کرداری گۆڕان و گەشەکردن و بەرەوپێش چوون (بە عەرەبی (التطور)، لێرە کورتی دەکەمەوە و تەنیا بە وشەی پەرەسەندن ناوی دەهێنم ئەگەرچی ئەو وشەیە مانایەکی دیکە دەبەخشێ)، بەردەوامە. بیرتەسکەکانی سەدەی بیست و یەکیش پێیان وایە، مەیموونێک کە شەو نوست دەبێ بۆ بەیانی لە خەو هەستا ببێتە مرۆڤ، ئەوە سەلماندنی بیردۆزەکەی داروینە، دەنا ئەی بۆ ئێستە هیچ مەیموونێک نابێتە مرۆڤ!! کەواتە ئەو بیردۆزە ڕاست نییە و هەمووی درۆ و دەلەسەیە.
کرداری پەرەسەندن خۆگونجاندنە لەگەڵ بارودۆخەکانی ژینگە و دەورووبەر. گەرما و سەرما، خواردن زۆریی و کەمیی، شێدار و وشکە هەوا ...هتد. هەیە لە ڕووی دەرەوە و ئاکاردا دەردەکەوێ، بەڵام هەیە بۆ باشترکردنی خۆگونجاندنی لەشی مرۆڤە و لەناو جەستەدا ڕوودەدەن. لەوکاتەی باپیرە هەرەگەورەمان لە ناو دارستانەکاندا دارەوانێکی باش بوو، پەنجە گەورەکەی دەستی لەگەڵ پەنجەکانی دیکە بۆ خۆگرتن بەکاردەهێنا. بە هەمان شێوە پەنجە گەورەی قاچیش هەر ئەوە ئەرکی بووە.
ئێستە کە مرۆڤ دارەوان نەماوە و پێویستیی بە پەنجە گەورەی قاچ نەماوە بۆ دارەوانیی بەکاریبهێنێ، دەبینین لەگەڵ شانەی پەنجەکانی دیکە ڕاست بووەتەوە. لە هەموو مەیموونەکاندا ئەو پەنجە گەورەیەی قاچ هەر بۆ دەرەوانی بەکاردێ. بەڵام لەبەرئەوەی مرۆڤ هەردەم کار بە پەنجە گەورەی دەستی دەکات، لە شوێنی خۆی و تا ڕاددەیەکی زۆر وەکو خۆی ماوەتەوە. هەر ئەو سەفەتەی پەنجە گەورەی مرۆڤ وایکردووە مرۆڤ بتوانێ شارستانییەت دابمەزرێنێ، بەبێ ئەو سیفەتە هەرگیز مرۆڤ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای نەدەبوو.
لای زانست ئاشکرایە، کۆرپەلە لە ناو سکی دایکیدا خوێنبەرێک لە ناوەڕاستی دەست، بۆ دەستەکانی دروست دەکات. دوای لەدایکبوون و گەورەبوون ئەو خوێنبەرەی ناوەڕاست لە سکی دایکدا دروستبووە بەرە بەرە لە هەفتەی هەشتەمەوە نامێنێ تا بە تەواوی دەبێتەوە گۆشت. لەجێی ئەو، دوو خوێنبەری سەرەکی لە هەردوو دەستەکاندا کاری گەیاندنی خوێن تا پەنجەکان لە ئەستۆ دەگرن. ئەو دوو خوێنبەرە کاری خوێنبەرە ونبووەکە دەکەن.
بە گەڕانەوە بۆ تۆماری سەدەی ١٩ لە زانکۆی فلیندەرس لە ئوسترالیا، تیمێکی پزیشکی لە تۆمارەکانی ساڵانی ١٨٨٠وە دەستیپێکردووە، دەبینن ڕێژەی مانەوەی ئەو خوێنبەرەی ناوەڕاستی دەست کە لەسکی دایکدا کۆرپەلە دروستی دەکات، لە هەندێ کەس دەمێنێتەوە. زۆربوونی ڕێژەی مانەوەی ئەو خوێنبەرە لەگەڵ کات بەرەو سەر بووە. لە ساڵانی ١٨٨٠ تەنیا ١٠٪ی خەڵک ئەو خوێنبەرەی ناوەڕاستی دەستی ماوەتەوە. ئێستە ئەو ڕێژەیە بۆ ٣٠٪ لە ناو خەڵک زۆربووە. واتا خەڵک زۆرتر لە جاران خوێنبەری ناوەڕاستی دەستی ماوەتەوە. بەو زۆربوونە، تا ساڵی ٢١٠٠ وای لێدێ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک ئەو خوێنبەرەیان دەمێنێ.
بە شێوەیەکی ئاسایی جینەکان و ئەو بۆماوەییەی هەڵیدەگرن لەو جۆرە گۆڕانکارییانە بەرپرسن. دیارە بازێک لەو جینانەدا ڕوویداوە وادەکات لەمەودوا ئەو خوێنبەرە بمێنێتەوە. بێگومان جارێ دیار نییە، یان نازانین بۆ ئەو جینە وادەکات، یان ئەو کارە دەکات. چونکە بۆ ئێمە جارێ دیار نییە دەبێ پێویستیی مانەوەی خوێنبەری سێیەم لە دەستدا چی بێ. بازەکان لە جینەکاندا هەردەم ڕوودەدەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کارە کاتی زۆر دەوێ، سەدان یان هەندێ جار هەزاران ساڵی دەوێ تا بە سروشتیی بازێک لە جیندا دروست دەبێ. بۆیە ئێمە هەست بەو گۆڕانانە ناکەین.
بە کێشانی هێڵی بەردەوامیی بۆ تێگەیشتن لە ئامارەکان بۆ ئەوانەی خوێنبەری سێیەمیان ماوە و ڕێژەیان بەرانبەر ئەوانەی نەیانماوە، دەردەکەوێ لە ماوەی ١٢٥ ساڵی ڕابردوودا ڕیژەکەی زۆربووە، بۆیە کەواتە لە ١٥٠ ساڵێ داهاتوودا، ڕێژەی مانەوەی خوێنبەرەکە دەبێتە ١٠٠٪ بۆ هەموو خەڵک.
سەرچاوە: