هەموو زانست لەسەر ئەوە کۆکە، کە سەرەتای گەردوونی فراوان لە خاڵێکەوە دەستی پێ کردووە، ئەوە تائێستا باشترین بیرۆکەو تەنانەت بیردۆزی پەیدابوونی گەردوونی بینراوە (گەردوونی بینراو تەنیا ئەو تەن و بارستانە دەگرێتەوە مرۆڤ دەتوانێ بیانبینێت – چ بە تەلەسکۆبی شەپۆلی بینراو یان شەپۆلەکانی دیکە بێت)
زانست دەزانێت، سەرەتا دوای (تەقینەوە مەزنەکە-بیگ بانگ) توخمی هایدرۆجین پەیدا بووە، ئەویش سادەترین گەردیلەی هەیە، تەنیا پرۆتۆنێکی هەیە و یەک ئەلکترۆنی بە دەوردا دەخوولێتەوە، تا ئێستاش هایدرۆجین زۆرترین بارستایی گەردوون پێکدەهێنێت، کەوابێ ئەگەر بگونجێ، دەتوانین بڵێین هایدرۆجین دایکی هەموو تووخمەکانی دیکەشە
دەی باشە لە هایدرۆجینەوە تا دەگاتە یۆرانیۆم و پلوتۆنیۆم لە کوێوە هاتوون و چۆن درووست بوون؟ لە کۆی ١١٦ توخم، ٩٠یان لە سروشتدا هەن، ٢٦یان مرۆڤ لە تاقیگەکاندا دروستی کردن. بەڵام کێشەی زانست ئەوە بوو بزانێت ئەو توخمە قورسانەی سروشت چۆن و لە کام بارو دۆخدا دروست بوون و دەبن
سەرەتا گەردیلەکانی هایدرۆجین بە کاریگەری کێش کردنی تەنەکان کۆبوونەوە و ئەستێرەکان لە دایک بوون، ئەستێرەکان (خۆری ئێمەش هەر ئەستێرەیەکە) لەبەر بوونی پەستانی زۆر و گەرمی کەم هاوتا، کارلێکیان لێ پەیدا بوو، هایدرۆجین دەسووتێنن یان باشتر وایە بڵێین هایدرۆجین لێکدەدەن و تووخمی دووەمی خشتەی مەندەلییڤ دروست دەبێت، کە هیلیۆمە. لەو پرۆسەیەشدا بڕێکی زۆر وزە وەک روناکی و گەرمی و جۆری دیکەش پەرش دەبێت. کاتێک هەموو هایدرۆجین تەواو بوو، ئینجا بە پێی بارستایی ئەستێرەکە لەوانەیە ببێتە زەبەلاحی سوور یان بە تەقینەوەیەکی یەکجار بەهێز دەتەقێتەوەو دەبێتە سوپەرنۆڤا بە مەرجێک بارستایی ئەستێرەکە بە لانی کەم ٨ هێندەی بارستایی خۆر بێت. هەر لە هەمان دۆخدا، لە کاتی زەبەلاحی سوور یان سوپەرنۆڤا هیلیۆم دەبێتە سووتەمەنی و کاربۆن دروست دەبێت، تا دوای کاربۆن و ئۆکسجین هەر ئاوا بەردەوام دەبێت و ئەوانەی دوای ئەویش دەبنە سووتەمەنی تا دەگاتە ئاسن، لەو نێوانەشدا هەندێ تووخمی لە کاربۆن سووکتر دروست دەبن، کەی ناووکی ئەستێرەکە بە ئاسن تەنرا، ئیتر سووتەمەنی نامێنێت و وردە وردە (بە کاتی گەردوون هەزاران ملیۆن ساڵە) ئەستێرەکە سارد دەبێتەوە، تا دەبێتە قوتە ئەستێرەی بۆر، رووناکییەکی وای نامێنێت و وزەیەکی زۆر کەم پەرش دەکات. یانیش لە ژێر کاریگەری و قورسایی بارستەی ئەستێرەکە خۆی، لە ماوەی چەند چرکەیەک دەچێتەوە ناو یەک، ئینجا لەبەر یەک دەقڵیشێ و دەتەقێتەوە، لەو تەقینەوەیەشدا کۆمەڵێکی دیکەی توخمەکان دروست دەبن
سوپەرنۆڤا هێندە گەورەو پڕ وزەیە وەک رووداوێکی گەردوونیی زۆر مەزن باس دەکرێت، بڕێکی زۆریش نیوترۆن بەرەڵڵا دەکات، ئەو نیوترۆنانە لەگەل ناوکی توخمەکانی دیکە لە ژێر ئەو هەموو پەستان و گەرمییە بەر یەک دەکەون و توخمی قورستر دروت دەکەن. زێڕ لەو تووخمانەیە لە تەقینەوەی سوپەرنۆڤا دروست نابێت، ئەدی ئەوانەی ماون کە ژمارەیان سەروو ٤٥ توخمە چۆن پەیدا دەبن یان دروست دەبن؟؟ وەڵامی ئەو پرسیارە تا ساڵی ٢٠١٧ نەدەزانرا. بەڵام زانایان لەوە بێ گومان بوون کە پلەی گەرمی ٣ ملیار و بڕی پەستان لە سوپەرنۆڤا ، لەگەڵ ژمارەی پێویستی نیوترۆن، هێندە نین تا بتوانن زێڕو توخمەکانی دیکە دروست بکەن
تا ئێرە (تا توخمی پلاتینیۆم) خوولەکە دیارە کە سوپەرنۆڤا دروستییان دەکات، لە وێوە (زێڕ) تا دەگاتە پلوتۆنیۆم نەدەزانرا لە کام پرۆسەدا دروست دەبن. شارستانیەتی مرۆڤ و تەمەنی زانست و تەکنۆلۆژیا هێندە نەبوون لە پاش پرۆسەی سوپەرنۆڤا تێبگەن. دوای تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان (٨جار یان زیاتر لە خۆر قورستر بن)، کە تەمەنیان بەرەو تەواو بوونە و بەرەو مردن دەڕۆن، چوار کۆتاییان هەیە، ئێمە لێرەدا باسی دوویان دەکەین، یان دەبێتە ئەستێرەی نیوترۆن یانیش وەک کونی رەش کۆتایی دێت. ئەستێرەی نیوترۆن ئەوانەن کە زۆربەی هەرە زۆری بارستاییەکەیان تەنیا لە نیوترۆن پێک دێت. تیرەیان ناگاتە ١٢ کیلۆمەتر بەڵام دوو هێندەی خۆر بارستاییان هەیە ! هێندە چڕە ، یەک کەوچکە چای ئەو ئەستێرەیە ٦ تا ١٠ ملیار تۆن قورسە!! کەواتە ئێستا لەوە تێگەیشتین ئەستێرە نیوترۆنەکان پاشماوەی سوپەرنۆڤان
بیردۆزی رێژەیی گشتیی ئاینشتاین باسی جۆرە شێواوییەکی بۆشایی دەکات، کە تەنیا رووداوە زۆر زەبەلاحەکان دروستی دەکەن، ئەو شێواوییە لە بۆشاییدا وەک شەپۆل بە گەردووندا بڵاو دەبنەوە، چەندین ساڵیی تیشکیی دەڕۆن، ئەو بیردۆزە ساڵی ١٩١٥ بڵاو کراوەتەوە ، تا ٢٠١٧ نەتوانرا ئەو شەپۆلانە لە لایەن مرۆڤەوە تۆماربکرێن، یان سەرنج بدرێن
گەردوون هێندە فراوان و گەورەیە، ئەستێرە نیوترۆنەکانیشی گەلێک زۆرن، تەنیا لە گەلە ئەستێرەی خۆمان (رێی کا کێشان) مەزەندەی ١٠٠ هەزاری بۆ دەکرێت ئێستا هەبن، کەواتە بە ملیار لە گەردوونی فراواندا هەیە. ئەگەر هێندە زۆریش بن خۆ دەکرێت لەیەک نزیک بن یان لە خوولگەکانی سووڕانەوەیان بە کاریگەری دەرەکی تووشی یەکتر بن، یان تەنانەت لێکیشبدەن و جووت بن. بارستەی ئەو ئەستێرانە یەکجار زۆرن، بۆیە ئەگەر تووشی یەک بوون ئەوا رووداوێکی گەردوونی گەلێک مەزنە
ئێستا بیهێنە بەرچاوی خۆت دوو لەو ئەستێرە نیوترۆنە قورسانە بە دەوری یەکتردا بسووڕێنەوە، ئەوە ئەو رووداوە گەردوونییەیە کە ئاینشتاین لە ساڵی ١٩١٥ باسی کردوە. لەوێدا پێشبینی ئەوەی کردووە سوڕانەوەی ئەو دوو ئەستێرەیە بە دەوری یەکدا، شێواویی بۆشایی دروست دەکەن، ئەو شێواوییە وەکو شەپۆل بە فراوانیی گەردووندا بڵاو دەبنەوە، شەپۆلەکان شێوەی شەپۆلی ئاوێکی مەنگی هەیە کە بەردێکی بچووکی فڕێدەدرێتە ناو، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دەبێ ئێمە لە سەر زەوی بتوانین تۆماری بکەین. تا کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ مرۆڤایەتیی تەکنۆلۆژیای ئەو تۆمارکردنەی نەبوو
دوو پرۆژەی زۆر گرنگ بۆ ئەم مەبەستە دامەزران، (ڤیرگۆ) لە نزیک شاری پیزا لە ئیتالیا ساڵی ١٩٩٣ بناغەی دانرا، (لیگۆ) لە لویزیانای ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٧ بناغەی دانرا، هەردوو پرۆژەکە بۆ مەبەستی تۆمارکردنی شەپۆلەکانی شێواویی بۆشایی دامەزران. زیاتر لە ١٥ ساڵ هیچ بەرهەمێکی وایان نەبوو، هیچیان تۆمار نەکرد. زانایان دەبوایە بە دوای شتێکدا بگەڕێن ئەو شێواوییەی بۆشایی دروست بکات بەڵام نەیاندەزانی لە کوێ و بە دوای چیدا بگەڕێن. تا ساڵی ٢٠١٧ بۆ یەکەم جار تۆمار کرا
دوای شیکردنەوەی زانیارییەکان و لێکۆڵینەوەی زیاتر، ئینجا زانایان توانیان لە سەرچاوەی توخمە قورسەکانی دوای پلاتینیۆم (زێڕو ئەوانەی دوای زێڕ تا دەگاتە پلوتۆنیۆم) تێبگەن. زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دوای بڵاو بوونەوەی بیردۆزی رێژەیی گشتیی، توانرا بسەلمێندرێت کە شێواوی بۆشایی هەیە، ئەوەش بووە سەلماندنێکی دیکەی راستیی ئەو بیردۆزە. ئێمەش وەکوو مرۆڤ، زانیمان تووخمە قورسەکان لە چی پرۆسەیەکی پڕ وزە و زەبەلاحدا دروست دەبن، ئەوە تەنیا جووت بوونی دوو ئەستێرەی نیوترۆنە کە هێندە توند و پڕ وزەیە دەتوانێ توخمە قورسەکانی دوای پلاتینیۆم دروست بکات
ئەوە چیرۆکی کورتی هەموو ئەو توخمانەن لە سروشتدا هەن، لە هایدرۆجینی ناو ئاوەکان تا کاربۆنی ناو لەشمان، ئاسنی سەر هیمۆگڵۆبینی ناو خوێنمان، ئۆکسجینی هەناسەمان و هەموو کانزاکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیی، بەو سووڕەدا تێپەڕبوون . لە ناو جەرگەی ئەستێرەکان، چەقی سوپەرنۆڤاکان و جووت بوونی ئەستێرە نیوترۆنەکاندا بەرهەم هاتوون. بێ گومان پرۆسەکە ئێستاش هەر بەردەوامەو تا دوایین پێکدادانی دوو ئەستێرەی نیوترۆن زێڕ، جیوە، ثالیۆم، قورقوشم، بزمۆث، پۆتاسیۆم، رادۆن تا دەگاتە پلوتۆنیۆم هەر دروست دەبن
گومان لەوەدا نیە کە ئێمەو سیستەمی خۆر و هەموو تەن و تەنۆلکەکانیش هەر بەو پرۆسەیەدا رۆیشتووین. هەرچەندە ئەو پێکدادانانەی ئەستێرەی نیوترۆن مەرج نیە ئێستاش زۆر بن، بەڵام کاتێک گەردوون بچووک بووە، چڕی ئەستێرەکان زۆر زیاتر بووە لەوەی ئێستا هەیە، ئەستێرەکانی سەرەتای گەردوون زۆر زۆر گەورە بوون، بۆیە تەمەنیان زۆر کورت بووە (چەند ملیون ساڵێک). روودانی ئەو جۆرە پێکدادانە یان بڵێین جووت بوونەی ئەستێرە نیوترۆنەکان، زۆر بوون، دەکرێ پێش پێکهاتنی گەلە ئەستێرەکەمان، دەیان و سەدان ئەستێرەی نیوترۆن لە ناوچەی ئێمەدا یەکیان گرتبێت، ئەو هەموو توخمانەیان بۆ جێ هێشتبین. دەبێ تەپ و تۆزی ئەو جۆرە رووداوە مەزنەی لیرەدا (کاتێک زەوی و تەنانەت خۆریش هەر نەبووە) روویداوە، ئەوە بێت کە ئێستا خۆر و ئێمەشی بەرهەم هێناوە، ئێمەش پاشماوەی سوپەرنۆڤاو جووتبوونی دوو ئەستێرەی نیوترۆنین