سێ تیمی توێژینەوەی جیا لە سێ کاتی جیادا ١٣٤ نموونەی دی ئێن ئەی کوردەکانی گورجستان (جۆرجیا)، تورکیا، ئێران و تورکمانستانیان وەرگرتووە. پشکنینی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای دی ئێن ئەی دایکانی کورد بۆ خێڵە هەرە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک/ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەوروپا دەگەڕێنەوە، کە گەلانی ئەو ناوچانەیان پێکهێناوە. کۆماس و تیمەکەی بۆ ئەم مەبەستە نووسیویانە "نزیکەی هەموو دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای دایکانی (دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا) کوردەکان سەر بە کۆمەڵەی هاوچەشنی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریایئەوروپاییەکان و ئاسیاییەکانی ڕۆژئاوان". ڕیچاردس و تیمەکەی هێڵێکی زۆر کۆنی جینی یو ٥ یان دۆزییەوە، "هەرچەندە هێڵی یو ٥ لە مرۆڤەکانی (دایکانی) ڕۆژهەڵاتی نزیکدا زۆر کەمە، کەچی بە تایبەتی لە کورد، ئەرمەنی و ئازەریەکاندا بە چڕی هەیە" لەگەڵ ئەوانەی "لە ئەوروپاوە کۆچی پێچەوانەیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی نزیک کردووە". کۆماس و تیمەکەی گەیشتنە دەرئەنجامی ئەوەی "لەوانەیە کوردەکان نەوەی یەکەمین کۆمەڵە شوانەکانی بەرزاییەکانی کوردستان لە چاخی بەردینی یەکەم بن (٤ تا ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین)
باری گروپەکانی کورد (هاپلۆتایپ)
کوردەکان لە سەر جینی جەی ٢-ئێم ١٧٢ تایبەت لە لێکچوونی ئەندامانی جەستەیان وەک یەک ڕەگەز، تۆماری جیاوازی جینیان بۆخۆیان کردووە ناوی نراوە "باری گروپەکانی کورد" لە شوێنەکانی: ١٤-١٥-٢٣-١٠-١١-١٢. جینی جەیی ٢ - ئیم ١٧٢ی کوردەکان لە ناو یەزیدییەکانی ئەرمەنستان و کوردە موسوڵمانەکانی باشووری کوردستان، زۆرە. یەزیدی ئەرمەنستان ١١.٩٪، کوردی موسوڵمان ٩.٥٪، ئەرمەنەکان ٥.٧٪ و زۆرترین ٧.٤٪ سەرچاوەکان: نیبیل و تیمەکەی ٢٠٠١ و ٢٠٠٧؛ یاپیسکۆپۆسیان ٢٠٠٧. لە ویئال و تیمەکەی ٢٠٠١، وەرگیراوە
زاڵبوونی هێڵەکانی جینی جەی
پاراگروپی جەی ئێستە بە ئێم ٣٠٤ ناسراوە (پاراگروپ زاراوەیەکە بۆ ناساندنی هێڵی جینی کۆمەڵە خەڵکێک بەکاردێت، کە بە هیچ شیوەیەکی دیکە لێک جیاناکرێنەوە). زۆرترین ڕێژەی دۆزراوە ٥٩٪ لە ناوچەی شاخاوییەکانی زاگرۆسە (کوینتانا مورسی و تیمەکەی ٢٠٠١). کوردی موسوڵمان لە باکووری عێراق ٤٠٪ (نیبیل و تیمەکەی ٢٠٠١ و ٢٠٠٧). ٤٠٪ لە ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا (سەمینۆ و تیمەکەی ٢٠٠٠). ٣٢٪ کوردەکانی گورجستان (ناسیدزە و تیمەکەی ٢٠٠٥). جینی (جەی پیاوانە) بۆ یەکەمین جووتیار و شوانی سەردەمی چاخی بەردین لە کەوانۆکەی (هیلال) بەپیتی باکوور دەگەڕێتەوە، کوردەکانی ئێستە نەوەی ئەوانن. لەهەمان کاتدا زۆرترین نزیکیی و خزمایەتیی تا ئێستە پێورابێ، لە نێوان کوردەکان و جولەکە نیشان دەدات (لە نیگایەکی واڵاترەوە خزمایەتیی لەگەڵ ئەرمەنەکانیش نیشان دەدات)
زانیارییەکانی هەڵێنجراو لە دی ئێن ئەی کە ئێستە بەردەستن، بە ڕوونی نیشاندەدەن باپیرەگەورەی کوردەکان لە زۆر زووەوە لە هەمان کاتدا لە ناوچەکانی زۆر باکوور (ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا، باکووری میزۆپۆتامیا) و باکووری ڕۆژهەڵات (زاگرۆس و تەختاییەکانی ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە)، ژیاون. هیچ ئاماژەیەکی جین نەژادیی نییە ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ ئەناتۆلیا ، یان ناوچەکانی زاگرۆس بگەڕێنێتەوە (زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە دەکشێ)، بەڵکو لە دواییدا بەرەو ئەو ناوچانە کۆچیان کردووە. ئەو دۆزینەوەیە بە تایبەتی کە دەڵێ کوردەکان لە یەک کاتدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا و ناوچەکانی زاگرۆسدا هەبوون، زۆر بە باشیی لە ناو دی ئێن ئەی باب و باپیرانی خێڵەکانی هەڵگری جینی جەی لە کوردەکانی یورئاسیادا هەڵگیراوە
لەگەڵ ئەوەیشدا، تەنانەت ئەگەر زاراوەکانی زمان وا نیشان بدەن، کەچی کوردەکان بۆ یەک باوک، باوان یان یەک خێڵ ناگەڕێنەوە. بە هەمان شێوە دەرکەوتنی کوردەکان بۆ یەک ناوچەی جوگرافی، کاتێکی دیاریکراو یان شوێنێک ناگەڕێنەوە. ئەو دۆزینەوانە پێچەوانەی گریمانەکانی زمانناسانی وەکو ڕودیگەر شمیت (بڕوانە کاردۆخیەکان – کارداکس) و محمد داندامایێڤن (بڕوانە کاردوخییەکان -کاردوخی). بەڵگەکانی دابەشبوونی خێڵەکانی هەڵگری جینی J (کوردەکان) دەیسەلمێنن ناوچەی ژیانی باب و باپیرانی کوردەکان ناوچەی گرد و شاخ بووە، بۆیە لە تەختە قوڕینەکانی میزۆپۆتامیادا، نووسەران بە ناوێکی گشتیی و جیاکراوە ناویان هێناون، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ زاراوەی (ئەناتۆلیا، باکووری میزۆپۆتامیا/زاگرۆس) یان دانیشتوانی چیاکان (پێهەڵگەڕاوانی چیاکان)، چیاییەکان/شاخییەکان لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات، ناویان هێناون
ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ (٢٠٠٨ و ٢٠٠٩) لە نووسەرانی دیکە وەک کادێناس و تیمەکەی (٢٠٠٩) دەخوازێتەوە و دوو شەپۆلی کۆچکردنی هەڵگرانی جینی ئاڕ ١ ئەی ١ (ئاریاییەکان) بەرەو خاکی باپیرەگەورەکانی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا/باکووری میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس (باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە)، تۆماردەکات. کلیۆسۆڤ ماوەی کۆچی هەڵگرانی جینی ئاڕ ١ ئەی ١ (ئاریاییەکان) لە باشووری روسیاوە بە ناو ئەرمەنستاندا بەرەو ئەناتۆلیا، بەشێکی باکووری ڕۆژهەلاتی ئێران و عەرەبستان لە نێوان ٣٦٠٠-٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، دیاری دەکات، ئەگەریش هەیە ٣٣٠٠-٤٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر بووبێت
بەپێی ئەوەبێت، پیاوانی ئاڕ ١ ئەی ١(وەک کلیۆسۆڤ ناویان دەهێنێت "ئاریاییەکان") بەر لە ٤٧٥٠ ساڵ ±٥٠٠ ساڵ لە ناوچەکانی ئۆکراین و باشووری ڕوسیا ژیاون و لە ناوچەکانی ئەناتۆلیا بەر لە ٣٧٠٠ ±٥٥٠ ساڵ و باکووری نیمچە دوورگەی عەرەبی، قەتەر و ئیمارات بەر لە ٣٧٥٠ ±٨٢٥ ساڵ، بڵاوبوونەتەوە. بە بۆچوونی کلیۆسۆڤ، یەکەم شەپۆلی کۆچی خێڵەکانی هەڵگری جینی ئاڕ ١ ئەی ١ (ئاریاییەکان) لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستەدا لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ یان ٤٢٠٠ بۆ ٣٦٠٠ بەر لە زایین هاتوون. دووەمین کۆچیش بەرەو باکووری ڕۆژئاوای لە تەختاییەکانی ئێرانەوە بەر لە ٦٠٠ – ٧٠٠ - ٨٠٠ ساڵ پێش زایین بووە
لە سەدەی نۆی پێش زایینەوە، ئاریاییەکان (هەڵگرانی جینی ئاڕ ١ ئەی ١) بە زمانی ئێرانی کۆن دەدوان لە تەختاییەکانی ئێرانەوە بە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئیستەدا (ناوچەی ماد و پارسوا) دا بڵاوبوونەوە. بە هەمان شێوە، لە باکوورەوە بەشێکی سیتیاییەکان لە سەدەی ٧ و ٨ی پێش زایین بەرەو هەمان ناوچە هاتوون، بەڵام کلیۆسۆڤ جەخت دەکاتەوە و دەڵێ: "ئەوە دوای کۆچی ئاریاییەکان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە ساڵی ٣٥٠٠ پێش زایین، بووە و لەوێ ماونەتەوە". سەرچاوە: هەنەربیشلەر ٢٠٠١، لاپەڕەکانی ١١٢، ١١٨، ١٢١، ١٣٤ بۆ ١٣٨، ٢٨٧، ٣٤٠-٣٤٢، ٣٤٤ بۆ ٣٤٦
ڕێژەی جینی ئاڕ یەک ئەی ١ (ئاریایی) لە ناو خەڵکی ئۆکراین، زازایی زمانەکان، کرمانجی زمان لە تورکیا، کوردی عێراق و ئەرمەنستان دەریدەخات نەوەی کوردەکان (ئەوانەی ئێستە بە زمانی کوردی دەدوێن) تا ئێستەیش زۆر بە بڵاوی لەسەر خاکی دێرینی هورییەکان-میتانییەکان دەژین، زۆرترین جینی بۆ ماویی گروپی ئاڕ ١ ئەی ١ یۆرئاسیایان تێدایە. ئەگەر وابێ، هەڵبژاردەیەک لە کۆچبەرەکانی باشووری ڕوسیا (بە شێوازی سەربازیی ڕێکخراو بوون) لە ساڵانی نیوان ١١٤٠-٢٢٤٠ پێش زایین کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی زمان و بە (هیندۆئەوروپاییکردن)ی زمان لە ناوچەکانی ئەناتۆلیا و هوری– میتانی هەبووە. دیارە باپیرەگەورەی کوردەکان (ئەوانەی بە زمانی کوردی دەدوێن) زۆریان لەو کاریگەرییە بەرکەوتبێ.