جەنگی پاتری ئۆتۆمبیل

لە سەدەی بیست و یەکدا، جەنگی دروستکردنی پاتری بۆ ئۆتۆمبیلەکانی ئاییندە دەستی پێکردووە. بەلای وڵاتانی پیشەسازییەوە زۆر گرنگە بۆ پارچەکانی پیشەسازییە سەرەکییەکانی خۆی پشت بە هاوردەکردن نەبەستێ نەوەک گرفتی تێبکەوێ. ئێستە چین بە تەنیا ٨٠٪ی هەموو پاتری لیثیۆم-ئایۆنی ئۆتۆمبیلە کارەباییەکانی جیهان، بەرهەم دەهێنێت. بۆ وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا، کە چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی هەیە، ئەوە خاڵێکی لاوازی پیشەسازییەکەیانە. کەواتە دەبێ ئەڵمانیا بۆخۆی بەرهەمی پاترییەکانی خۆی بهێنێ

 

نەخشەی هاوپێچ ناو و شوێنی کارگەکانی دروستکردنی پاتری تێدایە.ئەگەر هەمووی وەکو نەخشەکە ئەنجام بدرێ ئەوا توانای بەرهەمهێنانی ئەوروپا دەگاتە ٧٠٠ گێگاوات/کاتژمێر. ئەو توانایە پاتری بۆ ئۆتۆمبیلەکانی ئەوروپا دابین دەکات و باڵادەستیی چین لەو بوارەدا ناهێڵێ. دە پانزە ساڵ لەمەوبەر چین توانای زۆری بۆ پێشخستن و دروستکردنی تەختەخانەکانی وزەی خۆر خستە گەڕ. ئێستە لە جیهاندا ١٠ گەورەترین بەرهەمهێنی ئەو تەختەخانانەی وزەی خۆر، یان بە تەواوی چینین یان بەشێکی چینییە. چین بە هەمان گوڕ و تینەوە بەرەو دروستکردنی ئۆتۆمبیل و پاتری ئۆتۆمبیل هەنگاوی ناوە

 

باڵادەستیی چین لە بواری پاتریدا هاوشێوەی ئەوەی ڕێکخراوی ئۆپیکی نەوتە. لە ساڵانی حافتاکانی سەدەی ڕابردوو بەرهەمهێنانی کەم کردەوە و نرخی نەوت زۆر بەرزبووەوە، فشارێکی سیاسی زۆر گەورەی لەسەر وڵاتان دروستکرد و ئابووری هەندێکیان تووشی گرفتی گەورە بوو. وڵاتانی پیشەسازیی گەورە،  لە مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیەدا، خۆیان ئامادە دەکەن و پلانی ستراتیجی بۆ چەند ساڵی داهاتوو دادەنێن. تیایدا بەرهەمهێنانی پاتری لە وڵاتەکەی خۆیان بێت

 

لە ساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی ئەوروپا یاسای پاتری پەسەندکرد. دەزانن لە نرخدا ڕکابەری چینیان پێ ناکرێ، بەڵام دەڵین پاترییەکانیان دەبێ ژینگەدۆست و کارا تر بن. بەڵام ئەو ئەرکە ئەوەندە ئاسان نییە. کارگەی دروستکردنی پاتری، کارێکی زۆر ئاڵۆزە، گران و خاوە. تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ تەنیا ٤ لەو خاڵانەی لەسەر نەخشەکەیە، تەواو کرابوو. یەکیان سامسونگە لە هەنگاریا، یەکیان ئێڵ جی وزە لە پۆڵاند، یەکیان لێکلانشی لە ئەڵمانیا و دوایینیان ئینڤیشن لە بەریتانیایە

 

لە کۆتایی ٢٠٢١دا،  ٦ کارگەی بەرهەمهێنانی پاتری لە ئەوروپا لە قۆناغی تەواوبووندا بوون و ئێستە بەرهەمیان هەیە لەوانە ئەوەی تێسلایە لە نزیک بەرلین بە توانای ٤٠ گێگاوات/کاتژمێر، کرایەوە. تێسلا ناوی کارگەکەی خۆی نا گێگا کارگە، واتا گەورە و زەبەلاح، لەمەودوا هەر کارگەیەکی پاتری گەورە ناوی گێگا وەردەگرێ. هەرچەندە ئەوەی تێسلا لە نیڤادا دایدەمەزرێنی گەورەترین کارگەی پاتری ئۆتۆمبیلە لە جیهاندا، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی پاتری ئۆتۆمبیلی کارەبایی ئەوروپا لەوەی ئەمەریکا بەرزترە. تێسلا کارگەی دووەم لە ئەوروپا دەکاتەوە، جگە لەویش ڤۆڵکس ڤاگن پلانی ٦ کارگەی لە ئەوروپا هەیە. ئەوانە جارێ هیچیان لەسەر نەخشەکە دانەنراون

 

توانای بەرهەمهێنانی پاتری لە ئەوروپا ٣٠ گێگاوات/کاتژمێرە. تا ساڵی ٢٠٢٩ دەبێتە ٣٠٠ گێگاوات/کاتژمێر وهەیە دەڵی تا ساڵی ٢٠٢٥ دەگاتە ٤٠٠ گێگاوات/کاتژمێر. هەموو کارگەکانی سەر نەخشەکە پێکەوە دەگەنە ٧٠٠ گێگاوات/کاتژمێر. بەوپێیە بەشی ئەوروپا لە ٧٪ دەبێتە ٣١٪ی هەموو بەرهەمهێنانانی جیهان. تا ساڵی ٢٠٣٠ بەهای ئەو پیشەسازییە لە جیهاندا، دەگاتە ١٥٦ ملیار دۆلار. توێژینەوەیەکی دامەزراوەی فراونهۆفەر ئای ئێس ئای دەڵێ، بۆ هەر گێگاوات/کاتژمێر لە کارگەکاندا ٤٠ هەلی کار لەو کارگانە و ٢٠٠ هەلی کار لەدەرەوە دروست دەکات. کارگەکانی پاتری لە ئەوروپادا تا ساڵی ٢٠٣٣ نزیکەی ١٥٥ هەزار هەلی کار دەخەنە بازاڕەکانی ئەوروپا

 

ئارەزووی یەکێتی ئەوروپا وایە تا ساڵی ٢٠٣٠ ل ەنێوان ٦٠ تا ٧٠٪ی ئۆتۆمبیلەکانی لە ئەوروپادان دەبێ کارەبایی بن. ڤۆڵکس ڤاگن دەیەوێ تا ساڵی ٢٠٣٠ فرۆشی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە ئەوروپادا بگاتە ٧٠٪ کۆی فرۆشتنی. ڤۆڵڤۆ و فۆردیش دەیانەوێ تا ساڵی ٢٠٣٠ هەموو بەرهەمیان تەنیا ئۆتۆمبیلی کارەبایی بێ. بەریتانیا هەر لە ساڵەدا فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی ئاسایی قەدەغە دەکات. ئەوەی ئەو پلانانە نیشانی دەدەن ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٤٠ داواکاری پاتری ئۆتۆمبیل تەنیا لە ئەوروپا دەگاتە ١٢٠٠ گێگاوات/کاتژمێر. لەگەڵ هەموو ئەو کارگانەی باسمان کردن تەنیا ٦٠٪ ئەو داوایە دابین دەکەن

 

هەرچی ئەمەریکایە بەوەی تێسلا تەنیا ٣ کارگەی هەیە. تا ساڵی ٢٠٣٠ پێشبینی وایە ٢٧٪ی ئۆتۆمبیلەکان لە ئەمەریکا کارەبایی بن. ئەو کاتە ئەمەریکا تەنیا ١٠ کارگەی دەبێ. بەڵام چین ١٤٠ کارگە و ئەوروپا ٣٠ کارەگەی دەبێ

 

سەرچاوە

 https://bigthink.com/strange-maps/gigafactories-in-europe/?utm_term=Autofeed&utm_medium=Social&utm_source=Facebook#Echobox=1659409623