هەنگاوی مرۆڤ لە چاخی بەردینی کۆن بۆ چاخی بەردینی نوێ و بەرپاکردنی شۆڕشی کشتوکاڵ، چیرۆکێکی ئاڵۆزە. ١٠ بۆ ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکەمین ئەو کۆمەڵگە بچووکانە لە نیمچە کەوانۆکەی بە پیت دەرکەوتوون. زنجیرە هۆکارەکانی گۆڕان لە گەڕان بە دوای خواردندا بۆ بەرهەمهێنانی خواردن و دەرکەوتنی یەکەمین لادێ، چەند دەیەیەکە شوێنەوارناسانی سەرقاڵ کردووە. پرسی ئەوەی کام لادێ، لە کوێ، چۆن دەرکەوتووە، یان چەند لادێیەک پێکەوە لەهەمان ئاراستەی پێشکەوتن بوون، پرسێکی گەورەیە. لێرەدا ئاوڕێک لە گەشەی پێشکەوتن لە نیشتەجێی گرێ عاشقان دەدەینەوە
گرێ عاشقان لە نێوان ١٠هەزار تا ١٠٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە. بۆ هەزار ساڵی بەردەوام ژیانی تێدا بووە. ڕووبەری ٥٧ هەزار مەتر بووە. ئێستە ١٦ مەتر لە دەشتایی دەورووبەری بەرزترە. ئەو شوێنە زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە بەپێی پێناسەی کەوانۆکەی بە پیتی باکوور، گرێ عاشقان دەکەوێتە دەرەوەی ئەو کەوانۆکەیە. بەڵام لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵدا، یەکەم نیشتەجێی لەو جۆرە بووە. دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری ئاکسەرای لە سەر چۆمی مەلەندیز و لە دامێنی چیای گڕکانی حەسەنداغە. لە چاخی بەردیندا، ئەو ناوچەیە دارستانی چڕ و سەوزایی دایپۆشیبوو
کۆی ٧٧ پشکنینی کاربۆن ١٤ بۆ پاشماوەکانی گرێ عاشقان تەمەنی نێوان ٨٣٥٠ تا ٧٣٥٠ ساڵ بەر لە زایین نیشان دەدات. لە هەموویان باشتر ئەوانەن لە گژوگیای سووتاو و تۆوی سووتاوی ڕووەکەکان، وەرگیراون. گردەکە لە ٥ چین پێکهاتووە. چینی سەرەوە چینی یەکەمە و گڵی نوێی لەسەر کۆبووەتەوە. بەڵام چینی دووەم تەمەنی بۆ ٩٧٠٠ تا ٩٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. چینی سێیەم بۆ١٠ هەزار تا ٩٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر و چینی ٤ و ٥ بۆ ١٠٣٥٠ تا ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە
پێکهاتەکانی چینی ٥ و ٤ خانووی بازنەیی بوون. ئەوانەی لە چینی ٥دا بوون بۆ ٢ تا ٣ سەدە هەبوون. ئەو خانووانەیان لەسەرزەویەکی نەرمی قەراخ ڕووبارەکە دروستکردووە. نیوەی خانووەکانیان لە قووڵایی زەویدا هەڵکەندووە تەنیا نیو مەتری سەرەوەیان لەسەر زەوی بووە. کۆڵەکەی دار تێکهەڵکێش کراون، سەری بە دار و قامیش داپۆشراوە بووە. بە قوڕی تێکەڵ بە پووش سواغ دراوە. دواتر چەند جارێک چاک کراوەتەوە. بە شیوەیەکی گشتیی ئەو خانووانە لەوانەی لە چینی ٤ دواتر دروستکراون، لاوازتر بوون. لە هەندێ شوێن بڕێکی زۆر تۆوی ڕووەک دۆزرانەوە. ئەوانەی چینی٤یش هەر نیوەیان لە ناو زەویدا بوون، بەڵام لە پێکهاتەی دیوارەکانیان باشتر و بە هێزتر بوون. ئەوکاتە کاتی زۆرتریان لە ناو ئەو خانووانەدا بەسەردەبرد
زۆربەی خانووەکان ئاگردانێک و بەردێک یان دوو بەردی گەورەی هاڕینیان لە ناو هەبووە. مردووەکانیان لە بن زەوی سواغدراوی خانووەکانیان ناشتووە. تیرەی ئەو خانووانە تا ٤ مەتر بوون. لە چینی ٤دا خانووەکان لەیەکتر دووربوون و شوێنی کارکردنیان لە نێواندا هەبووە. چینی ٣ تەواو لە چینی ٤ دەچێ، بەڵام نیشتەجێیەکە زۆر گەورەتر بووە. شوێنی فڕێدانی خاشاکیان گەورە بووە. لە چینی ٣ دا خانووی لاکێشە جێی خانووی بازنەیی دەگرێتەوە. هەموو خانووەکانی چینی ٥ تا چینی ٣ لاشەی مرۆڤی مردوویان لە بن بوو. منداڵەکان لە گژوگیا و گەڵا پێچراون
لە چینی ٣ دا خانوویەک هەیە ناونرا خانووی ٣٨، لە هەموو ئەوانی دیکە گەورەترە و لەگەڵ دیوارەکانیدا هەندێ سەکۆی کارکردن هەیە. پێدەچی ئەو شوێنە هەرەوەزی تێدا کراوە. کارکردنی ڕۆژانەی هاڕینی دانەوێڵە و داماڵینی گۆشتی ئاژەڵانی لێکرابێ. هیچ پاشماوەی مرۆڤی مردووی لێ نەدۆزرایەوە. خانووی ٣٨ چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە و لەسەر هەمان شێوەی یەکەم دروست کراوەتەوە
خانووەکانی چینی یەکەم لەگەڵ کات ڕووتاونەتەوە و دیار نەماون. بەڵام ئەوانەی چینی ٢ زۆر باش دەناسرێنەوە. نزیکەی ١٠٠ پێکهاتە لە خانوو و شوێنی کارکردن و کۆگە لە چینی ٢ دا هەبووە. ئەوە کۆمەڵگەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ ئەو کاتە. خانووەکانیان لاکێشەن و داری ڕاڕا سەربانی خانووەکانی ڕاگرتووە. هیچیان بناغەیان لە بەرد دانەڕێژراوە و ٢ مەتر لەسەر ڕووی زەویەوە بەرز بوون. خانووەکانی چینی ٢ هەر ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵ جارێک وەک خۆیان، دروست کراونەتەوە. چینی ٢ پێکهاتەی زۆر گەورە و دیزاینی جیای لێ دروستکراوە. دیوارەکانی ناوەوەی بە باشی سواغ دراوە و دواتر بە ڕەنگێکی بۆری سوورباو ڕەنگ کراوە. هەر لەو سەردەمەدا، نیشتەجێی (موسولەر) لەوبەری ڕووبار لە نزیک گرێ عاشقان دەرکەوتووە
دوای هەزار ساڵ لە دەرکەوتنی، گرێ عاشقان بووبووە تەپۆلکەیەکی گەورەی فراوان. ئەوەندەی ئێسقانی مرۆڤ و ئاژەڵ لەسەر یەک تۆپەڵە بووبوو، دوای شیبوونەوەی ئەو ئێسقانانە و هەبوونی بڕی زۆری ماددەی کۆلاجین، وای لێهاتبوو ئاو نەیدەتوانی بە زەویدا بچێتە خوار. تەنانەت ناتوانرێ ئەو شوێنانە هەڵکەندرێ و بزانرێ لە بنەوە چی لێیە. جگە لە بەشی ڕۆژئاوای لەبەر گۆڕانی ڕێڕەوی چۆمی میلیندیز، کەمێکی داخوراوە، بەشی هەرە زۆری ئەو گردە وەکو خۆی ماوە
بەپێی ئەو پاشماوانەی دەرهێندران و پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە دانیشتووانی گرێ عاشقان جگەلەوەی بەرە بەرە فێری چاندنی نیسک، دانەوێڵە و دوولەپەکان بوون. لە دارودەوەنی دەورووبەریشیان بادام، فستەق و گوێزیان ڕنیوە و وەشاندووە. گژوگیا و پوش و پەڵاشیان بۆ ئاژەڵان کۆ کردووەتەوە. بە هەمان شێوە دار و گەڵای وشکیان بۆ سووتاندن کۆ کردووەتەوە. لق و پۆپی دیکەیان بۆ دروستکردنی سەبەتە و جێ خەو خۆشکردن، بەکارهێناوە. شوێنەواری کوتانی چەند جۆر گەنمی خۆڕسک و چاندراو و جۆ لەسەر بەردە گەورەکانی هاڕین ماون. بەپێی کات دەبینرێ ڕێژەی گەنمی چاندراو لەچاو گەنمی خۆڕسک زۆر بووە. کەواتە پشت بەستنیان بە کشتوکاڵ، زۆرتر بووە. دواتر بۆ جۆ هەمان شت ڕوویداوە
زۆرترین ڕێژەی چاندن لە گرێ عاشقان گەنمی ئیمەرە. جیاوازی ئەو جۆرە گەنمە لە چاو گەنمی خۆڕسک ئەوەیە کە پێگەیشت دەنکەکانی بە لاسکەکەیەوە دەمێننەوە، بەڵام گەنمی خۆڕسک دەنکەکانی لەسەر زەوی دەوەرێنێ.بەڵام گەنمی ئیمەر و نیسک لە ناوچەی ئەنادۆڵی ناوەڕاست و گرێ عاشقان نەبوون. دیارە لەناوچەکانی کەوانۆکەی بە پیتەوە هێنراون. لەوانەیە ئەوانەی هاتوونەتە گرێ عاشقان پێشتر کشتوکاڵیان کردبێ، لەسەر زەوی ئەو ناوچەیە و لە تەنیشت چۆم نیشتەجێ بوون تا کشتوکاڵیان پڕ بەرهەمتر بێ
ئاژەڵ و کەلتوور لە گرێ عاشقان
بەشی هەرە زۆری پێوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، ڕاوکردن بووە. بە ماڵییکردنی ئاژەڵان بەشێک لەو پێوەندییە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەرچی ماڵییکردنیش بە ئەنجام هەر دەگاتەوە هەمان خاڵی پێشوو، بەڵام سوودەکانی بۆ مرۆڤ زۆرترن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکان لە یەکتری، جۆری دیکەی ئاژەڵی بچووکی مشەخۆر وەکو بۆق، جرج و جۆرە مشکەکانی دیکە لە نیشتەجێی گرێ عاشقان نزیک بوونەوە و لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەژیان. ئەو جۆرە ئاژەڵە بچووکان هیچ سوودێکیان بۆ مرۆڤ نەبووە، بەڵکو زیانی زۆریشیان بۆ دانەوێڵە و کۆگەکانی خواردنی مرۆڤ هەبووە. پەیکەری ئێسقانی ئەو قرتێنەرانە لە هەموو ماڵەکاندا هەیە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دەنکە دانەوێڵەی لێ دۆزراوەتەوە
زۆربوونی ئەو قرتێنەرانە، وای لە دانیشتووانی گرێ عاشقان کردووە کۆگەکانیان باشتر دروست بکەن. خانووی ژمارە ٢ لە چینی ٤دا بە شێوەیەک دروستکراوە بوار بۆ چوونە ناوەوەی ئەو قرتێنەرانە نادات. بە کەمبوونەوەی ژمارەی پەیکەرە ئێسقانەکانیان دەردەکەوێ مرۆڤەکان شێوازی باشتریان بۆ دوورخستنەوەیان گرتووەتە بەر. لەبەرئەوەی ئەو جۆرە ئاژەڵ و قرتێنەرانە سەرچاوەی نەخۆشیی بوون، بۆیە ڕێخۆشکەر بوون تا بە هۆی بەکتیریا و ڤایرۆسەکانەوە ئاراستەی جیا جیا لە نەخۆشییەکانی مرۆڤ دەرکەون
لە کۆی پشکنینی ٨٢ پەیکەرە ئێسقانی مرۆڤ، نیوەیان منداڵ و ساوا بوون. بەشی هەرە زۆریان لە چینی دووەم دەرهێندراونەتەوە، نیشانەی نەخۆشی لەسەر ئێسقانەکان ماوە. ئەو نرخەی مرۆڤایەتی بۆ ماڵییکردنی ئاژەڵان داویەتی لە هەموو نیشتەجێیەکانی چاخی بەردینی نوێ و دەرکەوتنی کشتوکاڵ، هەیە و هەمان ڕێژەی مردنی لەگەڵە. بەڵام لە گرێ عاشقان ژمارەی مندالآن زۆر لە نیشتەجێیەکانی دیکە کەمترە. لەوانەیە لەبەرئەوە بێ لە چینی ٢ دا جارێ ماڵییکردن بەربڵاو نەبووبێ. لە کۆمەڵگەکانی کشتوکاڵدا ژمارەی منداڵبوون زۆر بووە، منداڵبوونی یەک لە دوای یەک وادەکات شیری دایک نەبێتە خواردنی سەرەکی ساوا و پەنا بۆ پرۆتینی دیکە ببرێ
پشکنینی ددانی ئەو منداڵانەی تەمەنیان ٥ ساڵ و کەمتر بووە دەریدەخات بەدخۆراکی نەخۆشیی زۆربەیان بووە، چونکە دوای ئەو لە هەمان خێزاندا منداڵی دیکە لە دایک بووە، بەشە خواردنی کەم بووەتەوە. بەشێکی دیکەیان بەدخۆراکی وەرزییان هەبووە، واتا لە وەرزێکدا خواردنیان زۆر کەم بووە. بەشێکی دیکەیان هەوکردن و نەخۆشی بەکتیریا و ڤایرۆسیان هەبووە. بەدخۆراکی و نەخۆشیی، پێکەوە بۆ ژیانی منداڵان هەڕەشەی گەورەن. پشکنینی جۆری خواردنی خەڵکانی گرێ عاشقان دەریدەخات ڕێژەی گۆشت بۆ ڕووەک لە چینی ٥ تا چینی ٢ وەکو خۆی ماوەتەوە. واتا، لەگەڵ دەرکەوتنی کشتوکاڵیش، بەڵام خواردنی گۆشت هەر زۆر بووە
خەڵکانی لە چینی ٤ و ٥دا ژیاون چەندان جۆری ئاژەڵیان ڕاوکردووە. لەوانە، ئاسکە سوور، کەر، بزنە کێوی، کەروێشک، مانگا، گا، ئەسپ و بەراز. لە لایەکی دیکەوە، پاشماوەی ماسی، کەو، هەندێ باڵندەی ناوچە تەڕ و شێدارەکان، کیسەڵ، ژیشک و ڕێوی دۆزراونەتەوە. هەرچی ورچ، پڵنگ و گورگە، ئەگەر هەیە بۆ پێست و تووکەکەیان ڕاو کرابن. بەڵام ڕێوی بە بڕێکی زۆر ڕاوکراوە. لەوانەیە لەبەر ئەوە بێ ڕێوی وەکو کەروێشک نیشتەجێیەکەی هەراسان کردبێ
پاشماوەی ئێسقانی بزن لە چینی ٥ تەنیا ٢٦٪ پێک دەهێنێ، کەچی لە چینی ٢ دەگاتە ٩٢٪. ئەو زیادبوونە ڕەنگە لەبەر ئەوەبووبێ بزن لەو ناوچەیەدا بڵاو بووبێ و ڕاوکردنی ئاسانتر بووبێ (ئەگەریش هەیە لەبەر ماڵییکردنی ئەو زۆربوونە ڕوویدابێ). بەڵگەکانی شوێنەوارناسیی پاشەڕۆی (میزی ئاژەڵ) ١٠٣٠٠ ساڵ کۆنی ئاژەڵیان چینی ٥ دۆزییەوە لەسەر یەک پەسترابوو، چونکە شوێنی حەوانەوەی مەڕ و بزن بووە. هەر ئەو بەڵگانە نیشان دەدەن کاریلە نێرەکان لە تەمەنی ٥ تا ٦ مانگ کوژراونەتەوە. بیر لە گەورەکردنیان نەکراوەتەوە وەک ئەوەی بۆ خواردن بەکارهاتوون
کەلتووری دروستکردنی شوێنی حەوانەوە بە هەڵکۆڵینی زەوی و چوونە خوارەوە تا بگەیە ئەو شوێنە، لە کاتی دەستپێکردنی ماڵییکردنی ئاژەڵ گۆڕاوە. وا دیارە پێویستیی مانەوەی ئاژەڵان لە گرێ عاشقان وای لە مرۆڤ کردووە بۆ دەربازبوون لە پیسایی ئاژەڵ و دوورکەوتنەوە، بەرە بەرە ئەو خانووانەی لە سەر زەوی دروست کردبێ و شوێنی تایبەتی بۆ ئاژەڵە ماڵییکراوەکان دابین کردبێ. بۆ پاراستنی ئاژەڵەکان لە ئاژەڵە دڕندەکان، سەرەتا لە دەورووبەری خانووەکانی خۆیان جێیان بۆ دادەنا. ئینجا زۆربوونی ئاژەڵەکان وایکرد شوێنی تایبەتیان کەمێک دوور لە خانووەکان بۆ دروست بکرێ و بپارێزرێن
کۆگەی هاوبەشی خواردن لە چینە کۆنەکانی ٤ و ٥ دا بۆ کۆگەی ناو ماڵەکان لە ٢٠٠ ساڵی کۆتایی ژیانی گرێ عاشقان، گۆڕدراوە. هەر ماڵێک لە چینی ٢ قۆناغی ئەی ی سی کۆگەیەکی بچووکی خواردنی خۆی هەبووە، دەستی خەڵکی دەرەوەی پێ نەگەیشتووە. کەواتە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و لەوانەیە بەپێی ئاستی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵات، بەرە بەرە چینەکانی کۆمەڵگە دەرکەوتوون و بەشە خواردنیان وەکو یەک نەبووە. لەبەرئەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکان لە خانوودا نەدەژیان، هیچی شاراوەیان لەیەکتر نەبووە. لە کۆمەڵگەکانی کشتوکاڵدا، خانووی تایبەت تێکەڵبوونی ڕۆژانەی کەم کردەوە
گۆڕان لە کۆمەڵگەی ڕاوچی گەڕیدە بەدوای خواردندا بۆ بەرهەمهێنەری خواردن لە چاو ڕووداوەکانی زەویناسیی (جیۆلۆجی) زۆر خێرا بووە. کارێکی قورسە شوێنەوارە دژ بەیەکەکانی -لە ڕووی بەڵگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی- چاخی بەردین شیی بکرێنەوە. بۆچوونی باو دەیگوت دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە کونجێکی لا چەپەک، یان چەند کونجێکی جیاجیای لا چەپەک بووە. دوایی بەرە بەرە بڵاو بووەتەوە. بەڵام بۆ چوونە تازەکان دەڵێن کۆمەڵگەکانی چاخی بەردین چەند سیفاتێکی هاوڕەگییان (یەک ڕەگ) تێدا بووە و پێوەندییان لەگەڵ یەکتریدا هەبووە وکشتوکاڵ لەو شوێنانەدا پێکەوە دەرکەوتووە
لە هەڵکۆڵینەکانی سەدەی ڕابردوو، پشکنیەنەکانی کاربۆن ١٤ بۆ دیارییکردنی تەمەن لە شوێنەوارەکانی چاخی بەردین نەیتوانیوە کاتی نیشتەجێی جێگیر و کێڵانی خاک دیاریبکات، یان تەمەنی ئاژەڵداریی بزانێ. چونکە ئەو تەکنیکە بۆ هەموو شوێنەوارەکان نەکراوە، یان سەرچاوەی ئەو تەمەنانەی باسکراون، زۆر ڕوون نییە. لە ئەنجامدا شوێنەواری دیکە دۆزرانەوە وای لە ناوچەی نیمچە کەوانۆکەی بە پیت کرد (ئەو ناوەی لێنراوە چونکە لە کەوانۆکە دەچوو)، گەورەتر بێ و شێوەی ئەمیبیا وەرگرێ (واتا درێژکۆلەی کلک سووڕاو). لەو ناوچانەدا زۆر شوێنەواری چاخی بەردین دۆزرانەوە، پێوەندییان لەگەڵ یەکدا لاواز بووە. چەند شوێنەوارێکی دیکەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانیشیان لە نێوانیاندا هەیە
هەندێ پشکنینەکانی دی ئێین ئەی مرۆڤی کۆن ئەگەری ئەوە دەخەنە بەردەست کۆمەڵگەکانی مرۆڤی چاخی بەردین لە ئەنادۆڵ، پێشتر هەر لە ئەنادۆڵ بوون. ئەگەر وابێ زانیاریی کێڵان، چاندن و ئاژەڵ ماڵییکردنی خەڵکی گرێ عاشقان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بە ڕای هەندێ شوێنەوارناس دەڵێن ۆمەڵە مرۆڤەکانی ناوچەی یورۆئاسیا چەندین جۆر تەنیک و ستراتیجی بەدەستهێنانی خواردنیان پەیڕەو کردووە. هەربۆیە لە چاخی بەردیندا، چەند جۆرێک لەو کەلتوورە لێرە و لەوێ دەرکەوتووەتەوە. هەندێ ثیوەندی و زانیاری گۆڕینەوە لە نێوانیشدا هەبووە. وەکو ئەوەی لە چینی ٤ و ٥ ی گرێ عاشقان هەیە، شێوازی ئەوێ نەبووە، قاوغی گیانەوەرەکانی ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست و ئامرازە بەردەکانی لە شوێنی دیکەوە گەیشتوونەتە گرێ عاشقان
سەرچاوی ئەو بەردانەی ئامرازەکانی لێوە دروستکراون لە هەر چینێکدا وەکو یەک نییە. بەڵام هەموویان لە نزیک گرێ عاشقانەوە هاتوون. هەرچەندە باشتری بەردەکانی ئەو سەردەمە تەنیا ٢٠ تا ٣٠ کیلۆمەتر دوورە، کەچی پێی نەگەیشتوون. بەرد و ئەو ئامرازانەی دەستی کاری ناوچەی کۆمورجو-کالەتەپە لە بەردەکانی چیای گۆڵو داغ دروست دەکران دەگەیشتە نیشتەجێیەکانی لێڤانت و فوراتی ناوەڕاست. دەبێ نیشتەجێی گرێ عاشقان ئاگەداری ئەو بازرگانییە بووبن، بەڵام پشتیان بە خۆیان بەستووە و شێوازی دروستکردنی خۆیان لە داتاشینی بەردەکان و پارچە لێکردنەوەیان، هەبووە. ئامرازی جیایان بۆ دروێنەوی ڕووەک و قرتاندنی هەبووە. ئەوە لە چەینی ٥ تا چینی ٢ دیارە
بە هەمان شێوە، دروستکردن و دەرکەوتنی کەلتووری موت و موروو لە چینی ٥ تا ٢ زۆر لەیەک نزیکن. کارامەیی لە دروستکردنی موروو نییە. بەردەکانی بەکارهاتوون هەر لە دەورووبەری گرێ عاشقان بووە. شێوازی دروستکردنی ئەو مورووانە گۆڕانێکی گەورەیان بەسەردا نەهاتووە. بەڵام لە چینی ٢ بە دواوە کەلتوورەکە چڕ دەبێتەوە و لەگەڵ مردووەکانیش دەناژرێن. بۆ نێر و مێ ئەو کەلتوورە باو بووە. لێرەدا کاریگەریی کۆمەڵگەکانی دیکەی دەورووبەری گرێ عاشقان زۆر دەبێ. پرسیار ئەوەیە دوای چەند سەد ساڵێک چی وای لە نیشتەجێیان کردووە ئەو کاریگەرییە لە دەرەوە وەرگرن؟
تەنانەت ئەو کارانەی نەخشی دەستیان لەسەرە وەکو مورووی بە نەخش تا چینی ٢ دەرنەکەوتوون. دەبێ هۆیەکە ئەوەبێ تا ئەو کاتە دانیشتووانی گرێ عاشقان شتێکی وایان نەبووە لەبەرانبەر ئەو جۆرە کارانەدا بۆ ئاڵوگۆڕ بیدەن. لە چینی ٢ بە دواوە ئابووری بەرهەمی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی گەشەی کردووە و لە خۆیان زیاد بووە، بۆیە توانیویانە ئاڵوگۆڕی پێوە بکەن. هەر لەو کاتەدا بووە لە پشکنینەکانی توخمناسیی خواردنی ئاژەڵەکان دەردەکەوێ ئاژەڵەکان جۆری خواردنیان زۆرتر بووە. بە واتای ئەوەی ئاژەڵەکان بە لەوەڕگاکاندا بڵاوبوون، لە ڕووبەریکی زۆردا هاتووچوونیان هەبووە و جۆری زۆرتری گژوگیایان خواردووە. ئەوە بارودۆخی لەبار بۆ ئاڵوگۆڕ لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکە دروست دەکات
نیشتەجێی و پاشماوەکانی ناوەڕاستی ئەناتۆلیا لەوانەی چیاکانی زاگرۆس و لێڤانت ناچن. مۆرکی خۆجێییان پێوەیە. کەلتووری ئامارزە بەردەکان و شێوازی ژیانیان کەمێک جیا بووە. ژمارەی گۆڕی مێیەنەکان لەگەڵ نێرەکان لەیەک نزیکن، ئەوە لە لێڤانت (ناتوفییەکان) وا نەبووە، ژمارەی گۆڕی نێر زۆر لەوانەی مێ زۆرترن. پێشکەوتنی ئەو نیشتەجێیانە کەمێک لەوانی دیکە جیاواز بووە، ڕێڕەوی خۆیان هەبووە
سەرچاوە
https://www.semanticscholar.org/paper/A%C5%9F%C4%B1kl%C4%B1-H%C3%B6y%C3%BCk%3A-The-Generative-Evolution-of-a-Central-Stiner%C3%96zba%C5%9Faran/a70ac50ed75424075065b2bd38b4f176a379d9af
Buitenhuis/3328da8f27c850cc0775fcec8c51d9efe70a41e3
https://link.springer.com/article/10.1007/s10814-021-09167-z