هێزی دەسەڵاتی هاوچەرخ لە یەکگرتنی پێشکەوتنی زانست و گەشەی ئابووریەوەیە. بۆ چەندین سەدە، پێشکەوتنی زانست وەک هێلکە شەیتانۆکە هەنگاوی دەنا. گەشەی ئابوورییش لە بەستەڵەکدا بوو. زۆربوونی دانیشتووان زۆربوونی بەرهەمی خواست. دۆزینەوە و داهێنانە پچڕپچڕەکانیش هەندێ کات داهاتی تاکە کەسیی زۆرتر کرد، بەڵام پرۆسەیەکی زۆر هێواش بوو. ئەگەر لە ساڵێ ١١٠٠ دا گوندێک ١٠٠ تۆن گەنمی بەرهەم با، دواییش لە ساڵی ١١١٠ بەرهەمەکەی بووبا بە ١٠٥ تۆن، ئەوە شتێکی سەرنج ڕاکێش نەبوو، هیچی نەدەگۆڕی
سستیی لە گەشەی ئابووریدا تا ڕاددەیەکی زۆر بە نەبوونی پآلپشتی داریی بۆ پرۆژەی تازە، بەسترابووەوە. ناکرێ بێ پاڵپشتی دارایی زەلکاو وشک بکەی، پرد و بەندەر دروست بکەی. نەبوونی متمانە وای کرد، پاڵپشیی ئابوورییی نەبێ، چونکە خەڵک باوەڕی بە گەشەی ئابووری نەبوو. ئەویش چونکە چەق بەستوویی لە ئابووریدا هەبوو
ئەگەر بتەوێ لە شارێکی ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا بژی، دیزانتری تێیدا بڵاوە. لە خۆت ڕاببینی و بتوانی کێشەکە چارەسەر بکەی. پێویستت بە دامەزراندنی تاقیگەیەکە، کەسیش متمانەی نییە و لەگەڵتدا وەبەرهێنان ناکات. ئاوا، گەشەی ئابووری سست بوو یان هەر نەبوو. ئەوەش زانستی لە جێی خۆی سڕ کرد. ئەو بازنەیە تا درەنگانێک وەک خۆی مابوو، بەڵام دواتر گۆڕا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە ٢٠١٤ دا، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێکمیرا و بایۆکریست چوونە ئاسمان. چونکە خەڵک متمانەی دروست کردنی پێکوتەی، هەبوو. خەڵک بە بڵاوبوونەوەی پەتاکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، دەستیان بۆ ئاسمان بەزدەکردەوە بەشکو یەزدان لە گوناحەکانیان خۆش بێ
بە گەشەی ئابووری، وەبەرهێنان زۆر دەبێ. ئەویش متمانە بەرز دەکاتەوە، پارە لە بانکەکان زۆرتر دەبێ. بانکەکانیش پاڵپشتی زۆرتری پرۆژەکان دەکەن، زانست پێش دەکەوێ. ئەی بۆ دەبوایە تا ئێستە چاوەڕوان بین تا گەشەی ئابووری، تەوژم بەدەست بێنێ؟ بۆ هەزاران ساڵ، متمانە بە گەشە و ئاییندە لە ناخماندا نەبووە. هەردەم سەرکەوتنی لایەک بە شکستی لایەکەی دیکە تەواو بووە. ئەوە کۆمەڵگەی ڕاوچیان بووە، پاشانیش کۆمەڵگەی کشتوکاڵ، زۆری لەو وەرگرتووە. لەهەندێ شوێن و وەرزدا، خراپتریش بووە. ئەوەتا عەرەب تا ئێستەیش هەر باوەڕی بە غزو و تاڵان هەیە
کرداری گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێش چوون (التطور) وای لە مرۆڤ کردووە جیهان وەک قالبە کێکێک ببینێ. ئەگەر یەکێک پارچەیەکی گەورە ببات، بێگومان ئەوی دیکە پارچەیەکی بچووکی بەردەکەوێ. ئایینەکان هەوڵیان داوە ئەو قالبە کێکە یان بە دووبارە دابەشکردنی، یانیش، بە بەڵێنی قالبێکی گەورەتر لە ئاسماندا، چارەسەر بکەن. بە پێچەوانەوە ئێستە، تازەگەریی، گەشەی ئابووری بە کارێکی بنچینەیی دەزانێ
پاڕانەوە کارێکی باشە و تێڕامان ئاسوودەیی دێنێ، بەڵام برسییەتی، پەتا و جەنگ تەنیا بە گەشەی ئابووری چارەسەر دەبێ. سیاسەتوانان و ئابووریناسان لەبەر سێ هۆ گەشەی ئابووری بە بڕبڕەی پشتی پێشکەوتن دەزانن. یەکەم: ئەگەر بەرهەم زۆر بێ، زۆرتر بەکاردێنین، ئاستی ژیانمان بەرزدەکەینەوە و کامەرانتر دەبین. دووەم: گەشەی ئابووری پێویستییە چونکە ژمارەی مرۆڤ زۆر دەبێ، هەر نەبێ بۆ ئەوەی پاشەکشە نەکەین دەبێ گەشە هەبێ. بۆ نموونە، لە هیندستان گەشەی دانیشتووان ١.٢٪یە، دەبێ گەشەی ئابووری هەمان ڕێژەی هەبێ تا کەسی دیکە هەژار نەبێ.. سێیەم: . چەند ملیۆنێک هەژار لە هیندستان هەیە. تەنیا بە گەورەکردنی قالبە کێکەکە دەتوانی سکیان تێر کەی. بەپێچەوانەوە، کێشەی زۆری کۆمەڵایەتیی، دروست دەبێ
سۆڤیەت بە لووت بەرزییەکەیەوە، وەک ئەمەریکا کوشتەی گەشەی ئابووری بوو. لە سەردەمی شەڕی سارد هەردوو لا، سەرمایەدار و شیوعی باوەڕیان وابوو، بە گەشەی ئابووری، بەهار دێتە چۆکان و بەهەشتی سەر زەوییان بەرهەم دێ. ئەوانیش وەک چۆن ئیسلام و مەسیحی باوەڕیان بە بەهەشت هەیە بەڵام لەسەر رێگەی گەیشتن ناکۆکن، ئاوا دەمەقاڵییان تەنیا لەسەر چۆنییەتی ئەو بەدەستهاتنە بوو. لە سۆڤیەت، خەڵک باوەڕی وابوو شیوعییەتی چەقگر لە دەوڵەتدا خێراترین ڕێگای گەشەیە، هەر شتێکیش ڕیگر با، بلدۆزەری لێدەدرا، وەک ئەوەی بەسەر چەند ملیۆن کولاک هات (کولاک خاوەن زەوی و زار بوون، لە گوندەکاندا ڕۆڵی باشیان هەبوو، پاشان زەویەکانیان لێ سەندرا و کران بە کێڵگەی هەرەوەزیی. هەر کەسێک ناڕازی با، ناویان دەنا کولاک. لە ١٩٣٤ ٧٥٪ یان راگوێزران و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا)
لە سەنگافورە، مووچەی وەزیران بە ڕاددەی گەشەی ئابووریەوە گرێ دراوە، چونکە ئیشیان ئەوەیە، ئەگەر ئیشەکەیان نەکرد، دەبێ خۆشیان شانی بدەنە بەر. ئێستە، لەبەرئەوەی لە جیهانێکی هاوچەرخدا دەژین، خوولیای گەشەی ئابووری خۆی پێناسە کردووە. گەشەی ئابووری هەلی کار، گەشەسەندنی ژێرخان، ڕێگاوبان، کارگە، نەخۆشخانە ...هتد دەڕەخسێنێ
تێگەیشتین، گەشەی ئابوورییمان هەموو ڕووەکانی ژیان بەرەو خۆشگوزەرانیی و کامەرانیی دەبات. بەڵام ئایا تا کەی گەشەی ئابووری بەردەوام دەبی؟ ئایا سەرچاوەکانی وشک نابێ؟ ئەگەر نەمانەوێ لینگەکانی گەشەی ئابووری لێك ئاڵێن و تەپڵی سەری بە زەوی بکەوێ، دەبێ چاووگی لە بن نەهاتوو بدۆزینەوە. بۆ چەند سەدەیەک ئابووری ئەوروپا بە دۆزینەوە و داگیرکاریی زەوی تازە، گەشەی دەکرد. بەڵام ئەوەش بۆ ئێمە نەماوە. بیر لە داگیرکردنی هەسارە و گەلەئەستێرەکان دەکرێتەوە، بۆ ئێستە ئەوانە خەونی حوشترن
دیدی کۆن بۆ جیهانی دەورووبەرمان وەک قالبە کێکەکە وایە، دوو جۆر سەرچاوە هەیە، ماددە خاوەکان و وزە. بەڵام ڕاستییەکەی جۆری سێیەمی سەرچاوە، زانیارییە. هەردوو سەرچاوەی ماددەی خاو و وزە لە بن دێن، چەندی بەکاری دێنی کەم دەبێتەوە. کەچی زانیاریی چەندی بەکاری دێنی زۆرتر دەبێ. کاتێک زانیارییت زۆر دەبێ، ماددەی خاو و وزەی زۆرترت دەخاتە بەر دەست. ئەگەر ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە بیرە نەوتێک خەرج بکرێ و نەوتی لێ بدۆزرێتەوە، ئەوا نەوتی زۆرترمان هەیە، بەڵام بۆ نەوەکانمان کەم دەبێتەوە. بەڵام هەمان ١٠٠ ملیۆن بۆ توێژینەوەی وزەی خۆر تەرخان بکەین، تا ڕێی باشتر و کارا تر بۆ دروێنەی وزەی خۆر بکەین، ئەو کات ئێمە و نەوەکانمان وزەی زۆرترمان دەبێ
هەزاران ساڵ ڕێ باریکەکەی زانست بەرەو بەردەڵان بوو، چونکە خەڵک باوەڕی تەواوی بە نووسینە پیرۆزەکان هەبوو، ئەوانیش وەڵامی هەموو پرسیارێکیان تێدابوو. کۆمپانیایەکی نەوت وەبەرهێنان لە بیرێکی دیکەی نەوت ناکاتەوە ئەگەر پێی وابێ هەموو نەوتی کێڵگەکەی دۆزیوەتەوە. بە هەمان شێوە، ئەو کولتوورەی پێی وایە هەموو وەڵامەکانی هەیە، بەدوای هیچدا ناگەڕێ، ئەوە حاڵی هەموو شارستانیەتەکانی پێش جیهانی هاوچەرخ بوو
شۆڕشی زانست، مرۆڤی لەو بیرە قووڵە دەرهێنا. مەزنترین دۆزینەوەی زانست دۆزینەوەی (نەزانیی) بوو. هەر کە مرۆڤ زانیی چەندە کەم لەبارەی جیهانی خۆیەوە دەزانێ، یەکسەر دەستی بە گەڕان بە دوای زانیاریی زۆرتردا، کرد. ئیدی رێ خۆش بوو. لەگەڵ هەر نەوەیەک زانست سەرچاوەی نوێی دۆزییەوە. ماددەی خاوی نوێ هاتە بەردەست، هێڵی بەرهەمهێنانی کاراتر کرد، مەکینەی باشتری دروست کرد. لە جیهانی ئێستەماندا، مەکینەی داخراو و کۆمپیوتەر، دوو پیشەسازیی تەواو نوێیان، داهێنا. ئێستە دەرفەتی باشترمان هەیە بەسەر نەبوونی سەرچاوەدا زاڵ بین. گەورەترین گرفتی بەردەممان، تێکچوونی ژینگە و کەشوهەوایە
تێکچوونی ژینگە نەک هەر ئاژەڵان قڕ دەکات، کڵاوە سپییەکانی سەر شاخەکان دەتوێنێتەوە، ڕووبارە بەستەڵەکەکان پاشەکشە پێدەکات، بەڵکو مرۆڤ خۆیشی لە ناو دەبات. مرۆڤ لە دوو کێبەرکێدایە، یەکەمیان، پێشکەوتنی زانست، زانیاریی کۆکردنەوە و گەشەی ئابووری، ئەوانە خۆش گوزەرانیین، ١ ملیار چینی و ئەوەندەش لە هیندستان دەیانەوێ ئاستی ژیانیان وەک ئاستی ژیانی ئەمەریکاییەکان بێ، نایانەوێ ئەو خەونانەیان وەلا نێن. دووەمیشیان دەبێ هەردەم هەنگاوێک لە پێش کارەساتەکانەوە بین. هەر هەنگاوێک هیندستان دەیهاوێ بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە هەژاریی، زەویش هەنگاوێک بەرەو لێوار دەڕوات. کێ دەزانێ تا کەی زانست گەشەی ئابووری لە بەستن و ژینگە لە کوڵان، ڕزگار دەکات. داڕمانی ژینگەمان وا خێراتر دەبێت، بۆیە لێبووردن لە هەڵە، بەر تەسکتر دەبێتەوە
چەند گونجاوە پێت وابێ زانست ڕزگارمان دەکات؟ ئەوانەی جیهان بەڕێوە دەبەن سەرکردە، وەزیر و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانن. دەبێ ئەوان تەواو ژییر بن بۆیە لەو شوێنانەن. ئەی بۆ قومار بە ئاییندەی مرۆڤەوە دەکەن؟ لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان، گەورەترین پیسکەری ژینگە لە جیهاندا (ئەمەریکا)، لە ڕێککەوتنەکانی پاراستنی ژینگەی پاریس کشایەوە، چوار ساڵ تەگەرەی خستە بەردەم ئەو بابەتە. ترەمپ گەشەی ئابووری وڵاتەکەی لە پیش بوونی ژینگە لا گرنگتر بوو
ئەوانە قومار بە ئاییندەی خۆشیانەوە دەکەن. لەوانەیشە پێیان وابێ، ئەگەر هیچی خراپیش ڕووبدات، زانایان کەشتییەکی وەکو ئەوەی حەزرەتی نوحیان بۆ دروست دەکەن تا خۆی پێ دەرباز کەن
لەبەر هەمان هۆی ئەوەی توندڕەوەکان نابێ بۆمبی ئەتۆمیان لەبەردەست بێ، نەوەک بە بڕیاری نەزانانەی ئەوان خەڵک بنێرنە بەهەشت و دۆزەخ. ئاوایش ئەوانەی باوەڕیان بەو جۆرە کەشتییە تەکنۆلۆژیا بەرزە هەیە، نابێ ئاییندەی ژینگەیان بخرێتە دەست، نەوەک دەبەنگی وەک ئەوان ملیۆنان هەژاری سەر زەوی لە دەرفەتی کەشتییەکی لەو جۆرەیان بێ بەش بن
ئەی هەژارەکان بۆ خۆپیشاندان ناکەن؟ کەی نغرۆ بوون و خنکان گەیشتە قوڕقوڕاگەمان، هەژاران زۆرترین نرخ دەدەن. هەر ئەوانیش نرخی سستی گەشەی ئابووری دەدەن. لە جیهانێکی تەواو سەرمایەداردا، ژیانی هەژار تەنیا بە گەشەی ئابووری باش دەبێ. بۆیە ناتوانن هیچ ڕۆڵیان لە کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی سەر ژینگەیان هەبێ. پاراستنی ژینگە ئەرکە و بیرۆکەیەکی جوانیشە، بەڵام ئەوەی ناتوانێ کرێی خانوو بدات، بیر لە پاشەکشەی ڕووباری بەستەڵیکی نۆرویژ و کەنەدا ناکاتەوە