتوری یازد لە هیندۆ-ئێرانییەکانی تورکمانستانی پێش ٢٨٠٠ ساڵ. بە واتای ئەوەی ئەو جینانەی ئۆیگۆری مەنگۆل دوای هاتنی هێرشەکانی گەلانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ناوچەکە، هاتوون. ئەو جۆرە گۆڕانانەی بۆماوەیی لە کوردەکاندا، لە مێژووی نووسراودا تۆمارناکرێت، بۆیە پشت بەستن بە زانستی جینناسیی و ئەنجامەکانی، پەردە لەسەر ڕووداوی مێژوویی گرنگ لەسەر مێژووی کورد، هەڵدەداتەوە.


نزیکیی جینەکانی کوردانی عێراق لە دانیشتووانی دێرینی ڕۆژئاوای ئاسیا لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لە چەند توێژینەوەیەکدا بەدەست گەیشتوون سەبارەت بەوەی ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ هیندۆ-ئێرانییەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست ناگەڕێتەوە، دوو ئەنجامی وەکو یەکن. توێژەینەوەکەی دلاور خان، توێژینەوەی فرەپسپۆریی هەنەر بیشلەر، تویژینەوەی جینناسیی ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ و نامەی دکتۆرای زەکەریا قادری، پاڵپشتی ئەو بۆچوونەن. ئەو لێکدانەوەیەی دلاوەر خان کردوویەتی، لە ڕووی جوگرافیاوە خزانی کوردەکانی کەمێک بەرەو ڕۆژهەڵات لێکداوەتەوە؛ دووری کوردەکان لە هەردوو کلتوری سینتاشتا و ئەندرۆنۆڤۆ نیشان دەدات. ئەنجامەکانیش دەیسەلمێنن یەکەمین جینەکانی هیندۆ-ئێرانی لە ڕێگەی خەڵکانی هیندۆ-ئێرانی چاخی ئاسن، وەکو تورکمانستان و سکیسییەکانەوە، کە هەردووکیان ڕەچەڵەکی ناوەڕاستی ئاسیایان هەیە، بۆ کوردەکان گواستراوەتەوە


بەکارهێنانی زنجیرەی دەبلیو جی ئێس (دەستنیشانکردنی یەک لەدوای یەکی جینەکانی سەر کڕۆمۆسۆم بۆ ئەندامێکی جەستە) و زنجیرەی ترشی ناووکی کۆن و نوێ، لەپاڵ شییکاریی فەرمیی هەردوو ئامرازی کیو پی وەیڤ و کیو پی ئادم بۆ مۆدێلی بۆماوەیی تێکەڵبوونی جینی کوردەکان، نیشانی دەدەن کوردی هاوچەرخ نزیکەی ٥٨٪ تا ٧١٪ی جینەکانی ئەوانەن لە شوانکار و ئاژەڵدارانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیای پێش هاتنی هیندۆ-ئێرانییەکان، بۆی ماوەتەوە. دوای ئەوە ٢٩٪ تا ٤٢٪ی تێکەڵەی هیندۆ-ئێرانیی نزیک لە سکیسییەکان/ سارماتییەکان/ پارسەکان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ هاتووە. دەکرێت ڕووداوە تێکەڵەکانی ٢٠٠٠ تا ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە نێوان شوانکار و ئاژەڵدارانی لە ناوچەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس و تەختاییەکانی ئێران پێش هاتنی هیندۆ-ئێرانییەکان، لەگەڵ داگیرکارەکانی سکیسییەکان/ سارماتییەکان/ پارسەکان/ مادەکان لە بڵاوبوونەوەی زمانەکانی هیندۆ-ئێرانیی لەو ناوچانەدا، بەرپرس بن


زمانەکانی هیندۆ-ئێرانی لە نێوان دەریای ڕەش تا هەرێمی زینگژیانگ لە چین قسەی پێدەکرێت (تاجیکەکانیش بە ساریکۆل دەدوێن). زانای ئێرانناس گێرنۆت ویندفوهەر زمانی کوردی لە بن لقی پارسیان داناوە و بە درێژەی زمانی مادەکانی دەبینێت. لەبەرئەوەی زمانی پارسی لە ناوچەکانی ئەفغانستانی ئێستا دەرکەوتووە، بۆیە پێدەچێت پارسی کاریگەریی لەسەر کوردی و پشتو زۆرتر بێت، تا فارسی، کە بە زمانی باشووری ئێرانییەکان داندراوە. وا دیارە زمانەکانی هیندۆ-ئێرانی لەگەڵ هاتنی ماد و پارسەکان لە سەردەمی چاخی ئاسن بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ، باڵادەستیی وەرگرتووە. بەڵام توێژەرانی دیکە پێیان وابوو زمانی کوردی ١٠٠٪ لە زمانی سکیسییەکانی چاخی ئاسن، ماوەتەوە


ئەوەی لەو سەرچاوانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە بە پشت بەستن بە توێژینەوەی نوێ سەبارەت بە مێژووی دێرینی ناوچەکە وەکوو ئەوەی هەنەر بیشلەر و سەلیم فێروح عەدالی لێیان کۆڵیوەتەوە و ئینجا بەکاربردنی زانستی سەردەم و ڕێگە فەرمییەکانی ئامار و جینناسیی، وەکوو توێژینەوەکانی دلاوەر خان و کلیۆسۆڤ، نیشانمان دەدا کە کوردانی هاوچەرخ لە ڕووی بۆماوییەوە، زۆرتر بەلای زاگرۆسییەکانی چاخی بەردیندا دەشکێنەوە. ئەو ئەنجامە لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوەکەی ئونترلاندەر، پاڵسترا و لازاریدیس و تیمەکەیان یەکدەگرێتەوە. هەر ئەو هیندۆ-ئێرانییانە سەرچاوەی هەندێ کرۆمۆسۆمی نێری تەختاییەکانی ناوەڕاستی ئاسیان لە کوردەکاندا و لە چاو گەلانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە ئێرانی و نائێرانییەکانەوە کاریگەرییان لەسەر کوردەکان زۆرتر بەدی دەکرێت


سەرچاوەکان
١. هیندۆ-ئەوروپاییکردنی ئێران و کوردستان، پێکهاتەی جینەکانی هیندۆ-ئێرانییە داگیرکەرەکان. دلاوەر خان، ٢٠٢١
٢. کوردناسی، زەکەریا قادری، ٢٠١٩
٣. ڕەچەڵەکی کورد، توێژینەوەی فرە پسپۆریی، هەنەر بیشلەر، ٢٠١٢
٤. بڵاوکراوەکانی ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ، ٢٠١١ و ٢٠١٢.