زانست لە سەدەی ٢١ دا هەوڵی نەهێشتنی نەخۆشییەکان و درێژکردنی تەمەنی مرۆڤی لە ئەستۆدایە. وەک چۆن سەرەتای زانست ناوەندی تەمەنی مرۆڤ تەنیا ٣٠ ساڵ بوو، تەنانەت لە ساڵی ١٩٠٠ بە هۆی بەد خۆراکیی، پەتا و توندوتیژیی ناوەندی تەمەنی مرۆڤ تەنیا ٤٠ ساڵ بوو، ئەوەی لە برسییەتیی، پەتا و جەنگەکاندا ڕزگاری بوایە، تا ٧٠ و ٨٠ ساڵیی دەژیا. بە زانست و تەکنۆلۆجیا ناوەندی تەمەن ئێستە گەیشتووەتە ٧٩ ساڵ. لە سەدەی بیستەمدا ناوەندی تەمەنی مرۆڤ لە جیهاندا لە ٤٠ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵ درێژکراوە. هەرنەبێ لە سەدەی ٢١ دا دەبێ دیسان دوو ئەوەندەێ لێ بکەین، واتا بگەینە ١٥٠ ساڵ
زانست و تەکنۆلۆژیا بەسەر برسییەتیی و پەتاکاندا سەرکەوتوون. لە جاڕی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤدا هاتووە "مافی ژیان بۆ هەموو کەس دەبێ دەستەبەربێ". بەڵام مردن دژی ئەو مافەی مرۆڤە، بۆیە دەبێ بە هەموو تواناوە لەگەڵی لە جەنگدا بین
ئایینەکان مرۆڤیان بە پیرۆز دانەناوە، هەردەم ژیانی دوای زەوی پیرۆزتر بووە. لەوێشدا مردن نییە. ئیسلام، مەسیحیەت و هیندۆس دەڵێن واتای ژیانت لێرە بە قەدەرت لە ژیانی داهاتووتدا، بەندە. بۆیە مرندیان وەک بەشیکێ گرنگ و ئەرێنی ناساندووە. مرۆڤ دەمرێ چونکە فەرمانی خوایە. بیهێنە بەرچاوی خۆت، جیهانێک بێ مردن بێ، کەواتە بێ بەهەشت و دۆزەخیشە. کولتووری هاوچەرخ و زانستیی هاودەم، مردن بە سەرچاوەی ژیانی ئاییندە نازانن. بەڵکو مردن گرفتێکی تەکنیکییە
دڵ ڕاوەستا، خوێنبەر و خوێنهێن گیراون، جەرگ تووشی شیرپەنجە بووە و بەکتیریا سنگی تەنیوە. ئەوانە هەمووی گرفتی تەکنیکین دەکرێ بنبڕ بکرێن، گرفتی تەکنیکی چارەسەری تەکنیکی گەرەکە. ئەگەر ئەندامەکانی لەش لە کارکەوتن یان تێکچوون، بیانگۆڕە و ژیان درێژ کەوە. مردن مەهێڵە. ئەگەر تا ئێستە مردن کاری پیاوانی ئایین و لاهووت بووە، ئێستە کاری چەند توێژەرێکی تاقیگەیەکی پڕ تەکنۆلۆجیی نوێیە
بە ڕای زۆربەی زانا و دکتۆرەکان جارێ زۆرمان ماوە بگەینە نەمریی. دەڵێن جارێ ئێمە خەریکی ئەم، یان، ئەو گرفتەین. لەبەرئەوەی پیریی و مردن ئەنجامی چەند گرفتێکن، خاڵێک نییە زانا و دکتۆرەکان تێیدا ڕاوەستن، دەبێ گرفتەکە چارەسەر بکرێ. ئەگەر هەندێ جۆری شێرپەنجە و سیلمان زەلیل کردوە، بەڵام هێشتا ئەلزهایمەر گرفتە و مرۆڤ دەکوژێ. کەمینەیەک لە زانا و دکتۆرەکان بە ڕاشکاوانە دەڵێن ئامانجی سەرەکیی زانست ئێستە دەستکەوتنی نەمریی و هێشتنەوە/گەڕاندنەوەی لاویەتییە بۆ مرۆڤ
خێرایی لە پێشکەوتنەکانی بواری ئەندازەی بۆماوەیی، یان، ئەندازەی جینەکان، داو و دەرمانی تازەکراوە و نانۆتەکنۆلۆجی وا دەکات هەندێ شارەزا بڵێن، لە ساڵی ٢٢٠٠ مردن شتێکی دەگمەن دەبێ. هەندێ پێشبینی زۆر ئەرێنی وایە لە ساڵی ٢٠٥٠ هەر دە ساڵ جارێک پێویستمان بە کلینیکی دکتۆر دەبێ نەک تەنیا بۆ چارەسەریی نەخۆشیی، بەڵکو بۆ نوێ کردنەوەی خانە پیرەکان و دووبارە ژیاندنەوەی خانە مردووەکان. دەست و چاو و مێشک تازە بکەینەوە، هەندێکیان بگۆڕین
ئەگەر لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا بە تەواوی بەسەر شێرپەنجە، شەکرە و نەخۆشییە کوشندەکانی دیکەدا سەرکەوین، ئەو کات دەتوانین بڵێین هەموو کەس تا ٩٠ ساڵ دەژی، نەک ١٥٠ ساڵ. دەرمانەکان دەبێ ئەندازەی نوێی پێشکەوتووی تێدا بەکاربێنین، دەبێ بگەینە دروست کردنەوەی ئەندامەکانمان، پێ ناچێ لە ١٠٠ ساڵدا ئەوانەمان پێ بکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەنگاوێکی سەرنەکەوتووش هەر لە نەمریی نزیکمان دەکاتەوە. هیوا دەبەخشێتە مرۆڤایەتیی هەوڵی زیاتر بدات
لە چەند سەدەی ڕابردوودا، ژیانی مرۆڤ هێندە بایەخی نەبووە، هەزاران کەس لە جەنگی پاشاکاندا کوژراون، هەزارانی دیکە بە ئازارەوە سەریان ناوەتەوە. هاتوهاواری ئەو کات (هەر بژی پاشا) بوو. هاتوهاواری ئێستە داواکاری ژیانی باشتر و کامەرانیی و ئاشتییە. ئەگەر باوەڕمان بەوە هەیە مرۆڤ لە ژیانیدا نەبوونی زۆر دەبینێ، ئینجا پێشکەوتنەکانی دامەزراوەکانی زانست و دواتریش پێویستیی گەشەی ئابوری سەرمایەداریی لەسەر دانێ، بۆمان دەردەکەوێ جەنگ دژی مردن، هەر دەبێ بکرێ. تا هۆکاری مردنی مرۆڤ بمێنێ، مرۆڤ هەوڵی چۆکپێدادانی، ڕاناگرێ. دەبێ چی هەبێ لە سەرکەوتن بەسەر مردندا مەزنتر بێ؟ یان کام بازاڕ لە بازاڕی هەردەم لاوییەتیی، گەرم و گوڕتر دەبێ؟ ئەوە بۆ بەنکەکان و زانایان دەرفەتە. ئێستە ٥٠ ساڵی، بیرت بێ لە ٢٥ ساڵی چۆن بووی، چەند دەدەی بگەڕێیەوە ئەو کات؟ بێگومان خەڵک هەیە هەرچی بێ، دەیدا
ئەگەر ئەو هیوایانەی سەرەوە هێشتا جۆش و خرۆشی نەداویەی، ترس لە مردن، کە لە هەموو مرۆڤێکدا درەنگ یا زوو هەر دەردەکەوێ، هێندەی سام هەیە، تەوژمی تەواو بداتە جەنگی دژی مردن. چونکە مردن لە هەست و نەستی مرۆڤدا بە بەردەوامیی هەیە و لە منداڵییەوە شارەزای دەبین. بۆیە ئارەزووی سەرکەوتن بەسەر مردندا لە ناو هەموو کەسدا هەیە
ئەگەر لە سەدەی ٢١ دا بگەینە تەمەنی ١٥٠ ساڵ، شیرازەی کۆمەڵگە و خێزان دەشڵەژێ. پێوەندی منداڵ و باوان وەک خۆی نامێن و هاوسەرگیریی دەگۆڕێ. ئەگەر ١٥٠ ساڵ بی، لەوانەیە لە ٤٠ ساڵیدا هاوسەرگیریی دەکەی، هێشتا ١١٠ ساڵت ژیان ماوە. پێت وایە ١١٠ دەتوانی لەگەڵیدا بمێنی؟ پێدەچێ جیابوونەوە و دووبارە هاوسەرگیریی زۆر زۆرتر بکات. ئەگەر لە چل ساڵیدا دوو منداڵت بە باوەشەوە بێ، لە ١٢٠ ساڵی کام بیرەوەریت لە یاد دەمێنێ؟ پێوەندیت لەگەڵ منداڵەکانی وەک ئێستە توند نامێنێ
لە هەمووی لەسەر دڵ قورستر، دکتاتۆرەکان ١٠٠ ساڵ لەسەر هەمان کورسی و بە دووبارەکردنەوەی هەمان گووتەکان، لەسەر کورسییەکانیان دەمێننەوە. دە پانزە ساڵ دەم و چاویان دەبینی بێزار دەبی، ئەی ١٠٠ ساڵ چۆنە