شۆڕشی سیاسیی هاوچەرخ
ئەم بابەتەم لە کتێبی هۆمۆدیۆس وەرگێڕاوەتە کوردی.
مێژوو بەڵگەی زۆری لە بارەی پڕ بایەخیی هەماهەنگی و یەکگرتن هەیە. سەرکەوتنەکان زۆربەی زۆری جارەکان بۆ ئەوانە بووە باشترین هەماهەنگییان هەبووە. ئەوە لە ناو هۆمۆسێپیان دژی گیاندارانی دیکە هەبووە، بە هەمان شێوە لە ناو کۆمەڵەکانی مرۆڤی هاوچەرخیشدا هەر وابووە
شۆڕشەکان پێویستییان بە ژمارەی زۆر نییە، کۆمەڵێکی بچووک بتوانێ هانی خەڵک بدات، شۆڕش دەکات. هەرگیز مەپرسە چەند کەس پاڵپشتتە، بەڵکو بپرسە چەند لەوانەی پاڵپشتمن، دەتوانن هەماهەنگ بن. بەو شێوەیە، ڕۆمانەکان یۆنانیان داگیر کرد، نەک لەبەرئەوەی مێشکی گەورەتر لە سەری یۆنانییەکاندا هەبوو، یان چەک و ئامرازەکانی دیکەیان باشتر بوو، بەڵکو پێوەندی و هەماهەنگییان لەگەڵ یەکتردا، کاراتر بوو
بە درێژایی مێژوو، سوپا دووزەنەکان (دیسپلینەکان-مضبوط) بە ئاسانی ئاپۆرای بەرانبەریان شکاندووە. بۆ نموونە لە شۆڕشی ڕووسەکان لە ساڵی ١٩١٤ دا، ٣ ملیۆن لە پیاوە گەورەکانی ،یان، پایەبەرزەکانی رووسیا لە دەرەبەگ، خاوەن کار، بازرگانان و کاربەدەستان بەسەر ١٨٠ ملیۆن کرێکار و جووتیاردا زاڵ بوون. ئەو ٣ ملیۆنە دەیانزانی چۆن هەماهەنگیی یەکتر بکەن و بەرگری لە بەرژەوەندی هاوبەشیان بکەن. گەورەترین ئامانجیشیان ئەوەبوو ئەو ١٨٠ ملیۆنە نەتوانن هەماهەنگ بن و هاوکاریی یەکتری بکەن
لە کۆتادا، ١٨٠ ملیۆنەکەی ڕووسیا دژی قەیسەر دیسانەوە هەستانەوە، ٣ ملیۆن کەسی هەردوو چینی بەرز و ناوەند بەرانبەر ٢٣ هەزار ئەندامی حزبی شیوعی، کە لە کات و شوێنی گونجاودا بوون، هیچیان پێ نەکرا. چونکە شیوعیەکان لە نێو خۆیاندا هاوکار و هەماهەنگی یەکتر بوون و قەپاڵیان لە تەواوی ئیمپراتۆرییەتی بەربڵاوی ڕووسیا، دا
دوای ئەوەی سۆڤیەت لە سەرەتای بیریسترۆیکا، پآلپشتی سەربازیی خۆی لە ئەوروپای رۆژهەڵات کشاندبووەوە. شۆڕشەکان پۆڵەندا، هەنگاریا، چیکۆسلۆڤاکیا و ئەڵمانیای رۆژهەڵاتییان تەنیبووەوە. لە ٢١ ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ لە بۆخارستی پایتەختی ڕۆمانیا، نیکۆلای چاوچیسکۆی دیکتاتۆری شیوعی! ویستی وەک ٤٠ ساڵی ڕابردوو بکات، ٨٠ هەزار کەسیان بە شەق لە مەیدانێکی گەورە کۆکردوە تا دڵسۆزی و بەئەمەکیی خۆیان بۆ سەرۆک، نوێ بکەنەوە. چاوچیسکۆ پێی وابوو لە و تسونامییە ڕزگاری دەبێ. لە کاتی قسەکردنیدا بوو بە گەڕەلاوژێ و هاتوهووت، ویستیان پەخشی راستەوخۆ لە تەلەفزیۆن و رادیۆ ڕابگرن، کارمەندانی ئەو شوێنانە بە قسەیان نەکردن. چەند ملیۆن ڕۆمانییەک لەبەردەم تەلەفزیۆنەکان گوێیان لەو هاتوهووتەی خەڵکی بۆخارست بوو. لە ئاکامدا چاوچیسکۆیان پەلبەست کرد
چاوچیسکۆ و دار و دەستەکەی بۆ نزیکەی ٤٠ ساڵ ٢٠ ملیۆن ڕۆمانییان لە قەفەس نابوو. بە سێ کۆڵەکەی دەسەڵات چنگیان بە ڕۆمانیادا کردبوو. یەکەم، تەنیا شیوعی و دڵسۆزانی حزبیان لە سەرووی هەموو تۆڕ و دەزگەکاندا دانابوو. دووەم، نەیاندەهێشت هیچ ڕێکخراوێکی بەرهەڵستکار چی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، یان، ئابووری دروست ببێت، نەوەک دژی شیوعییەت بن. سێیەم، پشتیان بە مۆسکۆ قایم بوو
چاوچیسکۆ زانی، هیچ یارمەتییەک لە دەرەوەی ڕۆمانیاوە نایەت. شۆڕشەکان دراوسێکانی گرتبووەوە. بەشێک لە شیوعییەکانی ناو دەسەڵات و حزب تا کار لە کار نەترازابوو، چاکسازییان ڕاگەیاند. خۆیان خزاندە ناو بەرهەڵستیی چاوچیسکۆ، هەتا لەگەڵی بەشدار بوون، پشت و پەنای بوون، کە چاوچیسکۆ بەرەو نەمان بوو، لێی تەکینەوە. کاتێک دەسەڵات لە دەست ناقۆڵاکەی ڕۆمانیادا خلیسکا، دەست خەڵک نەکەوت. چونکە خەڵک نەیدەزانی چۆن خۆیان رێکخەن و هەماهەنگی یەکتر و هاوکار بن، بۆیە دەسەڵات بۆ کۆمەڵێک چوو، تاکە شتی دەیانزانی و هەیانبوو، خۆ ڕێکخستن و هەماهەنگی کردنی یەکتری بوو
چەند کەسێکی ناو دەسەڵات پێش خەڵک کەوتن، هیچ پێوەندییان بە خەڵکەوە نەبوو. ئیۆن ئیلێسکو، ئەندامی پێشووتری سەرکردایەتیی حزبی شیوعی و وەزیری پێشووتری پروپاگەندەش بوو، لەگەڵ چەند کەسێکی دەورووبەری وەک دیموکراتخواز خۆیان نیشان داو، بانگەشەی سەرکردایەتیی شۆڕشیان کرد. پێوەندی چەندین ساڵەیان لە ناو یەکتریدا وەک تۆپەڵێکی لێ کردبوون، دەسەڵاتی ڕۆمانیایان گرتە دەست و هەموو سەرچاوەکانیشییان خستە گیرفانی خۆیان
بەشی زۆری موڵک و ماڵی دەوڵەتیان بە نزیک و هاوەڵانی خۆیان لە کەرتی تایبەت، فرۆشت. کۆمپانیاکانی دەوڵەت هەموو هەرزان فرۆش کران و درانە ئەندامانی پێشووی حزب. ئیۆن ئیلێسکۆ وەک سەرۆکی ڕۆمانیا هەڵبژێردرا. هاوەڵەکانیشی بوونە وەزیر، ئەندام پەرلەمان، سەرۆکی بانک و ملیۆنێر. تا ئێستەش ئەوانەی لە ڕۆمانیا لە دەسەڵاتن، هەر ئەندامانی حزبی شیوعی و خێزانەکانیانن. ئەوانەی لە شۆڕشی تیمیشۆرا و بۆخارست ملیان لە چەقۆ خشاند، بەرماوەشیان بۆ نەمایەوە، چونکە نەیانزانی چۆن لە نێوان خۆیاندا هەماهەنگ بن و ڕێکخراوێکی کارا دروست بکەن
چارەنووسێکی زۆر هاوشێوە لە ساڵێ ٢٠١١ دا لە میسر دووبار بووەوە. ئەوەی پەخشی ڕاستەوخۆ لە ڕۆمانیا کردی، لە ٢٠١١ دا فەیسبووک و تویتەر، لە میسر کردیان. خەڵکێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەماهەنگ و هاوکاری یەکتری بوون و لە مەیدانی تەحریر کۆ دەبوونەوە. بەڵام ١٠٠ هەزار کەس بێنییە مەیدان لەگەڵ ئەوەی دەست لە دەسەڵات گیر بکەی و لە کاتی خۆیدا لە ژوورەکانی پشتەوە، تەوقە لەگەڵ کەسە دروستەکاندا بکەی، دوو شتی تەواو لەیەک جیان
کە موبارەک لە دەسەڵات بوو، لە هەموو میسردا تەنیا دوو ڕێکخراو هەماهەنگ و لە پێوەندیدا کارا بوون. ذەسەڵاتی سوپا و ئیخوانی موسلمین. شۆڕش لە لایەن ئیخوانەوە فڕێندرا، دواترسوپا بەشەق وەریگرتەوە
لە هەردوو حاڵەتدا، کۆنە شیوعییەکانی ڕۆمانیا و جەنەڕاڵە سەربازییەکانی میسر، هیچ لە دوو دکتاتۆرەی ڕۆمانیا و میسر، یان، لە خەڵکی بۆخارست و قاهیرە زیرەکتر نەبوون. تاکە ئامرازی دەستیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، هەماهەنگیی و هاوکاریی بوو. باشتر لە خەڵکەکە بەتەنگ خۆوە هاتن