جینی کوردانی ڕۆژهەڵات

توێژینەوەیەکی زانستی جینناسیی، ئەکادیمیای زانستیی هیندستان لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ سەبارەت بە ڕەگی هێڵی (دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا) دایکانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات (ئێران) کردوویەتی. لەو توێژینەوەیەدا هەمان ئەنجامەکانی پێشوو دەرکەوتووە بەوەی ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ رۆژئاوای یورۆئاسیا دەگەڕێتەوە. بەشێکی زۆر کەمیش بۆ ڕۆژهەڵاتی یورۆئاسیا. لە ناو هەموو کۆمەڵەکانی کوردەکان (کرمانجی، سۆرانی، کەڵهوری و هەورامی)، کوردانی هەروامان کەمترین گۆڕانییان لە جینەکاندا هەیە، ئەوەش بۆ لاچەپەکبوونی ئەو کۆمەڵەی کوردەکان، دەگەڕێتەوە


بەڵگەکانی شیکاریی دیمۆگرافیا و هاوتەریبیی ئەو بەڵگانە لەگەڵ شوێنەوارە دۆزراوەکان نیشانی دەدات کوردەکان بەر لە ٩٥٠٠ ساڵ لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێدا، لە ڕاوکردن بەرەو کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی چوون. هەبوونی کۆمەڵەجینەکانی (ئێچ هاپلۆگروپ) کۆمەڵە جووتیارە دێرینەکان بە ڕێژەی ٣٧.١٪ و ڕێژەی ١٣.٨٪ی  یو هاپلۆگروپی ڕاوچییەکان لە کوردەکاندا، بەڵگەی ئەوەیە دانیشتووانی جێنشینی کوردەکان، لە چاخی بەردینی نوێدا، تێکەڵ و خۆگونجاو بوون


توێژینەوەی هیندییەکان وەک هەموو توێژینەوەکانی پێش خۆیان بەهەڵەدا چوون و کورد وەک ئاری، لەقەڵەم دەدات. بۆ ئەو ئەنجامەیان پشت بە سەرچاوەی ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٢٦ دەبەستن، هەردووکیشیان زۆر لە توێژینەوەکانی پرۆفیسۆر هەنەر بیشلەری نەمسایی لە ساڵی ٢٠١٠ و  ٢٠١٢ بە ناوی (ڕەچەڵەکی کورد)، کۆنترن. هەموو توێژینەوە کۆنەکانی کوردەکان وەک ئاری دەناسێنن، پشتیان بە بیردۆزەکانی زمان و بۆچوونی شارەزایانی زمان بەستووە. زانستی نوێ، پشت بە شیکاریی و دۆزینەوەی جینەکان لەسەر کرۆمۆسۆمی ناو خانەکان، دەبەستێ. ئەوەی یەکەمیان خەمڵاندن و بیرکردنەوەی ژیروێژی لە سەر بنەمای زمانە، ئەوەی دووەمیان بەڵگەی زانستیی یەکلاکەرەوەیە. ڕۆڵی شیکاریی زمان و لێکچوونی زاراوەکان بەیەکجاری، پشتاو دەکات (دەسڕێتەوە). هەر ئەو تەکنیکەی پشت بە زمان دەبەستێ بۆ ئێستە تەواو کۆن بووە


لەبەرئەوەی هەرچوار شێوەزاری زمانی کوردی (کرمانجی، سۆرانی، کەڵهوری و هەورامی) لە ئێراندا دەژین، تیمی توێژینەوەکە ٧٩ نموونەی خوێنی لە خەڵکی هەرچوار شێوەزار وەرگرتووە. بە شێوەیەکی گشتی دەگاتە هەمان ئەنجامەکانی هەنەر بیشلەر، کاڤاڵی سڤۆرزا، ناسیدزە و تیمەکەی، کلیۆسۆڤ و ریچاردس و تیمەکەی، کە ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ خۆرئاوای یورۆئاسیا دەگەڕێننەوە. لە لایەکی دیکەوە هەبوونی هەندێ جینی مەنگۆل و تورک لە ناو کوردەکاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمانی داگیرکاریی مەنگۆل و تورکەکان. یانیش لەبەر بازرگانی بە درێژایی ڕێی ئاوریشم، ئەو جینانە بۆ کوردەکان گوازراونەتەوە


گەشەیەکی باشی ژمارەی دانیشتووان بەر لە نزیکەی ٩٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر جینەکان دەدۆزرێتەوە. دیارە ئەو گەشەیە پێوەندی بە بەرپابوونی شۆڕشی کشتوکاڵ و باشترکردنی ژیانی یەکەمین جووتیارانی ئەو کاتەوە هەبووە. ئەنجامەکانی پشکنینی  دی ئی ئەی مایتۆکۆندریای کوردەکان دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا لەگەڵ ئەنجامەکانی شوێنەوارناسیی کوردنشینەکان، تەریبن و لەگەڵ یەکتریدا کۆکن. هەرسێ شوێنەواری چایۆنو (نازانم ناوە کوردییەکەی چییە) بەر لە ٩ هەزار ساڵ لە نزیک دیاربەکر، گەنج دارە بەر لە ١٠ هەزار ساڵ لە نزیک کرمانشان و چەرمۆ بەر لە ٨ هەزار ساڵ لە چەمچەماڵ شوێنەواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تێدا دۆزراونەتەوە. ئەو سێ شوێنەیش جێنشینی کوردەکانە


توێژینەوەکانی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای ئەوروپاییەکان دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا لە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن فو و تیمەکەی ئەنجامدراوە، پێی وایە کۆمەڵی جینەکانی (ئێچ)  نیشانەی بڵاوبوونەوە و زۆربوونی دانیشتوان بەر لە ٩ هەزار ساڵ لە خۆیدا هەڵدەگرێ. ئەو جینانە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە پێوەستن. هەرچی کۆمەڵەی  (یو) ە، زۆربوونی دانیشتووان لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستە نیشان دەدات، لەوەدەچی ئەو کاتە کۆمەڵە ڕاوچییەکان یەکەمین کێڵانی زەوییان کردبێ و لەگەڵ کۆچبەرەکاندا تێکەڵ بوون. هەربۆیە کۆمەڵەی (یو) لە کوردەکاندا بە زۆری هەیە و نیشانەی ئەوەیە ئەوان یەکەمین کۆمەڵ بوون لەو ناوچانەدا هەبوون


بە شێوەیەکی گشتی، زانیارییەکانی لە مایتۆکۆندریای کوردەکان دەست کەوتوون لەگەڵ شوێنەوارەکاندا یەکدەگرنەوە پاڵپشتی سینارێۆی بڵاوبوونەوە کوردەکان بە ڕۆژهەڵاتی خواروودا، لە چاخی بەردیینی نوێدا، دەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا پشکنینی کرۆمۆسۆمی وای  کە لە باوکەوە بۆ وەچە دەچێ، پێویستە بۆ کوردەکان بکرێ. (ئەو پشکنینانە پێشتر لە لایەن چەند تیمێکەوە کراون، هەموویان لە توێژینەوە فرەپسپۆرییەکەی هەنەر بیشلەردا باس کراون)

 

سەرچاوە

https://www.ias.ac.in/article/fulltext/jgen/095/04/0767-0776


کورتەی توێژینەوە فرەپسپۆرییەکەی هەنەر بیشلەر لێرە ببینە

https://www.facebook.com/groups/1246181739074807/?multi_permalinks=1647492652277045