شوێنەوارناسان لە زانکۆی تەلئەڤیڤی ئیسرائیل پارچە ئێسقانێکی سەر و شەویلاگێکیان دۆزییەوە. لە ئێسقانی جۆرێکی دیکەی مرۆڤ ناچێ (مەبەستمان نیاندرتال، هۆمۆ سێپیان، هۆمۆ ئیرێکتۆس، هۆمۆ دینۆسۆڤان ... هتد). دۆزینەوەکە لە ساڵی ٢٠١٠ لە نزیک شاری رەملەی ناوەڕاستی ئیسرائیل بووە، بۆیە ناویان ناوە (هۆمۆرەملە)، یان (ناشیررەملە). پاش هەڵکۆڵین، لە قوڵایی ٨ مەتر هەندێ ئامرازی بەرد، ئێسقانی مرۆڤ و ژمارەیەکی زۆر ئێسقانی ئاژەڵان (ئەسپ، ئاسک و مانگای جۆری ئەورۆچ) ، دەرکەوتن. ئەو شوێنە جیاواز لە زۆر شوێنی دیکە لە ناو ئەشکەوت نییە، بەڵکو شوێنێکی کراوەیە
زانایان ١٠ ساڵیان پێچوو تا زانییان ئەوەی دۆزیویانەتەوە چییە. کاتێک پارچەی مرۆڤێک بەو شیوەیە دەدۆزرێتەوە، پرۆسەیەکی دوور و درێژی دەوێ تا لەگەڵ دۆزینەوەکانی دیکەی شوێنی دیکە، بەراورد بکرێ. دوای ئەو کارە زۆرە گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی، ئەو مرۆڤە جگە لەوانەی لە چەند شوێنێکی دیکەی ئیسرائیلدا دۆزراونەتەوە، وەک هیچ جۆرە مرۆڤێکی دیکە نییە کە پێشتر لە هیچ شوێنێکی جیهاندا دۆزرابێتەوە. تەمەنی ئێسقانەکان بۆ ١٢٠ تا ١٤٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. پێدەچێ ئەو جۆرە مرۆڤە لە نیاندرتالیش بۆ مرۆڤی ئێستە، نزیکتر بووبێ
ئێسقانەکانی هۆمۆرەملە لە ئێسقانی نیاندرتال دەچێ، بە تایبەتیش شەویلاگ و ددانەکان. بەڵام زانایان سەرنجیان دا، کەللە سەریان لە کەللەی مرۆڤە کۆنەکان دەچێ نەک مرۆڤی نیاندرتال و هۆمۆسێپیان. چەناگەیان نەبووە، ددانەکانیش زۆر گەورەن.
بە بەواورد کردنی ئەو دوو پارچە ئێسقانە لەگەڵ دۆزینەوەکانی پێشتری ئێسقانەکانی ٣ شوێنی دیکەی ناو ئیسرائیل (ئەشکەوتی تەبوون، ١٦٠ هەزار ساڵ کۆن بوون. ئەوانەی ئەشکەوتی زووتییە، ٢٥٠ هەزار ساڵ کۆن بوون. ئەوانەی دیکەیش لە ئەشکەوتی قەسەم، ٤٠٠ هەزار ساڵ کۆن بوون). دەرکەوت ئەوانە هەموویان ئێسقانی هەمان جۆری مرۆڤن. ئەو جۆرەی مرۆڤ لە نێوان ٤٠٠ بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچەیەدا بڵاوبوون و ژیاون
ئامرازە بەردەکانی لەگەڵ ئێسقانەکانی هۆمۆرەملە دۆزرانەوە بۆ سەری ڕم و تیر دروست کراون. ئەو جۆرە ئامرازانە تەنیا نیاندرتال و مرۆڤی هۆمۆسێپیان دروستی کردوون. دیارە هۆمۆ رەملەیش بەشی ئەوەندە ژیر بووە ئەو ئامرازانە دروست بکات. دەشکرێ لە نیاندرتال و هۆمۆسێپیان وەریگرتبێ، وەک لە خوارەوە باس کراوە
دۆزینەوە تازەکانی رەملە دەیسەلمێنێ مرۆڤی ژیر (هۆمۆسێپیان) هاوشانی (هۆمۆ رەملە) لەو ناوچەیەدا، هەر نەبێ بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ شان بە شانی یەک ژیاون. هۆمۆ رەملە ٤٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستە و هۆمۆ سێپیان ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەوێ بوون. دەکرێ زانیاری و ئامرازەکانیان بەیەکتر دابێ، بەڵکو وەچەشیان لەیەکتری خستبێتەوە. لەوانەیە ئێسقانەکانی ئەشکەوتی (سخول و قەفزە) تەمەنیان ٨٠ بۆ ١٢٠ هەزار ساڵە، هی وەچەی ئەو تێکەڵ بوونەیان بن. لە ئەشکەوتی قەفزە شوێنەواری حەوزێکی ٢ مەتر پانی بەکارهێنانی ئاگر و ئامرازی داماڵینی گۆشت و لەت کردنی تێدا دۆزراوەتەوە. خۆڵەمێشی ناو حەوزەکە ئەو زانیارییانەی بۆ ئێمە بە چین چین، پاراستووە.
ددانەکانی لە ئەشکەوتی قەفزە دۆزرانەوە، وەک ئەوانەی ناشیر رەملە، گەورەبوون. شوێنەوارناسان ئەو کات پێیان وابوو ددانی هۆمۆسێپیان یان نیاندرتالە. ئێستە، بە دۆزینەوەی ئەوانەی رەملە، دەتوانین بڵێین هی هەمان جۆری مرۆڤی وەک ئەوانەی رەملەن
لە بەراوردی دیکەی ئەو دوو پارچە ئێسقانە لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو جیهان دۆزراونەتەوە، دەرکەوت ئەوانەی رەملە زۆر لەو ئێسک و پرووسکانەی لە ئەشکەوتی (سیما دی لۆس هیۆسۆس، "بە کوردی، چاڵی ئێسقانەکان") لە چیاکانی باکووری ئیسپانیا، دەچن. لەوێ، توانرا لە ددانی شەویلاگێک دیی ئێن ئەی کەسێک دەربێنن بەر لە ٨٠٠ هەزار ساڵ لەوێ ژیاوە
https://www.livescience.com/oldest-human-ancestor-dna-homo-antecessor.html
بە شیکاریی کردنی دی ئێن ئەی مرۆڤی نیاندرتال لە چەند شوێنێکی ئەوروپا، دەرکەوتووە جینی مرۆڤی هۆمۆسێپیان لە ناو جینەکانی نیاندرتالدا هەیە. بە پێی لێکدانەوە زانستییەکان بێ، مرۆڤی نوێ تا بەر لە ٤٥ هەزار ساڵێک نەگەیشتووەتە ئەوروپا تا تووشی نیاندرتال بن، دەی باشە چۆن جینی مرۆڤ چووەتە ناو جینەکانی نیاندرتال؟ بە دەرکەوتنی مرۆڤی هۆمۆ رەملە ئەگەری ئەوە دێتە ئارا، دەکرێ جینەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی هۆمۆرەملەوە چووبنە نیاندرتال. لێرەدا ئەوە تێدەگەین، هەرسێ جۆری مرۆڤی کۆن تێکەڵی یەک بوون و وەچەیان لەیەک خستووەتەوە. بەڵام جارێ بەڵگەی زانستیی حاشا هەڵنەگرمان نییە
ئیسرائیل لەچاو ئیسپانیا وڵاتێکی گەرمە. دی ئێن ئەی لە ناو ئێسقانەکان لە ١٥ هەزار ساڵ زیاتر نامێنێتەوە، بەو گەرمییەی ناوچەکە لەبەر یەک هەڵدەوەشێ. بۆیە مەحاڵە بە وەرگرتنی دی ئێن ئەی بتوانین بگەڕێینەوە ڕەچەڵەکی مرۆڤی هۆمۆرەملە. پێدەچی هۆمۆرەملە زۆر نزیکی هۆمۆسێپیان بێ
سەرچاوە: