وەک لە نووسینەکانی پێشتردا باس کرا، بە پێی دوایین زانیاریی زانستیی، لانکەی مرۆڤایەتیی لە ناوەڕست یان ڕۆژهەڵاتی ئافریقایە. ئەو ناوچەیە کەشوهەوای گەرم و شێداری هەیە. زۆربەی بەشەکانی لەشمان لەگەڵ ساردی ڕانەهاتبوون و لەگەڵیشیدا نەگونجا بوون. ئەی ژیانی مرۆڤی چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر لە ناوچە ساردەکاندا چۆن گوزەراوە؟ کام گۆڕانکاری و خۆگونجاندنی لەشی مرۆڤ ژیانی لەو شوێنانەدا هێشتەوە
لەچەند ساڵی ڕابردوودا، توێژینەوەکان گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی جینی هەندێ کۆمەڵگە، خۆگونجاندنی لەشی مرۆڤی لەگەڵ کەشوهەوای سارددا، کردووە. بە شیوەیەکی گشتیی جل و بەرگ و لانەی مانەوە، بەشێک لەو ساردییەی کەشوهەوا کەم دەکاتەوە، ئەوانە دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ گرفتێکی ژیانی ڕۆژانە. بەڵام لە پاڵیدا، گۆڕانکاریی لە جۆری خواردندا پێویست بوو. ئەو میوە و بەرهەمانەی بەر لە نیو ملیۆن ساڵ لە ناوچەکانی کەمەری زەویدا هەبوو، لە ناوچە ساردەکانی دواییدا نەبوون
توێژینەوەکان دەڵێن، بە تێکەڵ کردنی توانای تەکنۆلۆجی هەر سەردەمێکی مرۆڤ لەگەڵ وەچە خستنەوەی مرۆڤ لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی مرۆڤدا (مەبەست نیاندرتال و دێنیسۆڤانە)، دواتریش گۆڕانکاریی لە جینەکاندا، وایان لە مرۆڤ کرد، زۆرتر بەرگەی سەرما بگرێت. تا گەیشتە ناوچە هەرە ساردەکانی سەر ڕووی زەوی و گەلی ئەسکیمۆی لێ بەجێما
بە درێژایی کرداری گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێش چوون (التطور)، زۆر جار کەشوهەوا لەوپەڕی گەرمیی بۆ ئەوپەڕی ساردیی گۆڕاوە. ئەو گۆڕانە زۆرانە کاریگەریی لەسەر باپیرە گەورەکانی مرۆڤ لە ماوەی ٦-٨ ملیۆن ساڵی ڕابردوودا، بەجێهێشتووە. مرۆڤی نیاندرتاڵ زۆر پێش مرۆڤی هۆمۆسێپیانس گەیشتووەتە ئەروپا. زۆر جار لەگەڵ چاخە بەستەڵەکەکاندا ژیاوە
نیاندرتال لە وەرزە ساردەکاندا ئاسکی جۆری (ڕیندییر) ی ڕاو دەکرد، لە وەرزە گەرمەکانیشدا ئاسکی سوور. لە یەکەمین ئامرازەکانی بەرد وەک چەقۆ بەکارهاتووە و مرۆڤ دۆزیویەتەوە بۆ ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەکارهێنانی ئەو ئامرازە سادەیە گۆڕان لە جۆری خواردنی مرۆڤی نیاندرتالمان بۆ ئاشکرا دەکا. بەو ئامرازە سادانە توانییان گۆشت لە پێست وئێسقان داماڵن. گرنگ نەما لە کوێ دەژین. دەکرێ ئەوە خاڵیکی وەرچەرخانی کۆچ بەرەو باکوور بووبێت
لە نێوان ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ پاشماوەی ئێسک و پروسکی ٥ مرۆڤی کۆن لە دمانیسی – جۆرجیا لە خوار چیاکانی قەوقاز دۆزرانەوە، ئەو ناوچەیە لەسەر هەمان هێڵی پانیی نیویۆرک و بکینە، بۆ ئەو کاتە ئەو شوێنە بۆ بوونەوەرێک لە ئافریقاوە هاتبێ، یەکجار زۆر سارد بووە
گۆڕانی شوێنی ژیانی ئەو مرۆڤانە بۆ شوێنێکی ئاوا سارد، بێگومان بابەتی خواردن دێنێتە سەرەوەی هەموو بابەتەکان. لەو شوێنە ساردانەدا گۆشت پڕ وزەترین خواردنە. کەواتە زۆربەی خواردنییان بۆ گۆشت گۆڕیوە، بەڵام ئەوەش بە تەنیا بۆ گۆڕینی شوێنی ژیان، هەموو شتێک نییە. توێژەران دەڵێن مرۆڤی کۆن (هۆمۆسێپیان) لەگەڵ مرۆڤی دێنیسۆڤانەکان وەچەی خستووەتەوە، واتا، جووت بوون لە نێوانیاندا هەبووە، نەوەی ئەو تێکەڵەیە بەرگری لەشیان زۆر بوو، ڕەنگی پێستیان گۆڕا. ئەوەش لە لای خۆیەوە ڕێی بۆ گۆڕانکاریی دیکە خۆش کرد
بۆ نموونە، جینی ئیپاس ٢ لە خەڵکی تیبیتی چیندا هەیە، وا دەکات زیاتر بەرگەی سەرما بگرن و لە ناوچەی بەرزیش لە چاو ئاستی دەریادا، بژین. باوەڕ وایە ئەو جینە لە ئامۆزاکانمانەوە (مرۆڤی دێنیسۆڤان)، بۆیان هاتنێ. ئەوانیش و مرۆڤی نیاندرتالیش سەدان هەزار ساڵ بەر لە مرۆڤی هۆمۆسێپیان لە یۆراسیادا (ئەوروپا و ئاسیا) ژیاون
توێژینەوە لەسەر خەڵکی (ئینویتس) لە گرینلاند، جیاوازی لە جینەکانی مایتۆکۆندریای خانەکانیان دەرخست، جینی وارس ٢ لە ئێسک و پروسکی مرۆڤی دێنیسۆڤاندا لە جۆرجیایش وەک ئەوەی گرینلاند، دۆزراوەتەوە. ئەو جینە لە مایتۆکۆندریادا وای کرد گەرمیی زۆرتر لە چەوری لەش، دروست بکرێ. لە هەموو جینەکانی دیکەی مرۆڤیش جیاوازە. بۆیە باوەڕ وایە، لە سەرچاوەی دیکەوە بۆ مرۆڤ هاتبێ
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە لینکی خوارەوە باس کراوە،. گۆڕانکاریی لە جینی مایتۆکۆندریا، وزەی زۆرتری بە لەش بەخشی
https://www.sciencedaily.com/releases/2004/01/040114075853.htm.
ئەو جینە دوو کاری لە لەشدا هەیە، گەرمی لەش ڕادەگرێ و پێکهاتەیەکی کیمیایی وزەش دروست دەکات، ئەو پێکهاتەیە وادەکات بتوانین ماسوولکەکانمان بۆ ڕاکردن، بیرکردنەوە و نووسین بەکاربێنین و ئەرکی چاک کردنەوەی خانە زیان پێگەیشتووەکانیشی لە ئەستۆدایە. هەر ئەو جینە بڕیار دەدات چەند لەو خواردنەی دەیخۆین بۆ گەرمیی لەش و چەندی دیکە بۆ جووڵە و کارەکانمان، بسووتێنین
لە کرداری بەرهەمهێانی وزەدا، مایتۆکۆندریا بەرهەمێکی لاوەکیی دروست دەکات پێی دەڵێن (ئۆکسجین ڕادیکاڵ)، ئەوە زنجیرە گەردیلەیەکە ئۆکسجینی تێدایە و لەگەڵ زنجیرەکانی دیکەی خانە، بە ئاسانیی کارلێک دەکات. کۆبوونەوەی ئۆکسجین ڕادیکاڵ لە ناو خانەکاندا، زیان بە دی ئین ئەی، ئاڕ ئێن ئەی و دیواری خانە دەگەیەنێت، تەنانەت خانەکانیش دەمرێنێت. بەوە چرچ و لۆچی پیریی دەردەکەوێ
چەندی زۆرتر خواردن بۆ گەرم کردنەوەی لەش بەکاربێت، ئەوەندە کەمتر ئۆکسجین ڕادیکاڵ دروست دەبێت، خواردنی زۆریش، کە لە پێویستیی گەرم کردنەوەی لەش زۆرترە، مایتۆکۆندریا ناچار دەکات، وزە لە شێوەی چەوری دروست بکات. بەوەش ئۆکسجین ڕادیکاڵی زۆر دروست دەبێ. لە ئەنجامدا نەخۆشییەکانی پیری، قەڵەویی و نەخۆشییە درێژخایەناکانی دیکە، دەردەکەون
بەبێ تێکەڵ بوون لەگەڵ مرۆڤی نیاندرتال و دێنیسۆڤان، مرۆڤی کۆن نەیدەتوانی لە ناوچە شاخاویی و ساردەکانی ئەوروپا و ئاسیادا بژی و بمێنێ. ئەو تێکەڵ بوونە کلیلی ڕزگاربوونی هەموو کۆچکردووانی ئافریقا بەرەو ناوچە ساردەکانە
سەرچاوە
https://www.nature.com/articles/nature.2013.13972