قەیرانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان ٨٩٠٠-٨٦٠٠ ساڵ پ.ز

بەر لە کۆتایی چاخی بەردینی کۆن نزیکەی ٨٦٠٠ ساڵ پێش زایین، هەندێ لە نیشتەجێیەکانی میسۆپۆتامیای باکوور (ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیای ئێستە) لە دەورووبەری ڕوبار و لقەکانی دیجلە چۆڵکراون و بەرەو دەشتاییەکانی فورات چوون. ئەو چۆڵکردنە لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێ نیشتەجێی نوێ لە فورات تەریبە. لەو کاتەدا، ژمارەی نیشتەجێیەکانی ناوچەی ئێدیسا (شانلیئورفە) بە ڕێژەیەکی بەرچاو زۆر بوون. ئەو گۆڕانکارییە لە شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵە ڕاوچییەکان بە (قەیرانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان) ناونراوە و بۆچوون هەیە گۆڕانی لەناکاوی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی بووبێ

 

گواستنەوەی نیشتەجێیەکان بەرەو دەشتاییەکانی فورات لە ناکاو نەبووە، بەڵکو چەند سەدەیەکی پێچووە. تا ساڵی ٨٩٠٠ بەر لە زایین تەنیا چوار نیشتەجێ (کۆتێ بەرچەم ، زەوی بە موروو، گردی چەمکە و گردی گوسیر) لە بەرزاییەکانی تۆرۆس و لقەکانی ڕووباری دیجلە مابوون. بە پێی پشکنینی کاربۆن ١٤ بۆ دیاریکردنی تەمەن تەنانەت کۆتێ بەرچەم لەوانەیە ماوەیەک چۆڵ کرابێ (هەرچەندە لە چینەکانی نیشتەجێیەکەدا دیارنییە). لە ناوچەی شانلیئورفە، لە ناکاو شوێنەوارەکانی ستوونە شێوە پیتی تی ئینگلیزی دەرکەوتوون (نەوالە چۆرێ  ، گرێ مرازا ، هەربەت سوڤان یان خربەت سوڤان و گرێ کەچەڵ). کەچی ئەوانیش دوای ماوەیەک دیار نامێنن

 

دووەم پرۆژەی چینی سەهۆڵی گرینلاند  بۆ ماوەی ٥ ساڵ سەهۆڵی کۆڵی، توانی لوولەیەکی سەهۆڵ تا قووڵایی ٣٠٥٣ مەتر و نیو لە چینی سەهۆڵی گرینلاند دەربێنێ.  پشکنینی ئەو لوولە سەهۆڵە بە پێوانەی ڕێژەی پۆتاسیۆم دەریدەخات ماوەیەکی سارد بەسەر زەویدا هاتووە. تەزوویەکی سارد لە سایبیریاوە بەسەر ناوچەکانی یورۆئاسیادا هاتووە و کەشوهەوای جێگیری نەهێشتووە (زستانی سارد، وشکبوون و وشکە ساڵیی و بارانی بە خوڕی لە ناکاو). بێگومان ناتوانین بڵێین هەمان بارودۆخ لە ناوچەی میزۆپۆتامیای باکوور هەبووە.  بەڵام لە پاشماوەی ئێسقانەکانی ئاژەڵان لە شوێنەوارەکانی دەشتایی فورات بەتایبەتی لە سوریا، دەبینین لە نزیکەی ساڵی ٨٨٠٠ بەر لە زایین، گۆڕانی لەناکاو لە ئێسقانی ئاژەڵاندا هەیە

 

لە شوێنەواری جرف الاحمر پاشماوەی ئێسقانی ئاسک لە ٣٦.٣٪ بۆ ٢٣.٣٪ و و ئێسقانی ئاژەڵی بچووک لە ٧.٤٪ بۆ ١.٥٪ کەمبوون و ئێسقانی کەر لە ٣٤.٧٪ بۆ ٥٩.٤٪ زۆربووە. لە شوێنەواری تل مریبط پاشماوەی ئێسقانی ئاسک لە ٥٢٪ بۆ ٣٢٪ و ئێسقانی باڵندە لە ١٦٪ بۆ ٤.٣٪ و ئێسقانی ئاژەڵی بچووک لە ٢١.٨٧٪ بۆ ٨.١٪ کەم بوونەوە و ئێسقانی کەر لە ١٦٪ بۆ ٤٣٪ زۆربووە. ڕەنگە گۆڕان لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵان بە هۆی کۆچی ئاژەڵەکانەوە بێ، بەڵام ئەگەریش هەیە لەبەر زۆر ڕاوکردن و پێشکەوتنی پلانەکانی ڕاوکردن، گۆشتی ئاسک دەست نەکەوتووە

 

مرۆڤ لە قەیرانەکاندا پەنا بۆ جۆراوجۆر کردنی سەرچاوەکانی خواردن دەبات. گۆشتی ئاژەڵ و بەرهەمی ڕووەک دەخوات. کەمبوونەوەی ژمارەی شوێنەوارەکان لە هەردوو بەری لای دیجلە و دەشتایی فورات دەکرێ لەبەر زۆربوونی گۆزەگۆز (ژیانی کۆچبەریی) بێ، لە وشکەساڵیدا کۆمەڵە ڕاوچییەکان زۆرتر کۆچیان کردووە و کەمتر لە شوێنێکدا نیشتەجێ بوون. کەواتە هۆکار هەیە لەگەڵ لێکدانەوەی گۆڕانی لە ناکاوی کەشوهەوایە و هۆکاری دیکە هەیە دژی ئەو لێکدانەوەیەیە

 

دەبینین لە ناو شوێنەوارەکانی ناوچەی شانلیئورفە (نەوالا چۆرێ، خربەت سوڤان و گرێ کەچەڵ) نیشانەکانی ماڵێیکردنی ئاژەڵان هەن، دواتریش لە خانووی دی لە گرێ مرازا کۆمەڵێکی زۆر ئێسقانی چەندان جۆری ئاژەڵان دۆزراونەتەوە. جگە لە لێکدانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا وەک لە پشکنینەکانی چینی سەهۆڵی گرینلاند دەردەکەوێ، خۆ ئەگەریش هەیە ٨٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین سەرەتای گۆڕانی ژیانی کۆمەڵە ڕاوچییەکان بێ بەرەو نیشتەجێی هەمیشەیی و کەمتر ڕاوکردن

 

پێشتر توێژینەوەی دیکە هەبوون لە شوێنەوارەکانی تل مریبط، نەوالا چۆرێ لە سەر فورات و شوێنەواری کۆتێ بەرچەم لە حەوزی دیجلە، بە وردی نیشانیان داوە بەر لە ساڵی ٨٨٠٠ پێش زایین ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان کەمیکردووە و ماڵییکردنی ئاژەڵان و ئاژەڵداریی زۆر بووە. جۆری ڕاوەکان تایبەتمەندیی لەگەڵ چەند جۆرێک ئاژەڵ هەبووە، لە تل مریبط" زۆرتر کەر ڕاو کراوە، بەڵام لە نەوالا چۆرێ ئاسک و بەراز زۆرترین بوون

 

سەرچاوە

 لاپەڕە ٨٥ بۆ ٨٨ لە https://open.metu.edu.tr/bitstream/handle/11511/91023/Animal%20Exploitation%20at%20The%20Late%20Pleistocene-%20Holocene%20Transition%20in%20Upper%20Mesopotamia%20(10.900%20%E2%80%93%207.700%20CAL.%20BC)%20With%20A%20Focus%20on%20A%20Proposed%20Hunter-Gatherer%20Crisis.pdf