شمشاڵەکەی نیاندرتاڵ

بیردۆزەکانی دەرکەوتنی مۆسیقا پێیان وایە، مرۆڤ لاسایی دەنگەکانی سروشتی دەورووبەری خۆی کردووەتەوە و بەرەبەرە بە پێی پێویستیی و ژیانی ڕۆژانە و ئەو ڕووداوانەی بەسەری هاتووە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. تا بووەتە ئەوەی پێی بگوترێ مۆسیقا و یاسا و ڕێسای هەبێ. پێشتر پێمان وابوو تەنیا مرۆڤی هۆمۆسایپیان (واتا جۆری ئێمە) مۆسیقامان هەبووە و زانیومانە، چونکە خۆمان پێ عاقڵتر و زیرەکتر بوو. بەڵام، هەروادێ و بەڵگەکان سەبارەت بە تواناکانی مرۆڤی نیاندرتاڵ دەردەکەون. خەریکە ئەو بوچوونە کۆنانەمان دەگۆڕێ

 

ناوی نیاندرتاڵ لە ساڵی ١٨٥٦ بۆ یەکەم جار بۆ ئەو مرۆڤە کۆنە بەکارهاتووە. لەو ساڵەدا لە ناوچەی نیادرتاڵ لە ئەڵمانیا ئێسک و پروسکی ئەو مرۆڤە کۆنە دۆزرانەوە و بەپێی شوێنی دۆزینەوەی، هەمان ناوی لێنرا. بێگومان ئەو کاتەی نیاندرتاڵ لە ئەوروپا دەژیا، چاخی بەستەڵەکی بچووک بوو. لەشیان بە تەواوی بۆ سەرما و بەرگەگرتنی کەشوهەوای سارد، خۆی گونجاندبوو. لە نزیکەی ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە بە تەواوی لە ناوچوون. بیردۆزی زۆر بۆ هۆکاری لەناوچوونیان هەیە

 

کۆنترین ئامێری مۆسیقا لە جیهاندا، شمشاڵێکی ٦٠ هەزار ساڵەی نیاندرتاڵە و گەنجینەیەکی گرنگی جیهانە. ئەو ئامێرە نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا بێ وێنەیە. شوێنەوارناسان شمشاڵەکەیان لە ئەشکەوتی دیڤجی بیب لە نزیک سێرکنۆی سلۆڤینیا دۆزییەوە و بە دڵنیاییەوە، مرۆڤی نیاندرتاڵ ئەو ئامێرەی لە ئێسقانی ڕانی چەپی بەچکە ورچێکی ئەشکەوتنشین، دروستکردووە. ١١.٤ سانتیمەتر درێژە و چوار کونی تێدایە،. کونەکان بە مەبەستی دروستکردنی دەنگی تایبەت، لێدراون. هەر بە ئێسقانی بچووک و تیژ کراون، دواتر گەورەکراون

 

چەندین تاقیکردنەوە لەسەر ئەگەری گاز گرتنی ئاژەڵێکی دیکە، یان بە ڕووداو ئەو کونانە دروست بووبن، لە بەرچاو گیران. هیچیان نەسەلمێندرا، بۆیە ئەنجام ئەوە بوو، ئەو کونانەی سەر ئەو پارچە ئێسقانە بە مەبەست دروست کراون. لە لایەکی دیکەوە، ڕای شارەزایانی مۆسیقا وەکو دیمکارۆسکی لە لۆبلیانای پایتەخت، وەرگیرا. بە ڕای ئەو و شارەزایانی ئامێرەکانی مۆسیقا، ناکرێ ئەو چوار کونە بە ڕێکەوت دروست کرابن

 

بە ئامێری سی تی سکان، وێنەیەکی تەواوی لەبەر گیرایەوە و دواتریش وەکو خۆی دروست کرایەوە. زانرا، ئەو چوار کونە چەندین دەنگ و جووڵەی جیاجیای، پێ دەژەندرێ. لە چاو ئەمێرەکانی دیکەی دۆزراونەتەوە، ئەوەیان دانستەیە. بۆ کەسێکیش دروستکراوە بەدەستی ڕاستی دەتوانێ بژەنێ

 

ئەشکەوتی دیڤجی ٢٣٠ مەتر لەسەر ئاستی دەریای ئەدریاتیک بەرزە. شوێنی حەوانەوەی ورچی ئەشکەوتنشین بووە، دواتر نیاندرتاڵی لێ بووە، دوای ئەوانیش مرۆڤی هۆمۆسایپیان لێی ژیاوە. شمشاڵەکە لە ناو ٥٥٠  پارچە ئێسقانی دیکەی ورچدا لە چینەکانی ژێرەوەی زەوی ئەشکەوتەکە لە ساڵی ١٩٩٥ دۆزراوەتەوە. ئەو چینانەی خۆڵی سەر زەوی ئەشکەوتەکە هەر نەبێ لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار ساڵ کۆنە. تەمەنی ئەو چینە و شمشاڵەکە بە تەکنیکی لەرینەوەی سووڕانەوەی ئەلکترۆن لەسەر ددانێکی ورچ، زانراوە

 

ئەو شمشاڵە لە چاخی بەردینی کۆن دروستکراوە. لەگەڵ شمشاڵەکەدا چەندین ئامرازی دیکەی بەردینی نیاندرتاڵ دۆزراونەوە. ئامێرەکە ٢٠ هەزار ساڵ لە کۆنترین ئامێری مۆسیقای مرۆڤی هۆمۆسایپیان کۆنترە. بایەخەکەی لەوەدایە یەکەمین ئامێری مۆسیقایە دڵنیابین بە دەستی مرۆڤی نیاندرتاڵ دروستکراوە. ئەو دۆزینەوەیە دەیسەلمێنێ مرۆڤی نیاندرتاڵ وەک ئێمە بووە، هەستی پێشکەوتووی هەبووە و بە تەواوی توانای دەربڕینی هونەریی و ئەفراندنیشی، هەبووە


سەرچاوە 

https://www.researchgate.net/publication/339276315_The_Neanderthal_Musical_Instrument_from_Divje_Babe_I_Cave_Slovenia_A_Critical_Review_of_the_Discussion

https://www.divje-babe.si/en/about-the-park/#top