ئەوە ناوی پرۆژەی گەیاندنی ئینتەرنێتە بۆ هەموو جیهان. ئێستە ئینتەرنێت بە کێبڵ گەیشتووەتە وڵاتانی جیهان. وڵاتان بە فایبەر ئۆپتیک لەگەڵ دراوسێکانیان و لەگەڵ کیشوەرەکانی دیکەدا بەیەک بەستراونەتەوە. ئەو کێبڵانە بە ناو دەریاو زەریاکاندا لەم سەر بۆ ئەوسەری جیهان رۆیشتوون
ستارلینک دەیەوێ بە مانگی دەستکرد، ئینتەرنێت بە هەموو کونجێک بگەیەنێ، ئەو وڵات و شارانەش ژێرخانی گەیاندنیان نییە یان لاوازە، هەر لە ستارلینکەوە دەستیان بە ئینتەرنێت بگات. ئێستە ٤ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس ئینتەرنێتی هەیە، کەواتە نزیکەی ٢ ملیار ماون. تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ ملیۆن کەسی نوێ دەستیان بە ئینتەرنێت گەیشتووە. کۆی پارەی بەشداربوون لە جیهاندا ساڵانە ١ تریلیۆن دۆلارە
(ئیلۆن مەسک)ی ملیاردێری ئەمریکا و خاوەنی ستارلینک، پرۆژەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی بەدەستەوەیە. دەیەوێ بە نزیکەی ١٢ هەزار مانگی دەستکرد، هەریەکەیان نزیکەی ٢٦٠ کیلۆیە، هەموو جیهان بە ئینتەرنێت بگەیەنێ. دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٧ ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە ٤٢ هەزار مانگی دەستکرد، کە هەموو سووچێکی زەوی دەتەنێ. تەنانەت لە ئاسمانیش ئەو مانگە دەستکردانە وەک تۆڕێک، چواردەوری زەوی دەگرن
بەشداربوون لە ئینتەرنێتی ستارلینکدا جارێ هەرزان نییە، لە هەندێ شوێن بۆ هەندێ دام و دەزگە دەگاتە ٥٠٠ دۆلاری مانگانە. بۆ پێوەندیکردنیش لەگەڵ مانگە دەستکردەکانی ستارلینک، کۆمپانیای ستارلینک کۆمەڵە ئامێرێک دەفرۆشێتە بەشداربووانی، لەڕێگەی سینییەکی سەر سێپاوە، پێوەندی لەگەڵ ستارلینک دەگرێت و بە وای فای دەیداتە بەکارهێنەرەکەی. تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ژمارەی بەشداربووانی ستارلینک لە دام و دەزگە و ئاژانسەکان گەیشتە ١٠ هەزار بەشداربوو. لە مانگی ئایاری ئەمساڵێشدا ستارلینک دەڵێ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار داواکاریی بەشداربوونیان لەخەڵکەوە، هەیە
تا مانگی ئایاری ٢٠٢١، ژمارەی مانگەدەستکردەکان گەیشتە ١٧٣٠ دانە. مانگانە ١٢٠ مانگی دەستکرد دروست دەکەن. هەر موشەکێکی فالکۆن ٩ی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ٦٠ لەو مانگە دەستکردانە هەڵدەدات. خوولگەی ئەو مانگە دەستکردانە نزمن، ٥٥٠ کیلۆمەتر لە ڕووی زەوییەوە دوورن. هەر کە تەمەنیان تەواو بوو خۆیان بەردەبنەوە و لە بەرگەهەوادا دەسووتێن. بۆیە وەک مەترسیی لە بۆشایی ئاسماندا نامێننەوە
لە پلانی ساڵی ٢٠٢١ ی ستارلینکدا، پێنچ خوولگەی مانگە دەستکردەکان هەیە، یەکەمیان ١٤٤٠ مانگی دەستکردن لە بەرزی ٥٥٠ کیلۆمەتر بە لاریی ٥٣ پلە، دووەم خوولگە لە بەرزی ٥٤٠ کیلۆمەتر و ١٤٤٠ مانگن بەلاریی ٥٣.٢ پلە، سێیەمیشیان ٧٢٠ مانگی دەستکردن و لە بەرزیی ٥٧٠ کیلۆمەتر دەبن بەلاریی ٧٢ پلە، خوولگەی چوارەم ٣٣٦ مانگن لە بەرزیی ٥٦٠ کیلۆمەتر بەلاریی ٩٧.٦ پلە، پێنچەمیشیان ١٧٢ مانگە دەستکردن لە بەرزی ٥٦٠ کیلۆمەتر بە لاریی ٩٧.٦ پلە
لەبەرئەوەی گەیاندنی ئەو مانگەدەستکردانە بە ئینتەرنێتی سەر زەوییەوە بە کێبڵ نییە، بۆیە خیرایی ئەو گەیاندنە ٤٧٪ لە فایبەر خێراترە. مانگە دەستکردەکانی ئێستە لە ئاسماندا هەن و بۆ ئینتەنێت بەکاردێن ٣٥٧٨٦ کیلۆمەتر لە ڕووی زەوییەوە دوورن، ئەو دوورییە کاتی زۆرتری دەوێ تا زانیارییەکان بگەیەننە سەر زەوی. لە تۆڕی ستارلینکدا مانگە دەستکردەکان زۆر نزیکترن و لە نێوان خۆیاندا تۆڕێکی بەهێز دروست دەکەن، بۆیە زۆر خێراتر لەوانەی پێشووتر، ئاڵوگۆڕی زانیاریی دەکەن. مانگەکانی پێشووتر پێیان دەڵین (جیۆ ستەیشنەری) نزیکەی ٦٠٠ میلی چرکەیان دەوێت (١ میلی چرکە واتا ١ بەش لە هەزار بەشی چرکەیەک) تا زانیاریی بگەیەننە هەر ئامێرێک لەسەر زەوی. لەبەر نزیکییان لە ڕووی زەوییەوە، مانگەکانی ستارلینک تەنیا نزیکەی ٣٠ میلی چرکەیان دەوێت
هەواڵەکان لەبارەی ستارلینک بۆ هەموو کەس وەک یەک خۆش نین. ئەوەتا سەنتەرەکانی بۆشاییگەری و تەلەسکۆبەکانی جیهان نیگەرانن لەوەی ئەو هەموو مانگە دەستکردە کاری زانستیی ئەوان ئاڵۆز دەکات و ئەو مانگە دەستکردانە دیمەنەکانیان دەشێوێنێ. ڕاستییەکەشی هەر وایە، ئەو ژمارە زۆرەی ئەو مانگە دەستکردانە دیمەنی ڕوانگەکان وەک جاران ناهێڵێ
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٩دا، ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەوروپا زانیاریی لە سوپای ئەمەریکاوە پێگەیشت، زانیارییەکە ئەگەری ١ لە هەزاری تێدابوو، کە مانگێکی دەستکردی ستارلینک لەوانەیە لەگەڵ مانگی دەستکردی ئاژانسەکەدا بە ناوی (ئەیلۆس) لە ئاسمان بەریەک بکەون. ئەگەری ١ لە هەزار ، دە هێندەی ستانداردی ڕێپێدراوی ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەوروپا زۆرتربوو. بۆیە ئاژانسەکە فەرمانی دا مانگی دەستکردییان (ئەیۆلۆس) چەند جووڵەیەکی ڕاست و چەپ ئەنجام بدات تا خۆی لەو بەریەککەوتنە لەگەڵ مانگی دەستکردی ستارلینک ژمارە ٤٤ بپارێزێ
سەرچاوە
https://www.space.com/spacex-starlink-satellites.html