لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، مرۆڤ زیاتر لە ٤٠ هەزار بەرهەمی/ماددەی کیمیایی دروست کردووە، ئەوانە هیچیان لە سروشتدا دروست نابن و نین، هەرچەندە زۆرێک لەو بەرهەمە تازانە تەواو ژیانی مرۆڤیان پێشخست و گۆڕی وەک (پلاستیک، نایلۆن، پەککەرەوەکان، سابوون، دژە بەکتیریا و ڤایرۆسەکان ..هتد) بەڵام وەک هەموو پێشکەوتنێکی دیکە، ئەوەش دوو سەرەیە، هەرچەندە ئەو بەرهەمانە ژیانی مرۆڤیان ئاسان کردووە وچەندین بەرهەمی دیکەی ژیانی رۆژانەی خستووەتە بەردەست، کەچی زیانە لاوەکییەکانی کەم بایەخ نین
لە توێژینەوەیەکی گەلێک نوێدا، ٥٥ جۆر ماددەی کیمیایی لەناو لەشی هەندێک کەس دۆزراونەتەوە، ئەو ماددانە پێشتر لە لەشی هیچ کەسێک نەبوون، هەر هەمان توێژینەوە ١٠٩ جۆر ماددەی کیمیایی لە لەشی ئافرەتانی دوو گیاندا دەست نیشان کردووە لەوانە ٥٥یان ئەوانە بوون لەسەرەوە باس کران. پێشتر نەدەزانرا ئەو ماددانە بۆ مرۆڤ گوازراونەتەوە. ٤٢ ماددەی دیکەش دەست نیشان کراون، کە نە سەرچاوەیان دیارە چۆن گەیشتوونەتە لەشی ئەو مرۆڤانە و نە دیاریشە بۆ چی بەکارهاتوون. بێگومان زۆربەیان لە ناو ئەو خواردن و خواردەوانەدا هەن کە لە بازاڕەکاندا هەیە بوونەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانە
تەنیا لە کەل و پەلی جوانکاریی ئافرەتاندا ٤٠ ماددەی کیمیایی هەیە، ئەوانە لە ٢٨ جۆری بەرهەمی جوانکاریدا بەکاردێن، ٢٥ ی دیکەش لە ناو بەرهەمەکانی ژیانی رۆژانەدا هەن، ٢٩ی دیکەش لە ناو بەرهەمەکانی داو و دەرماندا هەیە و ٢٣ی دیکەش لە ناو دەرمانەکانی قەڵاچۆکردنی مار و مێروودا هەن. پێدەچی ئەو ماددە کیمیاییانە ماوەیەکی درێژە لە لەشی مرۆڤەکاندا هەیە، بەڵام تەکنۆلۆژیای دەست نیشان کردنییان نەبووە
ئەو تیمە زانستییە، بۆ دەستنیشان کردنی ماددە کیمیاییەکانی بەرهەمی دەستی مرۆڤ خۆی، تەکنیکێکی تازەیان بەکارهێنا بە کوردی دەبێتە (شەبەنگپێویی فراوان بە وردەکاریی بەرز)، تەکنیکەکە لێدانی رووناکییەکی لە ناکاوە لە لەش دەدرێت، بەپێی پێکهاتەی ناو لەش ئەو رووناکییە دەشکێتەوە و لە هێڵی خۆی لادەدات. پێشتر لە ناو تاقیگەکەندا زانیمان هەر ماددەیەکی کیمیایی چۆن شەبەنگی ئەو رووناکییە دەشکێنێتەوە، بە بەراوورد کردن لە نێوان ئەوەی لە تاقیگە دەستمان کەوتووە لەگەڵ ئەوەی لەسەر لەشی مرۆڤ دەرکەوتووە، توانرا هەموو ئەو ماددە کیمیاییانە دەستنیشان بکرێن
لەو توێژێنەوەیەدا دەردەکەوێ، کە پیشەسازان بە هەموو جۆرەکانییەوە دەبێ ئەو ماددە کیمیاییانە ئاشکرا بکەن، کە لە بەرهەمەکاندا یان لە کاتی بەرهەمهێناندا بەکاردێن، بەو شێوەیە دەتوانرێ بزانرێ چەند و چی لە ناو هەر بەرهەمێکدا هەیە، ئینجا زانایان دەتوانن لە ئاستی ژەهراویی هەر ماددەیەک بکۆڵنەوە. ئەو ماددانەی لە خوێنی ئافرەتانی دووگیاندا هەبوون لە خوێنی کۆرپەلەکانیشیاندا هەر هەبوون. جگە لەوەش تەنۆلکەی وردیلە پلاستیکی لەشی دایک بۆ مێشک، سییەکان، جەرگ و گورچیلەی کۆرپە چووە. دیارە ئەو ماددە کیمیاییانە لە دایکەوە بۆ کۆرپە دەگوازرێنەوە. لە توێژینەوەی دیکەشدا لەسەر باڵندەکان و شیردەرەکان، کاریگەری ماددەی پلاستیک لەسەر ژیانیان دەرکەوتووە، ئەو باڵندانەی پلاستیک لە جەستەیاندا هەبووە گواستوویانەتەوە بۆ هێلکەکان و لەوێشەوە بۆ جووجکەکانیان، گیانلەبەرە شیر دەرەکانیش بەهەمان شێوە گواستوویانەتەوە بۆ کۆرپەلەکانیان
زیانی ئەو وردیلە پلاستیکانە لەناو لەشی مرۆڤ جارێ دەرنەکەوتوون، بۆ ئەوەی بگەینە بنکۆڵ توێژینەوە و کاتی زیاتری دەوێت ، بەڵام زانایان لە مەترسییەکان بێگومانن و وەک بابەتێکی زۆر هەستیار هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، دەبێ هەرچی زووە مرۆڤ لەو هەڕەشانە وریا بێت و خۆشی بۆ ئامادە بکات. ئەگەری پێوەندی نێوان نەخۆشییە کوشندەکان و ئەو جۆرە ماددە کیمیاییانە زۆرن، بەڵام جارێ بەڵگەی زانستیی لەبەردەست نین ئایا کامیان لەوانەیە کام نەخۆشی دروست بکەن
لە ژیانی رۆژانەی خۆماندا، چەندین لەو بەرهەمانە بەکار دەهێنین، چەندین جۆری خواردنی بەستراو و قوتوو کراو وەکو (مریشک، کوببە، ماسی، بێرگەر، ئاوی تەماتە، گۆشت، پاقلەمەنییەکان، سۆوس، رۆنی چێشت ...هتد) لە سەر تاقی بازاڕەکاندا هەیە، پێم وانییە کەس بزانێ ئەوانە چۆن بەرهەم دێن و چییان لەناوە. لە دوای راپەڕینەوە من خۆم تەنیا یەک دوو جار ئەنجامی توێژینەوەی زانستییم لە کوردستان بیستووە، لەسەر ئەم یان ئەو بەرهەم ئەنجام درابێت. هیچ گومان لەوەدا نابینم، لەوانەیە زۆر لەوانە هێندە خراپ بەرهەم هاتبن بۆ خواردن هەر شیاو نەبن. ئەوەی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی دیتبێت باسی هەنگوینی دەکرد، لە ژیانیدا هەنگوینی هیچ وڵاتێک ناخاتە سەر زمانی
وڵاتانی دراوسێمان نە هێندە مرۆڤ دۆستن نە هێندەش ستانداردیان بەرزە، تا ئێمەی کڵۆڵ متمانە بە بەرهەمەکانییان بکەین. چۆن پێم وابێ ئاوی تەماتەی قوتووکراوی ئەو کۆمپانیایە لەوەکەی دیکە باشترە؟ چۆن ئەو گۆشتە قوتوو کراوە بدەمە منداڵەکانم؟! دەبێ چی تێدا بێ و چی لە پرۆسەی قوتوو کردنیدا بەکارهاتبێت؟؟ چەندە ئەو جۆرە کارگانە سەرەڕای قەیرانی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتەنە، لە ژێر چاودێری وردی تەندروستیی و کۆنترۆڵی جۆرییدان؟ ئایا کۆنترۆڵی جۆریی خۆی شایستەیە کاری چاودێریی بکات؟؟ ئەوە هەر لەوێوە هاتینەوە سفر
باشترین کار ئەوەیە، لە هەموو ئەو جۆرە خواردنانە دوور بی، هەرچی لە شووشە کراوە ئەوە بکڕە، هەر قوتوویەک قووپاو بێت نەکەی بیکڕی، تا بۆت بکرێ هیچی بەستراو مەخۆ، هەر لە دەرەوەش نان مەخۆ پشت بە خوارنی ناو ماڵی خۆت ببەستە