دەشتی شارەزوور بایەخێکی شوێنەوارناسیی گەلێک گرنگی هەیە. دۆزراوەکانی چەند ساڵ لەمەوبەر نیشانەکانی ژیانی بەر لە ٧٠٠٠ ساڵی تێدایە، بە هەمان شێوە دۆزراوەی ٦٥٠٠ ساڵ و دواتریش هەن. بەڵام ئەوەی سەیرە لەو نێوانەدا (٥٠٠ ساڵ)، وەک بڵێی هەموو ناوچەکە بە تەواوی چۆڵ بووە. پچڕانێک لە بەردەوامیی دۆزینەوەکان هەیە. هیچ شوێنێک نییە لە نێوان دۆزینەوەکانی چەرمۆ (قۆناغی پێش حەسوونە - سەروو ٧٠٠٠ ساڵ و قۆناغی حەسوونەی درەنگ ناوەڕاستی هەزارەی شەشەم) دۆزرابێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ و بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو گرفتی ٥٠٠ ساڵیەی میزۆپۆتامیای سەروو، تیمێکی شوێنەوارناسیی دەستیان بە ڕووماڵ و گەڕان کرد. دۆزراوەکانی هەردوو شوێنی شێخ مارف ١ و ٢ دەکرێ ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە
چوارچێوەی کەلتووری مێژوویی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا داڕێژراوە، ئەو داڕشتنە مەیلی تەبایی و لێكچوونی زۆری لە نێوان شارستانییەتە یەک لەدوای یەکەکاندا نیشانداوە، بەڵام پێدەچێ وانەبێ. لە باکوور و ناوەڕاستی عێراق، سەردەمەکانی چاخی بەردینی نوێ بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێ، قۆناغەکانی - بەر لە حەسوونە (چەرمۆ)، حەسوونە (سامەرا)، چۆخە مامی، حەلەف و عوبەید. گڵسازییەکانی سەردەمی حەلەف لە هەموو شوێنێک وەکو یەکن، کەچی هەر شوێنەوارێک کەمێک لەوانی دیکە جیایە، هەرگیز تەواو وەک یەک نین. دۆزینەوەکانی باشووری کوردستان تێگەیشتنمان بۆ کۆمەڵگەکانی بەر لە مێژوو باشتر دەکات. ئەوانە لەگەڵ دۆزینەوەکانی باکووری کوردستانی گرێدراوەی یەکن
توێژینەوەیەکی تیمێکی شوێنەوارناسانی تێکەڵەی ئەڵمانیا و ژاپۆن ، ڕاپۆرتەکەی لە ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە، لەو دۆزینەوانەی دەشتی شارەزوور شوێنەوارناسانی دیکە (ئەلتەویل و تیمەکەی ٢٠١٢، نیوفێنهویسە و تیمەکەی ٢٠١٦ و نیوفێنهویسە و تیمەکەی ٢٠١٨) کراون، دەکۆڵێتەوە، تا بۆشایی ٥٠٠ ساڵەی دانیشتووانی کشتوکاڵگوزاری کوردستان وەک بەشێک لە میزۆپۆتامیای سەروو، پڕ بکاتەوە و باشتر لە کۆمەڵگەکانی ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین تێبگات. سیرامیکەکانی بەر لە ٦٠٠٠ ساڵ هێندە بە ناوچەکەدا بڵاوە، دەسیسەلمێنێ ئەو کۆمەڵگە کشتوکاڵگوزارانە جێگیر نەبوون، هەردەم جوڵاون و لێرەولەوێ گیرساونەتەوە
ئەگەرچی ناوچەی شارەزوور دەکەوێتە دەرەوەی ئەوەی میزۆپۆتامیای پێ دەناسرێ، بەڵام پێوەندی نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەبووە. میزۆپۆتامیای بە چیا و دۆڵەکانی زاگرۆس و ئێران، گرێداوە. دەیان ساڵە هیچ شوێنەوارێکی گرنگ لە شارەزوور دەستنیشان نەکراوە و ئەوەندە بایەخی پێنەدراوە. لە میانەی پرۆژەی ڕووماڵی شارەزوور بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، ٨٠ خاڵی شوێنەوار تەنیا لە شارەزووردا دەستنیشان کراون. هەرنەبێ ٢٢ لەوانە بۆ ٦٠٠٠ پێش زایین دەگەڕێنەوە (سەرچاوە نیوفێنهویسە و تیمەکەی ٢٠١٦ و نیوفێنهویسە و تیمەکەی ٢٠١٨)
دۆزراوەکانی شوێنەوارگەی جیاجیای دەشتی شارەزوور تا ئێستە کاری گڵسازی سەردەمی حەلەف ٢ و حەلەف ٣ی لێ دۆزراوەتەوە. بە پێچەوانەی دۆزراوەکانی باکووری کوردستان، هیچ پارچەیەک نەدۆزراوەتەوە بۆ بەر لە حەلەف بگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەو پارچە گڵسازییانەی شارەزوور هەر بە جۆری حەلەف ناسراون بەڵام جێ پەنجەی ناوچەی شارەزوریان پێوە دیارە. لەناو ئەو گڵەی لێی دروستکراوە ڕووەک هەیە (ڕەنگە مەبەست کا بێت). لە هیچ شوێنێکی دیکەی میزۆپۆتامیادا گڵسازی تێکەڵ بە ڕووەک نەدۆزراوەتەوە. ئەوە هەموو سیرامیکەکانی شارەزوور لەوانی دیکە، جیا دەکاتەوە
لەو ڕووماڵەی دەشتی شارەزوور، لە بێستانەسوور (دواتر بابەتێکی لەسەر بڵاو دەکەمەوە) پارچەی سیرامیکی هەزارەی حەوتەم پێش زایین دۆزرانەوە. بە هەمان شێوە لە قەرەگوڵ دۆزراوەتەوە. ئەوانە زۆر لەوانەی چەرمۆ نزیکن. زۆر لە نزیک دەریاچەی بەنداوی دەربەندیخان گردی شاملو و ٥٠٠ مەتریش لە باکووری ئەو، گردی شێخ مارف دەستنیشان کران. خەڵکی ناوچەکە پێیان دەڵێن سێ تەپە. لە گردی شاملو و گردی شێخ مارف ١، ٢٣٨ پارچەی دیزە و دەفری کۆنی تا ٧٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین هەر لە سەر زەوی دۆزرانەوە. زۆر لەوانەی قەڵاتی سەید ئەحمەدان دەچن. تەنانەت چەند ئامرازێکی بەردی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ، دۆزرانەوە
پارچەکانی شێخ مارف ١ و ٢ زۆرن، بەڵام لە چەندایەتیدا بە پێی جۆریان جیاوازن. هۆکاری جیاوازی نێوان جۆری سیرامیک لەو دوو شوێنە نزیک لە یەکە، زۆر بۆچوونی لەسەرە و لێرەدا نەکرا هەمووی باس بکرێ. بەڵام هەموویان بۆ هەزارەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێنەوە. لە ناوەڕاستی ئەو هەزارەیەدا، وردەوردە ڕووەک تێکەڵی گڵسازیی/سیرامیک دەکرێ و هەموویان بۆ قۆناغی بەر لە حەسوونە دەگەڕێنەوە. پارچەکانی لە شێخ مارف ٢ دۆزرانەوە، لەچاو ئەوانەی شێخ مارف ١ تەنک و لووسن، بە واتای ئەوەی پێشکەوتووترن. لێکدانەوەی ئەو گۆڕانە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای ئەو سەردەمەیە. کەواتە دانیشتووانی شارەزوور زانیویانە چۆن گڵی ورد ئامادەبکەن و فێری گڵسازیی نایاب ببن
دووبارەبوونەوەی پارچەی تەشتی گڵ لە شێخ مارف ٢ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە گڵسازییە لە باکووری کوردستان و هەموو میزۆپۆتامیای سەروودا هاوتەریبە. ئەو جۆرە تەشتە لە نزیکەی ٦٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەرکەوتووە. بەڵام لەبەر هۆکاری نەزانراو لە نزیکەی ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین ئیدی ئەو جۆرە تەشتە دیارنامێنێ
پرۆژەی ڕووماڵی شارەزوور بێ هیچ هەڵکۆڵین لە شوێنەوارەکاندا ئەو ماوە پچڕاوەی دوای ٧٠٠٠ ساڵ پێش زایینیان پڕ کردەوە. دۆزراوەکانی شێخ مارف ٢ دەیسەلمێنن ژیان لەو ناوچەیە بەردەوام بووە. هەرچەندە بە هەندێ بەڵگەی کەمەوە بۆچوونی جێگیرنەبوونی کۆمەڵگە کشتوکاڵگوزارەکانی میزۆپۆتامیای سەروو خراوەتە ڕوو، بەڵام بۆ سەلماندنی ئەوە دەبێ هەڵکۆڵین لەو شوێنەوارانەدا بکرێ
ڕەنگە دۆزینەوەکانی هەڵکۆڵینی شارەزایان، بەڵگەی هێندە بەهێز بدەنە دەست بتوانین گفتوگۆ لەسەر کۆچی یەکەمین جووتیارەکانی کەوانۆکەی بەپیتی باکوور (هەموو کوردستان دەکەوێتە ناو کەوانۆکەی بەپیتی باکوور) بەرەو میزۆپۆتامیای خواروو، بکەین. ئەوکاتە، کوردستان نەک هەر دەبێتە یەکەمین خاکی کێڵدراو، بەڵکو دەبێتە باوانی هەموو شارستانییەتی میزۆپۆتامیا
سەرچاوە
https://journals.openedition.org/paleorient/691