نووسین وای لە مرۆڤایەتیی و شارستانییەتی مرۆڤ کرد ببێتە خاوەنی زۆر دامەزراوەی خەیاڵی، بەو دامەزراوانە ژیانی ملیۆنان خەڵکی رێکخست. بە هەمان شێوە، نووسین بۆ مرۆڤی ئاسان کرد باوەڕ بەو دامەزراوە خەیاڵیانە بێنێ، چونکە مرۆڤی ڕاهێنا بە هۆی ئەو دامەزراوانەوە لەگەڵ واقیعی ژیاندا بگونجێ
کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە ١٢ هەزار ساڵ ڕۆژیان بە سەرکەوتنە سەر دار، گەڕان بەدوای قارچک و کەروێشکدا، بەسەردەبرد. دوای ئەوانیش جووتیارەکانی چەرخی داهێنانی کشتوکاڵ ڕۆژیان لە کێڵگەدا بە کێڵان، دروێنە، دانەوێڵە کوڵاندن و بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵیی، بەسەردەبرد. واقیعی ڕۆژانەیان بریتی بوو لە شڵپە شڵپی قاچە پێخواسەکانیان لە ناو قوڕ و چەپەڵدا، بۆنی گا و مانگای گاسن ڕاکێش و دواییش تام و بۆنی نانی گەرمی تازەی لە تەندوور کراوە، لووتی پڕ دەکردن
بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە، کاربەدەستانی سەردەمی دروست کردنی قووچەکەکانی میسری فیرعەون، زۆربەی ژیانیان لە خوێندنەوە، نووسین و ژماردن بەسەربرد. واقیعی ژیانی ڕۆژانەیان بریتی بوو لە تۆمارکردنی کێ کام پارچە زەوی هەیە، نرخی گایەک چەندە و باج لەسەر جووتیارەکان چەندە. یەک لەو کاربەدەستانەی فیرعەون دەیتوانی چارەنووسی تەواوی گوندێک بە سەرەقەڵەمێک دیاری بکات
بەشی هەرە زۆری خەڵک لە جیهاندا تا کۆتایی سەدەی بیستەمیش هەر نەخوێندەوار بوون. کەچی چەندی دەهات کاربەدەستان زیاتر واقیعی ژیانیان بە نووسین و خوێندنەوەوە گرێ دەدا. بۆ خوێندەوارانی سەردەمی قووچەکەکانی میسر و دەرەبەگەکانی سەدەی نۆزدەی ئەوروپا، هەرچی لەسەر پارچە کاغەزێک دەنووسرا، وەکو دار، مانگا، شاخ، ڕووبار و مرۆڤ، واقیعی بوون
کاتێک نازیەکان فەرەنسایان لە بەهاری ١٩٤٠ داگیرکرد، جوولەکەکان لە هەوڵی خۆ دەربازکردن بوون، تا بتوانن بەرەو باشوور (ئیسپانیا و پورتوگال) بڕۆن، دەبوایە ڤیزایان هەبێ. بۆ وەدەستهێنانی پارچە کاغەزێک (کە ژیان ڕزگار دەکات) دەیان هەزار جوولەکە و ئاوارەی دیکە دەوری کونسوڵگەریی پورتوگالیان لە شاری بۆردۆی فەرەنسا، دابوو. حکوومەت ڕێی لە کونسوڵی خۆی (سۆسۆ مێندێز) لە بۆردۆ گرتبوو بێ ڕەزامەندیی وەزیری دەرەوەی پورتوگال، ڤیزا بداتە کەس. کەچی کونسول ٣٠ ساڵی خزمەتی دیبلۆماسیی خۆی خستە بەر ڕەشەبا و هەزاران ڤیزای دا. خۆی و تیمەکەی هەر ئەوەتا چاویان دەچووە خەو، شەو و ڕۆژیان لێک گرێدا، تا شەکەت بوون ڤیزایان دا بەو خەڵکە. لە لشبۆنەوە تیمێک چوونە بۆردۆ و کونسوڵیان بردوەوە و دەریان کرد. بەڵام حکوومەتانی پورتوگال، فەرەنسا و ئیسپانیایش هەر هەموو ئەو ڤیزایانەیان قبووڵ کرد و ٣٠ هەزار کەس لە کۆمەڵکوژیی نازیەکان دەرباز بوون. هەموو ئەوەی بەدەست سۆسۆ مێندێزەوە بوو، پارچە کاغەزێک و مۆرێکی پلاستیک بوو. بەو دوو ئامرازە سادەیە، کەس هێندەی مێندێز و تیمەکەی نەیانتوانی جوولەکەکان لە کۆمەڵ کوژیی بپارێزن
بەڵام خۆ هەردەم سەرەقەڵەمەکان وەکو ئەوەی مێندێز ئەرێنی نەبوون. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦١ چین پرۆژەی (هەنگاوی مەزن)ی ڕاگەیاند، ماو فەرمانی دا دەبێ بەرهەمی کشتوکاڵ دوو هێندە و سێ هێندەی لێ بکرێ. دەیویست چین بکاتە زلهێز، پێویستی بە چەک و تەقەمەنیی و کەلوپەلی سەربازیی بوو. ئەو فەرمانە لە بیژینەوە (بکین) بۆ سەرۆک هەرێم و ناوچەکان و دواتر تا دەگاتە سەرۆکی لادێکان هاتە خوار. لە هەر هەموو ئەوانەی فەرمانەکەیان پێگەیشت و گواستیانەوە خوارخۆیان، کەس نەیوێرا نقە بکات، ئەگەرچی داوایەکەی ماو نەکردە بوو، کەس ڕەخنەی نەگرت. ڕاپۆرتەکان لە خوارەوە دەهاتن، لە دەستاو دەست کردنی ڕاپۆرتەکان جارجار لە ترسی خۆیان و ئەو سزایەی لەوانەیە بیانگاتێ، سفرێکیان بۆ ڕاپۆرتەکان زیاد کرد. دوای چەند دەستێک بە پەیژەی دەسەڵاتدا سەرکەوت. بەو شێوەیە ژمارەیەکی خەیاڵی لە بەرهەمی کشتوکاڵ نیشان درا
لە ساڵی ١٩٥٨ دا بە بڕوای تەواوی سەرۆکایەتیی چین، بەرهەم ٥٠٪ زۆر کراوە و دەکرێ بفرۆشرێتەوە. حکوومەت ملیۆنان تۆنی برنجی بەرانبەر چەک و تەقەمەنیی بە وڵاتان فرۆشت، لەو باوەڕەدا بوو هێشتا بەشی چین خۆی ماوە. ئەنجام، سەختترین برسییەتیی لە مێژوودا تۆمارکرا، دەیان ملیۆن چینی لە برسان مردن
ڕاپۆرتەکانی بەرهەمی چین بە جیهاندا بڵاوبووەوە، لەوانە هەندێ وڵات سەریان لەو سەرکەوتنەی چین سووڕمابوو، بۆیە ویستیان وەکو چین بەرهەمی کشتوکاڵ زۆر بکەن. لەوانە سەرۆکی تەنزانیا جولیۆ نیێرێرێ، بۆ نوێ کردنەوەی کشتوکاڵ لە وڵاتەکەی بڕیاری دا کێڵگەی هەرەوەزی وەکو ئەوانەی چین دامەزرێنێ، کە جووتیاران ڕەخنەیان گرت و ناڕازی بوون، بە سەرباز و پۆلیس لادێکانیان ڕووخاند و سەدان هەزار کەسیان ناردە کۆمەڵگە هەرەوەزییەکانی حکوومەت. پروپاگەندەی حکوومەت کۆمەڵگە هەرەوەزییەکانی وەکو بەهەشتی سەر زەوی وێنا دەکرد، بەڵام ئەو کۆمەڵگەیانە تەنیا لەسەر کاغەز هەبوون. ڕاپۆرتەکانی دەگەیشتنە دارالسلام دەیانگوت لە ڕیکەوتی ئەوەندە و ئەوەندە خەڵکی ئەو گوندە و ئەو گوندە بۆ کۆمەڵگەی فلان گوازرانەوە، بەڵام ڕاستییەکەی کە جووتیارەکانی ئەو گوندانە دەگەیشتنە کۆمەڵگەی هەرەوەزی لە خاکێکی ڕەق و تەق زیاتر هیچی لێ نەبوو. تەنانەت خانوو بۆ مانەوە و حەسانەوە نەبوو. هیچ ئامرازی کشتوکاڵ و کارکردن نەبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا، دەسەڵاتدارانی حکوومەت دەستخۆشییان لە خۆیان و سەرۆک دەکرد. ڕاستییەکەی تەنزانیا لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵ لە گەورەترین بەرهەمهێنی خواردن لە ئافریقا، بووە هاوردەکاری خواردن. بە بێ یارمەتیی دەرەکی خۆی پێ نەدەژیا. لە ساڵێ ١٩٧٩ دا ٩٠٪ی هەموو جووتیارانی تانزانیا لە کۆمەڵگە هەرەوەزییەکان دەژیان، بەڵام تەنیا ٥٪ی بەرهەمی کشتوکاڵی تەنزانیایان دەستکەوت بوو
مێژووی نووسین نمونەی هاوشێوەی دیکەی هەیە، لە زۆربەیاندا نووسین کاروباری وڵاتی ڕێک خستووە. نووسین، دوای هەرەسهێنانی پرۆژەی هەنگاوی مەزن، حکوومەتی چینی نەڕووخاند. کارەساتەکە بە توانای چەسپاندنی واتا خەیاڵییەکانی نووسین لەسەر واقیع، دروست بوو.ڕاپۆرتەکانی چین واتای خەیاڵیی بوون، بەڵام کاریگەرییان لەسەر واقیع هەبوو. هەمان واتای خەیاڵیی وێنەیەکی درەوشاوەی حزبی دەسەڵاتداری نیشان دەدا
لەوانەیە زمانی نووسراو وەک شێوازێکی نوێی باسکردنی واقیع لەقەڵەم درابێ، بەڵام بۆ گۆڕینی خودی واقیع، وردەوردە بووە ئامرازێکی پڕ هێز. کاتێک ڕاپۆرتی کاربەدەستان لەگەڵ واقیعدا لە دژن، هەردەم واقیع پاشەکشەی پێ دەکرا. کاتێک لەگەڵ دەسەڵاتی باج وەرگرتن و سیستەمی پەروەردە سیستەمەکانی دیکەی بیرۆکراتیی مامەڵە دەکەی، هەرگیز واقیع گرنگ نییە، ئەوەی نووسراوە لە واقیع گرنگتر و پڕ بەهاترە