ئەم بابەتە هەرگیز بە ڕەخنە، یان، گومان لە پیرۆزییەکان وەرمەگرە. مەبەستم فراوانکردنی بیر و هۆشە، نەک ڕەخنە لە ئایین.
بۆ داپۆشینی کۆنە پەرستیی و بێ توانایی. بۆ پاساودانی ئەو هەموو دواکەوتنە، عەرەب نازوفیز بەسەر گەلاندا دەکات، کە گوایە ئەوان بوون، لە سەدرەمی تاریکیی ئەوروپادا، چرای زانستیان بەدەستەوە بووە. ڕاستییەکەی، هەموو ئەو زانایانەی پچڕپچڕ لێرەولەوێ، جارجار هەناسەیەکیان دەدا، عەرەب نەبوون. لە دوای بەسەرچوونی سەردەمی تاریکیی ئەوروپا، عەرەب تەنیا لە ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە زانا و بلیمەتیان لێ دەرکەوتووە، ئەوانەش لە زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمەریکا خوێندوویانە. زۆربەی هەرە زۆری زانایانی شارستانیەتی ئیسلام، بگرە لە فارابی، ابن خەلدون، بەیرونی، خەوارزمی، جابر بن حەیان، رازی، ابن سیناو ابن روشد ... هتد، لە بوارەکانی دەرمانسازیی، پزیشکیی، گەردوونناسیی، بیرکاریی، ئەندازیاریی، فەلسەفە، کیمیا، جوگرافیا ... هتد، هیچیان عەرەب نەبوون. بەڵام لە وڵاتان و گەلانی موسوڵمان بوون. بۆیە ئەوانە ناکرێ لەسەر عەرەب بژمێردرێن. تا دەرکەوتنی ئیسلامیش عەرەب تەنیا لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا هەبوو. ئەوە کتێبەکانی زانای کۆمەڵناس علي الوردي دەڵی، نەک من
زۆر جاریش وەکو سەردەمە تاریکەکانی ئەوروپا، زانایان و بوێران، وەک کافر پەنجەیان بۆ درێژکراوە و لە ناوبراون. دەزگە و دامەزراوە ئایینییەکان دەرگای ڕەخنە و پێشکەوتنیان داخستبوو. تاکە زانست (بە پێی بۆچوونی ئەوان) زانستی فقه و تەوەرەکانی ناو ئایینی ئیسلام خۆی بووە. ئەوانە ڕێیان پێدراوە بێ گێرەوکێشە توێژینەوەیان لێوە بکرێ. هەر لەگەڵ گۆڕانی خەلیفەیەک، یان دەرگا بە ڕووی زانایان و ڕووناکبیران کراوەتەوە، یانیش، ئەوپەڕی دژایەتییان کراوە و ڕیسوا و پەلبەست و دەمبەست کراون، هەندێ جاریش، لەناو براون. پیاوانی ئایین، لە هەردوو سەردەمی عەباسیی و ئەمەوییدا مێژووی ڕەشی خۆیان تۆمار کرد
لەوەتای سەردەمی تاریکی ئەوروپا کۆتایی هاتووە و ڕووناکبیریی باڵی بەسەردا کێشاوە. ئەوروپا، لەگەڵ خۆیشیدا هەموو جیهانی (جگە لە وڵاتانی موسوڵمان) بەرەو گۆڕان و پێشکەوتن، ئازاد کرد. بە هەنگاوی زۆر لەسەرخۆ، مرۆڤایەتییان بەرەو ئێستە هێنا. زانست برەوی پێدرا، تا وای لێهات چووە پێشەنگی بایەخەکان. سەرئەنجام، ئەوەیە ئێستە هەموومان لە سایەیدا، پشوو دەدەین. گومان هەڵناگرێ، جگە لە وڵاتە عەلمانییەکانی جیهانی ئیسلام، هەموو ئەوانی دیکە بەدەست دواکەوتوویی، هەژاریی، کۆنەپەرستیی، توندڕەویی، نەبوونی دادپەروەریی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن، هەنگاوی زۆر کەم بۆ چارەسەریان، نراوە
ئەحمەد عسید، هۆنراوە نووس، نووسەر، کۆماڵناس و توێژەر لە کولتووری ئەمازیغە. لە ساڵی ١٩٦١ لە مەغریب لە دایک بووە. تا ئێستەیش هەر هاوڵاتیی مەغریبە. لە کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە. بۆ یەکەم جارە لەو کەناڵە قسەی ئاوا ببیستم. جگە لەوەی زۆر بوێرانە و ڕاشکاوانە دەدوێ، پرسیارەکانی بێژەریش لە چاو جاران، هەر گۆڕاون. پێم وایە، ئەوە هەمووی لە ناو ئەو گۆڕانکارییانەیە شازادە محمد بن سەلمان لە سعودیە دەیکات
https://www.facebook.com/groups/1776980262542209/permalink/2961625377411019/
هەر وا ئاسان نییە، چی بۆ ئەو کەناڵە و چی بۆ بینەرانیشی لە جیهانی عەرەبییدا، ئەو جۆرە ڕەخنە و گوتە تووندانە بگوترێ. عەرەب بە تایبەتیی و کۆمەڵگەی ئیسلامیش بە گشتیی، هەرگیز قبووڵی ڕەخنەی نییە. ئەگەرچی ڕەخنە ئامراز و ڕێڕەوی پێشکەوتنە و بەبێ ڕەخنە ڕەوڕەوەی پێشکەوتن ناسووڕێ. بەڵام ئەوە واقیعی زۆربەی وڵاتە موسوڵمانەکانە.
پێشتر لە نووسین و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی چەند ڕوناکبیرێکی خۆمانم بیستبوو (بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن)، کە سعودیە بە پێشەوایی شازادە، گۆڕانکاریی زۆر گەورە دەکات. پێم وانەبوو لە تەمەنی مندا ئەو گۆڕانکارییانە ببینم، کەچی وا لەگەڵیدا دەژیم و ماوەماوە بڕیاری بوێرانە و ئامادەکاریی و زەمینەسازیی بۆ بڕیاری دیکەش دەکرێ. چاوپێکەتنی تەلەفزیۆن لەگەڵ شازادە و دەربڕینەکانی دەتوانی لە یوتیوب ببینی، یان لێرە
https://www.youtube.com/watch?v=II5MeCwbM7M
لە بنەماکانی شەریعەت لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا، فەرموودەکانی پێغەمبەرە، کەچی محمد بن سەلمان زۆربەی هەرە زۆریان دەسڕێتەوە و لە سعودیە ئیدی کاریان پێ ناکا. لە هەمووشیان گرنگتر ئەو فەرموودانەی بخاری کۆی کردوونەتەوە و چەند سەد ساڵێکە لە جیهانی ئیسلامیدا و لە لایەن زانایانی ئایین، پشتی پێ دەبەسترێ. بخاری دوای سەروو ٢٠٠ ساڵ لە سەرەتای ئیسلام، لە دایک بووە. لە ماوەی ١٦ ساڵدا ٦٠٠ هەزار فەرموودەی کۆکردووەتەوە. لەو ١٦ ساڵەدا چەندین جار بەوسەر و ئەوسەری جیهانی ئیسلامی ئەو کاتدا، گەڕاوە. ئەگەر ڕۆژانە تەنیا ٨ کاتژمێر وەکو هەر مرۆڤێک نووستبێ، هەر لەو ٨ کاتژمێرەدا نانی خواردبێ و نوێژی کردبێ، و هەموو چالاکییەکانی دیکەی ڕۆژانەیشی هەر لەو ٨ کاتژمێرەدا کردبێ، ئەوا ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر دەمێنێ تا کاری کۆکردنەوەی فەرموودەکان بکات. ئینجا ٦٠٠ هەزار لە ١٦ ساڵدا دەکاتە ڕۆژی ١٠٢ فەرموودەی کۆکردووەتەوە. کاتی گەشتەکانیشی بە سواری وڵاخ و پێ، جارێ هەر وەلانێ. زۆر ئاسانە تێبگەی ئەو کارە بە کەس نەکراوە و ناکرێ
لە کتێبی (مختصر تأريخ دمشق) نووسینی ابن منظور لە لاپەڕە ٢٧ دەڵی تەمەنی زەوی ٦٧٠٠ ساڵە، لەو ماوەیەدا خوای مەزن ١٤٠ هەزار و ٣٠٠ نێردراوی، یان، پێغەمبەری ناردووە. ئەوەش بەهەمان شێوەی سەرەوە لێکدەوە، دەکاتە مانگانە ٢١ پێغەمبەری ناردووە. ئەوە لە درۆی شاخدار زیاتر، هیچی دیکە نییە
بە دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسیی لە وڵاتە عەرەبییەکان لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەتیش لە میسر و بزووتنەوە نوێیەکانی وەهابیی لە سعودیە (مەبەستم لەگەڵ دامەزراندنی شانشینی سعودیە لە ١٩٣٢)، گەلێک چەواشەکارییان بۆ داپۆشینی شکست و دواکەوتویی خۆیان، کرد. با هیچ لە منەوە نەبێ، بەڵام چاپێکەوتنەکەی ئەحمەد عسید ببینە. دواییش لە خولەکی ٦ قسەی ئەو ڕاوێژکارە ببینە باسی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل دەکات، ئاوایان ١٤٠٠ ساڵ بەڕێکردووە. تا ئێستەیش خەڵک هەیە بەو قسە پڕوپووچانە گوێی خۆی پڕ دەکات
https://www.youtube.com/watch?v=fTWIwedDPoQ ئەگەر تاقەتیشت ما، گوێ لەوە بگرە. https://www.youtube.com/watch?v=y7XxC6Ka5Mg
هەنگاوەکانی سعودیە بەرەو کرانەوە و گۆڕانکاریی ڕیشەییە، بەڕ دەرهێنانە لە ژێر پێی ئیسلامی سیاسیی ئینجا چی ئیخوان موسلمین بێ، یان، توندڕەوە وەهابییەکانی ناو سعودیە بێ. ڕێ گرتنە لەو هەموو بەناو شێخە توندڕەوانەی ناو سعودیە، کە چەندین ساڵە لە کەناڵە ئیسلامییەکان و ماڵپەڕە گوماناوییەکانیانەوە ژەهرەکانیان دەڕێژن. گومان خستنە سەر بنەمای توندڕەویی ئیسلامی سیاسییە، لە جیهاندا. ٤٠ ساڵە نەتەوە موسوڵمانەکان گرفتاری دەستییانن.
کرانەوە بەبێ گۆڕینی یاساکان مەحاڵە. چاوەڕوانی گۆڕانی یاساکانی سعودیە بن، چی لە ڕووی ڕێکخستنەوەی ژیانی مەدەنیی یان گۆڕینی سزا توندەکانی شەریعەتی ئیسلام، بێ، کە بە درێژایی ئیسلام نموونەکانی ئەو دوو لینکەی سەرەوە، دایانڕشتووە و ڕیشەی داکوتاوە.