چێرنۆبیل

٢٦ی نیسانی ١٩٨٦، جیهان تووشی یەکەم کارەساتی ئەتۆمیی بوو. ئەوە یەکەمجار بوو دوای هیرۆشیما و ناگاساکی، ماددەی تیشکدەری کوشندە، کونجی چاوی مرۆڤەکان بتەنێ. ئاستی تیشکەکان ٤٠٠ جار لەوەی ئەو دوو شارە بەرزتربوو. کات کاتی سۆڤیەتە و هەرچی لە پێناو دەوڵەت و حزبدا درۆ نەکات ملی بە پەتەوە دەکرێت. کەی جی بی چاودێری چۆلەکەی سەر سواندەکانی شاری ڤلادیڤۆستۆکیشی دەکرد. ئەوان وڵاتیان سەر تا پا بەڕێوە دەبرد، نەک هەر سۆڤیەت خۆی، هەموو وڵاتە شیوعییەکانیشیان بەهەمان شێوە بەڕێوە دەبرد. نوێنەری کەی جی بی لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی لە سەرۆکی وڵاتەکە زیاتر بووە

 

چی ڕوویدا؟ بە بیانووی ئەوەی زانیاریی ووردی تێدایە نابێ کەس بیزانێ، پیاوە ئاقڵ و دانا و زاناکانی کەی جی بی هەندێ زانیارییان لە کەتەلۆکی بەکارهێنانی وێستگە ئەتۆمییەکە سڕیبووەوە. ئەگەری ڕووداو هەردەم هەیە، پڕ بایەخیی ئەو زانیارییانە لە مێشکی پووتی ئەو جۆرە پیاوانەدا نییە. لە مێشکی ئەو جۆرە پیاوانەدا و لە هەموو سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا، ئەوانە وادەزانن تاکە نیشتمان پەروەر و پارێزەری وڵات هەر ئەوانن، بۆیە هەموو شتێک بۆخۆیان، بە ڕەوا دەبینن

 

لە لایەکەی دیکەوە، ئەو جۆرە وێستگەیەی لە سۆڤیەتی ئەو کات دروست دەکرا، مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبووە. لە پێناو هەرزان دروستکردندا، وازیان لەچەندین مەرجی سەلامەتیی وێستگەیەکی پڕ مەترسیی لەوجۆرە، هێناوە. دیسانەوە، لەو جۆرە سیستەمە تاکڕەوە گشتگیرانەدا، زانایان ڕؤڵی گەورەیان لە بڕیارداندا نامێنێت. نەک هەر یەک بەڵکو ١٧ وێستگەشیان ئاوا دروست کردووە. هێندە لووتبەرز و لە خۆباییش بوون، وایان لە خۆ گەیاندبوو هیچ وڵاتێک وەک ئەوانی پێناکرێت. کەچی واش نەبووە، هەر پروپاگەندەی حزبیی بووە وای لە خۆ کردبوو، وابزانن لە وێنەیان نییە. کۆریای باکوور ئێستاش لەهەمان قۆناغدایە

 

ئەو جۆرە لووتبەرزییە لە کەسایەتیی (ئەناتۆلی دیاتلۆف) جێگری سەرۆکی ئەندازیارانی وێستگەی چیرنۆبلدا لە شەوی تەقینەوەیدا، بەتەواوی دەرکەوتووە. پاش تەقینەوەی وێستگەکەش، هێشتا مکووڕ بوو، هیچ ڕووی نەداوە.  بەپێی ستانداردی کاتی ڕووداوەکە، مرۆڤ نابێ لە ٠.٣ رۆتنجن (یەکەی پێوانەی تیشکەکانە) زۆرتر لە هەفتەیەکدا، وەرگرێت. لە دوای تەقینەوەکە، ئاستی تیشکە زیانبەخشەکان گەیشتبووە ٣.٦ لە یەک کاتژمێردا، هەر دەیگوت مەترسیی نییە. ڕاستییەکەی ئاستی تیشکەکان ٢٠ هەزار رۆتنگنی لە کاتژمێرێک، تێپەڕاندبوو! یەک خولەک لەو تیشکە مەرگت بە چەپەڵترین شێوە، نیشان دەدات

 

وێستگەکە لە چوار راکتۆر (مفاعل) پێکهاتبوو. یەکەمیان لە ١٩٧٧، دووەم لە ١٩٧٨، سێیەم لە ١٩٨١ و چوارەمیش لە ١٩٨٣ تەواو کراون. راکتۆری چوارەم بێ تەواو کردنی کۆمەڵە تێستەکانی، خراوەتە کار. دوایین تێستی دەبوایە رۆژێک پێش ڕووداوەکە کرابا، ئەوەشیان دواخستووە. ئەو شەوەی تەقییەوە، وێستگەکان بۆ ١١ کاتژمێر بێ هەبوونی سیستەمی ڕاگرتنی/کوژاندنەوەی خێرا کاریان کردووە. واتا کەشوهەوای سەلامەتیی و بایەخدان بە ڕاست و دروست کارپێکردن، گرنگ نەبووە

 

هەتا لە وێستگەی ئەتۆمیی (فۆرسمارک) ی سویدەوە، کە ١١٠٠ کیلۆمەتر لە ئۆکراین دوورە باس لە چیرنۆبیل نەکرا و ئەمەریکا بە مانگی دەستکرد وێنەی نەگرتبوو، ‌هێشتا بە ئەقڵی سۆڤیەت بووایە، هەر باسیشیان نەدەکرد. بە فشاری وڵاتان و یەک هەڵوێستیی زانایانیی ئەتۆمیی سۆڤیەتی ئەو کات و ڕووسیای دواتر، هەر ١٦ وێستگەکەی دیکە چاککران. دوو لەوانە لە لیتوانیا بوون، هەردووکیان وەک مەرجی چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا، پەک خران و بەیەکجاری داخران

 

کاتێک سۆڤیەت زانای ئەتۆمیی (ڤالێری لیگاسۆڤ) وەک نوێنەری خۆی ناردە ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی لە ڤێننا، وەک هەموو شانۆگەرییەکانییان، ، کەی جی بی بۆیان ئامادە کردبوو دەبێ چی بڵێ. لە راپۆرتی سۆڤیەت لەو کۆبوونەوەیەدا، هەمووی لەسەر یەک، لەتەک یەک، یەک لە دوای یەک وەک خوری لەیەک چنراو، ئاوا درۆ ڕیز کرابوون. ئەو درۆ چین چین کراوانە وەک سەرکەوتنی سیاسەتیی سۆڤییەت بەباڵایدا هەڵگوترا ! بڕوانە لاپەڕە ٣٤


https://books.google.iq/books?id=xwYAAAAAMBAJ&pg=PA34&lpg=PA34&dq=who+represented+Soviet+in+Vienna+after+Chernobyl&source=bl&ots=QW1AZPWI1H&sig=ACfU3U2dSrQmKL1UZlV7U29aV2HiGbbo7Q&hl=en&sa=X&ved=2ahUKEwi11tCm0-_wAhUMqaQKHTtpAT0Q6AEwEXoECB0QAw#v=onepage&q=who%20represented%20Soviet%20in%20Vienna%20after%20Chernobyl&f=false


لە دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ساڵی ١٩٨٧ و دواتر لە ١٩٩٢ دا، بە ناوی ئینساگ ١ و ئینساگ ٧دا زۆرترین سەرنج لەسەر کەمیی، نەبوونی، بێ بایەخیی و گوێ نەدانی ڕێساکانی سەلامەتیی، دراون. ستافی کارپێکەر ئاگەداری هەندێ ڕێوشوێنی سەلامەتیی، هەر نەبووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو نەشیانزانیوە چۆن دەبێ سەلامەت بن

 

لە ساڵی ١٩٨٩ وە، زیاتر لە ١٠٠٠ ئەندازیاری وێستگەی ئەتۆمیی سۆڤیەت و ڕووسیا سەردانی وێستگەکانی وڵاتانی رۆژئاوایان کردووە، وڵاتانی رۆژئاوا نزیکەی ١ ملیار دۆلاریان لە ٧٠٠ پرۆژەدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی وڵاتانی رۆژهەڵات، خەرج کرد. بە سوود وەرگرتن لەوەی لە چیرنۆبل ڕوویدا، یەکێتیی ئەوروپا ڕێسای نوێی بۆ ئەنجامدانی (توێژینەوەی کاریگەرییەکانی سەر ژینگە) بڵاو کردەوە، هەموو پرۆژەیەک دەبێ ئەو جۆرە توێژینەوەیە بکات. تەنیا لە ٢٠٠٨ زیاتر لە ٢٦ هەزار توێژینەوەی کاریگەرییەکانی ژینگە کراوە

 

ئەو هەموو کارەساتە گەورەیە، سۆڤیەت ٣١ کەسیی وەک قوربانیی چیرنۆبیل ناساند. راستییەکەی ئەوەیە قوربانییان ١٢٥ هەزار کەس زیاتربوو

 

زنجیرە درامایەکی ٥ ئەڵقەیی بە ناوی چیرنۆبل هەیە، ئەگەر توانیت بینەری بە. هەندێ زانیاری وردی تێدایە، بەڵام چیرۆکەکە لەگەڵ دراما تێکەڵ کراوە، بەڵگەفیلم نییە