ئۆلێگ پینکۆفسکی

کۆلۆنێل لە سوپای یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩١٩ لە کۆماری ئۆسیتیای سۆڤیەت لە دایک بووە. باوکی لە جەنگی ناوخۆی روسیا دەکوژرێ. لە ساڵی ١٩٣٩ ئەکادیمیای تۆپخانەی سەربازیی کییڤ، تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٥٥ دەبێتە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی سۆڤیەت لە ئەنکەرە. دوایی دەبێتە ئەندامی لیژنەی سۆڤیەت بۆ توێژینەوەی زانستیی


ئەوکاتە بە ڕای پینکۆفسکی، خرۆشۆڤ نابێ سەرکردەی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیی بێت، سەرشێت و شەڕانگێز و نەزانە، لەوانەیە بڕیاری نادروست و سەرشێتانە بدات. پینکۆفسکی ڕۆڵی هەرە سەرەکیی لە دامرکاندنەوەی کێشەی ناسراو بە (أزمة خليج الخنازير، یان، قەیرانی مووشەکەکان لە کوبا)، هەبووە


پلانی سەربازیی سۆڤیەت ئەوەبوو چەکیی ئەتۆمیی مەودا ناوەند بە هەڵوەشاوەیی بگەیەننە کوبا، لەوێ لەیەک ببەسترێنەوە و ئامادەی هەڵدان و تەقاندنەوە بن. بەوەیش تا ئەمەریکا وەخۆ دێتەوە و دەزانێ چی لە دەورە دانراوە، بۆ هەموو پەرچەکردارێک درەنگە و کارلەکار ترازاوە. ئاوا ئەمەریکا دێتە ژیر سێبەری مووشەکی ئەتۆمیی سۆڤیەت و موشەکەکان گەورەترین هەڕەشە دەبن. ئەوکات ئەمەریکا و ناتۆ لەوجۆرە مووشەکانەیان لە چواردەوری سۆڤیەت دانابوو، وەکو تورکیا وئەڵمانیای ڕۆژئاوا. ئەوان بە ئاسانی دەگەیشتنە خاکی سۆڤیەت، بەڵام نزیکترین خاڵی ژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەت بۆ ئەمەریکا لە نزیک ئالاسکا بوو


کاتێک خرۆشۆفی سەرشێت، مووشەکە ناوەکییەکانی سۆڤیەت بەرەو کوبا دزە پێ دەکات و دەیەوێ هەڕەشە لە هەموو ئەمەریکای باکوور بکات و تەنانەت خۆیشی بۆ جەنگی کۆتایی ئامادە دەکات، پیاوانی وەکو پینکۆفسکی دەرکەوتن. پینکۆفسکی دەیزانیی سەرشێتیی خرۆشۆڤ جیهان بەرەو جەنگی ئەتۆمیی قڕکەر دەبات و کەسی لێ دەرناچێ. دەیزانی فوو لە خۆکردنی خرۆشۆڤ بەرەو دۆزەخمان دەبات


پینکۆفسکی لە سەر پردێکی مۆسکۆ خۆی لە دوو قوتابی ئەمەریکایی نزیک دەکاتەوە و داوایان لێدەکات، نامەیەک بگەیەننە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، نامەکەی پێشنیازی هاوکاری و دزە پێکردنی زانیاریی سەربازیی سۆڤیەتی تێدابوو، بەڵام ئەمەریکاییەکان نەیانوێرا لە پینکۆفسکی نزیک ببنەوە، چونکە دەیانزانی هەمیشە لە ژێر چاودێری چڕی دەزگەی هەواڵگریی سۆڤیەتدان. بۆیە لە ڕێی بازرگانێکی بەریتانیاییەوە بە ناوی (گریڤیل واین) یەکەم پێوەندی لەگەڵدا سازدەکەن. واین سیخوڕ نەبوو، هیچیشی لەو بوارەدا نەدەزانیی، بەڵام مەشقی زۆری دەزگای MI6 وای لە واین کرد بتوانێ کارەکانی ئەنجام بدات. وای لێهات، پینکۆفسکی ٥٠٠ بەڵگەنامەی زۆر نهێنی سەربازیی و چەکی ئەتۆمیی سۆڤیەتی ناردە لەندەن


لە زانیارییە هەرە پڕ بەهاکانی پینکۆفسکی گەیاندییە سەرۆکی ئەمەریکای ئەوکات (جۆن کێنێدی) و جیهانی ڕۆژئاوا، ئەوەبوو توانای ئەتۆمیی سۆڤیەت زۆر لەوەی ڕۆژئاوا لاوازتر و بچووکتر بوو. سیستەمەکانی سووتەمەنی مووشەکی ئەتۆمیی هێندە توند و تۆڵ نەبوون و گەلێک گرفتی تەکنیکییان هەبوو. تەنانەت سیستەمی بەئامانجگرتنی مووشەکەکان کەموکورتی زۆری تێدابوو. بۆیە توانای ئەتۆمیی سۆڤیەت زۆر لەوە لاوازتر بوو خۆیان باسیان دەکرد. هەمووی درۆ و دەلەسەی مەکتەبی سیاسیی و کریملین بوو، بۆ نیشاندانی مەزنیی سۆڤیەت بوو


ئەو زانیارییانەی پینکۆفسکی گەیاندنی، وای لە جۆن کێنێدی کرد زۆر بە توندیی لەگەڵ کێشەکەدا مامەڵە بکات و سۆڤیەت پاشەکشە پێبکات. بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی پینکۆفسکی، ئەمەریکا فڕۆکەی سیخوڕیی U2ی ناردە سەر کوبا و چەندین وێنەی هێنایەوە تیایاندا شوێنەکانی دانانی مووشەکەکانی سۆڤیەتیان نیشان دەدا. لە توانای سۆڤیەتدا نەما نکۆڵی لە ئامانجەکانی بکات. بە تەواوبوونی قەیرانی مووشەکەکانی کوبا، هێڵی گەرمی نێوان کۆشکی سپی و کریملین دامەزرا، ترسی جەنگی ئەتۆمیی ڕەواندەوە


ماوەیەک بوو کەی جی بی ئاگاداری چالاکییەکانی پینکۆفسکی بوو، بەڵام بۆ پاراستنی دوو سیخوڕی خۆیان لە ناو دەزگای ئێم ئای شەشی بەریتانیاییدا، نەیانوێرا زوو دەستگیری بکەن. لەو ماوەیەدا پینکۆفسکی زانیارییەکانی گەیاند و لە جەنگی ئەتۆمیی ڕزگاری کردین. بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ گریڤیل واین دەگیرێن. هەرزوو پینکۆفسکی دان بە تاوانەکانیدا دەنێ. ساڵی ١٩٦٣ دەیکوژن و لە شوێنێکی نەزانراو لە گۆڕی دەنێن. چیرۆکی جۆراوجۆر لە سەر شێوازی کوشتنی پینکۆفسکی هەیە، تەواو ڕوون نییە چۆن کوژراوە

هەرچی واینە، بە ٨ ساڵ زیندانیی دادگایی دەکرێ. پاش دوو ساڵ لەگەڵ سیخوڕی سۆڤیەت (کۆنۆن مۆڵۆدی) دەیگۆڕنەوە و دەگەڕێتەوە بەریتانیا


پینکۆفسکی، بەرزترین پلەی سەربازیی سۆڤیەت بووە لەگەڵ دەزگای سیخوڕی رۆژئاوادا پێوەندیی هەبێ و زانیارییان بداتێ. ئەو وەکو هەموو ئەوانەی دیکەی هەوڵی هەڵنەگیرسانی جەنگی ئەتۆمییان دا، خۆفرۆش و خائین بە وڵات و گەلی خۆیان نەبوون. تەنانەت هیچیشی لە بەرانبەردا وەرنەگرتووە، بۆ بەرژەوەندی کەسیی ئەو کارەی نەکردووە


نموونەی وەکو پینکۆفسکی لە بەریتانیا هەبوو بە ناوی جۆوانا سوور (پێشتر بابەتێکم لەسەر جۆوانا سوور بڵاوکردەوە). هیچیان لە پێناوی ماددە و پلە و پایەدا ئەو کارەیان نەکرد. تەنیا بۆ بەرگرتن لە جەنگی ئەتۆمیی بوو، نەوەک سەرشێتەکان، جیهان لەناوبەرن. مرۆڤایەتیی قەرزداری ئەو جۆرە مرۆڤانەیە. ئەوان نەبان تا ئێستا جەنگی ئەتۆمیی ڕوویدابوو، هەموو قڕ بووبووین.