دەربڕینی ناکۆکبوون

دەربڕینی ناکۆکبوون لەگەڵ بیرو ڕایەک یان بۆچوونی کەسێکی دیکە، زۆر شێوازی هەیە. هەیەتی


١. خراپترین و ناشیرینترین دەربڕینی ناکۆکیی لەگەڵ ڕاوبۆچوونێک ئەوەیە ناووناتۆرە لە کەسی بەرانبەر بنێی. ئەو شیوازە لە دەربڕینی ناکۆکبوون لەگەڵیدا لە نزمترین ئاستەکانی دەربڕینە. بۆ نموونە بە نووسینێکی کەسێک بڵێی ئەو کەسە مەبەستی خۆدەرخستنە و ئارەزووی ناوداریی هەیە بۆیە ئەو ڕایەی هەیە. لە ناکۆکبوونێکی تەندروست و شارستاندا، بە هیچ شێوەیەک نابێ وشەی نەشیاو و نائاسایی بۆ ناشیرینکردنی کەسێک بەکاربهێندرێت. کە کرا، ئەوە خۆی دۆڕانە

 

٢. زۆر جار ئەو کەسەی لەگەڵ بۆچوونێکدا ناکۆکە، لە بری ئەوەی لەسەر بابەتەکە بدوێ و ڕای خۆی لەوبارەیەوە بدات، دەست دەکات بە هێرشکردن بۆ سەر کەسی بەرانبەر و کەسەکە دەکاتە ئامانج. دەیەوێ بەو شێوەیە کەسەکە بشکێنێ تا بایەخی بۆچوونەکەی لەناو خەڵکدا، کەم بکاتەوە. بەو شێوەیە برەو بە بۆچوونەکەی خۆی دەدات. ئەم شێوازە کە ناکۆکبوون لە کۆمەڵگە نا ڕۆشنبیرەکاندا زۆرترە وەک لەوانی دیکە. چونکە دەربڕینی هەر ڕاوبۆچوونێک نابێ ببێتە مایەی هێرشکردنە سەر کەس. بەم شێوەیە خاڵیکی بەهێزی گفتوگۆ دەداتە دەست لایەنی بەرانبەر و ڕای ئەو باشتر و گونجاوتر دەردەکەوێ. زۆربەی جار ئەو جۆرە کەسانە شیڕە شیڕ و دەنگ بەرزیی و تووڕەبوون دەکەنە جێگرەوەی بەڵگە و ئاخاوتنی ئاقڵانە

 

٣. لە هەندێ باردا، کەسی ناکۆک لەگەڵ شێوازی نووسین یان تۆنی ئاخاوتن ڕێک نییە. ڕەنگە ناوەڕۆکی بۆچوونی کەسەکەی قبووڵ بێ بەڵام شێوازەکەی دەریبڕیوە لەگەڵ ڕای ئەو یەکناگرێتەوە. باشە بۆ دەبێ ڕا و بۆچوونی کەسێک لە دیدی یەکێکی دیکەوە هەڵبسەنگێندرێ؟ دەکرێ ئەو شیوازەی ئەو کەسە پێی نووسیوە، یان قسەی پێدەکات بۆ زۆربەی خەڵک ئاسایی بێ، بەڵام بۆ کەسی ناکۆک ئاسایی نەبێ. کەواتە، مەرج نییە ناکۆکی لەسەر شێوازی دەربڕین لە جێی خۆی بێ. بۆیە نابێ هەوڵ بدرێ بە تیشک خستنە سەر شێوازی دەربڕین لە ڕاوبۆچوونی کەسێک کەمبکرێتەوە و پێمان وابێ ئەوەی خۆمان راستە

 

٤. دەکرێ لەگەڵ تەواوی بۆچوونی کەسی بەرانبەر ناکۆک بی. بەڵام ئەگەر وەکو ئەو یان بە پێی بۆچوونەکەی خۆت بەڵگەت نەبوو ئەوا بۆچوونەکەت لاواز دەبێ. ئەوەیان شێوازێکی دیکەی ناکۆکبوونە لەگەڵ ڕای بەرانبەر، پێت وایە ئەوەی ئەو کەسە دەیڵێ ڕاست نییە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکت نییە بیسەلمێنێ ئەوەی ئەو هەڵەیە و ئەوەی تۆ دەیڵێی ڕاستە. زۆر جار لە کاتی خوێندنەوەی ئەو نووسینانەی پشتیان بە سۆز بەستووە، بێ بەڵگەن. (بۆ نموونە دەڵێ، ئۆکراین، تاجیک و بلوچ هەموویان کوردن. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی یان زانستی پێ نییە پشتی پێ ببەستێ.) بۆیە دەربڕینەکەی لاواز دەبێ و ناتوانێ بەرگریی لێ بکات

 

٥. ڕاوبۆچوونی پێچەوانە، ئەگەر بەڵگە و پاڵپشتی ژیرانە هەبوو توانیت بەرانبەر بۆچوونی جیاواز نیشانیان بدەی و دەریانببڕی، ئەو کاتە هەر گفتوگۆیەک لە نێوان ئەو دوو ڕاو بۆچوونە جیاوازەدا هەبێ سوودمەندە و بەرهەمی باشی لێوە پەیدا دەبێ، بەڵام بابەتی نێوانیان چارەسەر ناکات. کێشە ئەوەیە بۆچوونی سەرەکیی و ئەوەی پێچەوانەی ئەو دەخرێنە ڕوو، لەوانەیە هەریەکەیان لە ئاوازێک بخوێنن و نەتوانن بگەنە یەک. بۆچوونی پێچەوانە خزمەت بە بابەتە سەرەکییەکە ناکات. ئەم جۆرەیان لە گفتوگۆی سیاسییدا بڵاوە، گفتوگۆو قسەکردن لە نێوان دوو کەسی جەمسەر جیاواز لە سیاسەتدا، بۆچوون و بۆچوونی پێچەوانەیە. بۆیە هەریەکەیان لەسەر ڕاوبۆچوونی خۆی بەردەوام دەبێ و هیچ ئەنجامێکی کرداریی بەدی نایەت

 

٦. پووچەلکردنەوەی ڕاوبۆچوونی بەرانبەر دەکرێ بە هێناناوەی بۆچوونێکی کەسی بەرامبەر بێ، پێشتر یان لەکاتی قسەکردندا درکاندوویەتی. بە هێنانەوەی هەمان ڕستەکانی خۆی و دۆزینەوەی کون و کەلەبەری لاواز تێیدا وا دەکات ڕای بەرانبەر لاواز دەرچێ و ڕاو بۆچوونی خۆت ڕاستتر نیشان بدەی. ئەوەیان ئامرازێکی زۆر بەهێزی ناکۆکیی دەربڕینە و ناکۆکبوون بەلای خۆتدا دەخەی

 

سەرچاوە

https://bigthink.com/personal-growth/how-to-disagree-well-7-of-the-best-and-worst-ways-to-argue/?utm_medium=Social&utm_source=Facebook&fbclid=IwAR0SfJottpf6jwSgHddh3sBtX9Cksx468iDVoprTisAzwkgFdPcMT0WeMNo#Echobox=1672978005