ئەشکەوتی ئێسقانەکان، مرۆڤی هۆمۆ نالیدی

ئەشکەوتی رایزینگ ستار، پێشی دەگووترێ ئەشکەوتی ئیمپایەر دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی ماڵمانی لە باشوری کیشوەری ئافریقا و لە نێوان هەردوو وڵاتی بۆتسوانا و باشووری ئافریقا درێژ دەبێتەوە. لە دۆڵی چۆمی بلوبانکە. لەو ئەشکەوتەدا بۆ یەکەم جار جۆرێکی دیکەی مرۆڤ دۆزرایەوە وناوی نرا مرۆڤی نالیدی ( نالیدی بە زمانی سۆثۆ، زمانێکی ئەو ناوچەیەیە و لە چەند وڵاتێک بە فەرمی ناسراوە، واتا ئەستێرە). گەیشتن بە هەموو شوێنەکانی ئەشکەوتەکە یەکجار قورسە، شوێنیکی هەیە دەبێ لەسەر دەم بۆ چەند مەترێک بخشێی چەنکە تەنیا ١٥ سانتیمەتر بەرزە، شوێنێکی دیکەی هەیە ٣٠ مەتر تا ڕاددەیەکی زۆر بە ستوونی بەرەو خوار دەڕوا و تەنیا ٢٠ سانتیمەتر پانە تا دەگاتە دوایین شوێنی ئەو ئەشکەوتە


ئەو ئەشکەوتە لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن یانەی دۆزینەوە و گەڕان لە ئەشکەوتەکان، دۆزرایەوە. ئەوکاتە لقی ئافریقای باشوور لەو ئەشکەوتەدا بوون و ئەو ژوورەی دواتر ناوی نرا ژووری دینالیدی، دۆزرایەوە. ئەوان یەکەم کەس بوون دیتیان هەندێ ئێسقان لەسەر زەوی ئەو ژوورەی ئەشکەوتەکەدا هەیە. لە ١ ی تشرینی یەکەم هەندێک لەو وێنانەی گرتبوویان نیشانی شارەزایانی زانکۆی ویتۆتەرساند، دران


لە  تشرینی دووەمی ٢٠١٣ تیمێکی شوێنەوارناسیی پێکهێندرا و گەڕان بە دوای پاشماوەی مرۆڤی کۆن دەستیپێکرد. ٧ کەس لەو تیمە شارەزایانی مرڤناسیی مرۆڤی کۆن بوون و ئافرەت بوون. چونکە دەبوایە تەنیا بە ١٨ سانتیمەتردا بڕۆن، دیارە پیاوی ئەوەندە باریکیان دەست نەکەوتبوو. لە ماوەێ گەڕانیان لەو مانگەدا ١٧٥٦ پارچەی جۆراوجۆریان دەرهێنا، زۆربەیان ئێسقانی لەشی ١٢ مۆرڤ بوون. تا هاوینی ساڵی ٢٠١٤ تەنیا ٢٠ پارچەی لە کۆی هەموو ٢٠٦ پارچەی ئیسقانی مرۆڤ، نەدزرانەوە


پشکنینی ئێسقانەکان نیشانی دەدەن تەمەنیان لە نیوان ٣٣٥ تا ٢٣٦ هەزار سالە. ئەو مرۆڤە باڵ کورت بووە، مێشکی تەنیا قەبارەی پرتەقاڵێکی هەبووە، واتا سێ یەکی ئەوەی ئێمە. ئەو جۆرە مرۆڤە پێشتر نەناسرابوو و ئەوە یەکەم جارە ئێسقانی ئەو جۆرە بدۆزرێتەوە. لە پشکنینی دیکەی ئێسقانەکان و بە تایبەتیش قەبارەی کەللەیسەر و ئەو بۆشاییەی مێشکی تێدابووە دەردەکەوێ تەمەنی ئەو جۆرە مرڤە تا ٢ تا ٢ ملیۆن و نیو سال کۆنە. واتا لەگەڵ جۆری هۆمۆئیرەکتەس لەسەر زەوی هەبوون. هەرچی تەمەنی ئەشکەوتەکە خۆیەتی بە پشکنینی بەردەکان زانایانی زەویناسیی دەڵێن لە نیوان ٢٣٦ تا ٤١٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر دروست بوون


لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤ جارێکی دیکە چوونەوە ناو ئەو ئەشکەوتە و لو شوێنێکی دیکە گڕان دەستیپیکرد، ئەو جارەیان تا مناگی ئەیلولی ٢٠١٥ کۆی ١٥٥٠ پارچە ئێسقانی ١٥ مرۆڤی دیکەیان دۆزییەوە. ٣٠٠ پارچە و پووچی دیکە و نزیکەی ١٢٥٠ پارچەی بەبەردبوو دەرهێندرانەوە. ئەو بە بەردبووانە پارچەی ئێسقانی کەللە سەر، شەویلاگ، پەراسوو، ددانەکان،  پارچە ئێسقانی دەست و قاچەکان و گوێی ناوەوە بوون. هەیانبوو تەمەنی گەورە بووە و هەیانبوو منداڵی ساوا بوون. هیچ لەو ئێسقانانە شوێنەواری ددان و گۆشت داماڵینیان لەسەر نییە، کەواتە ئەو مرۆڤانە لەلایەن ئاژەڵی درندەوە بۆ ئەو ئەشکەوتە نەبراون. لە هئچ شوێنێکیش نییە ئاژەڵە گۆشت خۆرەکان تەنیا ئیسقانی مرۆڤیان بەجی هیشتبێ. هیچ بەڵگە و نیشانەیەکیش نەدۆزرایەوە بن میچی ئەو ئەشکەوتە داڕمابێ یان ئاو و لافاو هێنابنی، لە لایەکی دیکەوە، ئەو کۆمەڵە ئێسقانانە هەموویان بەیەکەوە نەگەیشتتونەتە ئەوێ


لەبەرئەوە، باشترین تێگەیشتن بۆ هەبوونی ئەو هەموو ئیسقانەی پەیکەری مرۆڤ ئەوەیە لەوێ نێژرابن و وەکو جۆرێک لە مەراسیمی مردن بووبێ. ئەگەر ئەوە راست بێ و هیچ بەڵگەی نوێ بەدەست نەگات، ئەوەمان تێدەگەیەنێ مرۆڤی نالیدی مەراسیمی مردوو ناشتنیان هەبووە و هێما بووە بۆ تێگەیشتنیان لە مردن و ژیان. زۆر رەخنەی توند لەو بیرۆکەیە گیراوە، چونکە لە هیچ شوێنێکی جیهان لەو کاتەدا مەراسیمی مردوو ناشتن نەبووە و هیچ بەڵگەیەک نییە تەنانەت مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) ٣٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر مردووی ناشتبێ، ئەی چۆن دەبێ نالیدی ئەو کارەی کردبێ 


دوایین ژووری ئەشکەوتەکە (دینالیدی) ٣٠ مەتر لە دەمی چوونەژورەوەی ئێستەیەوە قووڵترە. لە قۆناغێکی هەڵکۆڵیندا، شێوەیەکی خڕ دەرکەوت بە بەرد دەورەدرابوو، هەندێک ئێسقانیشی تێدابوو. لە قەبارەیاندا دیاربوون ئێسقانی منداڵ بوو. لەبەر ناسکیی ئێسقانەکان تیمەکە نەیویست پارچە پارچەی ئێسقانەکان دەربێنێ، بۆیە هەموویان لەگەچ گرت و هێنایانە دەرێ. دوایی بردیانە تاقیگە، دەرکەوت ئەو منداڵە نێژراوە و ئامرازێکی بەردیشی لە ناو دەستدا داندراوە. ئەو شیوە خڕەی یەکەمجار دەرکەوت چاڵێک بووە بۆ دانانی تەرمەکە لێدراوە


لە سەر بەردەکانی ناوەوەی ئەشکەوتەکە، هەندیک هێڵی ڕاست و چەپ کراون، بە پێی چۆنییەتی ئەو هێڵانە سروشتیی نین، دیارە هەر هەمان مرۆڤ ئەو هێڵانەی لەوێ کردووە. لەوانەیە ئەو هێڵانە بە هەمان ئەو بەردەی لە ناو دەستی منداڵە نیژراوەکە داندراوە، دروستکرابن. بەراورکردنی ئەو هێلانە لەگەڵ ئەوانەی نیادرتال و مرۆڤی نوێ دۆزراونەتەوە زۆر لەیەک دەچن. بۆیە باوەڕ وایە مرۆڤی نالیدی سەرەڕای بچووکی قەبارەی مێشکی، تا ڕاددەیەکی باش هۆشمەند بووبێ و توانای دەربڕین و هێماکردنی هەبووە


سەرچاوە

www.sajs.co.za/sites/default/files/publications/pdf/SAJS%20111_11-12_Thackeray_Sci%20Cor.pdf

https://en.wikipedia.org/wiki/Rising_Star_Cave


وێنەکان و زانیاری دیکەی تەمەنی جیۆلۆجی

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5423772/