کاری وەرگێڕان هەر ئەوەندە نییە لەجێی وشەیەک لە زمانێکدا وشەیەکی بەرانبەری لە زمانەکەی دیکەدا بدۆزێتەوە و داینێی. بۆ دەستکەوتنی وەرگێڕانێکی باش و بە پێز، دەبێ وەرگێڕ لە چۆنییەتی لێکبەستنی وشە و ماناکانیان لە هەردوو زماندا شارەزا بێ، دەبێ بزانێ چۆن داوی واتاکان لێکهەلکێشێ. بەو پێیە هەموو واتاکانی زمانی یەکەم بۆ زمانی دووەم بگوازێتەوە. ئەرکی وەرگێڕان لە نێوان دوو زماندا چەندە قورسە، بەڵام وەرگێڕان لە زمانێکی کۆنی فەوتاو بۆ زمانێکی سەردەم، یەکجار قورس و پڕ کێشەیە. چونکە وەرگێڕی لەو جۆرە، نەک تەنیا زمانە مردووەکە دەبێ لە نووسینە کۆنەکانەوە زیندوو بکاتەوە، بەڵکو دەبێ لەوەش تێبگا چۆن سەدە بە سەدە، کەلتووری ئەوانەی بەو زمانە کۆنە دواون، بەرەو پێش چووە. ئەگەر ئەو کارە نەکات، لە پارچە پارچەی نووسینەکان تێناگا و ئەو نووسینانە بۆ سەدان ساڵ بە نەزانراوی، دەمێننەوە. هەر لەبەر ئەوەیە ئەوانەی لەو زمانە دێرینە مردووانە تێدەگەن دەگمەنن و هەوڵەکانیان دەکەونە بن باری ئەو هەموو نووسینانەی ماونەتەوە و بەردەوام دەدۆزرێنەوە.
لەو زمانە کۆنانە، زمانی ئەکادی زمانێکی سامییە و لەو زمانانەیە زۆر بە باشی دەق و نووسینەکانی ماونەتەوە. نزیکەی ١ ملیۆن دەقی ئەکادی لە مۆزەخانە و زانکۆکاندان. هەیانە بە نمرەیی (دیجیتاڵ) کراوە و لە ئینتەرنێت هەن. دەکرێ هەریەکە لەو دەق و نووسینانە زانیاریمان سەبارەی بە ژیان، سیاسەت و بیروباوەڕی یەکەمین شارستانییەتەکانی مرۆڤ، بداتێ. کەچی ئەو دەقانە لە پشت دیواری ئەستوور و بەرزی کات و نەبوونی شارەزای پێویست، لە چاوەڕوانیی وەرگێڕانیاندا، بە نەزانراوی ماونەتەوە. کارەکان هێندە قورسن، هەر کەسێک بیەوێ خۆی لەقەرەی بدات، بۆ چەندین ساڵ دەبێ ژیانی خۆی بۆ فێربوونی زمانەکە تەرخان بکا. ئینجا لەوانەیە بتوانێ کەمێک لەسەر کاری ئەوانەی پێش خۆی زیاد بکات.
زمانی ئەکادی لە ئیمپراتۆرییەتی ئەکاد لە ساڵی ٢٣٠٠ بەر لە زایین بەکارهاتووە. یەکەمین پاشایان بە ناوی سەرگۆنی مەزن بووە. هەر زمانی ئەکادییە لە دوو لقدا بووە بە دیالێکتەکانی ئاشووری و بابلی، لەدواییدا لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین، ئارامی بووە جێگرەوەی تەواوی ئەو. ئێستە ئەکادی بە زمانێکی تەواو مردوو دادەنرێ و هیچ زمانێکی دیکەی لێ بەجێنەماوە. ئەکاد هەمان کاری سۆمەریاکانییان دووبارە کردەوە، لەسەر سوالەتەکان (تەختە قوڕەکان)، بە مێخی لەسەر ئەو قورانە دەیاننوسیی و دوایی لە ئاگردا سووریان دەکردنەوە. تەنانەت دوای ئەوەی زمانی ئارامیی جێی ئەکادی گرتەوە، نووسین هەر بە ئەکادی مابوو، زانا و نووسەران هەر بە ئەکادی دەیاننوسی..
ئەوەی زۆر باش نووسینەکانی میسۆپۆتامیای، لە ناویشیاندا ئەکادییەکانی پاراستووە ئەوەیە زۆربەی هەرە زۆری لەسەر ئەو سواڵەتانە بۆمان بەجێماون. ئاگر و داگیرکاریی نەیفەوتاندوون، کەچی لە شارستانییەتەکانی دیکەدا وەکو ئەوەی لە میسر هەبوو، لەبەرئەوەی بەشێکی نووسینەکانیان لەسەر کاغەزی ڕووەکی بەردی (نازانم بە کوردی چییە) نووسرابوو، بەر شاڵاوی سووتاندن و داگیرکاریی کەوتن و هەمووی فەوتا. وەرگێڕانی ئەو دەقانە ئەرکێکی یەکجار قورسە، نەک هەر لەبەرئەو گرفتانەی لەسەرە باسکران، بەڵکو لەبەر ئەوەیش کە دەکرێ هێما مێخییەکان زۆرتر لەیەک واتایان هەبێ، بەپێی شوێنیان لە ڕستە و بەکارهێنانی هەر یەکەیان واتاکان دەگۆڕدرێن.
بۆ ئەو مەبەستە پایە بەرزە، کۆمەڵێک لە شوێنەوارناسان و زانایانی بواری کۆمپیوتەر بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردییان بۆ ئەو مەبەستە داڕشت تا بتوانێ نووسینە ئەکادییەکان، تا ڕاددەیەکی زۆر، یەکسەر لەو سواڵەتە قوڕینانەی ٥٠٠٠ ساڵ کۆنن، بۆ زمانی نوێ وەرگێڕێ. هەڵبەت ئەو تیمە نەیاتنتوانیوە هەر وا بە ئاسانی کارێکی وا ئەنجام بدەن. ژیریی دەستکردی گووگڵ لەو پڕۆژەیەیاندا چەتریان بووە و هاوکاریان بووە.
نموونەی وەرگێڕانی دەقێکی کۆنی مێخی وەکو ئەوەیە وشەی (الله) لە عەرەبی بکرێتە ئینگلیزی، بۆیە دەبێ لە ئینگلیزی وەکو هەمان دەنگەکەی لە عەرەبیدا هاتووە (ئەڵڵاه بنووسرێ، ئینجا ئەو وشەیە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدرێ و ببێ گۆد. کەواتە دەبێ بزاندرێ دەنگەکان لە زمانە کۆنەکەی ئەکادی چۆن بووە، وەکو خۆی لە زمانێکی سەردەمدا بنووسرێتەوە، ئینجا واتای ئەو وشانە لە زمانە نوێیەکەدا بنووسرێ. ژیریی دەستکرد فێری ئەو کارە کراوە، تا بتوانێ کەمێک لەو دەقانە وەرگێڕێ.
لە توێژینەوەی ئەو زانایانەی ئەو کارەیان کردووە بۆیان دەرکەوتووە، ژیریی دەستکرد لە وەرگێڕانی دەقەکانی بەڕێوەبردنی وڵات و دامودەزگەکان زۆر باشتربووە وەک لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی. بۆ قۆناغی ئێستەی گرفتی ئەو هەموو دەقە نووسراوانەی کەس نازانی چین، ئەو کارەی ژیریی دەستکرد دەیکا، بی پایان بە نرخە.
سەرچاوە: