بەر لە کۆبوونەوەی زۆری مرۆڤ لە شوێنەکانی نیشتەجێی بەردەوام وەکو دێ و شارەکان. تاکە ماڵی مرۆڤ تەنیا ئەشکەوتەکان بووە. مەبەستیش لە بەکارهێنانی ئەشکەوت، بە زۆری بۆ خۆپاراستن لە گیاندارانی دڕندەی دەورووبەر بووە. بەشێکی زۆری ئەو ئەشکەوتانەی مرۆڤی تێدا ماوەتەوە، نیگار و وێنەی جۆراوجۆر لەسەر دیوارەکانیان کێشراوە. ئەو نیگار و وێنانە بۆ کاتی ژیانی مرۆڤ لەو ئەشکەوتانەدا دەگەڕێنەوە
لە نوێترین دۆزینەوەکانی شوێنەوارناسان لە جیهان، دۆزینەوەی وێنەیەکی بەرازی کێوییە لەسەر دیواری ئەشکەوتێکی دوورەدەست و لاچەپەک بە ناوی (لینگ تێدۆنگنگ) لە دوورگەی سولاوێسی ئیندۆنیزیایە. ئەو دوورگەیە دەکەوێتە ناو زەریا و لە نێوان ئیندۆنیزیا و ئوسترالیادایە. مەزەندەی سەرەتایی بۆ گەیشتنی مرۆڤ و ژیانی لەسەر دوورگەی سولاوێسی بۆ ٧٣ تا ٦٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. گەیشتنیشیان بۆ ئوسترالیا بۆ ٦٩ تا ٥٩ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە
بەپێی دیاریکردنی تەمەن بە یۆرانیۆم، مێژووی کێشانی ئەو نیگارە بۆ ٤٥ هەزار و ٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، بەوەیش دەبێتە کۆنترین نیگاری ناو ئەشکەوتەکان لە مرۆڤی کۆنەوە بەجێمابێ و دۆزرابێتەوە. ڕەنگە ئەو وێنەیە کۆنترین دەربڕین بە وێنەکێشان بێ تا ئێستە دۆزراوەتەوە. لە تەنیشت بەرازەکە وێنەی یەکێکی نیو مرۆڤ و نیو گیاندار لە کاتی ڕاوکردندا، نیشان دەدات
بەر لەوە، هەر لە دوورگەی سولاوێس دووەم کۆنترین وێنەی سەر دیواری ئەشکەوت لە لایەن هەمان تیمی شوێنەوارناسیی دۆزرابۆوە، تیمەکە بە هاوبەشی زانایانی ئوسترالیا و پەیمانگەی شوێنەواریی ئیندۆنیزیایە. تەمەنی ئەو وێنەیەی ئەو کاتە دۆزرایەوە ٤٣ هەزار و ٩٠٠ ساڵە. هەردوو مێژووەکە جارێ بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە، چونکە ئەگەر هەیە ٦٠ بۆ ٦٥ هەزار ساڵ کۆن بن. بە بەراورد لەگەڵ وێنە زۆر ناودارەکانی ئەشکەوتی لاسۆ لە فەرەنسا (تەنیا ١٧ هەزار ساڵ کۆنن)، وێنەکانی لینگ تێدۆنگنگ، یەکجار کۆنن
وێنەکان بە ڕەنگی سوورێکی تۆخ کێشراون. ئەو ڕەنگە لە هەندێ پێکهاتەی قوڕی ناوچەکە دروست کراوە و بۆ وێنەکێشانەکە بەکارهاتووە. دروستکردنی ڕەنگی سوور لە قوڕ پێشتریش لە زۆر شوێنی دیکە بەکارهاتووە. ئەوانەی پێشتر وا دەزانرا بە خوێنی ئاژەڵان ڕەنگ کراوە، هەڵە بوو
قەبارەی وێنە کێشراوەکە ١٣٦ بە ٥٤ سانتیمەترە، لە چاو زۆر وێنەی دیکەی ناو ئەشکەوتەکان گەورەیە. وێنەی دوو دەستی مرۆڤیش لە تەنیشت بەرازەکە کێشراوە. تەنیا لەو دوورگەیەدا لە چەند ئەشکەوتێکدا ٧٣ وێنەی بەرازی کێوی کێشراوە. لە هەندێکیاندا وێنەی مرۆڤیش لە کاتی ڕاوکردندا، هەیە لە بن میچی ئەشکەوتێکی دیکەدا وێنەیەکی دیکەی بەرازی کێوی کێشراوە درێژی ١٨٧ و پانی ١١ سانتیمەتر
بایەخی ئەو دۆزینەوانەی دوورگەی سولاوێس تەنیا لەوەدا نییە ئەو نیگارانەیان لەسەر دیوارەکانی هەیە. بایەخی گەورەتر ئەوەیە ئەو مرۆڤانەی لەو ئەشکەوتانە ماونەتەوە باپیرەی، یان نەوەی ئەوانە بوون لەوێوە، یان دواتر بەرەو ئوسترالیا کۆچیان کردووە. تا ئشیتە باشترین گریمانە گەیشتنی مرۆڤی هۆمۆسایپیان بۆ ئوسترالیا و نیوزیلاند، هەر ئەوەیە لە دوورگەکانی باشووری ئاسیاوە کۆچیان کردبێ، ئەگەرچی دووری نێوان ئوسترالیا و نزیکترین وشکانی ئاسیا لە فیلیپین ٧٥٠٠ کیلۆمەترە. بەڵام مرۆڤی ئوسترالیا هەر لە ئاسیاوە بۆ ئەوێ پەڕیونەتەوە
پێشتر لە ئەشکەوتێکی ئیسپانیا هەندێ کەلوپەلی بەرد دۆزرانەوە تەمەنیا ٦٥هەزار ساڵ بوو. ئەو کەلوپەلانە نیاندرتاڵ دروستی کردوون، ئەگەرچی ناکۆکی زۆر لەسەر ئەو بۆچوونە هەیە، بەڵام گریمانە هەر وایە نیاندرتاڵ لەوێ بووبێ. بەلام لە ئاسیا و لە دوورگەی سولاوێسی تەمەنی ئامرازە بەردەکانی مرۆڤ بەکاریهێناون لە نێوان ١٩٤ تا ١١٨ هەزار ساڵە. کەواتە مرۆڤ لەوکاتەوە لەسەر ئەو دوورگەیە هەبووە. بەڵام ئەو مرۆڤەری لەوێ بووە هەمان مرۆڤی ئێستە (هۆمۆسیاپیان) نەبووە، بەڵکو جۆرە مرۆڤێکی دیکەی وردیلەی کورتە باڵا بووە، و فەوتاوە
ئەگەرچی تەواو دیارنییە ئەو وێنەکێشراوانە مرۆڤی هۆمۆسایپیان دروستیکردبن، بەڵام لەبەر پێشکەوتوویی تەکنیکەکەی و شیوازی وێنەکێشانەکە ئەگەر زۆر کەمە لە لایەن مرۆڤی کۆنترەوە کێشرابێ. تەواوی ڤیدیۆی ئەو دۆزینەوانە لە بەستەری یوتیوبی خوارەوە ببین
https://www.youtube.com/watch?v=b-wAYtBxn7E
ئینجا هەموو توێژینەوە زانستییەکە لە ماڵپەڕی زانست (ساینس) ببینە