بۆچوونی زوو وابوو بڵێ مریشک لە دۆڵی هیندۆس لە هیندستان، بە تایبەتیش لەسەردەمی دەسەڵاتی گەشەسەندووی خێزانی هاراپان بۆ یەکەمجار ماڵیی کراوە و لەوێوە بۆ چین و میسۆپۆتامیا هاتووە. توێژینەوە نوێیەکان سەبارەت بە دەرکەوتنی مریشک لەگەڵ مرۆڤ و خواردنی گۆشتی مریشک ئەنجامی جیا لەوە نیشان دەدەن. دۆزراوەکانی ئێسقانی مریشک لە تایلاند مێژوویان بۆ سەرەتای چاخی هیلۆسین دەگەڕێتەوە (واتا نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین). بەڵام ئەو کاتە مریشکی دارستان بوو، ماڵیی نەکرابوو. کۆنترین مێژووی ماڵییکردنی مریشک بۆ ١٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە
کۆی پرۆسەی ماڵییکردنی مریشک بە چاندنی برنجی و کێڵگەکانی برنەوە گرێدراوە. لە کۆندا، برنج بەرهەمێکی سەرەکیی دانیشتووانی باشووری ئاسیا بووە، بەبێ برنج مرۆڤ نەیدەتوانی لە باشووری ئاسیا بمێنێتەوە و بەردەوام لە زۆربوون بێ. لەوێ، برنج دەرفەتی مانەوەی بە مرۆڤ بەخشیی و توانی ببێتە خواردنێکی هەرە سەرەکیی دانیشتووانی باشووری ئاسیا. برنج ئەو هەموو سکە برسییەی ئاسیای تێردەکرد. بڵاوبوونەوەی چاندنی برنجیش لە باشووری ئاسیا، بەرهەمی برنجی زۆر کرد و مرۆڤ توانی لە زۆریی بەرهەمی برنج سوود وەرگرێ
بڵاوبوونەوەی کێڵگەکانی برنج بە ئاسیادا وای لە باپیرەگەورەی مریشک کرد لە دارودارستانەکانەوە بێتە خوارەوە و لە گەڕان بە دوای خواردندا، لە کێڵگەکانی برنج نزیک ببنەوە. مرۆڤ لە ساڵی ١٥٠٠ بەر لەزایین بە دواوە دەستی بە ماڵییکردنی مریشک کردووە. ئینجا لەوێوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە. لە سەردەمانی چاخی ئاسندا لە ئەوروپا کەس مریشکی نەدەخوارد و وەکو خواردن تەماشا نەدەکرا. لە بەریتانیا تا سەدەی سێیەمیش مریشک نەخوراوە
توێژەران لە ٩ زانکۆی جیاجیای ٩ وڵات، ٦٠٠ نموونەی ئێسقانی مریشکیان لە ٨٩ وڵاتەوە پشکنی. ئەوانە لە شوێنەوارەکان یان بە تەواوی نێژرابوون، یان پارچە ئێسقانی جیاجیابوون لە ژێر گڵ دەرهێندرابوونەوە. کۆنترین ئێسقان لە تایلاند تەمەنی بۆ ١٦٥٠ تا ١٢٥٠ ساڵ بەر لەزایین بووە. لە هیندستانیش بەر لە ساڵی ١٢٠٠ پێش زایین لە دۆڵی هیندۆس هەبووە و هیچ پاشماوەیەکی ئێسقانی مریشک لەوە کۆنتر نەدۆزراوەتەوە. لە دؤلی ڕووباری زەرد لە چین لە سەردەمی خێزانی شانگ لە نیوان ساڵانی ١٣٥٠ بەر لە زایین تا ١٠٤٦، مریشکی ماڵییکراو، دەرکەوتووە. هەرچی ژاپۆنە لە نێوان ١٠٠ بەر لەزایین و ١٠٠ی زایینی هەبووە
لە ناوەڕاستی ئاسیادا لە نێوان ساڵانی ٥٠٠ تا ٣٠٠ بەر لە زایین لە چیاکانی ئاڵتای هەبووە. پاشماوەی ئێسقانی مریشک تا درەنگانی سەدەی سێیەم لە سەربازگەیەکی ئەلێکساندەر لە ئۆزبەکستان، دەرنەکەوتووە
لە میسۆپۆتامیادا، لە نزیکەی ١٢٠٠ بەر لە زایین هەندێ وێنەی چەند باڵندەیەک کراوە، دەکرێ ئەوانە پاڵنەری ئایینی و پیرۆزییان لە پشتەوە هەبووبێ. بەڵام لە ساڵی ١١٥٠ بە دواوە بەڵگەکانی ماڵییکردنی مریشک دەردەکەون. وێنەی باڵندەی دیکەی وەکو مریشک یان مریشک خۆی، لە دوای ساڵی ٩٠٠ بەر لە زایین زۆرتر دەبێ. لە دەقێکی شا تیگلات بەلسەری سێیەم، ساڵی ٧٤٥ تا ٧٢٣ بەر لە زایین هاتووە دەڵی "مریشک لەناو شاردا بیندراوە" باوەڕ وایە ئەو کاتە باسی خاکی مادەکانی کردووە
پشکنینی ئێسقانەکان نیشانیان داوە مریشک تا ساڵی ٨٠٠ بەر لەزایین لە ئەوروپا هەر نەبووە. لە کۆتایی سەدەی ٦ی بەر لەزایین لە نیشتەجێیەکانی دامێن ڕووباری دانوب و ڕاین هەبووە و بە هۆی بازرگانیی نێوان گریک و ناوجەکانی دەورووبەری دەریای ڕەش هەر لە سەدەی ٥ تا ٦ بەر لە زایین لە کەنارەکانی دەریای ڕەش هەبووە. بەڵام کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووە، هەزار ساڵی ویستووە تا لەگەڵ کەشی ساردی سکۆتلاند، ئایرلاند، ئایسلاند و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا، خۆی بگونجێنێ
بە شیوەیەکی گشتیی، ماڵییکردنی مریشک لە ڕۆمانەکانەوە بەرەو ڕۆژئاوای ئەوروپا چووە و تا درەنگانی چاخی ئاسن لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بەخێو نەکراوە. تەنانەت تا سەرەتای هەزارەی یەکەم نەگەیشتبووە کەنارەکانی سوید
سەرچاوە
https://www.pnas.org/doi/full/10.1073/pnas.2121978119