مێشکی مرۆڤ لە دوو لای چەپ و ڕاست پێکدێت. ئەو دوو بەشە بە ئەندامێکی شێوە گوریس بەیەک بەستراونەتەوە. لای چەپی مێشک کۆنترۆڵی لای ڕاستی لەش دەکات و بە چاوی ڕاست جیهان دەبینێ. لای ڕاستی مێشکیش کۆنترۆڵی لای چەپی لەش دەکات و بە چاوی چەپ جیهان دەبینێ. ئەگەر جەڵتەی مێشک لە لای ڕاست بدات، کارەکانی بەشی چەپی لەش گرفتیان تووش دێ. لەوانەیە تەنیا خواردنی لای ڕاستی بەردەمیان بخۆن، گەشەی قژی سەر و سمێڵیان لەلای ڕاست کز دەبێ
هەندێ کار و چالاکیی هەیە هەردوو لای مێشک بە ئاستی جیاواز، تێیدا بەشدارن. لای چەپ زۆرتر لە ئاخاوتن و ژیروێژیدا کارا دەبێ، لای ڕاستیش زۆرتر لە چالاکیی پێوەست بە شوێن، کارا دەبێ. زۆربەی زۆری تێگەیشتنمان بۆ کاری مێشک لە نەخۆشەکانی فێ پێمان دەگا. لا کاتی فێگرتندا، گەردەلوولێک بە بەشێکی مێشکدا دێ و هەر زوو دەچێتە بەشەکەی دیکە. هەموو لەش کۆنترۆڵ لە دەست دەدا، فێ گرتنی بەردەوامیش مرۆڤ لە کار و چالاکیی ڕۆژانەی دوور دەخاتەوە.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، لەو کاتەی هەموو چارەسەرییەکان شکستیان هێنا ویستیان بە بڕینی ئەو ئەندامە شێوە گوریسە ئەو گواستنەوەی ئەو گەردەلوولەی مێشک لە نێوان دووبەشەکەیدا ڕاگرن. بۆ زانایانی مێشک ئەو نەخۆشانە کانی زێڕی زانیاریی بوون. پرسیار لە کوڕە هەرزەکارێک کرا خەونت لە ئاییندەدا چییە، وەڵام ببمە وێنەکێش. ئەو وەڵامە لە لای چەپی مێشکەوە هاتبوو، چونکە ئەوێ بەشی قسەکردن و ژیروێژیی لێیە. بەڵام بەشی ڕاستی مێشکی (ناتوانێ دەم و زمان بۆ قسەکردن بەکاربهێنێت) ڕای جیاوازی هەبوو، ئەویان بە نووسین دەریبڕی دەیەوێ ببێتە شوفێری کێبەرکێی ئۆتۆمبیل. هەمان ئەزموون لە سەربازێکی جەنگی جیهانی دووەم هەبووە. دەستی ڕاستی دەیەوێ دەرگایەک بکاتەوە، دەستی چەپ دایدەخات
لە ئەزموونی منداڵبووندا شتێکی سەرسووڕهێنەر ڕوودەدات. لەو کاتەی ئازاری منداڵبوون کەم وێنەیە، پێت وایە هەرگیز هیچ ئافرەتێکی بە مێشک ئەو ئەزموونە دووبارە ناکاتەوە. بەڵام دوای منداڵبوون هۆرمۆنی کۆرتیزۆل و بێتا ئەندرۆفین دەڕژێن، ئازار شکێنن، ئارامبەخشن و هەندێ جار هەستی دڵخۆشیی دروست دەکەن و خۆشەویستیی بۆ منداڵ زیاد دەکات. ئینجا دەستخۆشیی خزم و کەسی نزیک، بیروباوەڕی ئایینیی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو ئەزموونە پڕ ئازارە دەکەنە بیرەوەریەکی یەکجار خۆش. توێژینەوەیەکی سوید گەیشتە ئەنجامی ئەوەی لە ٢٤٢٨ ژنی سویدی، ٩٠٪ وەکو ئەزموونێکی ئەرێنی باسیان کردووە. مێشک وەکو سانسۆر مقەست و ماجیکێکی ڕەشی پێیە، ئەو ئەزموونە تاڵ و پڕ ئازارانە دەنێرێتە ئەرشیفی مێشک و کۆتاییەکانی خۆش نیشان دەدات
لە جەنگی ئیتالیا لەگەڵ نەمسا-هەنگاریا، بۆ ماوەی دوو ساڵ ئیتالییەکان هێرشیان برد و هەمووی شکا، لە کۆتایی ئەو جەنگەدا ٧٠٠ هەزار ئیتالی کوژران و ١ ملیۆنیش بریندار بوون. سیاسییەکان دوو بژاردەیان هەبوو. یەکەم بڵێن هەڵەمان کرد و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ نەمسا-هەنگاریا واژۆ بکەن، دووەمیش تا سەرکەوتن هەر دەجەنگین. بێگومان بژاردەی دووەمیان هەڵبژارد، چونکە ناتوانن بەو هەموو ئیتاڵیاییەک بڵێن هەڵەمان کرد و کوڕ و پیاوانتان وەک تڕی بن گۆم چوون. نەڕەنەڕیان بەردەوام بوو، ناوەستین تا ترێستێ بۆ ئیتاڵیا دەگەڕێنینەوە
هەموو لۆمەکە لەسەر شانی سیاسییەکان نییە. ئیتالیاییەکان پاڵپشتی ئەو جەنگە بوون. دوای شکستی داواکانیان لە نەمسا-هەنگاریا هەڵبژاردنی دیموکراسی ئیتاڵیا موسولینی هێنایە سەرکار. بەڵێنی ئەوەی دا ئەو هەموو قوربانییە بە خۆڕایی ناڕوات. چەند بۆ سیاسییەک سەختە بە دایک و بابی کوژراوێک بڵێ کوڕەکەتان لە پێناوی هیچ کوژرا، بۆ دایک و بابەکە زۆر سەختترە. بۆ قوربانیدەر، لە هەردووکیان سەختترە. قاچبڕاوێکی جەنگ هەرگیز بەخۆی ناڵی هیچم بە هیچ نەکرد و گێل بووم بە گوتاری خۆویستی سیاسیی تەفرەدرام. بەڵکو دەڵێ خۆم لە پێناو سەربەرزیی ئیتاڵیا و نەتەوەکەم، بەختکردووە. خۆشترە بەو خەیاڵەوە بژی، چونکە خەیاڵ، واتا بە ئازارەکان دەبەخشێ
پیاوانی ئایین ئە وفێڵەیان دەمێکە زانیوە. لە هەموو ئایینەکاندا قوربانیدان هەیە، پیاوی ئایین دەبێ وابکا قوربانییەکە بە شتێکی بە نرخ و خۆشەویست بێ. هەرچەندی قوربانیدانەکە گەورەتر و پڕئازارتر بێ، ئەوەندە باوەڕ بەو ئایینە و خەیاڵەکەی پشتی، زۆرتر دەبێ. جووتیارێکی بەدبەختی نەدار گایەکەی دەکاتە قوربانی بۆ خوای ئاسمان و بروسکە (جوپیتەر لە یۆنانی کۆن)، بڕوای بە هەبوونی ئەو خوایە هەبوو دەنا چۆن پاساوی بۆ گێلیەتی خۆی بهێندەهێنایەوەێتەوە؟ بۆ هەمان هۆ، ئەگەر کوڕێکمان لە پێناوی شۆڕشی کرێکارانی سۆڤیەت بەخت کردبێ، دەبینە کەللەڕەقترین پاڵپشتی کۆمیونیزم، ئەگەر وا نەبێ هەست دەکەین بەرامبەر قوربانیدانی کوڕەکەمان، خیانەتکار بووین
خاچپەرستانی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا دەیانگوت خوا واتای بە ژیانیان بەخشیوە. لیبرالەکانی سەردەمی ئێستە دەڵێن مرۆڤی لە بڕیاردان ئازادبێ، واتا بە ژیان دەبەخشێ. هەردووکیان لە هەمان خەیاڵ پڵاویدان. گومان لە مرۆڤی ئازاد چەند سەد ساڵێکە هەیە، بەڵام تا ئەو گومانە گۆڕان لە ژیانی ئابووری و ڕۆژانەی خەڵک دروست نەکات، کەس باوەڕی پێناهێنێت. لە تاقیگەکان دەگەینە ئەنجامێک و لە دەرەوە باوەڕمان بە شتێکی دیکە هەیە. بۆیە لیبرالیزم بە ئەنجامی تاقیگەکان بەوەی مرۆڤی ئازاد لە بڕیاردان نییە، پاشەکشە ناکات. هەروەک چۆن مەسیحییەت بە بیردۆزەکەی داروین کۆتایی نەهات.